له 7 ی تشرینی دووه‌می 2021 ئه‌م نوسینه‌م له واڵاکه م بڵاو کرده‌وه،دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ ، پێ خۆش بوو ،به‌دڵی بوو ، په‌یوه‌ندی پێوه کردم ، به چه‌ند رسته‌یه‌ک هه‌ستی ناسک و ناخی پاک و جوانی خۆی ده‌ربڕی و له‌واڵاکه‌ی خۆی بڵاوی کرده‌وه .
دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ له نێوان گۆرانی و.. شیعر‌و ..زیندان و..جینۆساید دا..(1)
دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ، ساوابووگڕوگاڵ ی ده‌کرد ، دایکی ماڵئاویی له ژیان کرد ، بێ دایکی سه‌ری پێ هه‌ڵگرت ، تاقه سۆزێک ، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی خۆشه‌ویستی دایکی.. نیشتمانه‌که‌ی بوو ، ده‌یویست ببێ به گۆرانی بێژ ، کۆت وپێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی رێگربوو، ماوه‌یه‌ک سه‌قاڵی شانۆ بوو، له‌وێوه گواستیه‌وه بۆ رۆژنامه‌نووسی ، شیعر بوو به تاکه چه‌کی بوونی هه‌ڵوێست وناخ وحه سره‌ته‌کانی ، شیعر ده‌یهێناو ده‌یبرد، کاریگه‌رییه‌کانی تراژیدیای ئه‌نفال رێڕه‌وی ژیانی ئه‌وی گۆڕی ، ئه‌و کاتانه‌ی منداڵ بوو ، له په‌رێزو گوڵ جاڕو ده‌شت و ده‌وری بێستان و به‌ربارانی گوندی هه‌شه‌زینی، هێمنی و مه‌نگی یه‌ک له ناخێکی کپی دا په‌نگی خواردبوو،له‌و کاتانه‌وه گۆرانی سه‌بووری و ئارامی پێ ده‌به‌خشێ ،بۆ بیستنی گۆرانی،رادیۆ‌و هه‌ندێ جار یش ته‌سجیلی ئه‌م و ئه‌وبوو .
میلۆدیایه‌کی هێمن
ئه‌و منداڵێکی مه‌نگ و بێ دایک بوو ، له نێوان جوانی رۆمانسیه‌تی سروشت و ژیانی ساکاری هه‌شه‌زینی ،له ته‌ک سۆزی ده‌روێش وده‌ف وزکروبانگ وسه‌ڵای بنه‌ماڵه‌که‌ی ،هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لێ ده‌بوو به میلۆدیایه‌کی هێمن ، به‌ڵام ئه‌و تاک و ته‌نیا ،(له گۆشه‌یه‌کی نا دیاری دا)،به هێمنی وئارامی له گه‌ڵ ژیان دا هه‌ڵده‌چوو ، هه‌موو رێڕه‌وه‌کان بردیانه‌وه سه‌ر دنیای شیعر ، شیعر‌و گۆرانی وایان لێکرد ، هه‌میشه گۆرانی بۆ خۆی بڵێ ،شیعریش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ، تا ئێستا ش ئاشناترین و نزیکترین ده‌نگ و ئاواز به رۆحی گۆرانی یه .
که گۆرانیه‌کی ناساز ده‌بیستێ، جه‌رگی بریندار ده‌بێ ، له ئاڵۆزترین وسه‌خترین ساته وروژاوه‌کانی ژیان دا ،که گوێی له گۆرانیه‌ک ده‌بێ ، له‌و په‌ڕی هه‌ڵچونه‌وه ،حه‌یران ده‌بێ، سۆز‌و خۆشه‌ویستی ده‌گرێته باوه‌ش، دیوانی شاعیره‌کان تێکه‌ڵ به‌ژیانی بوون ،هه‌ر ته‌مه‌نی هه‌ڵکشا له که‌رکوکی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دا، فێری یاخی بوون و هه‌ڵوێست بوو ،تا دواساته‌کانی ژیانی شانازی به‌وه‌وه ده‌کات :
-بڵێ من کوڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کم ،پیاوێکی لێ هه‌بوو، ناوی ( عومه‌رگوڵ بوو ).
مارف راستگۆیی و خۆشه‌ویستی خاک و خۆنه‌دۆڕاندن له باوکیه‌وه فێربوو ،رژێم باوکی و خانه‌واده‌که‌یانی له که‌رکوک ده‌رکرد ، ئه‌و کاته‌ی ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سه‌رقاڵی نامه‌ی ماسته‌ره‌که‌ی بوو ، باوکی له کوردستان ، ماڵ ئاوایی له ژیان کرد ، گۆڕستانێکی سلێمانی بوو به‌دوا ماڵی ، ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه، ئه‌و منداڵه سه‌رره‌قه‌ی گه‌رمیان ،یه‌کێکه له‌مامۆستاکانی زانکۆی نیشتمان ، وه ک پسپۆڕێک سه‌رقاڵی یاسای نێو ده‌وڵه‌تان –ه ،رۆژانه وانه ده‌ڵێته‌وه.
شیعر‌و گۆرانی لای دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ جمکه‌ن ، گه‌ریه‌کێکیانی نه‌بێ، سه بووری به‌وی تریان دێ، ئه‌و گۆرانی بێژ نییه ،به‌ڵام له دنیای به‌ربڵاوی گۆرانی یه‌وه ،هه‌موو جوانیه‌کانی ژیان ده‌بینێ،شیعر بوو به هه‌واری و بوونی ئه‌ویان سه‌لماند ، زۆر جار هاوڕێکانی لێی ده‌پرسی ، له‌گه‌ڵ شیعردا چۆنی ، به‌ڵام هه‌رچه‌نده:
(ده‌رونم خاڵییه وه‌ک نه‌ی ده‌ناڵێ ،هه‌وارێکی چ پڕ هاواره ......)
بێ شیعر.. دوورکه‌وتنه‌وه له شیعر نووسین بۆ ئه‌و کارێکی ئاسان نه‌بوو ، به‌ڵام ئه‌و بواره‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵێکه کاری تیا ده‌کات ، به‌هایه‌کی زۆرگرنگی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌یه ، ئه‌و تراژیدیانه‌ی ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌ی، هه‌پرون به هه‌پرون کردوه ، ته‌وێڵی دکتۆر مارف یان به تاوێری واقعێکی سه‌ختا دا ، هه‌رچه‌ندی ده‌کرد و تێ ده‌کۆشا ، شیعر ده‌ره‌قه‌تی ئه‌وزنجیره تراژیدیا یانه نه‌ده‌هات ، ئه‌مه لای ئه‌و وابوو ،ره‌نگه لای که‌سانی تر ،جۆرێکی تر بێ ، بۆیه یاسای نێو ده‌وڵه‌تی بوو به دووه‌م چه‌کی خه‌باتی ئه‌و، له‌و بواره‌دا هه‌ستی به بۆشایه‌کی زۆر کرد ،له 1988 له دنیای ناسکی شیعره‌وه خۆی کرد به کۆڵانه ته‌سک و نوتکه‌کانی تاوانی جینۆساید .
ئێستاش که به‌رهه‌مێك ده‌نوسێ، به هه‌مان هه‌ناسه‌ی شاعیرێتی جارانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات ،سه‌رقاڵی ده‌بێ، تا له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ده‌بێته‌وه ،وا ده‌زانێ هه‌موو گیانی شیعره ، ده‌ست بۆ هه‌ر شتێک ده‌با ،له ده‌وروبه‌ری لێی ده‌بێ به دێڕه شیعر .. کۆپله شیعر .. دیوانه شیعر.. زۆر جار له‌گه‌ڵ نوسین دا ، گۆرانی ده‌ڵێ، له به‌ر خۆیه‌وه جار جاره دێڕه شیعرێک ده‌ڵێ......
کانییه‌کی بێ کچۆڵه‌م
ئێوه کانی واتان دیوه؟
گوندێکم بێ رانه مه‌ڕو رێژنه‌ی باران
ئێوه گوندی واتان دیوه
شاریکم بێ ،
خۆشه‌ویستی ی دارستان وبێ چراخان
ئێوه شاری واتان دیوه ؟
ده‌زانن کێم ؟
وڵاتێکم له چوار لاوه
گه‌له گورگی دوژمنانم لێ ئاڵاوه
1990 ئۆکرانیا-کییڤ
مارف عومه‌ر گوڵ له گوند له دایک بوو
و تێکه‌ڵ به‌ژانی ساده‌ی ئاوایی و جوانی سروشت بووه ، له‌وێوه رووی کردوه‌ته شار ، بووه به هاوڕێی منداڵه چاو قایم و جه‌ربه‌زه‌کانی کۆڵانه میللییه‌کانی که‌رکوک ، له‌وێشه‌وه رووی کردوه‌ته دنیای جه‌نجاڵی به‌غداد ، له وێ رێچکه‌ی شیعری گرته به‌ر ، زیندان لاپه‌ڕه‌یه‌کی تایبه‌تی ژیانی ئه‌وی داگیر کرد ، ئه‌و لاپه‌ڕه بوو به وتاری به‌های پیرۆزی ژیانی ئه‌و ، دواترله ویستگه‌کانی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی و دیمه‌نه‌کانی به‌فرو شیعر ووتار و ئێستگه و گۆڤار و ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی نێوان هێزه‌کان و خه‌ڵکی په‌رپوتو بوده‌ڵه و راپۆرت نووس ، هه‌موو ئه‌مانه بوون به لاپه‌ڕه تایبه‌تییه‌کانی و ژیانیان پڕکرده‌وه، به‌ڵام شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌زمونێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی به به‌ها بوون بۆ ئه‌و، له رووی رۆشنبیری و خۆشه‌ویستی خاکه‌وه .
عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود
سه‌چاوه : عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود . دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ له نێوان گۆرانی و شیعر وزیندان و جینۆساید دا ، ئاڵای ئازادی ، ژماره377، 13 / 8 /2000، ل5.