ئەردۆغان و ناتۆ و کورد

سەردار عەبدوڵا

ئامینە کاکەباوە ژنێکی لێهاتوو، پێشمەرگەیەکی ئازا و سیاسییەکی سەرکەووتوە. ئەم وتارەش دوورونزیک پەیوەندی بەو خانمە سەربەرزەوە نییە کە شانازی پێوە دەکەم. بەڵام دوا هەڵوێستی ئەردۆغان سەبارەت بەڕێگرتنی تورکیا لە بەئەندامبوونی فینلاند و سوید لە ناتۆ، داماویی نووسەر و چالاکی سیاسی و سۆشیال میدیای کوردی دەردەخات. ئەوان لەجیاتی وەربوونەوە و قووڵبوونەوە لە هاوکێشەکان و بیرکردنەوەی بابەتیانە لە دۆخەکە و دەرفەت و مەترسییەکانی، سەرقاڵ بوون بە نوکتەی داوای ڕادەستکردنی خاتوو ئامینە لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەڵام با سەرەتا بپرسین: ئایا تورکیا دەسەڵاتی پەکخستنی پرۆسەی بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەی لەناتۆدا هەیە؟

زۆر بەکورتی: بەڵێ. چونکە وەگرتنی ئەندام بەکۆی دەنگە نەک زۆرینەی ئەندامان. ئەمەش مانای وایە هەر وڵاتێکی ئەندام مافی ڤیتۆی هەیە. واتا تورکیا کە ئەندامە دەتوانێ لە دەنگداندا بڕیارەکە ڤیتۆ بکات. ئەزموونیش پێمان دەڵێت کە ئەم ڤیتۆیە جیددیە و پێشتر تورکیا بەهەمان بیانووەکانی ئێستای توانی لە ساڵی ٢٠٢٠، پلانێکی ناتۆ بۆ برگری لە پۆلەندا و وڵاتانی سەر دەریای باڵتیک پەک بخات.
تورکیا و ئەردۆغان دنیایەک مەرجی دیکەیان هەیە، کە دوورونزیک پەیوەندییان بە خاتوو ئامینە و تێکۆشەرە کوردەکانی دیکەوە نییە. ئاخر تورکیا زۆر باش دەزانێت کە مەحاڵە دەوڵەتێکی رۆژئاوایی کاری لەو جۆرە بکات. شکستی داواکانی ئەردۆغان لە ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنی فەتحوڵڵا گویلەن بەڵگەی ڕوونی ئەو ڕاستیەیە. ئەگەر مەسەلەکە ئاوا مەحاڵ بێت، ئیدی بۆ ئەردۆغان باسی کردوە و ئاماژەکانی پشت ئەمجۆرە داوایانە چین؟

جۆری ئیدارەدانی ئەردۆغان و حکوومەتەکەی بۆ ئەم کەیسە نیشانی دەدەن، کە تورکیا کێشەی لەگەڵ بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەدا نیە، بەتایبەتیش کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی سەبارەت بە فراوانکردنی ناتۆ رۆڵێکی چالاکی هەیە. بەڵکو کارتێکی زۆر بەهێزی دەست کەوتوە هەروا بە ئاسانی و بەخۆڕایی لەدەستی نادات. تورکیا لەمجۆرە هەڵوێستەدا برینێک لەزاکیرەیدا هەیە کە تورکەکان بە گەورەترین هەڵەی مێژوویی ناوی دەبەن. ئەویش ڕەزامەندی بێمەرج و خۆڕایی تورکیایە لەسەر دوبارە گەڕانەوەی یۆنان بۆ ناو ناتۆ لە ساڵی ١٩٨٠، کە بەهۆی داگیرکردنی باکووری قوبرسەوە لەلایەن تورکیا ماوەی شەش ساڵ بوو، یۆنان ناتۆی بەجێ هێشتبوو. کەواتە ئەمجارەیان مومکین نیە ئەو هەڵەیە دوبارە بکاتەوە.

ئەردۆغان لەم کەیسەدا کۆمەڵە مەرجێکی هەیە. ئەم ڤیتۆ پێشوەختەیشی بۆ ئەوەیە دانووستاندنی جیددی لەگەڵدا بکەن و بۆی جێبەجێ بکەن. ئەم کارەش بۆ وەدەستهێنانی کۆمەڵە دەستکەوتێکی گەورە چ لە ئاستی دەرەوە و چ لە ئاستی ناوخۆدا دەکات. داوا و مەرجەکانی تورکیا دەکرێ لەم چوارچێوەیەدا کورت بکرێنەوە:

- لابردنی گەمارۆی چەک پێفرۆشتنی لەلایەن ئەوروپا ئەوروپا و بەتایبەتیش ئەڵمانیا و سوید و فینلاند، کە لەدوای پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٠١٩دا سەپاندیان بەسەر تورکیادا.

- ڕاگرتنی فرۆشتنی (F35) لە لایەن ئەمریکاوە لەپاش کڕینی سیستەمی مووشەکی (S400)ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە تورکیا بە لابردنی گەمارۆی پێفرۆشتنی (F16) ڕازی ببێت.

- ڕاگرتنی پشتگیری ئەو وڵاتانە لە مەسەلەی کورد بەگشتی و لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش بەتایبەتتر. یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە کە گوتاری پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام گوتارێکی توندی دژ بە ناتۆیە، ئەمەش بەدیوێکیدا ئەردۆغان دەتوانێت کەڵکی زۆری لێ وەربگرێت.

- بیناکردنی ١٣ ئۆردۆگا یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەمەبەستی گێڕانەوەی یەک ملیۆن ئاوارەی سووریایی و نیشتەجێکردنیان لەوێ. کە ئەمانە لەلایەکەوە کورد نین. لەلایەکی دیکەشەوە بوونەتە خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکیا.

- لە ئاستی ناوخۆشدا پارتەکەی ئەردۆغان بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێ. وڵات غەرقی هەڵەوسان و گرانییەکی قورسە.

ساڵی داهاتوو یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیایە، هاوکاتیش هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچن. ئەردۆغان بەم کارتەی دەیەوێ جارێکی دیکە هەموو دەنگە ڕەگەزپەرست و دژ بەکوردەکان کۆ بکاتەوە، بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان. کێشەی نوێی بەردەمی، جگە لە جیابوونەوەی پارتەکانی داودئۆغڵوو و عەلی بابەجان، ئەوەیە کە پارتی بچوکتر پەیدا بوون. مەترسی ئەمجۆرە پارتە تازەیە ئەوەیە کە لە مەیدانەکەی خۆیدا، واتا گوتاری ڕەگەزپەرستانە و دژ بە کورد بەربەرەکانێی لەگەڵدا دەکەن. لەوانەش پارتی (سەرکەوتن)، کە ئومێد ئۆزداغ پاش جیابوونەوەی لە (ئی پارتی) دایمەزراندوە.

ئەو کۆنگرەیە لەم ماوەیەی دواییدا لە برۆکسل بۆ مەسەلەی سوریا و پشتگیری پەنابەران بەسترا، بودجەیەکی گەورەی تەرخان کرد. ئەمە لەپاڵ ئەو هاوکارییە داراییە گەورانەی ئەوروپاییەکان ساڵانە دەیدەنە تورکیا بۆ ئەوەی دەرگا بۆ کۆچبەران نەکاتەوە بە لێشاو بچنە ئەوروپا.
لەناو ئەو هەموو داوایانەی ئەردۆغان، مەسەلەی ئۆردوگاکان هەرە مەترسیدارترینیانە بۆ کورد، کەچی ئەمە لای نووسەر و چالاکی سیاسی و سۆشیال میدیای ئێمە هەر هەواڵ نەبووە و نییە. ناتۆ دەتوانێت لە هەر کەیسێکدا مل بۆ داواکانی ئەردۆغان کەچ بکات، یان تەنانەت دەستاودەستی پێ بکات. بەڵام کە دەنگ درا و سوید و فینلاند بوون بە ئەندامی ناتۆ دەکرێ بگەڕێنەوە سەر هەمان سیاسەتەکانی پێشوویان، ئەو کاتەش تورکیا کارتێکی وەک ئەمەی ئێستا بەهێزی نیە. لەبەرامبەردا ئەگەر تورکیان بتوانێت ئەو پرۆسە ترسناکەی پاکتاوی ڕەگەزی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە پارەی خودی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بکاتە ئەمری واقیع، باجەکەی بۆ ئێمە یەکجار قورس و درێژخایەن دەبێت. بەتایبەتیش کە ئەوانە جگە لەوەی روخسار و پێکهاتەی نەتەوەیی ناوچەیەکی هەرە گرنگی کوردستان دەشێوێنن، زۆرینەی ئەو دانیشتووانەی بڕیارە لەوێ نیشتەجێ بکرێن رەگەزنامەی تورکیاشیان هەیە. واتا بەجۆرێکی دیکە هاونیشتمانیی تورکیان.

ئەم پیلانە لە ئاستی ستراتیژیدا، تەنانەت زۆر زۆر لەوەش ترسناکترە بۆ کورد،  بایەخداریشە بۆ داگیرکەرانی کوردستان. بە جێبەجێبوونی ئەم پیلانە، ئەگەری گەیشتن بە دەریا بۆ کورد دەبێتە کارێکی نیمچە مەحاڵ.

جیهان بە دوادواییەکانی قۆناغی گواستنەوە بەرەو سیستەمێکی جیهانی نوێدا تێدەپەڕێت. کامپی ڕۆژئاوایی هەموو شتێک دەکات بۆ تێکشکاندنی ڕووسیا و سەپاندنی تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەو سیستەمەی لە ڕێگەماندایە. هەموو ئەم ململانێیانەش هیچ نین جگە لە شەڕ بۆ دوبارە نەخشەکێشانەوەی ئەو سیستەمە. لەم هاوکێشانەدا تورکیا پێگەیەکی جیۆستراتیژی گرنگی هەیە. و مەسەلەی خێرا بەئەندامبوونی سوید و فینلاند، بایەخی ستراتیژی گەورەی بۆ کامپی ڕۆژئاوایی هەیە. لەم چرکەیەدا ئەمە مەسەلەیەکی حەیاتیە و سازشی لەسەر ناکات.
ئێمە پێویستمان بەوەیە کە دوور لەسۆز و هەڵچوونی دەروونی، بەڵکوو بابەتیانە لەم دۆخە ئاڵۆزە جیهانییە پڕکێشەیەدا بڕوانین و هەوڵی تێگەیشتنی بدەین. نەک بنووسێین بە مەسەلە لاوەکی و ڕووکەشە خەڵەتێنەرەکانەوە. لەم چرکە ساتەدا هیچم لەدەست نایەت، هیچ ئومێدێکیشم بەوە نەماوە کە داوا لە نووسەر و چالاکی سیاسی و سۆشیال میدیایی کورد بکەم کە واز لە کورتبینیی و داماویی و عەقڵیەتی پۆپۆلیستیان بێنن و بابەتیانە و لەسەر بنەمای عەقلانیەت و بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی کورد کار بکەن و بنووسن، چونکە بازاڕەکەیان تەنها بەوە گەرم دەبێ. بۆیە داوا لە خودا دەکەم هیدایەتیان بدات. ئینجا داوای هەرە سەرەکیم ڕوو لە خەڵکە: ئێوە گرنگترن، ئێوە کاراتر و کاریگەرترن لەوان، بۆیە یەکەم هەنگاوی ئیرادەویتان، لەوێوە دەست پێدەکات کە گوێیان بۆ نەگرن، نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتارە خۆپەرستەکەیانەوە. باوەڕ بکەن کە هەر یەکێک لە ئێوە زۆر لەوانە وردتر و بەرپرسترن.

لەم چرکەساتەدا یەکلاکەرەوەیەی چارەنووسی جیهان و گەل و نیشتمانەکەی ئێمەشدا، ئەرکی سەرەکی، ئەوەیە بابەتیانە و لەسەر بنەمانی عەقلانییەت و بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی کورد، سەرلەبەری دۆخە جیهانیەکە بخوێنینەوە و ئێمەش هەوڵ بدەین ئەم مەترسییانە هەڵبگێڕینەوە و تەڵەکە بە خودی ئەردۆغان و تورکیادا بتەقێنینەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئێمە دەتوانین کێشە وەک دەرفەت سەیر بکەین؟ مەترسیی بکەینە دەرفەت بۆ وەدەستهێنانی دەستکەوت؟

بۆ وەڵامیش، تەنها بە چەند وشەیەکی کەم: بەڵێ، ئەگەر لە خۆپەرستیی وگوتاری پۆپۆلیستی ڕووکەش و دووبەرەکی دوور بگرین و لە ئاستی ترسناکیی و گەورەیی دۆخەکەدا بین.

21/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر