سەرۆکێکی هونەر و کۆمیدیا .. هاوڵاتیانی خستە ناو تراژیدیا ..

سۆران محەمەد غەریب

                                                                 
   سەرۆک هەر سەرۆکە ... چۆن بێت هەروا دەبێت ... ئەوەی ئەو بیەوێت ئەوە دەبێت ، نەک هاوڵاتیان خواستیان چی بێت ..؟ ئەوە ببێت ...!!!!
   سەرۆک - سەرکردە - ئەمیندار - ڕابەر - پێشەوا - پێشەنگ و .... هتد ئەمانە هەر هەمویان ئەو زاراوانەن کە دەبنە پێشگری کەسی یەکەمی وڵات - حیزب - کۆمەڵە – دەستە و.... هتد.
   لێرەدا گرنگی لەوەدا نیە کێ هەڵگری یەکێک یان بەشێک لەم پێشگرانەن، بەڵکو ئەوە جێی باسە پاشگرەکە کێیە ...؟؟؟ چیە ...؟ چی کردوە ...؟ لە پێناو چیدا ژیاوە ...؟ چی لەدەستداوە ...؟ چی بە دەستهێناوە ...؟ لەوەی لەدەستیداوە بۆ کێ بوە ...؟ لەوەی لە دەستیداوە بۆ چ مەبەستێک بوە ...؟
   زۆرن ئەوانەی ئەم پێشگرەیان بەناوەکەیانەوە لکێندراوە ئەم  نازناوانەیان و لەگەڵ ئەم زاراوەیەدا کردۆتە دەستەواژەی پڕ شکۆیان و خراوەتە تەک ناوەکانیان و لە ناو هاوڵاتیان و خەڵکانی هەمووجیهان کراوە بە ناسنامەیان، ئەمە لە کاتێکدا نەک هەر شایانی ئەو پێناسەیە نین، بەڵکو لە سەنگی ئەوەدا نین ببنە دەرگاوانی فەرمانگایەک یاخود گاوانی مەڕومەڵات و ڕەشەوڵاخیان پێ بکەیت لەگەڵ ستایشی زۆرم بۆ ئەو دوو کارە پیرۆزە.
    ئەمە ئەو ڕاستیەیە لە هەموو قۆناغەکانی مێژوو  و ڕۆژانە و ساڵانە هەروا بوە و پێمان دەڵێت هەتاهەتایە هەر دەشمێنێت... ڕاستی هەر ڕاستیە ...! ناکرێت خۆمان بەدەم هەڵەدا بدەین و تێڕوانینمان گەمژانە بێت، چونکە تەواوی مرۆڤایەتی لەسەر ئەو ئاراستەیە ڕێ دەکات و لادان لە ڕێچکەکەی مایەی شورەییە.
   سەرکێشی و خۆبەگەورەزانی و سواری سەرخۆبون لە لایەن ئەو کەسانەی خۆیان بە خاوەنی ئەو پێشگرانە دەزانن ئا لەوانەی گوێنادەن بە دەنگی خەڵکانی ژیر و هزر پڕی دڵسۆز .. خۆبەش و خۆنەویست .. نیشانەی کەوتن و داڕمانی وڵاتە. زیاتر لەمەش بەرەو کارەساتبار بردنی... دواجاریش دۆخی مرۆیی وسیاسی و ئابوری و ...هتد لە سەقامگیریەوە بەرەوە شڵەقان دەبات.
   سەرباری ئەم خەسڵەتانەی لەو کەسەی وەرگری ئەم پێشگرەیە، ڕێژەی فێڵبازی و گرێدانی ڕێکەوتنی ژێربەژێر و نهێنی و ڕیشەی ڕەسانایەتی یان ناڕەسەنی  کەسەکە ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە، تەنانەت لە ڕەفتار و بڕیارەکانیدا دەردەکەون. تا ئەو ڕادەیەی سەرئەنجامی بڕیارە چەوت و هەڵەشانەکانی ئافاتێک بەسەر گەلێك، نەتەوەیەک یان وڵاتێکدا بهێنێت.
   تەنها نمونەیەک دەهێنمەوە لە ڕوداوە هەنوکەییەکان کە لەم ماوەیەی دواییدا بۆتە سەرباسی هەموو باسە جیهانیەکان(هەروەکو وتم لە ڕابردودا بونی هەیە و لە ئایندەش هەر دەمێنێت) ئەویش ڕوداوەکانی شەڕی خوێناوی نێوان (ڕوسیا و ئۆکرانیا)یە.
   لێکدانەوەکانم لەسەر ئەو لایەنە نیە داخۆ (پوتین) مافی خۆیەتی لەو هێرشە یان ڕەفتار و بڕیارەکانی دیکتاتۆرانەیە بەرامبەر بە ئۆکرانیا یان نا ...؟، بەڵکو ڕۆشنایی قسەکانم لەسەر ئەو لایەنەیە. ئایا(فلودیمیر زلینسکی) دەیتوانی بە شێویەکی زیرەکانە مامەڵەیەکی دروست بکات لە مەڕ دۆخەکە لە ڕووی سیاسیەوە تا نەگاتە ئاستی پێکداهەڵپژاردن و ڕووبەڕوبونەوەی سەربازی و خەڵکی وڵاتەکەی بەدووربگرتایە لەم کارەساتەی بەسەریاندا هات یان نا ...؟
   وەڵام ئەوەیە بەدڵنیاییەوە دەیتوانی ئەوە بکات، وەلێ پرسیارەکە ئەمەیە بۆ نەیکرد...؟ پاڵنەرەکان چی بوون کە وای لە زلینسکی کرد ئەو ڕێگایە نەگرێتەبەر.
   سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە زلینسکی لە ڕووی نەژادیەوە (جولەکەیە) و پەیوەندیەکی تۆکمە و بەتینی لەگەڵ هاونەژادەکانیدا هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا. لە بانگەشەکانیدا بۆ گەیشتن و بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی لە ساڵی (٢٠١٩) دروشمی چونە ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (نەیتۆ) بەرزکردەوە... بەمەش ڕوسیا وەکو ئەوەی ئاگر لە خەرمانی بەربوبێت سەنگەری بۆ داکوتی.
   ئەم پیاوە کەسێکی گۆڕەپانی ناو کاری سیاسی نیە و شارەزایی و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی دوور مەودای نیە...!  بۆیە دۆخی وڵاتەکەی بەم ئاکامە گەیشت بەجۆرێک تیایدا هەزارەها کەس کوژران و بریندار و کەم ئەندام بوون لە خەڵکانی سەرباز و ئاسایی. ئینجا قات و قڕی کەوتۆتە هەندێ شارەوە و لە ماوەی (٢)مانگادا زیاتر لە (٤)ملیۆن لە دانیشتوانەکەی دەربەدەر بوون و زیانی مادی چەندین ملیار دۆلار بەر باڵەخانە و شوێنەگشتی و موڵکی هاوڵاتیان و ئابوری ئەو وڵاتە کەوت.
   هەر هەموو ئەمانە لە پێناو چەند هەنگاوێکی بێ هودەی سەرنەگرتو بەوەی پشتی بە دەوڵەتە جوڵێنەرەکانی بەست لە وڵاتانی(نەیتۆ) و بە فیتی ئەوان چوە ناو زۆرانبازی و ململانێ سیاسی و سەربازیەکانی دەوڵەتانی ترەوە کە هیچ پێویستی نەدەکرد بیکات. ئاشکرایە ئەو دەوڵەتانە وڵاتی ئۆکرانیایان بە پەنددا و شەڕی خۆیان بەم وڵاتە هاوسنور و بەردەستەی ڕوسیا کرد، بەڵام دواجار هەر هەموویان بوونە تەماشاکەری شانۆی ئەو تراژیدیایەی بەسەر خەڵکەکەیدا هات و جگە لە سەرزەنشت و سەرکۆنەکردنی(ڕوسیا) هیچیان لە دەست نەهات کەبیکەن
   تا وایلێهات لە قۆناغێکی جەنگەکەدا(زلینسکی)قایل بونی خۆی ڕاگەیاند بەوەی ئامادەیە وڵاتەکەی نەخاتە ناو بازنەی هیچ هاوپەیمانیەکی سەربازی و بە دیاریکراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی(نەیتۆ)، هەرەوەها وڵاتەکەی خۆی بەدوور دەگرێت لە زەمینە خۆش کردن لەبەردەم هیچ وڵاتێک کە چەک و هێزی سەربازی بهێنێتە سەر خاکەکەی و گفتی ئەوەیدا وەکو وڵاتێکی بێلایەن بمێنێتەوە و چەکی ناوکی(ئەتۆمی)نەبێت. ئەمانە هەموو ئەو مەرجانە بوون کە پێشتر ڕووسیا هەیبون لەسەر ئۆکرانیا بۆ ڕونەدانی جەنگ.
   هەموان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کاتێک سەرکردە و سەرۆکی هەر وڵاتێک یان حیزبێک ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ گیانبەخشین..؟ ئەوا لەم کاتەدا شایانی ئەوەیە لە شکۆدارترین جێگادا دابنرێت، لەبەر ئەوەی بەرگری کردن لە نیشتمان و خاک ئەرکی هەموو هاوڵاتیەکە لە هەر وڵاتێک بێت نەک وەکو ئەوانەی لە هەرەزۆری جەنگەکان هەڵدێن و خەڵکەکانیان بە بێ نازی بەجێ دەهێڵن دوای پارەی تاڵانکراوی وڵاتەکەیان دەکەون.
   گرنگ ئەوەیە ئەوەی خۆی بە شایانی ئەو پێشگرانە دەزانێت، دەبێت هۆشمەند و ژیر بێت ، هەلپەرست و ترسنۆک نەبێت، لە ئارامیدا نیشتمان تاڵان بکات و لە شەڕ و نەهامەتیدا خەڵکی وڵاتەکەی بەجێ بهێڵێت...
بۆ هاوڵاتیانی پاڵەوان و شێر بێت ... بۆ دوژمنان بەزیو و ملکەچ بێت ...
نەبادا وەکو (زلینسکی): لە ڕێگای هونەری کۆمیدیا ...  وڵات بکاتە نمایشی تراژیدیا ...

06/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر