گۆڕانی ڕاستگۆ .. گۆرانی درۆ

سۆران محەمەد غەریب

    مرۆڤبوون پێدراو و کردەی هێزێکی لەبن نەهاتو و سروشتە ، لەبەر ئەوەی کاتێک کە تۆ مرۆڤیت لە دەرەوەی خواست و ویستی خۆتەوە بڕیاری مرۆڤبونت بەسەردا دراوە و لە نەبونەوە دێیتە بون تەنانەت بەبێ ئەوەی هەست بەخۆت بکەیت بە گیریانەوە دەچیتە ناو جیهانی ( خەندە و خۆشی – خەم و دەردەسەری ) . دوا وێستگەش بەرەو خاڵێک ڕێ دەکەیت و مل دەنێیت ئەویش کۆتاییەکەی مەرگەسات و نەبونە . گرنگ ئەوەیە لە نێوان ئەم دوو خاڵەدا مەودایەک هەیە کە پێی دەوترێت (ژیان) . کاتێکیش کە دەژیت دەبێت بپرسین ... تۆ چیت ؟ بیرکردنەوەت چۆنە ؟ چیت کردوە ؟ هەر بۆ خۆت بویت یان بۆ مرۆڤایەتی ؟ ئازاربەخش بویت یان ئازار شکێن ؟ ..... هتد چەندەها پرسیاری دی ...
   نابێت ئەوەش لەیاد بکەین پێوەرێک بونی هەیە بۆ جیاکردنەوەی مرۆڤەکان لەیەکتری کە بە بنەماکانی جیاکاری دێتە هەژمارکردن لەسەر بنچینەی ڕاستی و ڕاستگۆیی لە بەرامبەر ئەمە تەواو پێچەوانە و دژەکەیەتی کە چەوتی و درۆکردنە .
   بە بێ بونی ئەم جۆرە خەسڵەتانە لە کەسەکاندا ناتوانرێت تاکەکانی کۆمەڵگا لەیەکتر جیابکرێنەوە ، کەواتا ئەو ئامرازەی بونی هەیە بۆ لەیەکتر جیاکردنەوەی مرۆڤەکان لەیەکتری ئەم پێوەرەیە . ئەم خەسڵەتانەش لە کەسەکاندا یان ئەوەتا دیار و دەرکەوتون یاخود نادیار و شاراوەن ، بەڵام دواجار کردەوەی کەسەکان ڕووی شاراوەیانمان بۆ دەردەخەن .
   ئاشکرایە هەر کەسێکی ڕاستگۆ یان درۆزن بەرلەوەی کەسانی تر بیناسن ئەوا خودی خۆی باشتر دەناسێت لە ڕووی ئەرزشداری و پەسەندبونەوە . هەروەکو چۆن خەیام دەفەرموێت : 
گەرچی بێ دینم گەر بێ ئیمانم ...
گەرچی سەرخۆشی مەیخانەکانم ...
هەرکەس بەجۆرێ لەمن تێ دەگا ...
منیش ئەو کەسەم کە خۆم دەیزانم ...
   کەواتا ڕاستگۆ بیت یان درۆن...؟ هەر دەردەکەوێت و ڕەنگدانەوەی دەبێت لە کاروکردەوەتا تەنانەت کردەوەش دەبنە بەڵگە ، هەڵبەت هەمو کەسێک خودی خۆی باش دەناسێت و دەزانێت کێیە و چیە ؟؟
   بونی ئەم خەسڵەتی درۆکردنە لە ناو تاکەکانی کۆمەڵدا لە چەند سەرچاوەیەکەوەیە :
١/ پەروەردەی خێزانی : کاتێک کەسەکە لە منداڵیەوە لە ڕێگای پەرەوەردەیەکی نادروستی ناو خێزانەوە فێرە درۆ دەبێت لەسەر بنچینەی فێرکردن یان لاساییکردنەوە لە دواقۆناغیشدا دەبێتە خەسڵەت و سیفاتی کەسەکە و تەنانەت لە گەورەبون و کامڵ بونیشدا دەقی پێوە دەگرێت و لێی نابێتەوە .
٢/ تێکەڵ بون و بەریەککەوتن : بەشێکی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بەم ڕێگایەش فێرە درۆ دەبن ئەگەرچی لە بنچینەشدا پەرەوەردەیەکی خێزانی دروستیشیان هەیە. ئەویش لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی تایبەتی بەشێوەیەکی ناڕەوا و چاوچنۆکانە و بەدەستهێانی دەستکەوتی تاکەکەسی.
٣/ ئالودەبون بە درۆی ئایدۆلۆجیا : ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستکردنی خەڵکی درۆزن کاتێک کەسانێک ئاوێتە دەبن لەگەڵ خەڵکان و کەسانی درۆزندا تا ئەو ڕادەیەی لە قاو دەدرێن و بە خۆیان نازانن لە کەسێکی ڕاستگۆوە دەبنە کەسێکی درۆزن پاشان زۆر بە ئاسانی لەسەر ڕاخەری درۆکردن ڕێدەکەن . ئینجا پاڵنەرەکەش هەرچیەک بێت یان ئەوەتا لە پێناو گەیشتن بەمەرام و دەستکەوتێک یاخود لە دەرئەنجامی کاڵفامێتی و نەزانیەوە بێت .
   سەرباری ئەوەی هاتە باس کردن دەمەوێت ئەوەش بڵێم لەم قۆناغەی ئێستای کوردستانی باشوردا خاڵی سێهەم لە هەرە کاریگەرترین سەرچاوەکانی بەرهەمێنانی کەسانی درۆزنە بەوەی لەناو بازنەیەکی بەرفراوان دەخولێتەوە و بەردەوامیشە ، هەروەکو چۆن بڵێین بوەتە کارگەی بەرهەمهێنانی تاکی درۆزن و درۆزان ئەمیش لە ڕێگای حیزبی سیاسی ساختەوە کە لە ڕوکەشدا ناوێکی گەورە و گران و جوان لە ناوەرۆکیشدا بچوک و قێزەون .
   هیچ هێزێکی سیاسی بەدەرنیە لە بون و لەخۆگرتنی ئەم جۆرە کەسانە ، لەبەر ئەوەی لە باشوردا بە درێژایی(٣٠) ساڵ کار لەسەر داڕمانی کۆڵەکە و پایەکانی کۆمەڵگاکەمان دەکرێت و تەونی کۆمەڵاتیش لاوازکراوە بەدەستی بەرپرسە نابەرپرسەکان لە ناو ئەوەی پێی دەوترێت حکومەت و دام و دەزگاکانی کە هەر بەناو بونیان هەیە و کار نەک لەسەر باشکردن و چاککردنی ناکرێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵ و تەقەلا بەو ئاراستەیە دراوە کە خراپتر و وێرانتر بکرێت ئەویش لە ڕێگای سوپایەکی گەورە و زەوەندەوە کە پێی دەگوترێت لایەنگران و کادێر و شوێنکەوتوانی حیزبی . 
   پاش ئەمانە شوێنی خۆیەتی بپرسین ... ئایا  کام هێز و حیزب پەیام هەڵگرانی درۆکارن ...؟ کامەشیان ڕاستگۆن ...؟ بەپێی دروشم و شێوازی دامەزراندن و بنەما ئایدۆلیجیەکان دەبێت ئەو هێزەی باشترین بەرنامەی هەبوە هەر لەبەگژداچونەوەی گەندەڵی و شێوازی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی تا دەگاتە قۆرخکاری و بە تاڵانبردنی سامانی گشتی ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان بوو ، بۆیە سەرەتا بە هێز و گوڕێکی زۆرەوە پەلی هاویشت دواجاریش بە شکست و هەرەس کۆتایی هات . هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین و کۆنە سیاسی درۆزن هەلپەرست و هەرزەی سیاسی لە ناویدا بوونی هەیە . ئەوانەی ئەم تێڕوانینەمیان لا دروست نیە دەتوانن لە خۆیان بپرسن ...
   ئایا ئەگەر گۆڕان لە خۆگری زۆرترین درۆزن و کەسانی ساختەکردەی ناو کایەی سیاسی نیە ...!؟ ئەی بۆ پەیتا پەیتا هەر لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە تا دەگاتە کاربەدەستەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە ناو حکومەت و دامودەزگاکان و دامەزراوەکاندا نەیانتوانیوە بچوکترین چاکسازی لە ئۆقیانوسێکی گەندەڵیدا بکەن ...؟؟ هەر ئەمە نا ، بەڵکو ناو بەناو پاش بە دەستهێنانی دەستکەوت یان پاڵی لێدەدەنەوە و بێدەنگ و جوڵە یاخود سروشتیان دەبنە بەشێک لە سروشتی حیزبە گەندەڵە باڵا دەستەکان ...! ئەمە ئەو پرسیارە کە تاوەکو ئێستا کەس نەیکردوە . ئەگەر سەرنج بدەین کەسێکمان نەدی لە ناو پارتی و یەکێتی ببن بچنە ناو گۆڕان کەچی بە سەدەها کەسی بەرپرس و خەڵکانی کاربەدەست لەم بزوتنەوەیەدا بێ سڵەمینەوە دەبن بە پارتی و یەکێتی ئەمە دەریدەخات کە زۆرترین درۆزن لەم هێزەدایە و چەند بارەی ئەمەش بە نهێنی خۆیان حەشارداوە کە لە ئایندەدا بە ئاشکرا دەیان بینین هەروەکو لە ڕابردودا بینیومانن .
   ئاساییە خەڵکی قسە لەسەر پارتی و یەکێتی نەکات لەبەر ئەوەی ئەمانە تاقی کراونەتەوە و کۆتاییان هاتوە لە باسکردندا ، بەڵام کاتێک خەڵکی سەرکۆنەی ئەم بزوتنەوەیە دەکات و هێرش دەکاتە سەری ..! ئەوە مافی ئەو خەڵکەیە کە پێشتر هەموو هیوا و متمانەیەکی لەسەر ئەم هێزە دانابو لەبەر ئەوەی کاتێک گۆڕان بوە بژاردەیان تا جیاواز بێت لەو حیزبانەی کە دەسەڵاتدار بون نەک ببێتە وێنەیەکی لەبەرگیراوەی ئەوان ، وەلێ بە دەست درۆزنەکان و هەرزەی سیاسیەوە هەموان مایەپوچی و ماڵوێرانیان بۆ مایەوە .
کەواتا لێرەدا درۆزنەکانی ناو گۆڕان بناسن لە چیدا درۆ دەکەن و ئەوانەش کێن :
١/ ئەو بەرپرس و کاربەدەستانەی پێشتر سودمەند بوون لە گەندەڵیەکانی حیزبە گەندەڵەکان ئینجا لە ڕێگای پلە و پایەوە بێت یاخود بەرژەوەندی مادی و دەستکەوتەوە ئێستاش بە ناویێک و ڕوخسارێکی تازەوە خۆیان بەگۆڕاندا هەڵواسیوە ئەویش لە ژێر ناونیشانی گۆڕانکاری و چاکسازیکردنەوە ، هەروەک چۆن دەڵێن :  (خانوی تازە بە دار و بەردوی کۆن دروست نابێت) . ئەمانە کاتێک باوەڕیان پێدەکرێت کە تەواوی ئەوەی بەدەستیان هێناوە بە گەندەڵی و ناڕەوا بیگەڕێننەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا ( دژە گەندەڵی بە گەندەڵکار ناکرێت ). دیارە ئەمانەش ناتوانن بە کردە لە دژی گەندەڵی بوەستنەوە لەبەر ئەوەی بە لێپرسینەوە لە گەندەڵی بەرۆکی خۆیانیش دەگرێتەوە و بەرژەوەندیەکانی ئەوانیش دەخاتە مەترسیەوە بۆیە بێدەنگن لە بەرامبەر گەندەڵیدا .
٢/ ئەو خوێندەوار و بە ناو ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامانەی ناتوانن لە قۆزاخەی بەرژەوەندی  تاکە کەسیدا بێنه دەرێ و کار لەسەر گەندەڵیەکانی دەسەڵاتداران بکەن و بەگژیدا بچنەوە .
   ئاشکرایە لای هەموان هیچ کایەیەک لە ناو کایەکانی دام و دەزگاکانی نەماوە گەندەڵی تیادا نەبێت و هەلا هەلا نەبوبێت بە دەست حیزبە دەسەڵاستدار و ستەماکارەکان وە هیچ لایەنێکی دامەزراوەکان نەماوە وێران نەکرا بێت . 
   نمونە لەسەر ئەمانە ... کاتێک پزیشکێک خۆی بە گۆڕان دەزانێت دەبێت گەندەڵیەکانی ناو کایەی تەندروستی و نەخۆشخانەکان ئاشکرا بکات ...  ئەندازیارێک لە شوێن کارەکەی خۆیدا پێویستە گەندەڵیەکانی کاربەدەستانی کایەی ئەندازیاری ئاشکرا بکات ، بە هەمان شێوە دادوەرێک یان پارێزەرێک دەبێت ڕۆڵی گەندەڵیەکانی ناو دادوەران و دادگاکان ئاشکرا بکات و پەردە لەسەر گەندەڵیەکانیان هەڵبماڵێت ، بەڕێوەبەری پەروەردەیەک یان مامۆستایەک دەبێت گەندەڵیەکانی ناو کایەی پەرەوەردە بخاتەڕوو .... هتد بۆ هەر کەسێک لە شوێن کارەکەی بە پێی جۆر و سروشتی ئیش و پیشەکەی . ئینجا باس لەگەندەڵیە هەمە جۆرەکانی تر بکات سەرباری ئەمانە هیچ ڕێگریەک نیە پاش ئاشکراکردنی گەندەڵی لە ناو هەناوی شوێنکار و پیشەکەی خۆی کەسی خاوەن ئیش و پیشە بێتە باس و خواستی گەندەڵی کایە جیاوازەکانی تری دەرەوەی تایبەتمەندیەکەی .تەنانەت نابێت سڵ لە شوێن لەق بون و لە دەستدانی بەرژەوەندی و دەستکەوت بکرێتەوە ... 
 ئەگەر وا نەبێت ...؟ جگە لە درۆزنێک و کەسیەتیەکی ساختەوکەڵەک هیچی تر نیە و جێی متمانەش نیە ، لەبەر ئەوەی کەسێک نەتوانێت گەندەڵی دەوروبەری خۆی بخاتەڕو و لە دژی بوەستێتەوە و کار بۆ چاکردنی بکات ...!!! چۆن دەتوانێت گەندەڵی شوێن و کایەیەکی جیاواز و دورتر چاک بکات ...!!؟؟ 
٣/ ئەوانەی هەتا لە ناو گۆڕاندا بوون یان ئێستاش هەر گۆڕانن بە مەرامێکی تایبەت هاتون بونەتە گۆڕان هەردەخۆن و لێی دەخۆن و دواجار دەچنە ناو ئامێزە گەرمەکەی حیزبە دەسەڵاتدار و قۆرخکارەکان . دەبێت بزانرێت سەرەتا هەتا دوایشیان لە گۆڕان بونیان هەر درۆ بوە ، لەبەر ئەوەی ژیرتێگەشتن نیە و ناگونجێت حیزبێک هەتا دوێنێ بە گەندەڵ لە پێنوستدابێت پاشان دوای هەموو قسانەت خۆت لە سەنگەرەکەیدا ببینیتەوە .
٤/  ئەو دەنگ دلێرانەی ئەوەندە گۆڕانن ، تەنها `چاویان بڕیوەتە بەرژەوەندی خۆیان هەر کە قاچیان گیر دەبێت لە پایە و دەسەڵات یەکسەر یان ئەوەتا کڕ و بێ دەنگ دەبن یاخود بیانو و پنەپەڕۆ دەکەن بۆ دەسەڵاتە قەڵب و خوارەکەی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانی دام دەزگاکان لە هەر شوێنێک بێت .
   ئەمانە هەر هەمویان ئامانجیان دەستکەوت و بەرژەوەندی تاکەکەسیە نەک بەگژداچونەوەی گەندەڵی و بەرژەوەندنی گشتی .

22/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر