ئێران چی لە هەولێر دەوێ؟

دییە عەلی
دۆخی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئێران بەشێوەیەک نییە هیچ کەس ئاواتی پێبخوازێت، لەناوخۆدا ناڕەزایەتی تەواوی چین و توێژەکان هەیە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و لەدەرەوەش هێزەکانی وەلائییەکانی ئێران چ لە عێراق و چ لەلوبنا دۆڕاندویانە، لەیەمەنیش دۆخیان باش نییە، هەرچی لەئاستی نێودەوڵەتیشدایە، ئیسرائیل نایەوێت ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی سەربگرێت و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ ڕێککەوتننامەکە دەربڕیوە و ناهێڵێت بەئەنجام بگات، بەڕادەیەک وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوای دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی هەرێمی کردووە بەسەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێران.

دواتریش حسێن ئەمیر عەبدوڵڵایان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێویستە قەوارەی ئیسرائیلی واز لە وروژاندن و کردارە یەکلایەنە و شەڕانگێزانەکانی بهێنێت.

هەروەها دەشڵێت، لایەنی ئەمریکا ئاگادار دەکەینەوە لە هەر هەوڵێک بۆ پەکخستنی ڕێکەوتننامەی ناوکی و ئێمە لە ڤیەننا و لەمێزی دانوستانەکان ناکشێینەوە و نابێت لایەنی ئەمریکاش هەوڵی خۆدزینەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بدات.

ئەمە ئاماژەی رونە بۆ سوربونی ئێران لەسەر ڕێککەوتننامەکە لەبەر ئەو فشارە زۆرەی ئابوری کەبەهۆی سزاکانەوە خراوەتەسەر ئێران، ئیسرائیلیش نایەوێت جارێکی تر ئێران دەرفەتی بوژانەوەی پێبدرێت.

ئێران لە هەموو عێراقدا بەئارەزوی خۆی تەراتێن دەکات و بکوژ و ببڕ خۆیەتی، تەنیا لە هەولێر و دهۆک نەبێت ناتوانێت چی بوێت بیکات، لەوبارەیەوە حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ، باڵیۆزی پێشوتری ئێران له‌ عێراق و یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییانه‌ی‌، كه‌ به‌ كوردستان ئاشنایه‌، له‌ كۆتایی مانگی ئایاری رابوردو له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا په‌رده‌ی له‌سه‌رچه‌ند بابه‌تێك هه‌ڵماڵی كه‌ ده‌كرێت وه‌ك وه‌ك هۆكاری راسته‌قینه‌ی‌ هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر وه‌ربگیرێن.

دانایی فه‌ڕ له‌ به‌شێكی ئه‌و قسانه‌یدا، دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ هه‌رێم له‌ كاریگه‌ری سیاسه‌ته‌كانی ئێرانی وه‌ك خاڵێكی زه‌قی ناكۆكی ناوبردو وتی، "سەردەمانێك كە پەیوەندی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبواری كلتوری، ئابوری‌ و سیاسی لە ترۆپكی خۆیدا بو، كەمترین كێشەی نائارامی لە سنوری نێوان هەردولادا هەبو."

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ ئێران دان به‌وه‌دا ده‌نێت هه‌رێم زۆر لێیان دوركه‌وتوه‌و به‌ چاوێكی ئه‌منییه‌وه‌ به‌رپرسه‌كانی له‌ ئێران و سیاسه‌ته‌كانی ده‌ڕوانن و رایگه‌یاندوه‌، "تاكە شوێنێك لە عێراقدا كە ئێمە نەمانتوانیوە خوێندنگاكانی خۆمان بكەینەوە یاخود مۆڵەتی كردنەوەی زانكۆ وەربگرین ناوچەی هەرێمی كوردستانە، ئەمە بەهۆی تێڕوانینی هەندێك لە بەرپرسانی هەرێمه‌وه‌یه‌ بەوەی دەكرێت ئەوێ ببێت بە ناوچەیەك بۆ فراوانخوازیی و لە هەندێك ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا لە هەرێم تێڕوانینێكی ئەمنیی لەبارەی ئێرانەوە بونی هەیە."

ئەمە بۆ ئێران بووەتە عوقدەیەکی گەورە و نازانن چۆن دەرگای هەولێر بکەنەوە، لەکاردانەوەدا فشاری جۆراوجۆر دەکەن.

لەلایەکی ترەوە بەرەی وەلائییەکانی سەربەئێران لە عێراقدا هەڵبژاردنیان دۆڕاندووە و کێشەی گەورەیان بۆ هەژمونی ئێران دروستکردووە لەناوچەکەدا، ئێرانیش ئێستا کەسێکیان نییە جێی سەردار قاسم سولەیمانی بگرێتەوە و بەسەردانێک هەموو هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێبهێنێت، پێشیان وایە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت، بارزانی لەپشتییەوەیە، ئەوە بووەتە بەربەست لەبەردەم هەژمونی ئێراندا و تەنانەت پێکهێنانی حکومەت بەدڵی ئەوان.

لەماوەی ڕابردوودا فشارەکانی ئێران لەسەر هەولێر یان ڕاستتر لەسەر پارتی زۆر بووە و هەر لە هاویشتنی ساروخ و هێرشی درۆنەوە بیگرە هەتا بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی لەدژی هەولێر بەردەوام بووە لەپێناو کشانەوەی بارزانی لە هاوپەیمانی نیشتیمان، بەڵام بارزانی نەکشایەوە هەتا موقتەدا سەدر دەستلەکارکێشانەوەی بەفراکسیۆنەکەی کرد، ئێستاش زیاتر لەجاران چاوەکان لەسەر بارزانییە، کەدەیەوێت چی بکات و چی لەمێشکیدایە، بەڵام بارزانی لەماوەی ڕابردودا بەرگەی ئەو هەمووە فشارەی گرتووە، ئێستاش زەحمەتە بەبێ مەرج و خواستی ئەو بچێتەژێرباری هیچ حکومەت کەلەعێراق پێکبێت، خۆئەگەر بارزانی ڕازی بێت بەداوا و خواستی ئێران، ئەوە ئێران و وەلائییەکانیش ئامادەی هەموو سازشێکن بۆ هەرێم، بەبێدەنگکردنی دادگای فیدراڵیشەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە، بارزانی چ جۆرە هەنگاوێک دەنێت، ڕەنگە لەداهاتوویەکی نزیکدا زۆر شت بگۆڕێت و هاوکێشەی نوێ بێتە پێشەوە بەتایبەتی لەپێکهێنانی ئەو حکومەتەی کە هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە و هێشتا ئاسۆکانی دیار نین.

16/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر