مەسرور بارزانی و کابینەی نۆ

دییە عەلی
مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی سێ ساڵ بەرلەئێستا کابینەیەکی وەرگرت، سەرەڕای قەرزێکی زۆر، تەواوی پرۆژەکانیشی وەستابوون، موچە بەزەحمەت دەدرا بەپاشەکەوتیشەوە، بەڵام سڵی لەوەرگرتنی کابینەکە نەکرد، چونکە مەزنی پیاوی سیاسی یان سەرکردەی سیاسی لەقەیرانەکاندا دەردەکەوێت، چونکە لەمکاتانەدا سەرکردە دەتوانێت دنیابینی خۆی یان کار و پرۆژە و ئەجنداکانی بەکار بهێنێت بۆ رزگارکردنی میللەتەکەی، لەم سۆنگەیەشەوە بارزانی کوڕ قۆڵی مەردانەی لێهەڵماڵی و سەرەتا لە خەرجییەکان و داهاتەوە دەستیپێکرد، کەساڵانێکی زۆر بوو، یان لەماوەی هەشت کابینەی پێشوودا خەرجییەکی زۆر دەکرا کەبوبووە نەزیفی بەهەدەردان و کەمترین بەرهەمی هەبوو، بۆیە مەسرور بارزانی سەرەتا ئەم خاڵەی کردە دەستپێک و خەرجییەکانی حکومەتی لە 200 ملیار دینارەوە بۆ 70 ملیار دینار کەم کردووەتەوە، هەروەها داهات سێ بەرامبەر زیادی کردووە، هەر بۆنمونە بەکۆی گشتی داهاتی حکومەتی هەرێم، لەوانەش داهاتە نانەوتییەکان لەدەروازە سنورییەکان لەساڵی 2016دا داهات 563 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2021 دا گەیشتووەتە ملیارێک و 690 ملیۆن دینار، بەوەش توانی ڕووبەڕووی زۆر ئالنگاری ببێتەوە.

کابینەی نۆیەم هەروەک لەکارنامەکەیدا هاتووە کەشەفافانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا دەکات، بۆ ئەوەش لە چەندین بۆنەدا سەرۆکی حکومەت پرسی نرخی نەوت و داهاتەکەی بەوردی بەبێ گرێ باسکردووە، بەڕادەیەک سیحری هەموو ئەوانەی بەتاڵکردەوە کەساڵانێکە یاری بەهەست و سۆزی میللەتەوە دەکەن لەم پرسەدا.
لەلایەکی ترەوە وەزیرەکانی زۆرترین بەشداری یان ئامادەبونیان هەبووە لە میدیاکاندا و وەڵامی زۆربەی پرسیارەکانی رۆژنامەنوسانیان داوەتەوە، هەروەها لەدانیشتنەکانی پەرلەمان و لیژنەکانیشدا بەهەمان شێوەیە زۆرترین بەشدارییان هەبووە و بەبی گرێ و قۆرت وەڵامی پەرلەمانتارانیان داوەتەوە، ئەمەش دەرخەری شەفافیەتی حکومەت دەردەخات و کورد وتەنی ناترسێت لە وەڵامدانەوە.
ئەمین زەکی بەگ کەلە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا پەرلەمانتار بووە و نوێنەری سلێمانی بووە لە پەرلەمانی عێراق  لەساڵی 1928دا وتویەتی "ئەوەی حسابی پاکە لەموحاسەبە بێباکە". لەم سۆنگەیەشەوە حکومەتی هەرێم لەم کابینەیەدا لە موحاسەبە نەترساوە و بەردەوام وەڵامی میدیا و پەرلەمانتارانیان داوەتەوە.

کابینەی نۆیەم کارێکی زۆری کردووە لەسەر ژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتە، بەجۆرێک لە ڕێگاوبان و سەد و بەندا و گەشەپێدانی کشتوکاڵ بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی پێدراوە، بەڵام ئەم کارانە چونکە بۆ ژێرخانی ئابوری وڵاتە، پرۆژەی دوورمەودان و لەداهاتوودا دەردەکەوێت ئەم پرۆژانە چ کارییەکیان لەسەرمان دەبێت و چۆن لەمەترسییەکان دەمانپارێزێت، بۆیە گرنگە وردتر و بەدنیابینی فراوانترەوە لەم بابەتە بڕوانین، مەسرور بارزانی لەسێ ساڵ تەمەنی کابینەکەیدا، گوتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای ئەوەی بەسەرەقەڵەم باسی لە کارەکانی کابینەکەی کرد لە هەموو سێکتەرەکاندا، کەلەداهاتوودا زیاتر پلانیان هەیە کار لەسەر پەرەپێدان و زیادکردنی یەکەی نیشتەجێبون بکەن بۆ کەمدەرامەتان، بەردەوامیدان بەهەمەجۆرکردنی ئابوری و سەرچاوەکانی داهات، زیادکردنی بەندا و کارکردن لەسەر ئاسایشی ئاو، گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و گازی بەفیڕۆدراو، دامەزراندنی سیتمێکی ژینگە دۆست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاک، بەکارخستنی سیستمێکی پێشکەوتووی بانکی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی بازاڕەکان، فراوانکردنی خزمەتگوزاری شارەکانی و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، باشکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ گوند و شارۆچکەکان بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئەوێ ڕوو لەشارەکان نەکەن.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، حکومەتی هەرێم لەسەر ڕێگا و ڕێچکەیەکی دروستە و دەبێت دەرفەتی بدرێت بەردەوامبێت لەجێبەجێکردنی ئەجندا و پلانەکانی، ئەگەر کابینەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەچەند ساڵی داهاتوودا هەنگاوی گەورە دەنێت بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران هاوڵاتیان و هەرێمیش وەک کارەکتەرێکی نادەوڵەتی ڕۆڵ و پێگەی لە هاوکێشە جیهانییەکاندا زیاتر دەبێت.


21/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر