( گۆڕان ) : لە لوتکەی سەرکەوتن بۆ نشێوی نوشوست

سۆران محەمەد غەریب
  
   سەرهەڵدانی هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی لە ناوکۆمەڵگادا دیاریدەیەکی سروشتیە و بێ ئامانج نیە ، بۆ گەیشتن بە ئامانجیش پیادەکردنی بەرنامە و نەخشەسازی پێویستە ئەویش پشت بەستن بە هونەری جێبەجێکردن و تەقەلای دروست و داڕشتنی بنچینەکانی تا بتوانێت ستراتیج بپێکێ . ئەمە ئەو ئامرازانەن کە حیزبی سیاسی دەگەیەنێتە سەرکەوتن و دواجاریش دەسەڵات بەدەست دەهێنێت لە ڕێگای متمانە پێکردنەوە .
   نە سەرکردەی ژیر بە بێ بونی باوەڕپێهێانی هاوڵاتیانی بە تەنیا دەتوانێت بگاتە کەلی سەرکەوتن ، نە خەڵکانی ئاسایی لە ژێر ئاسۆی بێ بەرنامەیدا هێزی ئەوەیان هەیە بگەن بە هیواکانیان . بە مانایەکی دی .. پێشەوای ژیر و دڵسۆز بە تاک و تەنیایی توانای بەسەر ئەوەدا ناشکێت لە ناو کۆمەڵگایەکی چەوت و خێچدا ماف و خۆشگوزەرانیان بۆ دەستەبەر بکات ، بەرامبەر بەمەش خەڵکانی هەلپەرست یان ناڕێک یان ناکارا ناتوانن پردێک دروست بکەن بۆ کارسازیکردن لەسەر گەیاندنی بەرنامە و پەیامی ڕاستگۆیانە بۆ نەوەکانیان .
   زۆر ئاساییە هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی ڕوبەڕوی هەڵکشان و داکشان بێتەوە لە ڕووی پێگەی جەماوەری و لە دەستدانی بازووی بەهێز لە ناو کایەی سیاسەتکردندا ، وەلێ گرنگ ئەوەیە هێزی شکست خواردوو بچێتە ژێرباری باوەڕهێنان بە شکستەکەی ، نەک بیانوو هێنانەوەی نادروست و پینەپەڕۆکردن بۆ ئەو کەلەبەرانەی کە تیایدایە .
   دەمێک بوو دەمویست لەسەر ئەم بابەتە بنوسم کە زیاتر لە ٣ ساڵ دەبێت ، بەڵام بە گونجاوم نەدەزانی هیچ بنوسم و هیچ بڵێم  ... هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوسینەکەم هێندە ئازاربەخشن بۆ ئەو کەسانەی مانا دەدەن بە هەموو شتێکی بەهادار ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی تریشەوە ئەو تاڵیەی هاوڵاتیان چێشتویانە بە دەست بەدسیاسیەکانەوە تازە بە سەدەها پەرتوک و گوتار تۆزقاڵێکی پێ شیرین نابێت . ئا لەم کاتەدا و لە ئێستادا کە دەنوسم ... دەزانم بۆ کێ و لە پێناو چیدا دەنوسم ؟ ئەویش بۆ مێژوە ... بۆ ئەوانە نانوسم کە بە کاسەی سەرێکی زلەوە ناتوانن تێبگەن لە سیاسەت و مانا شاراوەکانی پشت پەردەی تەڵەکەبازی کردن نابینن و هەمیشە ئامادەیی ئەوەیان تیادایە لە بازنەی گێلی یان ساویلەکە بونیان بەبەردەوامی و بێ وەستان بخولێنەوە ..!
   ئەگەر چی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی نیمچەترازاندنێکی لەسەرخۆ لە ناخ و هەناوی هێزێکی وەکو یەکێتی هاتەکایەوە لە لایەن کەسی دوەم کە نەوشیروان مستەفا بوو لەسەر بنەمای چاکسازیکردن و بە ناوی باڵی(ڕیفۆڕم) ڕێکخرابوو تەنانەت پێکهاتەی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە کۆنە یەکێتیەکانن . بەس دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین سەرچاوەی بەهێزی و تۆکمەیی ئەم بزوتنەوەیە متمانە پێدان بوو لە لایەن دەنگدەر و خەڵکانی نیگەران لە یەکێتی و پارتی و ئیسلامی و کۆمینیست و ...هتد . واتا کۆڵەکەی هەرە سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە خەڵکی و هاوڵاتیانی زویربوو لە دەسەڵاتداران و حیزبە فەرمانڕەوا و حیزبە بێ بەرهەمەکان لە کوردستانی باشوردا . 
   دروست بوونی ئەم بزوتنەوەیە وەک سەرەتا هیوای بەخشیە خەڵکی کوردستان ئەویش بە ئومێدی گۆڕانکاری لە کایەی سیاسی و فەرمانڕەوایی و ئابوری و ... هتد . بۆیە ئەم بزوتنەوەیە ڕێژەیەکی بەرچاوی لە دەنگ و متمانەی خەڵکی بە دەست هێنا لە قۆناغێکی تاریک و بێ ئومێدی بەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار بۆ ئایندە .
   ڕەنگبێت ئەمەی من دەریدەبڕم لە هزری کەسانی تردا بونی هەبێت ، بەڵام یان ئەوەتا نەیانتوانیوە شیکاریەکی زانستی و کرداریانەی بۆ بکەن یاخود بە گرنگیان نەبینیوە و بێدەنگیان هەڵبژاردوە . دەتوانم بڵێم ئەمەی دەینوسم تەواو رەنگدانەوەی ئەو توێژەی ناو خەڵکین کە بەهەمان رێچکەی مندا بابەتیانە لەم پرسە تێدەگەن .
  ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ... کام دەنگدەر ژیرە ..؟ کام دەنگدەر هاونیشتمانیەکی ڕاستگۆیە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتیدا پابەندە بەو ئەرکانەی لەسەرێتی و جێبەجێی دەکات ، بەرامبەر بەمەش چاوەڕێی مافەکانێتی وەریبگرێت . ئا لێرەدا دەنگدەری هۆشمەند و ڕاستبین دەبینرێت لەبەرامبەر ئەمیشدا دەنگدەری کاڵفام و هەڵخەڵەتێنراو دەردەکەوێت ... قسەم لەسەر ئەو دەنگدەرانە نیە کە بە پارە یان بەخشیش یان پایەپێدان ویژدانیان فڕێداوە ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان نەک لە پێناو خەمی گشتی ، وە لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدار و قۆرخکارەکانەوە بە بەردەوامی کار لەسەر کڕینیان دەکرێت .
   هاوڵاتیان کاتێک دەنگ دەدەن ...! دەبێت چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکەیت کە داوای مافەکانیشیان بکەن ... بپرسن بەرهەمی دەنگدانیان چی لێهات و بۆ کوێ چوو ..؟؟ خەڵکی ڕەشۆک و هەژار و مافخوراو و ستەملێکراو کاتێک لەسەر شان و گیان و ژیان و نانبڕینیان متمانەت پێ دەدەن ئاساییە پاش تاقیکردنەوە و لە دەستدانی متمانە سزات بدەن و ماڵئاواییت لێ بکەن .
  هیچ هێز و حیزبێک لە کوردستانی باشوردا هێندەی بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغی خۆیدا جێگای باوەڕ و ئومێد نەبوە لە لایەن خەڵکانی نائومێد و ستەملێکراو و مافخوراو ، بەڵام ئۆباڵی بێ هیوایی و دەستبەرداربون لەم هێزە لە لایەن دەنگدەرانیەوە دەکەوێتە ئەستۆ و گەردنی کێ ..؟ من هیچ وتەیەکم لەسەر ئەوانە نیە لە کاری پەت پەتێن و ئەمبەر و ئەوبەری ناو حیزبایەتی گەمە دەکەن دواجاریش خۆیان لە ئامێزی گەرمی حیزبە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکاندا دەبیننەوە ، چونکە هەر کەسێک بە باوەڕەوە گۆڕان بووبێت ، بەهیچ جۆرێک ئامادە نیە لە دوای متمانەدان بە گۆڕان بچێتە ژێر چەتری دەنگدان بە حیزبە دەسەڵاتدارە ستەمکارە ، تاڵانچیە ، قۆرخکارە ، بێ بنەما و درۆکردەکانی تر کە لە پێشدا بونیان هەبوە ، کە هەر بێ هیوایی بون لەوان بونە پاڵنەرێک بۆ دەنگدانی هاوڵاتیان بە گۆڕان .
کەواتا ....
- کێ بوە هۆی شکست پێهێنانی گۆڕان تا بگاتە ئاستی ئەوەی بێ متمانەیی لە لای دەنگدەرەکانی دروست بکات...؟؟
- بۆچی گۆڕان لە مەودایەکی کەمدا لە قەبارەیەکی گەورەوە بەرەو بچوکبونەوە و لە قاودان ڕۆیشت ؟ چاوەڕێی بچوکتربونەوەی لێ دەکرێت ..؟؟
   بەرپرسی یەکەم لە کەوتنی ئەم هێزە ئەو بەرپرسانەن کە چارەنوس و بڕیاریان بە دەست بوە و بە پێی بەرژەوەندی تاکەکەسی و دەستەگەری خۆیان خەڵکی و دەنگدەرانیان فریودا .
-ئەوانەی دەنگی دەنگدەرەکانیان کردە ئامراز بۆ بە دەستێنانی دەستکەوت بۆ خۆیان ... 
-ئەوانەی بە هەلپەرستی و ناپاکی بە ناوی چاکسازی و چاککردنی دۆخی ئابوری و سیاسی دەستیان تێکەڵ کرد لەگەڵ حیزبە گەندەڵەکان ...
-ئەوانەی هەوڵی کپکردنی دەنگی دلێر و دژە گەندەڵی هەڵسوڕاوەکانیاندا لەبەر پەیوەندیە ژێر بە ژێرەکانیان و بەرژەوەندیەکانیان ...
-ئەو سەرکردایەتیەی ئامادە نەبون وەڵامی هەڵسوڕاوەکانیان بدەنەوە ، ئینجا لەبەر بوغرا بونیان بێت یاخود فێڵکردن ...

دەبێت بێ پەچە و شەرم بڵێین :
-دەنگدەران دەنگیان بۆ ئەوە نەبوە ئەندام پەرمان و وەزیر و کاربەدەستانت بخەیتە ناو دامودەزگاکانی هەرێم و حکومەتەوە تا بێدەنگ دانیشن لە بەرامبەر گەندەڵیەکان و دواجاریش بە ئاشکرا و بە نهێنی ببن بە پارتی و یەکێتی وەکو لە ڕابردو و ئێستاش دەیانبینین ...
-کاتێک ناتوانیت هیچ بکەیت و بێدەنگ دەبیت و هەڵوێستەت نابێت ئەوا شکست دەخۆیت ..!!
- کاتێک دەچیتە ناو حکومەتێکی خنکاو بە گەندەڵی و داڕماو بە دەستی حیزبە گەندەڵەکانەوە و چاکسازیت پێ ناکرێت و ڕێگات لێدەگیرێت و ئامادەی بەهەمان شێوە بچیتەوە ناو هەمان حکومەت بە ناوی چاکسازیەوە ، ئەوا شکست دەخۆیت ..!!
-کاتێک هەڵسوڕاوانت دەستدرێژیان دەکرێتە سەرو ئازار دەدرێن ... سوکایەتیان دەرهەق دەکرێت ... نانبڕاو دەکرێن ... ڕوبەڕوی جۆرەها ستەم دەبنەوە لە ناو دام و دەزگای بەناو حکومەت .. ناتوانیت بەرگریان لێبکەیت ، ئەوا شکست دەخۆیت ..!!
-کاتێک بە ئاشکراو بە بەرچاوی هاوڵاتیەکانتەوە خاکەکەت دەفرۆشرێت و نیشتمانەکەت تاڵاندەکرێت ... لەبری هەڵوێستە وەرگرتن دێیت لەگەڵ خاکفرۆشەراندا دادەنیشیت و بەرپرسەکانت قاقا لێدەدەن ، ئەوا شکست دەخۆیت ..!!
-کاتێک بەرپرسەکانت شاهانە دەژین و پەیتا پەیتا خۆیان دەوڵەمەندتر دەکەن و لەسەر گیرفانی خاڵی دەنگی دەنگدەران پایە و دەسەڵات لە ناو حکومەتێکی گەندەڵ و دز و چەتەدا وەردەگرن و گیرفانی خۆیانی پێ پڕتر دەکەن ، ئەوا نوشوست دەخۆیت ...!! 
کەواتا چاوەڕێ بن ... ئایندە وەڵامی تری پێیە

15/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر