بافل و ئەزموونی سلێمانی

ئاسۆ حاجی

زۆر بە کورتی ئەوەی بافل تالەبانی بانگەشە و کاری بۆ دەکات، شتێکی نوێ نیە، بەڵکو دووبارە کردنەوەی هەمان ئەو گوتارەیر کە پێشتر بە شێواز و لە ژێر ناونیشانی دیکە راگەیەندراوە، تاکە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی کوردستانە بۆ سەردەمی بەر لە هەبوونی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی وەک پەڕلەمان و حکومەت و دادوەری، لە جێگەیاندا سەپاندنی فکر و فەلسەفە و لۆجیکی مافیاییە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، زۆر بە کورتی تر کۆپی کردنی ئەزموونی سلێمانیە لە سەرتاسەری کوردستان، لە باڵا دەست بوونی عەسکەرتاریەت و شکستی مەدەنیەت.
ئەزموونی سلێمانی لە حوکمڕانی، ئەزموونی کابرایەکی پۆستاڵ لە پێییە، کە جلوبەرگی چەپەکانی ئەمریکای باشور و سوپای پاسدارانی ئێرانی پۆشیووە و بە هەمان لۆژیک دەیەوێ عەقیدەی سیاسی خۆی بسەپێنێ کە درێژکراوەی هەمان عەقیدەی سیاسی ئیقلیمییە کە لەناوبردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە سەر لیستی کارەکانیەتی.
ئەزموونی سلێمانی لە حوکمڕانی تەواو پێچەوانەی مێژووی گەشی ئەدەبیات و هونەر و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییە، ئەو ئەزموونە کە زادەی حیزبێکی شکست خواردوو و بنەماڵەیەکی خۆسەپێنە، تەنها باوەڕی بە هەبوونی یەک حیزب و یەک رەنگ و دەنگ و دروشم هەیە، کە هەموویان لە یەک بنەماڵە و بگرە یەک کەس کۆبۆتەوە.
ئەزموونی سلێمانی لە سیاسەت و حوکمڕانیدا، ئەزموونی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازان و ئەوانەی داوای مافە هەرە سەرەتاییەکانیان دەکەن، مافی ئازادی راوڕا دەربڕین، مافی کاری سیاسی و رێکخراوەیی، مافی رێزگرتن لە جیاوازەییەکان و مل کەچ نەبوون بۆ تەنها کەس و بڕیار و بنەماڵەییەک.
تەجاوزکردنی ئەو ئەزموونە کە کۆپیەکی گروپە پۆپۆلیتار و پۆپۆلیستەکانە، گوناحە تاهەتایە وەک ئەژدیهاکێک لە ملی سلێمانیەوە بئاڵێ و رۆڵەکانی ببنە خۆراکی.

25/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر