دوور له زمانی عەرەبی

دالیا جەزا

بەگوێرەی ئەوەی زمان یەکێکە لەڕێگاکانی پەیوەندیکرن و مێژوویی گەیاندنی ویستەکان لەڕێگەی زمانەوە تەریبە بە مێژووی ڕاگەیاندن و تێگەیشتنی مرۆڤەکان لەیەکدی.

 فێربوونی زمانی تری جیاواز لە زمانی دایک لەلایەن تاکەکانی هەر نەتەوەیەک نیشانەی بەرزی ئاستی ژیارییانە. زۆرجاریش لەبەر نزیکی شوێنی جوگرافی و دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتی ئەو نەتەوانە، چەندیین هۆکار وا دەکات فێربوونی زمانی نەتەوە دراوسێکان ببێتە پێویستی، نمونەش ئێمەی نەتەوەی کوردین کە بەدەر لە زوڵمی سیاسی و تێکدانی دیمۆگرافیمان کە نەتەوەکانی چواردەورمان سەپاندوییانە بەسەرماندا، زەرورەتە بازرگانی وپیشەسازی و زانستییەکانیش وا یکردووە پێویست بکات زمانی نەتەوەکانیان بزانیین وپیادەیان بکەین .

 ئاشکرایە پێشەنگی ئەو نەتەوانەش، نەتەوەی عەرەبە. بەهۆی پابەندبوونی یاسایمان بەوڵاتی عێراقی فیدڕاڵ و گەڕانەوەی سەرجەم مامەڵە نێودەوڵەتییەکانی هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ لای حکومەتی بەغدا. جگە لە هۆکارە ئاماژە بۆکراوەکان زۆرینەی سەرچاوەکانی خوێندنی زانستە مرۆییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە زمانی عەرەبیین، ئەدەبییاتی نەتەوەی عەرەبیش پێش ئەدەبیاتی نەتەوەی کورد تۆماری مێژوو بووە. بۆیە پابەندبوونمان بە فێربوونی زمانی عەرەبی بووەتە پێویستی.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئاماژەی پێبەم لەهەرێمی کوردستاندا، ئەمڕۆ چەند نەوەیەک لە گەنجان و هەرزەکاران و منداڵان لە مەیدانی ژیانی خوێندن، یان کرداریدان، زۆر دوورن لەزانینی زمانی عەرەبییەوە.

ئەو زمانەی وانەیەکی ڕەسمی و سەرەکییە لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی خۆێندنی هەرێمی کوردستاندا. نەوەی ئایپاد و تابلێت و ئامێرە سمارتەکانی دی پڕۆگرامە ئینگلیزییەکانی نێو ئەو ئامێرە ئەلەکترۆنییانە بەبێ ویست و ماندووبوونی خۆیان تاڕادەیکی باش و مام ناوند فێری زمانی ئینگلیزیکردوون، کەچی هەر ئەم نەوەیە ئاستی زانینی زمانی عەرەبییان زۆر لاوازە. بێگومان چەند فاکتەرێک بۆ ئەم نەزانیینە هەیە سەرەکیترینیان بابەتەکانی وانەی عەرەبی خوێندراوە لەهەرێمدا، دواتر درکنەکردنە بە زەرورەتی بەکارهێنانی زمانی عەرەبی لای منداڵی کورد. 

وانەی زمانی عەرەبی یەکەمجار لە پۆلی چواری بنەڕەتییەوە دەخوێندرێت، وا  دانراوە، مامۆستا لە ماوەی چوارهەفتەدا تەواوی پیتەکان کە بیست وهەشت حەرفە بیخوێنێت دواتر ڕاستەوخۆ خوێندنەوەی (النص) دەستپێدەکات، بێگومان ئەمەش کارێکی گرانە بۆ قوتابی و ڕێگرە لەسەرەتای دانانی بناغەی فێربوونی ئەو زمانە، لەبەر ئەوەی سەرچاوە زانستییەکانی فێربوونی زمان، زۆرینەیان ئاماژە بەوە دەدەن بۆ فێربوونی هەر زمانێکی جیا لەزمانی دایک، منداڵ پێویستی بە زیاتر لە پێنج ڕۆژپیادەکردنە بۆ هەر پیتێک. لە دوای پۆلی چواریش بڕێکی کەم وانەی (القواعد) دەخوێندرێت، بەڵام لە پۆلەکانی دواتر بەبەردەوامی القواعد دەخوێندرێت و زۆر خێرا بابەتەکانی چڕ دەکرێت. لەوێشدا قوتابی کە زمانەکە نازانێت بەهۆی نەناسینی (فعل و فاعل و ضمیر) کانەوە بابەتی قواعدی بۆ زۆر نامۆ گران دەبێت. بۆ فێرکردنی هەر زمانێک کە زمانی دایک نەبێت، له سەرەتای وەرگرتنی هەر وانەیەک دەبێت حەزی فێربوون لای مناڵ دروستبکرێت بەدابینکردونی.

کات و ژینگەی لەبار واتا بوونی ژوور یان هۆڵێکی تایبەت بەوانەی زمان، جگە لە پۆلی قوتابییان، ئەو ژوورەش دەبێت داتا شۆو دەیان وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی ناوەکان بە پیتەکانی ئەو زمانەی لێهەڵواسرابێت. ئەو ژوورانە لە قوتابخانەکانی کوردستان زۆر کەمن، بەهۆکاری کەمی ژمارەی بینای قوتابخانەکان و نەبوونی شوێن بۆیان. بۆ فێرکردنی پیتەکان هۆکارەکانی فێرکردنیش پێویستن، بەجۆرێک لەگەڵ ئاستی تەمەن و ئارەزووەکانی منداڵانی هەر نەتەوەیەک بگۆڕدرێت. 

لای ئێمە ئەم کارە کەوتۆتە ئەستۆی مامۆستا، کە لە دەرەوەی قوتابخانە ئەو بابەتانە دابیندەکات، لە کاتێکدا دەبوو لەناو قوتابخانە هەبوونایە. زاناکانی فێرکردنی زمان لە هەموو لێکۆڵینەوەکانیاندا ئاماژەیان بەوەداوە بەم چەند هەنگاوە، لە دەستپێکەوە زمانی بێگانە دەگەیندرێتە منداڵ (فێرکردنی پیتەکان لەکاتێکی گونجاودا، وتنەوەی ڕاستەوخۆ بۆ وشەو ڕستەی هەرپیتێک، چیرۆک و دەق خوێندنەوە، هۆنراوە لەبەرکردن، نووسینی داڕشتنی کورت..).دەشێت بڵێم لەگۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی پڕۆگرامی خوێندن لەوەزارەتی پەروەردەی هەرێم، باشترە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و مامۆستایانی پسپۆڕ هەنگاویان هەبێت بۆگۆڕانکاری پرۆگرامی وانەی عەرەبی وەک ئەوەی خوێندنی زمانی عەرەبی لە بازنەی یەکەم و لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتییەوە بخوێندرێت وەک لە ساڵانی حەفتاوهەشتاکاندا وانەکە لەو قۆناغەوە خوێندراوە و قوتابییانیش ئاستی وەرگرتنیان بە هێندەی ئەمڕۆ کێشەی نەبووە. دەکرێت یەک هەفتەش دیاریبکرێت بۆ خوێندنی هەر پیتێک وبابەتەکانی (القواعد) لە قۆناغی سادەوە بەرەو قۆناغی وردبڕۆن.

ئەمڕۆ وانەی زمانی عەرەبی هەتا پۆلی دوانزە وانەیەکی سەرەکییەو لەهەردوو قۆناغی وێژەیی وزانستی دەخوێندرێت، نمرەکەشی دەچێتە سەر تێکڕای نمرەی ئەزموونی گشتی وەزارەت، کە بۆچوونە زانکۆکان ویستی قوتابییان یەکلادەکاتەوە. کەواتە سەرەتا وەک زانست دواتر وەک پێویستی بایەخدان بەوانەی زمانی عەرەبی گرنگە، لەبەر ئەوەی پێویستیان بێت، یان نا نەوەکانی ئەم دواییەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دوورن لەزمانی عەرەبی، ئەو قوتابییانەش کە نمرەی بەرز وەردەگرن زمانەکە فێرنەبوون بەڵکو سەرجەم ئەوانەی بۆیان پێویستە دەرخیانکردووە.


30/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر