چرپه‌ی ئازاری تاڵ، بۆ یادی(جه‌نه‌راڵی پایز)

عەبدوڵا کەریم مەحمود

پایزی 1975 حسین محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ی هاوڕێم ، محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان*ی  له‌ ئاماده‌یی سلێمانی پێ ناساندم ، هه‌رسێکمان بووین به‌ هاوڕێی رۆژنامه‌و گۆڤارو کتێب ، سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ بووین ،ناو به‌ناو شیعرمان ده‌نوسی و بۆ یه‌کتریمان ده‌خوێنده‌وه‌ ، ماڵی محه‌مه‌د عومه‌ر  له‌ خانووه‌کانی کارگه‌ی جگه‌ره‌ و ماڵی ئێمه‌ش  گه‌ڕه‌کی به‌رانان بوو ،له‌ نزیک  شه‌خسه‌که‌ی ئابڵاخ ، به‌ به‌رده‌وامی هاتوو چۆی ماڵی یه‌کتریمان ده‌کرد ، ئه‌و گه‌نجێکی هێمن و مه‌نگ و بێ ده‌نگ بوو ، به‌  به‌رده‌وامی له‌ باره‌ی  هه‌لومه‌رجه‌ نائاساییه کانی نیشتمان  و جیاوازییه‌ چینایه‌تیه‌کان ده‌دواین .

 ئه‌و عاشقی هۆنراوه‌کانی ئادگار ئاڵانپۆ و بۆدلێر و پۆشکین  و گۆران بوو ، خاوه‌ن ده‌روونێکی په‌پوله‌ ئاسای ناسک و جوانی به‌ هه‌ڵویست بوو ، توخنی دنیای سیاسه‌ت نه‌ده‌ که‌وت ، ناو به‌ناو هۆنراوه‌ی بۆ  سیحری رۆمانسیه‌تی گه‌ڵای زه‌ردی پایزو ئه‌و کچه‌ قژ زه‌رده‌ ده‌نوسی ئالووده‌ی ببوو  .

دابڕان و ون بوونی (قژ زه‌رد )   به‌ جۆرێك  ئه‌وی تێك شکاند ،ئه‌و ساڵه‌ له‌  تاقی کردنه‌وه‌ی  به‌شی ئه‌ده‌بی ، پۆلی  شه‌شی   ئاماده‌یی ده‌رنه‌چوو .

 محه‌مه‌د بێ سنوور چووبووه‌ خه‌ڵوه‌تی شیعره‌وه‌ ، شیعرببوو به‌ ناسنامه‌ی زه‌مه‌نی  یاده‌وه‌ریی هه‌موو ته‌مه‌نی   ، له‌ دنیای شیعرو  ئه‌وینێكی به‌ ئاکام نه‌ گه‌یوودا ، به‌ جۆرێک ون بوو ، ته‌نانه‌ت (له‌  غوربه‌تا)  دادی نه‌دا ،  هه‌ر به‌دوای عه‌شقی ونی خۆیدا عه‌وداڵ بوو ،  ئه‌و دابڕن و ون بوونه‌  ، ئه‌وی کرد  به‌ خاوه‌نی ده‌نگ و ڕه‌نگی تایبه‌تمه‌ندی خۆی ، بوو به‌ ناسنامه‌ی رۆحی  گه‌ڵا، هۆنراوه‌کانی بوون به هه‌ست ونه‌ستی رۆحی  گه‌نجان و وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵک .

له‌ ساڵی 1977 له‌  سه‌ر رێگا خۆڵه‌که‌ی ناو سنه‌وبه‌ره‌کانی گردی ره‌عایه‌ پێكه‌وه‌  پیاسه‌مان ده‌کرد ، ئه‌م سێ کۆپله‌ شیعره‌م  بۆ خوێنده‌وه‌ ،  لاپه‌ره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم ، به‌ده‌نگی خۆی دووجار خوێندییه‌وه‌ ،  پیرۆزبایی لێ کردم ،یه‌کسه‌ر له‌ به‌ری کرد .

.دوای چه‌ند ساڵێک ، هه‌ل و مه‌رجی نه‌هامه‌تییه‌کانی  نیشتمان به‌ جۆرێک دژوار بوو ،زه‌مه‌ن له‌ یه‌کتریی  دابڕین ، چه‌ند ساڵێک  یه‌کتریمان نه‌بینی یه‌وه‌ ، رۆژێک له‌ شه‌قامی ‌ سه‌رووی زانکۆی سلێمانی یه‌وه‌ ، به‌ پیاسه‌ له‌ لای گه‌ڕه‌کی ئیسکانه‌وه‌ بۆ هه‌واری تازه‌ هه‌نگاو م ده‌نا ، به‌ رێکه‌وت محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمانم  به‌ ماتی و مه‌لوولی له‌ به‌رده‌م دوکانێکی گه‌ڕه‌کی ئیسکان  بینی ،جگه‌ره‌یه‌کی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو ،دوکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌ی تێكه‌ڵ به‌ هه‌ناسه‌ سارده‌کانی ناخی کپی  ده‌کرد ،  دوای هه‌واڵپرسین ، باسی مه‌رگی دایکی بۆ کردم ،  چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌کی بیره‌وه‌رییه‌ تاڵه‌کانی ژیانی خۆی  بۆ باس کردم  ،به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌که‌ی جارانه‌وه‌ ،هه‌رسێ کۆپله‌ی (نیاز..... چرپه‌ ....ئازار)ی بۆ خوێندمه‌وه‌، توشی تێڕامانێکی قوڵی کردم  ،دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌  دوورییه‌   ،من  یه‌ک وشه‌م له‌ بیر  نه‌مابوو ، ئه‌وهه‌مووهۆنراوه‌که‌ی وه‌ک خۆی له‌ بیری مابوو .

 ئه‌و سێ کۆپله‌ شیعره‌ پێشکه‌ش  به‌ رۆحی پاکی محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمانی شاعیرو ئێوه‌ی خۆشه‌ویست :
نیاز
رۆژانێ بوو 
گۆی نیازم...به‌ چپه‌
ده‌ری ئه‌بڕی
سکاڵای ئه‌م هه‌سته‌ کپه‌ 

چرپه
‌چرپه‌ی کپم ... 
نیگایه‌کی تینوو بوو
له‌ ئامێزی .....
شه‌وه‌زه‌نگێکی ...ره‌شه‌وه‌ ...
مرواری بوو ...... کێ ده‌یگاتێ....؟
چووه‌ته‌ ناخی ماسی یه‌کی
سه‌رکه‌شه‌وه‌

ئازار
له‌ یادمه‌ بۆ دوا رۆژی به‌ختیاری 
دڵ پارچه‌یه‌ سه‌هۆڵی ئازار بوو 
که‌چی دایکم...
خوشک و برای کرده‌ خه‌ڵات 
بۆ ئاواتێ
به‌دی نه‌هات 

 1977 - سلێمانی ، عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود 

محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان ،له‌ ساڵی 1957 له‌ گه‌ڕه‌کی ده‌رگه‌زێن ی سلێمانی له‌ دایک بووه‌ ، قۆناغه‌کانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ سلێمانی ته‌واو کردووه‌ ، له‌ ناووه‌راستی حه‌فتاکان دا هۆنراوه‌ی نوسییووه‌ ،دیوانێک  شیعری هه‌یه‌  به‌ ناوی (له‌ غوربه‌تا )،دوو بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌سه‌ر هۆنراوه‌کانی  وه‌گیراوه‌ .
شه‌وی 22/ 10/ 2019 به‌ کاره‌ساتی خۆ کوشتن دوای به‌ ژیانی خۆی هێنا .

22/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر