کەرکوک چۆن روناکی دەبینێت!

عوسمانی حاجی مارف

بارزانی سەرەڕای ناڕەزایی حکومەتی بەغدا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجامدا. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق فەرمانی بە هێزەکانی عێراق کرد، دەست بەسەر کەرکوکدا بگرن و لە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵەبانی و بارزانی دەری هێنا، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمیش بەبێ ئەوەی بەرەنگاریەکی ئەوتۆ بکەن، کشانەوە، بەم شێوەیە حکومەتی هەرێم باجێکی زۆریدا، لە ئاکامی ئەو هەوڵە شکستخواردوەی کە بانگەوازی سەربەخۆیی راگەیاند. پارتی و یەکێتی گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی نەوت و ڕووبەرێکی زۆری خاکەکەیان لەدەستدا، هاوسەنگی هێزیان لەبەرامبەر حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی عێراقدا گۆردراو لە ئاستێکی زۆر نزمدا هێزەکەیان نمایشیان کرد، تەواوی مێژووی کوردایەتی خۆیان شەرمەزارکرد.

دواتر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم پاش ملکەچیان بۆ بەغدا، بەرێگەی دیبلۆماسی و دانوسانەوە لە هەوڵی پاراستنی مانەوەیان بون لە کەرکوکدا، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢١، مەسعوود بارزانی هاوپەیمانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کرد، لە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوکدا. بەلام دوای کشانەوەی ئەلسەدر لە پڕۆسەی سیاسی، بارزانی ناچار بە دانوستان بوو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پاڵپشتی خۆی بۆ محەمەد شیاع  ئەلسودانی راگەیاندو پاشەکشەی لەهەوڵەکانی بۆ گەرانەوەی دەوری لە کەرکوکدا کرد. تاڵەبانی بەو دەلیلەی زوتر خۆیدا بەدەستەوەو هاوکاری چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد، پێیەکی لە کەرکوکدا مایەوە. 

بەگشتی تەواوی هێزە میلیشا دەسەڵاتدارەکانی عێراق و کوردستان هۆگری پارێزگای کەرکوکن و هەرلایەنێکیان خواستی خۆی هەیەو لە کێبرکێیەکی بەردەوامدان بۆ دامەزراندنی پێگەیان لە کەرکوکدا، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی بنکەیان لە پارێزگاکەدا هەیە، بەڵام بەدوای ٢٠١٧وە و خۆرێکخستەوەی هێزە سەربازیەکانی عێراق و داسەپاندنی حەشدی شەعبی، هاوکێشەکە بەجۆرێک گۆرانی بەسەردا هات، کە ئێستا یەکێتی و پارتی لەرێگای رکابەری لە هەڵبژاردنەوە هەوڵئەدەن پێگەیان لە کەرکودا دامەزرێندنەوە، ئەمەش لە واقعی دەسەڵاتی هێزی میلیشا و باڵادەستی حکومەتی عێراق بەسەر کەرکوکدا، ئەمجۆرە هەوڵانە بەزوویی پوچەل دەبێتەوە، یان بە شێوازێکی فۆرماڵی لە ئەنجومەنی پارێزگادا بەشداریان پێدەکەن.

هەستیاری دۆخی پارێزگای کەرکوک و ئایندەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ پرۆژەیەکی سیاسیی رێکەوتن لە نێوان هێزەکاندا، ئەو هێزانەی کە لەسەر بنەمای دینی و تائیفی و نەتەوەیی لەشانۆی سیاسی عێراق و کوردستاند هەڵسورانی سیاسی دەکەن، تا ئەو ئاستەی کەرکوک چۆتە لیستی ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و تائێستاس هەربەو ناوەوە دەناسرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی لەم دواییانەدا بەشداریکردنی چەند لایەنێک لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و دامەزراندنی پارێزگاردا رێکەوتنێکیان ئەنجامدا، بەڵام هێشتا ناکۆکیەکانیان لەسەر چارەنوسی کەرکوک و تاڵانچێتی لە کەرکوکدا وەک خۆی ماوە، بۆیە ئەم ناکۆکیەش دەرگا بەڕووی ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێی نوێدا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.

بەمەبەستی شکاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لەکەرکوکدا بەدوای هەڵبژاردنی پارێزگار و دابەشژکردنی پۆستەکانی پارێزگا پێشهات، سودانی رایگەیاند کە دەبێ دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگا لە ١١ی تەمموزدا بەڕێوەبچێت. داواشی کرد هێزە سیاسیە پەیوەندیدارەکان هاوکار بن لە تەواوکردنی ئەو کێشانەی هەبووە لە گفتوگۆ سیاسییەکانیاندا، ئەم هەڕەشەیە بووەهۆی ئەوەی بلۆکە براوەکان هاوپەیمانی خۆیان بکەن و هاوپەیمانیەکی نەتەوەیی و تائیفی پێکبهێنن. لایەنەکان بەسەر دوو میحوەردا دابەشبوون، یەکەمیان بارزانی، بەرەی تورکمانی و هێزەکانی هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و ڕاکان جەبوری لەخۆدەگرت. دووەمیان، تاڵبانی و بزووتنەوەی بابلی مەسیحی سەر بە حەشدی شەعبی و سێ ئەندامی عەرەبی سەر بە پارتی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی، هەروەها هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە.

لە ١٠ی ئابدا هێزەکانی میحوەری دووەم توانییان ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگار دامەزرێنن، لەسەر بنەمای حوکمی زۆرینە. شایانی باسە لە دانیشتنی هەڵبژاردنەکەدا بە ئامادەبوونی، بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی، و بەرپرسی پارتی تەقەدوم، محمد ئەل- حەلبوسی بەرێوە چوو، کە دەنگیان بە ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی دا، ڕێبوار تەها بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار . رێبوار تەها  لە دانیشتنێکی مشتومڕاویدا هەڵبژێردرا کە تێیدا نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان و نیوەی هێزە عەرەبییەکان ئامادەنەبوون، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.

حەلبوسی ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پێدانی پۆستی پارێزگار بە یەکێتی، دوای ئەوەی دەنگی سێ کورسی حزبەکەی لە بەرژەوەندی ئەم کاندیدکردنە بەخشی، ئەمەش دەتوانین بڵێین لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی حەلبوسیە بەرامبەر نەیارەکەی، کە خەمیس خەنجەرە، کەپەیوەندی لەگەڵ بارزانیدا کردوە، بەمەش تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە هاوسەنگی پرۆسەی سیاسی کەرکوکی تێکداوە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە هەوڵەکانی حەلبوسی زیاتر گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان زاڵن بەسەر هەموو دانوستانەکانی ئێستایدا. بەمشێوەیە حەلبوسی مەرجی دابینکردنی پشتیوانی خۆی بۆ سەرکەوتنی ڕێبوار تەها دانا، لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوپەیمانە نوێیەکانی بۆ گەڕانەوەی پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

لەبەرامبەردا ئەو گروپانەی ئامادە نەبوون، سکاڵایان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە تۆمارکرد کە لە هۆتێل ئەلڕەشیدا بەرێوەچووە، بەهۆی شکاندنی یاسای تەوافوق و ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکەدا، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەو داوایەی ڕەتکردنەوە. 
هەرچەندە وانیشان ئەدرێت ناکۆکیە سیاسییەکانی کەرکوک تەنها لە سروشتێکی ناوخۆییدا بێت، بەڵام ئەوە شاراوە نیە کە زلهێزە ئیقلیمییەکانیش دەستێوەردانیان لە پرسی کەرکوکدا کاریگەرەو پێگەو نفوزی خۆیان هەیە، ئەم کاریگەریەیان لە ئەنجومەنی پارێزگاکەدا نیشاندا. ئەو قەیرانەش کە کەرکوک دەرگیریەتی، درێژکردنەوەی کێبڕکێی ناوچەیی نێوان تورکیا و ئێرانە لەسەر ناوچەکە، هەردووکیان هەوڵدەدەن بگەنە دۆخێکی سیاسی کە خزمەت بە مەبەستەکانیان لە کەرکوکدا بکات، ئەنقەرەو تاران لە هەوڵی ئەوەدان ئەو لایەنە لە ئەنجومەنی پارێزگادا باڵادەست بێت کە سەر بەخۆیەتی.

بەگشتی بارزانی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە، هاوکات تاڵەبانی پەیوەندییەکی نزیکی بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و ئێرانەوە هەیە، لەم پرۆسەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوکدا ئێران گرەوی بردەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی یاریەکە نیە و دۆخی کەرکوک لە بەردەم چەندین سیناریۆی گەمەی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە.

ئەو ژمارە زۆرەی لە هێزی چەکداری جیاواز بەسەر ئەو شارەدا دابەشبووە و پارچە پارچەبوونی هێزە ئەمنیەکانە بۆ گرووپە جیاوازەکان، ئاشکرایە ئەمجۆرە لە باڵادەستی هێزەکان بە ناوی دین و تائیفەو نەتەوەوە دەتوانێ سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئارامی سیاسی بگرێت، بەردەوام لە دۆخێکی دژواردا ئەو شارە وێنا دەکرێت، ئەم دۆخە پر جەنجاڵ و نائەمنە رۆشنە کە دابەشکردنی دانیشتوانی ئەو شارەیە بەزۆر بەناوی دین و تاتیفەو نەتەوەوە، لەهەمانکاتدا بەهۆی بەردەوامی دەستوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ، دۆخەکە خراپتر دەبێت، کە هەردوو تورکیا و ئێران لەوبارەیەوە هەمیشە رۆڵێکی مەترسیداریان هەیە.

واتە بەمشێوەیە لەباری هەلومەرجی سیاسی ئێستای شاری کەرکوک، ئەوەمان نیشان ئەدات سیناریۆی ئەم پارێزگایە ڕووناکی بەخۆیەوە نابینێت، مەگەر حکومەتێکی ناوەندی بەهێز کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرکردایەتی بکات و توانای جێبەجێکردنی یاساکانی پارێزگاری لە مرۆڤایەتی هەبێت، یان لەڕووی سیاسییەوە لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر داببڕێت لە سیستەمێکی نیمچە سەربەخۆدا کە خەڵکی شارەکە خۆیان بەڕێوەی بەرن. حکومەتی عیراق و کوردستان و بەرێوەبەرایەتی شارەکانی عێراق و کوردستان پێویستە لە سەر بنەمای هاووڵاتی بوون دامەزرێت.


18/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر