بۆچی متمانەم بە بەڵێنی کاندیدەکان نیە!؟

دییە عەلی
کە هەڵبژاردن نزیک بوەوە هەریەکەو لە ئاوازێک ئەخوێنێت، هەریەکێ بەڵێنێکی قەبە ئەدات بەبێ ئەوەی سەیری ئەوانەی پێش خۆیان بکەن، بەجۆرێک کاندید هەیە ئەڵێت دوو بتڵ غاز ئەکەم بە پێنج هەزار، هەیە ئەڵێ دۆلار ئەکەم بە ۱۲٠ هەزار، هەشیانە لە هەولێر هەڵهاتوو وە لە دەستی یاسا و ئێستا لێرە ئەڵێت من نەلەخشاوم و سەنگەری خەڵکم چۆڵنەکردوە و شەڕ بۆ ئێوە ئەکەم، هەشیانە ئەڵێت چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک بۆ من ئاو خواردنەوەیە، هەشیانە هاتووە ڤیدیۆی شەقامێکی سلێمانی گرتوو وە و ئەڵێ ئەم شەقامانە خراپن و ئێمە چاکیان دەکەین.

هەموو ئەم بەڵێنانە پێمان ئەڵێن ئەم کاندیدانە تێنەگەیشتوون لە وەزیفەی پەرلەمانتار، ڕاستیەکەی قسە پڕ و پوچەکانی کاندیدەکان تەواو نابێت ناکرێت ئەوەندە سەری خۆمانی پێوە قاڵ بکەین، بۆیە هەموو ئەمانە ئەچنە بابی ئەوەی لە وەزیفەی خۆیان تێنەگەیشتوون، نازانن وەزیفەیان چیە و شەڕی ئەوان لە بەغدا چیە؟ بەدەر لە شەڕی موچە شەڕی مافە نەتەوەییەکانی کورد، ناشبێت ئەوەمان لە یادبچێت لە ۲٠٠٥ وە تا ئێستا کە کورد بە قورسی بەشداریان لە حوکمەتی عێراقی و هەتا لە پەرلەمانیشدا کردوە، هیچ یەکێکیان نەیانتوانیوە هیچ چارەسەرێک بۆ کێشە نەتەوایەتیەکانی کورد بکەن، بەڵکو زیاتر بەغدادیان وەک شوێنێک بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان بەکار هێناوە، ئەوجا هەر لە سەرۆک کۆمارەکانەوە بیگرە لە بەڕێز مام جەلالەوە هەتاوەکو دکتۆر بەرهەم، لە جێگری سەرۆک وەزیرەکانەوە کە زوربەیان پارتی بوون تاوەکو وەزیرەکان، بۆیە هەموو ئەمانە پێمان ئەڵێن ئەوەی هەیە و نیە پەرلەمانتارەکان ئەتوانێت زیاتر و زیاتر گیرفانی خۆیان پڕبکەن، وەک ئەوانەی خولەکانی پێشوتر، ئێوە بچن سەیری ژیانیان بکەن، بزانن پێشتر چۆن بووە و ئێستا چۆنە؟.

 بەڵام کێشەیەکی گەورە هەیە لێرەدا ئەویش ئەوەیە کە من لە سلێمانیم، سلێمانی پێنج بازنەیە ۱۸ کورسی هەیە لەم ۱۸ کورسیە ئەگەر ۱۸ کەسیش بچێت بۆ دەنگدان ئەم ۱۸ کەسە دەردەچن و دەچنە پەرلەمان، کەواتە بۆیە  کاتێک دەنگی ئێمە شتێک نەگۆڕێت گرنگە بەدوای کاندیدی دڵخوازی خۆماندا بگەڕێین کە پێمان وابێت لەوانیکە باشترە، یان ئەوەی کە پێمان وابێت لەوانیکە فەقیرترە یان هەرچۆنێک بێت کەسێک دەوڵەمەندبکەین، من بە تەواوی قەناعەتم گەیشتوم بەوەی کە پەرلەمانتارەکان هیچیان ناتوانن شەڕی نەتەوەیی بکەن، وە دەریشکەوت لە ئەزمونی چوار خولی ڕابردوو ی پەرلەماندا هیچیان شتێکی باشیان نەکردوە، پەرلەمانتارێکی وەکو دکتۆر سیروان زەهاوی و کەسانێکی وەکو حاکم شێخ لەتیف و خالید شوانی نەیانتوانی شتێکی گەورەبکەن زەحمەتە ئەمانەی ئێستا بتوانن شتێکی گەورە بکەن.

بۆیە  گرنگە بیر بکەینەوە کەکێتان بەلاوە باشە دەنگ بدەن بەو کاندیدە بدەین بۆئەوەی هیچ نەبێت ئەویش گیرفانی خۆی پڕبکات،  ئیتر لەوە زیاتر بەڵێنەکان وەکو بڵقی سەر ئاو وایە و هەرچونە پەرلەمان بیریان دەچێت، ئەگەر بیریشیان نەچێت هیچیان بۆیان جێبەجێ ناکرێت.

14/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر