میتافێرس
کۆتایی بەها و ڕەوشت و نهێنیەکان

محەمەد خۆشناو
لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا جیهان بەو پڕۆژە گەورەیە سەرقاڵ بوو کە «مارک زوکربیرگ»ی دامەزرێنەری کۆمپانیای بەناوبانگی فیس بوک بانگەشەی بۆ کرد ، ئەویش گۆڕینی فیس بوک بوو بۆ کۆمپانیای نوێ بەناوی میتا فیرس ، میتا واتە پاش دیارە مەبەستی پاش ئەنتەرنێت ، دروشمی کۆمپانیاکەش ئینفینیتی واتە بێکۆتایی و نەمر ، ئەمە جیهانیکی نوییە و ئێمە دەچینە ناوی و دەچیتە سەردەمەکی نوێ و ئایندە ، ئەمە قەدەرێکە هاتووە و ناتوانیت خۆتی لێکەیتەوە ، هەروەک داهێنانەکانی دیکەی وەکو مۆبایل و مانگی دەستکرد و ئەنتەرنێت و سایتەکانه سۆشیالمیدیایە ، ئەم جیهانە پێی دەڵێن جیهانی گریمانەیی« الافتراضي».

جیهانی گریمانەیی ماناکەی ئەوەیە: کۆمەڵە کەسێک لاساییکاری لە ڕێگەی ئەنتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ داواکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی گریمانەیەکای تر و ، ئامرازی پەیوەندیکردنەکەشیان گریمانەییە نەک واقعی ، بۆ ئەم مەبەستە هەموو واتە هەموو کەسەکان« ژینگەیەکی سێ ڕەهەندی-بيئة ثلاثية الابعاد» پێکدەهێنن ، واتە ئەنتەرنێت دەگۆڕدرێت بۆ ژینگەی سێ ڕەهەندی وەکو ئەوەی ڕاستەقینە بێت ، لێرەوە خەیاڵ و واقع تێکەڵی یەکیتر دەبن ، بەمانایەکی دیکە جیهانێک بە پشتبەستن بە کۆمپوتەر دروستدەکرێت و لەو جیهانەدا مرۆڤەکان کارلێک لەگەڵ یەکتریدا دەکەن وەک ئەوەی لە جیهانێکی ڕاسەقینەدابن و دورەدرابن بەو جیهانە ڕاستەقینەیە ، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە دەستەبەرکردنی جیهانێکی گریمانەیی بۆ مرۆڤ و لەناویدا مرۆڤ دوور لە کۆت و بەربەستی کات و شوێن بژیت و ، هەروەها دوور لە کۆتی قانونی و ڕەوشتی و مەنزومەی بەهاکەن ، جا بەهای ئایینی بێت یا کۆمەڵگەیی کە هەر کۆمەڵگەیەک بەجیا پێی دەناسرێت بژیت ، ڕەهەندی سەرەکی ئەم پڕۆژە پێشکەوتووە تێکەڵاوی دوو شتە ، یەکیان مادیە ، کە پەیوەستە بەو ئامراز و دەزگایانەی کە دەستەبەر دەکرێن بۆ بەکارهێنەرەکان ، تا جیهانە گریمانەییە خەیاڵاویەکەی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت ، ئەوانیش چاویلەکەی پەیوەندیدار و تلیشەی هەستەوەری پێشکەوتوو و کامێرای ووربینی زۆر بەرز ، بەڵام ڕەهەندی دووەم ئەو زانیاریە تەفسیلانەن لەسەر هەموو شتێک لە ژیانماندا کە لە دەورووبەرمانن ، لەوانەش ئەو زانیاریە تایبەتیانەی کە بەکارهێن بۆ هەر جوولەیەک کە پێی هەڵدەستیت یا هەموو ئەو حالەتە دەروونیەی کە ئەو پێیدا تێپەڕ دەبێت ، ئەمە جگە لەو زانیاریانەی کە لەجیهانی واقعی کۆیدەکاتەوە کە لە ڕێگەی کۆمپیوتەر و ئەو پەیوەندیانەی کە لە گوگل و فیس بوک و پاشکۆکانی دەستیدەکەوێت و دەستەبەری دەکات.

پڕۆژەی جێبەجیکردنی میتا پێنج ساڵ دەخایەنیت و سەرەتا بەر هەموو کەس ناکەوێت بەڵام لەدواجار دەبێتە ئەمری واقع و هەموو کەس بەشدار دەبێت ، بەیارمەتی میتا دەتوانین جیهانێکی گریمانەیی وەکو جیهانی ڕاستەقینە دروستبکەین ، ئەم جیهانە بۆ بازرگانی و بزنس و فیربوون و خوێندن لەدوورەوە بەکاردێت ، تۆ دەتوانیت  لە ماڵەوە لە بازاڕی ئەلکترۆنیکدا شمەکێک ببینی و تاقیکەیتەوە ئەوجا بیکڕیت ، جگە لەوە تۆ دەتوانیت هاوڕێی دوور و نزیکەکانت ببینیت ، پیشانگای کتێب لە وڵاتێک کراوەتەوە لەماڵەوە دانیشتویت ئامادەی ئەو پیشانگایە بیت ، واتە ڕۆلی بەکارهێن هەر ئەوە نابێت لەبەردەم شاشە تەماشا بکات ، بەڵکە خودی خۆی دەچیتە ناو ئەو ژینگە سێ ڕەهەندیەی باسمانکرد بەجۆرێک دەبێتە یەکێک لەوان ، بەم شێوەیە تۆ دەتوانیت لە کۆبوونەوەیەک لە دوبەی یا لە بەغدا یا لە هەولێر… هتد ئامادەبیت یا دەتوانیت ئامادەی تۆپیپێ لە یاریگەی لەندن بیت و لەسەر مودەرەجاتەکان سەیری یاریەکە بکەیت و کەچی لە ماڵەوەشی! دەتوانیت بەشداری شۆرش و خۆپیشاندانەکان بکەیت ئەوانیش دەبنە گریمانەیی ، دەتوانیت لە ماڵی خۆت بەشداری خۆپیشاندان بکەیت بێ ئەوەی کەس دەستگیرت بکات ، لەم جیهانە بەتەواوی کۆتایی بە نهێنیەکان دیت ، تۆ لەم جیهانە نوێیەدا داوا لە کوڕەکەت یا کچەکەت دەکەیت کە بەسە واز لە ئەنتەرنیت بێنن بڕۆن وانەی خوێندنگا بخوێنن ، لێرەوە منداڵەکانت نادۆزیەوە چونکە ئەوان بەتەواوەتی لە جیهانێکی دیکەدان ، ژووری داخراو و ژووری کۆبوونەوە بەهەمان شت ژووری نووستن نامێنێت ، هەموو ووردودرشتی ژیان ڕێگەپێدراو دەبێت و هیچ تایبەتمەندیەک نامێنیت ، وایلێدێت گاڵتە بە ڤیدیۆکۆنفراس و زووم و هەتا خودی فیس بوک بکرێت.

بەڕاستی پێش هاتنی ئەم جیهانە ئەرکی دایک و باوکانە لەسەریان زیاتر و گەرموگوڕتر لەجاران بەتەنگ پەروەردەی منداڵەکانیان بە بەهای جوان و ڕەوشتی باش بن ، هەنگاوی یەکەمیش کە لایانە پەیوەندیدارەکان لەسەریانە لە ئیستەوە دەستبکەن بە شەرحکردنی ئەو جیهانە گریمانەییە و یارمەتی دایک و باوکان و هەموو خێزانێک بدات تا نەخزێنە ئەو شوێنەی کە کەس خۆزگەی بۆ ناخوازیت ، با لەئێستەوە هەموومان ووریابین!

14/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر