گەڕی بارە ترێ بەپەروەردەی ئیسلامی دەکەن

دییە عەلی

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا یەکگرتووی ئیسلامی بەقاعید و قەواعیدەوە دەستیان بەهەڵمەتێکی چەواشەکاری کردووە دەربارەی پەروەردەی ئیسلامی و گوایە پەروەردەی ئیسلامی دەگۆڕێت بۆ مێژووی ئاینەکان و بەوەش پەروەردەی ئیسلامی بێبایەخ دەکەن، هەرچەندە وەزیری پەروەردە ڕەتی کردەوە هیچ شتێکی لەو بابەتە هەبێت، بەڵام یەکگرتوو زیاتر و زیاتر پەرە بەم چەواشەکارییە دەدەن و هەتا ئەمینداری گشتی ئەم حزبەش کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەم هەڵمەتە و ئەویش لەیەك دوو بۆنەدا خۆی پێڕانەگیراو قسەی خۆیکرد، هەوڵەکانی یەکگرتوو درێژەی کێشاوە هەتا کارگەیشتووەتەوە ئاستی ئەوەی هاشتاگی بۆ دروست بکەن.

دەگێڕنەوە لە کۆندا لە سیستەمی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتداری عوسمانیەکاندا لە کوردستان، هەموو شتێک باجی لەسەر بووە، جگە لە دانەوێڵە و مەڕوماڵات و پیشەگەریی جۆراوجۆر، ئەوانەی لە سایەی خەلیفەدا قەڵه و بوون پێویستە(مزە) بدەنە حکومەت، میوەی ترێش لەو باج و دەرامەتانەدا بەدەر نەبووە، هەموو بارە ترێیەک باجی خۆی هەبووە، جوتیارە خاوەن ڕەزە مێوەکانیش، کە بارە ترێیان بارکردووە، گۆڕیویانە گوتوویانە: ئەوە بارە ترێ نییە، ئەوە بە ئیدیۆم و بۆ بیانووگرتن و گەڕ پێگرتن بە کەل و پەل و شت و مەک و بەرووبومی گوازراوە لەلایەن جەندرمە و زەفتیەکانەوە وتراوە "بەخوا بابم گەڕی بارە ترێیە".

بەراستی ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی بە پەروەردەی ئیسلامی دەکات، گەڕی بارە ترێیە، چونکە کاتێک د.ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەبەردەم یەکێتی زانایان و لەبەردەم مایکی هەموو میدیاکاندا دەڵێت، هیچ هەوڵ و بەرنامەیەک نییە بۆ گۆڕین و بێبایەخکردنی پەروەردەی ئیسلامی، تائەو ڕادەیەی تەحەدای هەموو ئەو کەسانە دەکات، کەبچوکترین زانیاری یان بەڵگە یان واژۆی وەزیرییان لایە لەسەر ئەو بابەتە بابێمنەتبن و بڵاوی بکەنەوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەی وەزیری پەروەردە داوا لە داواکاری گشتی بکات بێنەسەرخەت و ئەو بابەتە یەکلای بکەنەوە و ئەوانەشی پڕوپاگەندانە دەکەن بەڵگەکانیان بخەنەڕوو.

ئەم هەڵمەتی چەواشەکارییە لەیەکگرتوودا لەئاستی ئەندامێکەوە گەیشتوەتە ئاستی ئەمینداری ئەو حزبە، کەبەڕاستی ئەمە کارەساتێکی بێ وێنەیە، چۆن دەبێت بەرپرسی یەکەمی حزبێ هێندە ساویلکەبێت بکەوێتە ژێر هەڵمەتێکی لەم شێوەیەوە؟!

ئەمە دەرخەری ئەوەیە یەکگرتوو پاشەکشەی گەورەی کردووە، چونکە جاران یەکگرتوو لەبەرامبەر ئەو هەمووە هەڵمەتە چەواشەکارییانەدا بەبیانوی ئیسلامی بونەوە دەیانوت ئێمە سیاسەت و هەتا کاری ئۆپۆزسیۆنیش بە مەنهەج و بەرنامەی ئیسلامییانەی خۆمان دەکەین و ناکەوینە داوی ئەو هەڵا و هەڵمەتانەی کەلایەنەکانی تر دەیکەن، واتە ئەوان ئیدیعای ئەوەیان دەکرد هەموو کارەکانیان بە بەرنامەی خۆیان دەکەن، بەڵام لەم بابەتەدا یەکگرتوو میدیاکەی(سپێدە) تا ئەوڕادەیە ڕۆشتوون کە کتێبێکیان بڵاوکردووەتەوە کە باس لە مێژووی ئاینەکان دەکات، گوایە ئەم کتێبە دەبێتە جێگرەوەی پەروەردەی ئیسلامی، لەکاتێکدا جەنابی وەزیر دەڵێت، کتێبیشمان بۆ خوێندنی ساڵی 2022 چاپکردووە و هیچ شتێکی لەو بابەتە لەئارادا نییە و جەنابی سەرۆکی حکومەتیش جەختی لەوە کردووەتەوە کەهەرگیز پەروەردەی ئیسلامی لە مەنهەج لانابرێت.

لەلایەکی ترەوە، لەوشوێنانەی یان لەو قوتابخانانەی کەزۆرینەی مەسیحین یان ئێزیدین وەک ڕێزگرتن لەئاینەکەیان ئاینی خۆیان دەخوێنن، ئیتر چ پێویستیان بەگۆڕینی یان وەها کارێک هەیە، پێتان وایە حکومەتی هەرێم ئەوەندە ساویلکە بێت لەمکاتەدا ئەم بەرەیەی تر لەخۆی بکاتەوە و ئەم کارتە بدەنەدەست ئێوە بیکەنە هەڵمەتی هەڵبژردنی پێشوەخت، کەئەوانیش و هەموو خەڵکیش دەزانێت، یەکگرتووی ئیسلامی یەکێکە لەو هێزانەی هاوشێوەی دەستەخوشکەکەی (کۆمەڵ و گۆڕان) رۆژ لەرۆژ باڵانسیان روو لەنزمیەوە، هێدی هێدی خەڵک بەوە دەگات کەجگە لەهات و هاواری ڕاگەیاندن هیچیتریان پێناکرێت، تەنانەت ئەو بەرپرسانەشیان کەلەدەسەڵاتدان، هیچی گەورەتر یان زیاترییان لە نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتی پێنەکراوە، بۆیە ئەم نائومێدییە بەردەوام دەبێت، هەتا ئەوەی ئیتر هیچ کاریگەرییەکتان نامێنێ لەسەر ڕووداوەکان، بۆیە کارە دروستکە ئەوەیە بەهۆش بێنەوە و دەست لەو هەڵمەتە چەواشەکارییە هەڵبگرن، چونکە ئەمرۆ یان سبەی هەمووان راستیەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

06/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر