ڕووناکبیر چی خەڵکە؟

دالیا جەزا


لەم ڕۆژانەدا کە ئاستی بێزاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بردونییەتە سەرشەقام و داوای مافە شەرعییەکانی خۆیان ئەکەن. ئەوەی بینرا زۆرینەی بەشدارانی خۆپیشاندانەکان توێژەکانی فەرمانبەران ومامۆستایانبوون و ژمارەیەکی کەم لەتوێژەکانی دی چوونە ڕیزی داواکاری هەقەوە..پێش هەموو داواکارییەک موچەیان کردوەتە سەربەندی تابلۆکانی دەستیان، ئەو موچەیەی حکومەتی هەرێم چەندین شێوازێکی گرتوەتەبەر بۆکەمکردنەوەودوورخستەوەو دابەشنەکردنی.

دیارە ونکردنی موچە سیاسەتێکی حکومەتە کوردییەکەیەو ناوی ناوە پاشەکەوت، ئەو ناولێنانەی لەهەرجێگایەکی دنیابووایە دەکرایە تەوەروتایتڵی  سەدان ناونیشانی سیناریۆ ودرامای کۆمیدی وتراژیدی ودەیان شانۆ نامەی لەسەر ئەنووسرا.

ئاخرکێ وتوویەتی میللەت ئەم حکومەتە بە باوباپیری خۆی ئەزانێ تا دەغیلەیان بۆ دابنێ، هیچ پێوەرێکی ئەقڵی نییە ئەوە بپێوێت..

کام پاشەکەوت کاتێک حکومەتێک ماوەی چوارساڵە یەک دنیا بێنەوبردەوخۆدزینەوەوفێڵکردن وبیربردنەوەوسەرقاڵکردن وکەمکردنەوەی موچەی کردۆتە بەرنامەی کار. باشە چۆن دەغیلەی بۆ پڕئەکرێت. ئەمڕۆ نەبوونی قوتی ڕۆژوشەوە خەڵکی ڕاپێچی شەقامکردووە، خۆ مافبردنیان تەنیا بڕینی موچە نییە.

کوا دادگای  چەسپاوو سەروەر، کوا بەرپرسی ئیداری بێلایەن،کوا ڕێگاوبانی ستاندارد ونەشکاو.

 لەخاکی ئاڵتونی ڕەش، کوا نەوت و سوتەمەنی بۆماڵان و نێوەندەکانی خوێندن کوا خوێندن ، کوا ئاوکارەبا، کوا کارگەوکێڵگەوهەنگەڵانی حکومی، کوا یانەونێوەندی وەرزشی وڕۆشنبیری و ڕێکخراوی خێرخوای بێلایەن.

کوا دامەزراوەی تەندروستی بێ نۆرەگرتن و بێ کەموکوڕی، کوا سیستمێکی تەندروستی پتەو. 

پتەوی یاساکانی حکومەتی هەرێم تەنیا لەسەندنی باج و پسوڵەی مامەڵە ڕەسمییەکانی دام ودەزگا په یوەنددارەکاندایە کەمانگ دوای مانگ لە ئەستۆی هاوڵاتی ڕێژەیان بەرزئەکرێت و ناشکرێنە موچەی کارمەندی باج وەرگر. 

توێژەکانی خەڵک بەهەموو شێوازێک هاوارە گازەندە یانەو پێویستیان بە قەڵخان و پرنسیپ و زیاتربونی ژمارەیە، بۆ دەربڕین. دیارە کەسانی دیارودەرکەوتوی بوارە فەرهەنگییەکانیش کاریگەرییان ئەبێت لەگەیاندنی پەیامەکاربۆکراوەکاندا. جێی نیگەرانییە تا ئەمڕۆ ڕووناکبیران و نووسەران وهونەرمدان و وەرزشەوانان نابینرێن، یان بەدەگمەن ئەبینرێن لەڕیز خۆپشاندەراندا. لەکاتێکدا هەڵگرتنی ئەو ناونیشانانە لە پێوەرە زانستی و مەنهەجییەکانیدا، بەر لەهەر مەبەستێک ئەبێت پەیامی خۆشنودی و شکۆمەندیی وسەروەرییان بۆ مرۆڤایەتی وەرگرتبێت، چ جای بۆ میللەتی خۆیان کە پێویستیان بە خاوەن فانس و هەوادارە بۆ زیادبوونی ڕیزیان.

ئەم بارودۆخە هەلن بۆ شکۆدارکردنی مرۆڤ و بەرەنگاری کۆلایەتی ودروستکردنی ڕای گشتی. ئەو ڕایەی لە سەردەمانی زووە کاتێک مرۆڤ خەباتییکردووە بۆ لەدەستنەدانی حورمەتی، زۆرێک لە بیرمەندان و ڕووناکبیران پشتوانییانکردووەو پێناسیان بۆ دۆزیوەتەوە، لەوانەش زانای دەرونناسی ئەمریکی فلوید ئەلێورت لەتوێژینەوەکانیدا ئەماژەیداوە بەبەهای ڕای گشتی و پێی وایە هەستێکە لەکۆمەڵێک خەڵکی غەمخۆرەوە دێت بۆڕەزامەندی یان دژایەتیکردن یان پشتگییریکردنی مەسەلەیەک یان بارێک یان کەسانێکی دیاریکراو بەئاڕاستەکردن وڕێکخستنی ڕیزەکانی جەماوەری پەیوەنددار بەو مەسەلەیە.

نووسەری دێرینی بریتانی توماس کلارکسونیش، کەیەکێک بوو لەڕێبەرانی دژایەتییکردنی کۆیلایەتی، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕای گشتی گرنگە ودروستکردنی کۆمەڵێک ڕێڕەوی هەستە بەشێکی گەورە لەخەڵک ڕێکدەخات بۆ مەسەلەیەکی گرنگ لەکاتێکی دیاریکراودا.  

ئەو ڕووناکبیرە دیارانەی مێژوو دروستکردنی ڕای گشتی وچوونە نێو ڕیزەکانی خەڵکی بەشمەینەت و مافخوراویان پیرۆز وبەمەنهەجکردووە.کەچی هەرێمەکەی ئێمە هەزاران نووسەروهونەرمەندو وەرزشەوانی تێدایە ویەکێتییەکانی نووسەان وهونەرمەندان و یانە وەرزشییەکانی کوردستان دەیان ڕەفەیان بەفایل و ناوی ئەندامانیان پڕکدووەتەوە، کەچی دە ئەندامییان نابینیت بچنە نێو ڕیزەکانی خەڵکی خۆپیشاندەر. 

ئایا پەیامی قەڵەم و فڵچەو تۆن و دنگەکانی ئەوان چییە؟ تەنیا دەرکەوتن وکورسی بۆگرتنی بۆنەو ڤیستفاڵ وچونە گەشتی شاران بۆ بۆنە وکەرنەڤاڵەکانە؟ ئەی کوا پەیامییان بۆ مرۆڤبوون؟ ئەگەر هەستیان بەئازاری نەتەوەیانبکردایە، ئەبوو لەم دۆخانەدا، ئەوانەی تاراوگەش بگەڕانایەتەوەو بچونایەتە ریزەکانی سەرشەقام ولەگەڵ ڕەش وڕووتی ئەم کوردستانە باشەق وزلەیان وەرگرتایە، ئەو کات ڕەوابوو ئەو هەموو بەرنامانەی کەناڵەکان بەشکۆوە دیدارو دیداری تایبەتیان بۆ سازبدات وشیاوی ئەوەبن  نێو مێژووی نوێی گەلی کورد بخرێن. شیاویشە خەڵک بپرسێت نووسین و ئاوازوتابلۆو ڕەنگی ئەوان چ بەهایەکی ئەمێنێت کاتێک ئەوان  ڕۆژی تەنگانە واقع کەس وکاری خەڵک نەبن. کەواتە با خەڵک بپرسێت ڕووناکبیر چی ئەوانە؟


07/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر