کۆچ بەرەو نادیار

دییە عەلی
لەمڕۆژانەدا بابەتی کۆچ بووەتە رۆژەڤ نەک هەر لەکوردستان و میدیای کوردیدا، بەڵکو لەیەکێتی ئەوروپا و میدیا جیهانییەکانیش بایەخی گرنگیان بۆی هەیە.

هەرچەندە کۆچ دیاردەیەکی جیهانییە و لەگەڵ دروستبونی مرۆڤدا کۆچ بونی هەبووە، هەتا لەکوردستان بەو خەڵکانە وتراوە کۆچەری، کە مەڕدار بوون و بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان گەرمیان و کوێستانیان کردووە و هەتا ئێستاش ئەم دیاردەیە لای ئاژەڵدارەکان ماوە. 

کۆچ لەکوردستانەوە بۆ ئەوروپا، یان لەدیارەوە بۆ نادیار، گەلێک هۆکاری هەیە، جگە لەهۆکارە سیاسییەکانی کەئێستا بووەتە کەرەستەی ململانێی نێوان بیلاروسیا و ئەوروپا، کۆچبەران وەک میکانیزمێ بۆ ئامانجەکانی دەوڵەتان بەکاردێن، بەڵام ناکرێ هۆکارە ناوخۆییەکان نادیدە بگرین، وەک ئەو ناعەدالەتییە زۆرەی کەکوچە و کۆڵانەکانی هەرێمی تەنیوە، هەروەها نەبونی جۆرێک لەگرەنتی ژیان، بەهۆی ململانێی هەرێم و عێراق لەلایەک و هێزە ناوخۆییەکانی هەرێم لەلایەکی ترەوە.

هەروەها بێکاری لەزۆرێک لەشارەکانی هەرێم، کەبیانویەکی باشی داوەتە دەستی گەنجان بەسانایی کۆچ بکەن، بەبێ ئەوەی خەڵک لۆمەیان بکات. 

بەڵام نابێ ئەم نەوە نوێیەش نادیدە بگرین، کەزۆربەیان هەم تاقەتی ئیشی جدییان نییە، هەروەها چاویان لەخێرا دەوڵەمەندبونیشە، رۆژانە ئەوەندەی خەریکی پەبجی  یان بابەتی تافیهو بێ بایەخن ئەوەندە بیریان لەوە نەکردووە کەپەرە بەتواناکانی خۆیان بدەن، یان هەوڵی فێربونی زمانێکی تر بدەن، کەئەمڕۆ بووەتە پێداویستی بۆ زۆربەی کارەکان، ئەمەش وادەکات بەهیچ شتێ ڕازی نەبن و زیاتر یان چاویان لەدامەزراندبێ، یان ئیشێکی کەم و پارەیەکی زۆر، ئەمەش نەک هەر لەکوردستان، بەڵکو لەهیچ کوێی ئەم دنیایەدا دەستناکەوێ. 

بۆیە وەک خۆم ئەگەر چی دژی کۆچ نیم و هیوای سەلامەتی بۆ هەموو کۆچبەران دەخوازم، بەڵام گەشبین نیم بەئایندەی ئەم نەوەیە، چونکە لەئەساسدا بیرکردنەوەی ناواقیعی دایبڕاندوون لەژیانی هەقیقی.

هەتا نەگەڕێنەوە بۆ ئەو واقیعە، زەحمەتە بتوانن ئایندەیەکی باش بۆخۆیان دەستەبەر بکەن، ئیتر ئەگەر نەک لەکوردستان بەڵکو هەموو جیهان بگەڕێن.

بۆیە کاتێ کەسانێ بەبێ پلان ڕێگای وڵاتانی ئەوروپا دەگرنەبەر، بەتایبەتی لەمرۆژگارەدا کەوەک نەوەدەکان نییە، کۆچبەر لەوڵاتانی ئەوروپیدا کەم بن و ئیش و کاریش زۆربێ، بۆیە ئێستا ئیتر بابەتەکە دووجار شایەنی بیرلێکردنەوەیە، ناکرێت خۆت بدەیتە دەستی قەدەر و قاچاخچی، بەبێ ئەوەی پلانێکی تۆکمەت هەبێ و چاوەڕێی بەهەشتێ بیت لەپێشوازیتدا، بەڵکو لەوێش هەر ئیشە و هەرئیش، بەڵام زۆر قوررستر.

14/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر