کۆڕەکەی بەریتانیای شاسوار.. کێی بردە سەرو کێ بۆ خوار؟

سۆران محەمەد غەریب

   بەرواری ٢٦/٣/٢٠٢٢ لە شاری (بێرمینهام)ی بەریتانیا لە لایەن (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆڕێک گیرا بە مەبەستی باسکردنی دۆخی هەنوکەیی و پێشهاتەکان، ئەوەی ڕاستی بێت من لەسەر جەختکردنەوەی خاتوو (ژیان موبیرگ)پەیامنێری (NRT) چووم بۆ کۆرەکە ئەویش لەبەر ئەوەی ئامادەبونمی بەجێگای بایەخەوە دەبینی بۆ وتووێژکردن، تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر وتەکانیشم هەڵگری ڕەخنەی توندیش بێت. بۆ ئەو مەبەستە لە شاری (لەندەن)ەوە کەوتمە ڕێ بەرەو شاری (بێرمینهام).
   ئەوەی شایانی قسەکردن بێت بەر لە گەیشتن و دەستپێکردنی سازدەری کۆڕەکە پەشێوی و هاتوهاوار دروست بوو بەوەی کەسێک لە چالاکەوانی مەدەنی بەناوی (ئیسماعیل سیان) بە توندترین شێوە لە لایەن پاسەوانی تایبەتی هۆڵەکەوە دەرکرایە دەرەوە و ڕێگری لێکرا بەوەی بەشدار بێت ... دواتریش خاتونێکی دی بە ناوی خاتووهەڤاڵ(بێریتان) بە پاڵەپەستۆ دەرکرا... لەدوای بەدواداچون و تێگەیشتم بۆ ئەو کێشەکە بۆم دەرکەوت کە کەسی دوەم لە ناو جانتاکەیدا هێلکەی پێ بوو تا لە کاتی کۆڕەکەدا بیگرێتە (شاسوار) لە دواییشدا بۆم ڕونبوەوە کەسی یەکەم بەهۆی بەرگریکردن لەو خاتونە دەرکراوەتە دەرەوە. ئەگەر چی ناوبراو بەپێی قسەکانی خۆی بێت هەر لەسەرەتای چونە ناو هۆڵەکەوە گوێی لێبوە کە وتویانە نابێت (ئیسماعیل) بێتە ژورەوە ، وەلێ ڕاستی ناڕاستی ئەو وتەیە لای کەسەکان خۆیانن. هێندەی ئاگادار بم پەیامنێری(NRT) خاتوو (ژیان) کە ئەرکی ڕێکخستنی کامێراکان و هەندێ لایەنی تریشی لەئەستۆدا بوو ئەمە بە لایەک، لە لایەکی تریشەوە سەرقاڵی هێورکردنەوەی ئەوانە بوو کە کرابونە دەرەوەی هۆڵەکە تەنانەت من و چەندین کەسی دی تەقەلاماندا، بەڵام بێ ئاکام بوو.
  ئەوە جێگەی سەرنج و تێڕامانە چەند لایەنێک هەیە پێویستە باسی بکەم و بیخەمە ڕوو :
- دانانی ئەو ساتەوەختە بە سازدانی کۆڕلە ٢٦/٣/٢٠٢٢ کە هاوکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقە هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو، ئینجا ئەمە ئەگەر لە نەزانین و نەبونی بێ سەلیقەیی سازدەری کۆڕەکە بوە، یاخود لەبەر نەبونی ڕاوێژکاری ژیر لە دیاریکردنی کاتی کۆڕبەستن بەتایبەتی لەگەڵ ڕەوەندی کوردی. بە مانایەکی دی دەکرا پێش ئەو هەڵبژاردنە بوایە بە ماوەیەکی زۆر یان بە پێچەوانەوە دوای یەکلایی بونەوەی ئەنجامەکەی بەئەرێنی کە سەرکەوتنی ڕێکەوتنی لەگەڵ چەند هێزێکدا بسەلماندایە کە هەتا کاتی دیایکراو بۆ کۆڕەکە ڕوون و دیار نەبوە لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە.
- کاتێک کۆڕ دەبەستیت ...؟ دەبێت بزانیت لەگەڵ کێدایە و چیت هەیە بۆیان تا وەکو بیکەیتە دەستکەوت و پێشکەشیان بکەیت...؟؟ ئەوەی بەدیم کردبێت... بێئاگاهیە، کە ئێجگار گەورەیە بەوەی کۆڕ لەگەڵ ڕەوەندی کوردی بگرێت لەکاتێکدا ئەو خەڵکانە لەبەر نادادی و ستەم و قۆرخکاری و نەبونی ئازادی لە نیشتمانەکەیان هەڵهاتون.
- پەشێویەکە بەشێکی تری دەکەوێتە ئەستۆی ئەو چاودێرانەی کە وەکو پێویست نەیان توانی و نەیانزانی بە هونەری ڕەفتارکردنێکی هێورانە مامەڵەیەکی دروست بکەن لەگەڵ ئەوانەی توشی هەڵچون هاتبوون.
- هەرکەسێک لەوانەی بە نیاز بوون بەگرژی و کاری نەشیاو مامەڵە لەگەڵ شاسوار بکەن دەتوانرا هەروەکو چۆن بەو شێوازەی لە کۆڕەکەدا ژمارەیەک لە ئامادەبوانی کۆڕەکە پێی هەستان کە بەندەش یەکێک بووم لەوانە ...!؟ بە توندترین شێوە ڕا و سەرنج و ڕەخنەکانی خۆیان ئاراستەبکردایە و پەیامی خۆیان پێ بدایە ... تا لەو ڕێگایەوە هاوڵاتیانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لێ ئاگاداربکرایەتەوە و چی بەڵگەش هەبوون دەتوانرا لەبەر چاوی هەموان بخرایانەتە ڕوو، بەڵام بەم شێوازە پەیامەکانیان نەگەیشتە جێگای خۆی.
   ئەوەی ماوە بیڵێم ئەم پەشێویە بوە هۆی کاتگرتنی هەندێ لە ئامادەبوان کە نەیانتوانی وەکو پێویست پەیامەکانیان بگەیەنن، چونکە دەرفەت کەم بوو تا زۆرێک لە گرفتەکانی هاونیشتمانیان و ڕەوەندی کوردی بگەیەنینە ڕاگەیاندنەکان.
   لەسەروو هەر هەموو ئەمانەشەوە بەهۆی لێکەوتەی ئەم گرژیە پەیامنێری(NRT) خاتوو(ژیان موبیرگ) بوە قوربانی و کرایە ئامانج بە بێ ئەوەی هیچ گوناه و کەمتەرخەمیەکی هەبوبێت. ئێستا ڕێگری لێدەکرێت بۆ پەخش کردنی ناڕەزایەتیەکان، ئا ئەمە لە کاتێکدا بە خەمترین ڕاگەیاندکارە بۆ ڕەوەندی کوردی و بەردەوام بەهۆی پەخشی ڕاستەوخۆی ناڕەزایەتیەکان دەگوازێتەوە بۆ کوردان لە هەر جێگایەک بن.هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەرە بۆ هەموان بەبێ جیاوازی، بەمەش ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا دەرگایەکی کراوەیان لێ داخرا کە بڵاوکردنەوەی دەنگ و ناڵە و ئازار و خەمەکانی کوردان و پەنابەرانی تاڕاوگەیە.


29/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر