بۆ یادی (عومەر غەریب )، لەشێرپەنجە و مردن بەهێزتربوو
ژیانی مرۆڤ بێ سۆز و خۆشەویستی و وەفا، بێ پاكێتی و راستگۆیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان ، هیچ بەهاو نرخ و سەنگ و مانایەكی نییە .
ویستگەكانی تەمەنی مرۆڤ ، ئەوەندە كورتە بەشی خۆشەویستی ناكات ،لە كوێ جێگای ئەو هەموو رق و و كینەو سیناریۆ ی تۆڵەو تۆڵە كردنەوانەی تیا دەبێتەوە .
• دڵرەقی و میهرەبانی
مرۆڤە دڵ ڕەق و ناخ نە خۆشە كان ، گرێی دەروونی ئاڵۆزیان هەیە ، ئەوانەی چڕنوكی تۆڵە وتۆڵە كردنەوەیان ،كردوە بە پلان و بەرنامەو نەخشەی چەكی ژیانیان ، بە بەردەوامی لە شەڕو كێشە وئاژاوەدان ، لە گەڵ كەسە نزیكەكانی دەورووبەری خۆیان .
ئەو مرۆڤە بێ ویژدانانەن ، بە زمانێكی ژەهراوی ، بە بەردەوامی ، خەریكی زەم و زەمكاری ودرۆو بوختان هەڵبەستنن ، ، لە بۆسەی پاشقول گرتن و چاڵ هەڵكەندن و لە تۆڵەو تۆڵە كردنەوه دا ن ، بۆ كەسە نزیكەكانی خۆیان .
دوور لەو هەموو مرۆڤە دەروون نەخۆش ودڵ ڕەق ویژدان مردوانە .
یەكێك لەو كەسێتییە تایبەتمەندو دەروون پاك و میهرەبانانەی ، لە ناخ و یادەوەری ورۆحی هەموومان دا زیندووە ، نمونەی ئاسمانێك بوو لە سۆزو خۆشەویستی و وەفا و بەخشندەیی و یادەوەریی شیرین ، (عومەر غەریب )ی براو هاوڕێمان بوو.
ئەو لە گەڵ (بەختیاری مەلا عیزەت و مەلا رەحمان و جەلال ی شەهید مەلا ئەحمەدی مەسۆی و عەبدوڵڵا كەریم ) ، بۆ زۆربەی بۆنەكانی ناوشار و دەرەوەی شار پێكەوە دەچووین ، لە رێگا به رووە خۆشەكەی و بە قسە و نوكتەجوانەكانی هەموویانی دەخستە پێكەنین .
• ئازار شكێن
عومەر غەریب ، 12 ساڵ شەڕی شێر پەنجەی كرد ، رۆژێكیان ئازارەكەی زۆر توند بوو ، لە گەڵ (زەردەشت ) دا ، زۆربەی دەرمانخانەكانی شارمان تەی كرد ، دەرمانی ئازار شكێنمان دەست نەكەوت .
لە كۆڵانێكی شەقامی گۆران ، ناونیشانی كۆگایەكی دەرمانم بینی ، بە خێرایی خۆم كرد بە ژێرزەمینەكەدا ، هۆڵێكی كەورەبوو ، هەمووی داو دەرمان بوو ، بە پەرۆشییەوە ، رووم كردە دكتۆری كۆگاكە و وتم:
-دكتۆر گیان ، دەزانین ئێرە ، شوێنی دەرمان فرۆشتن نیە ، بەڵام نەخۆشێك ، ئەوە چەند رۆژێكە . بە دەم ئازارێكی بێ سنوورەوە دەتلێتەوە ، گەر بفەرمووی متمانەم پێ ببەخشی ، ئەو ئازار شكێنه ی بۆ دابین بكەیت .
دكتۆرەكە تاوێك بە بێ دەنگی ، هەر سەیری روخساری پەشێوی دە كردم ،زانی زۆر پەرۆشی دەرمانەكەم .
وتی :-ئەم دەرمانە قەدەغەیە ، هیچ دەرمانخانەیەك ئەو دەرمانەتان پێ نادات ، بەڵام تۆ ئەو دەرمانەت بۆ كێ یە ؟
وتم : -بۆعومەر غەریب .
وتی :- من تۆش و عومەر غەریب دەناسم ، متمانەم بە هەردوو كتان هەیە .
بە و وەڵا مەو ئەوهەڵوێستەی دكتۆرگەشامەوە ، بە خێرایی بە چەند دێڕێكی كورت ، چیرۆكی هەڵوێستی خۆراگری باڵای عومەر غەریب م بۆ گێڕایەوە.
یەكسەر دەستی برد بۆ كارتۆنە دەرمانەكه وكۆرسێ ئازار شكێنی پێدام.
• ئیرادەی باڵای عومەر غەریب
رۆژێكی تر لە گەڵ عومەر غەریب و بەختیاری مەلا عیزەت و مەلا رەحمان و جەلال ی شەهید مەلا ئەحمەدی مەسۆیی لە سلێمانی یەوە روومان كردە ، نەخۆشخانەی (نانە كەلی )لە هەولێر بۆ لای دكتۆر ئەنوەر شێخە .
ئەو پرۆفیسۆرە نمونەیی یەی ، بە رەوشتی پزیشكی و مرۆڤایەنەی، لە نەخۆشخانەی هیوا ی سلێمانی ، بە ئەزموون باڵای خۆی و هاوڕێ پزیشكەكانی و خوێندكارەكانی ،لە چارەسەری عومەر غەریب وهەزاران نەخۆش دابوو ، هیوای ژیانی نوێ ی پێ بەخشین ، بەو پەڕی میهرەبانییەوە ، چارەسەر و رێنمای دەكردن .
سەیری هەموو ئەنجامی پشكنینەكانی عومەر غەریب ی كردو چەند پرسیارێكی رووبە رووی عومەر غەریب كردەووە :
كە گوێی لەوەڵامەكانی بوو ، بە تێروانینێكی قوڵەوە ، سەری لە ئیرادەی بەهێز و وەڵامەكانی عومەر غەریب سوڕما و وتی:
-بە پێ ی ئەو ئەزمون وئەو ئامارەی چەند ساڵێكە كاری تیا دەكەین ، ئەو نەخۆشانەی زۆر بیر له شێر پەنجەكە دەكەنەوە و لە رووی دەروونییەوە دەروخێن ، وەرەمی شێرپەنجەكە بە خێرایی بەسەریان دا زاڵ دەبێ و زوو دەمرن.
بە پێچەوانه وە ئەو نەخۆشانەی وەك تۆ دەروونیان ئاساییە وئیرادەیان بەهێزە، بیرلە نەخۆشییەكەیان ناكەنەوە ، بەسەر وەرەمی شێر پەنجەكەدا زاڵ دەبن ، تەمەنیان درێژ دەبێ.
دوای چەند مانگێكی تر ، لە گەڵ عومەر غەریب دا سەردانی نەخۆشخانەی هیوامان كرد لە سلێمانی ، دكتۆرێكی لێ بوو ،چەند ساڵێك لەوەو بەر عومەر غەریب ی لە ئه وروپا دیبوو ، پشكنین و چارەسەریان بۆ دیاری كرد بوو ، ئەو دكتۆرەو دكتۆرەكانی ئەوێ، وایان دانابوو ، تەنیا دوو ساڵ بەرگە ی وەرەمەركە دەگرێ و ژیانی كۆتایی دێ.
ئەو دكتۆرە كە عومەر غەریب ی لە نەخۆشخانەی هیوا بینی ، سەری سووڕما ، بە تێڕامانەوە سەیری دەكرد ، چاوەكانی پر بوو لە پرسیاری بێ وەڵام ، بروای نەدەكرد ەوە ئەوە عومەر غەریب بێ ، ئەو دكتۆرەش هەمان قسەی پرۆفیسۆر دكتۆر ئەنوەر شێخەی كردووە
-ئێمە وامان دانابوو ،تۆ لە دوو ساڵ زیاتر ناژیت ، بەڵام ئەوە 10ساڵ زیاترە ، تۆ لە شێر پەنجە و مردن بەهێزتری.