جەنابی سەرۆك ئاغا.. ئاشبەتاڵی ئەمجارە گاڵتە جاری دەبێت

موعتەسەم نەجمەدین
لە دوای زیاتر لە سی ساڵ فەرمانرەوای كوردی لەم هەرێمەدا، ئەم میللەتە گەیشتوەتە دۆخێك ئەگەر دوژمنانیشی فەرمانرەوایان بكردایە ژیان وگوزەرانیان لە ئێستا خراپتر نەدەبوو. دۆخێك لێوانلێو لە نائومێدی، دەرونێك تەواو شێواو، باوەر و ئیرادەیك تا سەر ئێسك رووخاو، ژیانێك پڕ لە كولە مەرگی، ..تاد، دەرئەنجامیش پاشەكشێ و بەتاڵبونەوە لە هەموو هەست و سۆزێكی نیشتمانپەروەری. نەمانی ئینتما بۆ نیشتمان و وڵات و نەتەوە تا ئاستی بردنی ولا بۆ دوژمن كاڕەساتێكە لە مێژووی هیچ میللەتێكی دونیادا رووی نەداوە. لەم دۆخەدا بانگەوازی بەشێكی زۆر لە هاونیشتمانیان بۆ گەرانەوە بۆ باوشی داگیركەران، كێ لێی بەر پرسیارە؟.

لەم دۆخەدا كارەسات لەوەدایە تا ئەمرۆیش ئێوەی سەركردە و بنكردە و خاوەن بەرژەوەندی ناتوانن دان بەوەدا بنێن، كە ئێوە هۆكاری ئەم دۆخەن نەك میللەت، تا ئەمرۆ سورن لە سەر ئەوەی دەستە پیسو بۆگەنەكەی گەندەڵی خۆتان و بنەماڵەكانتان بە میللەت بسرنەوە، لەخۆبایبوون ونادادیتان هەموو سنورێكی بریوە. 

كاتێك، كە زیاتر لە 70% ی خەڵك بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنە كارتۆنیەكەی ئێوە ناكات، بەواتە بە هەموو حزب و رێكخراوەكانەوە هەر لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیەكان، تا هەموو شاگردەكانتان، پێكەوە تەنیا 30% دەنگی گشتی خەڵكی ئەم وڵاتەتان هەیە. ئەمە بەوانەیشەوە كە دەنگەكانی خۆیان سوتاندوەو دەنەگیان بە هیچ لایەنێك نەداوە، ئەوانەی دەنگیشیان داوە بەشێكی زۆریان موچەخۆر و ئەندامی حزب و رێكخراوەكانی خۆتانە، گومانی تیادە نیە زۆربەیان لە ترسی نان برین بەشداری دەكەن.

كاتێك، كە هەڵبژاردن دەبێتە سیناریۆیەكی گاڵەتەجاری خەڵكی هەموو دەرگایەكیان بۆ رزگار بوون لە دەستی ئێوە لێدادەخرێت و ئێوەیش بە پشتیوانی داگیركەران دەبنە دیكتاتۆری سەر ئەم میللەتە، بە لاتانەوە نامۆ نەبێت، كە ئەم میللەتەیش ئیوە وەك بەكرێگیراو و دوژمن تەماشا بكات، بۆیە زۆر بە ئاسانی بریار لە سەر هەڵاتن بەرەو دوژمن دەدات. كاتێك ئەندازەی گەوجاندن بەتاڵ دەبێتەوە لە كاریگەری و پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێتە گەمەیەكی زۆر بێتام و بێ چێژ و بێزاركەر.

كاتێك سیناریۆكانی قەبەكردنی نەیاران و هەڕشە و مەترسیەكانی دوژمنان دەبێتە درۆیەكی ئاشكرا. كاتێك سیاسەتی هاندانی خەڵك بۆ رەگەزپەرستی ودووبەرەكی و دروستكردنی ناكۆكی بەتاڵ دەبێتەوە لە مانا. كاتێك سیاسەتی خوڵقاندن و پەخشكردنی خەونی وەنەوشەی و هیوای گەیشتن بە خۆشگوزەرانی وسەرفرازی دەبێتە مەتەڵێكی خەیاڵی. كاتێك دروستكردنی ئەستێرەی سیاسی وهونەری و راگەیاندن و سیاسەتمەداری هیچوپوچ و بێ مەعریفە ناتوانن بەرگری لە مانەوەتان بكەن و تەنانەت شەرعیەتێكی تەزویرتانیش بۆ وەرگرن.

كاتێك بوونتان بە پیاوی بێگانە و نەیارانی نیشتمان و نەتەوە، تا ئەودەمەی وڵاتانی داگیركەردەبێتە تەنیا فریادرەس و هۆی مانەوەتان لە دەسەڵات و فەرمانرەوای، دڵنیابن خستن و رووخاندنتان زۆر ئاسانتر دەبێت. كاتێك خوڵقاندنی پرۆسەی هیچوپوچی دەبێت ستراتیج بۆ مانەوەتان و بەردەوامبوون لە سەر كورسی دەسەڵات.

دڵنیابن كۆتایتان زۆر نزیكتر دەبێتەوە. لە هەموو ئەمانە خراپتر بۆ دەسەڵاتێكی زۆردار و ئۆپۆزسیۆنێكی زەبۆك ئەوەیە ئێوە ئەم سیناریۆیانە لە دەمێكدا دەنوسنەوە، جیهان ژانی لە دایكبوونێكی نوێ دەیگرێت وگرنگترین پایەكانی ئەم گۆڕانكاریە پێشكەوتنی زانست وتەكنۆلۆجیای ژیری دەستكرد و پەیدابوونی میتاڤێرسە لە جێگای ئەنتەرنێت و هاوكات دروستبوونی نەوەی (z)، كە نەك هەر بریادەر و داهێنەری ئایندەیە، بەڵكو بە هیچ شێوەیەك ئێوە و سیاسەت و عەقڵتانی قبوڵ نیە و رەتیدەكەنەوە. 

پوختەی راسپاردە ئەوەیە ئەوەی هیگڵ باسی لێوەكردوە، كە هەموو رووداوێكی مێژووی دووجار دووبارە دەبێتەوە، دواتریش راستكردنەوەكەی ماركسیش، كە دەلێت هیگڵ لە بیریچوە بڵێت، كە یەكەمجار تراژیدیا دەبێت  و دووەم جار دەبێتە گاڵتەجاری، بۆیە ئاشبەتاڵی ئەمجارە وەك جاری یەكەم تراژیدیا نابێت، بەڵكو دەبێتە گەمەیەكی گاڵتەجاری و ئێوەیش باجی زۆر گرانی دەدەن.

05/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر