هێڵی ئاسنین و میدیاکاری بێ سەواد

دییە عەلی

هێڵی ئاسنین، یان سکەی قیتار گرنگییەکی بێ ئەندازەی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و رەوشی ئابوری هەرێم دەباتە دۆخێکی پێشکەوتنەوە، بەجۆرێک ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانان و کاسبکاران. 

 

هێڵی ئاسنین، هاتوچۆی ئاسایی و بازرگانی لەنێوان شارەکانی هەرێم و عێراق و وڵاتانی دراوسێشدا ئاسان دەکات و کاتێکی زۆر دەگێڕێتەوە بۆهەمووان.

هێڵی ئاسنین ئەگەرچی لەچەند کابینەیەکی پێشتردا قسەوباسی لێکراوە، بەڵام دواجار لەهەنگاوە سەرەتاییەکەیدا پشتگوێخرا و پرۆژەکە بەئافەرۆزکراوی مایەوە و ڕۆشنایی نەبینی، بەڵام لەئێستادا ئەنجومەنی وەزیران و بزات وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن چووەتە پشتی ئەم پرۆژەوە و هەنگاوی کرداری بۆ هەڵگرتووە، بەڕادەیەک لەرۆژی 2ی مارسی 2021 دا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن واژۆی لەسەر بانگهێشتنامەی سێ کۆمپانیای  گەورەی جیهانیکرد، کەدووانیان ئیسپانیە و  ئەویتریان ئەڵمانییە، بۆ ئامادەکردنی بەهای ئابوری (جدوی الاقتصادی) (feasibility study) پرۆژەکە، بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە، بەمەش پرۆژەکە لە چەکمەجی وەزارەتەوە چووە قۆناغێکی ترەوە، پێشتریش وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەچەند چاوپێکەوتن و کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا بەڕونی باسی لەوە کردووە کە پرۆژەکە بودجەیەکی چەند ملیار دۆلاری دەوێ و بەحکومەتی هەرێم جێبەجێناکرێ، چونکە حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا کێشەی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەیە. 

 

بۆیە هەوڵ دەدەن پرۆژەکە بدەنە کەرتی تایبەت، یان کۆمپانیای بیانی، بەڵام پێشوەخت پێویستی بەوە هەیە کۆمپانیا موعتەبەرەکان بەهای ئابورییەکەی بخەمڵێنن، ئەوەش دەبێتە مارکێتینگێکی باش بۆ پرۆژەکە و وەک ئەوەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشبینی کردووە کۆمپانیا بیانییەکان دێنە پێشەوە و پرۆژەکە جێبەجێدەکەن. 

لەم شەوانەدا دانا عەبدولکەریم لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئامادەبوو، میدیاکارەکە هاتەسەر پرۆژەی هێڵی ئاسنین  لەو بارەوە پرسیار گەلێکی کرد و منیش هەوڵمداوە وەک خۆی و بەئەمانەتەوە بیگوازمەوە، دواتر ئێوە بڕیاری لێبدەن. 

 

پێشکەشکار

 

بەتەوسەوە لێی پرسی باشە تۆ ماوەی پێشوو باست لەوە کردووە کەپرۆژەی هێڵی ئاسنین جێبەجێدەکەن، ئایا ئەوە بە ئێوە دەکرێ؟

 

 وەزیر : ئەوە یاسایی وەزارەتە و منیش سوێندم خواردووە خزمەتی خەڵک بکەم و ئەو پرۆژەش جێبەجێ بکەم. 

 

پێشکەشکار: بەجۆرێکی تر لەتەوسەوە ئەوکاتە ئۆپۆزسیۆن دەیوت پرۆژەی هێڵی ئاسانین ئاسانە و دەیکەین، کەس باسی نەدەکرد؟ دواتر ئێوەش شوێن پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن کەوتن؟ مەبەستی پێشکەشکار نەوەی نوێیە. 

 

وەزیر: نا شوێن پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن نەکەوتوین، لەماستەر پلان و یاسای وەزارەتدا کەلەساڵی 2012ەوە دەرچووە، باسی پرۆژەی هێڵی ئاسنین کراوە و منیش یاسا جێبەجێ دەکەم و ئەرکی منە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکەم و پرۆژەکە چەند ملیار دۆلارێکی دەوێ، ئەوەش لەتوانای حکومەتی هەرێمدا نییە و دەبێ کۆمپانیای بیانی جێبەجێی بکات و قازانجیشی باشە. 

 

پێشکەشکار: باشە کە حکومەت پارەی قۆناغێکی شەقامی 100 مەتری نەبێ، چۆن هێڵی ئاسنین جێبەجێ دەکات؟ 

 

وەزیر، هەرچەندە من رونکردنەوەم پێدای بەڵام تۆ پرسیارەکەی خۆتت نەگۆڕی! من وتم لەسەر بودجەی حکومەت جێبەجێناکرێ. 

 

پێشکەشکار، باشە ئەگەر قازانجێکی باش دەکات، بۆچی حکومەت خۆی جێبەجێی ناکات و قازانجەکەی بخاتە پرۆژەی ترەوە؟ 

 

وەزیر، خۆمن پێشتر وتم؛ زیاتر لەچەند ملیار دۆلاری تێدەچێ، ئەگینا ئەگەر حکومەت پارەی هەبوایە دەبوو کۆمپانیایەکی نیشتیمانی بۆ دروستکردایە و خۆی جێبەجێی بکردایە. 

 

پێشکەشکار: ئەمجارەیان بەپیشخواردنەوە

 

باشە بۆکاتێ سەرۆکی نەوەی نوێ وتی، ئەم پرۆژە ئاسانە و دەکرێ کۆمپانیایەکی بیانی بهێنی، جێبەجێی بکات، ئەوکات قسەی جیاواز دەکرا، بەڵام ئێستا حکومەت ئیعتیماد دەکاتەسەر رەئیەکەی ئەو؟

 

وەزیر: وەڵا من ئیعتیمادم، نەکردووەتەسەر بۆچونەکەی ئەو، وەک وتم لەیاسای وەزارەتدا لەساڵی 2012 باسکراوە و ئەرکی منە جێبەجێی بکەم.

ئەوەی ئەم گفتوگۆیە ببینێ تێدەگا میدیاکاری ئەم وڵاتە لەچ کارەساتێکدایە، بەبێ ئەوەی خۆی ئامادەبکات، بەرنامە دەکات، بەرپرسەکە دوای ئەوەی چەندجارێ هەڵەکانی بۆڕاستدەکاتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماستەر پلان و یاسای پرۆژەکە، کەپێنج ساڵ پێش دروستبونی نەوەی نوێیە، پێشکەشکار جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەرهەمان تاس و حەمام.

 

دواتریش بەدەیان میدیای چەواشەکار دێن و تەرویج بەو قسەیە دەدەن کەوەزیر وتویەتی ئەم پرۆژەیە بەحکومەت جێبەجێناکرێ، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەکلۆرە داردا دۆزیبێتەوە.

 

بێئەوەی وردبنەوە لەوەی لەسەرەتای ئەم پرۆژەیە، دانا عەبدولکەریم بەڕونی رەوانی وتویەتی، ئەم پرۆژەیە بودجەی زۆری دەوێ و حکومەت ناتوانێ جێبەجێی بکات.

 

لەکوێدا میدیا ئەرکی گەوجاندنی خەڵکە جگە لەکوردستان، تەنها لەپێناو چەند لایکێک و ئاوکردنە ئاشی جنێودەرانەوە، بۆیە هەقە میدیاکارەکان کاتێ بەرنامە لەسەر پرسێ دەکەن خۆیان پڕ مەعریفە بکەن بۆ ئەوەی ئیحراج نەبن، ئەگەرچی بەرپرسانی کەمتر میدیاکارەکان ئیحراج دەکەن، بەڵام هاوڵاتیان بەڕونی ئاستی میدیاکارییان بۆ دەردەکەوێ.


10/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر