پایزی پیلۆسی و شی

سەردار عەبدوڵا
ململانێی چین و ئەمریکا زۆری لەسەر نووسراوە و زۆرتریشی لەسەر دەنووسرێت. ململانێی ئەم دوو زلهێزەش چەندین لایەن و هۆی جۆراوجۆری هەیە، بۆیە ئەم وتارە باس لەو مەسەلە ستراتیژیانە ناکات. هەروەها باسی بایەخی ستراتیژی تایوان و پێگەی ئەو وڵاتە لەوململانێیانە ناکات. بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ وەڵامدانەوەی هۆی تەوقیتی سەردانەکەی پیلۆسی بۆ تایوان.

پیلۆسی ژنێکی ئازایە ئەمەش بۆ ئێمەی کورد لەو کاتەدا زیاتر دەرکەوت کە دژ بە سیاسەتە ملکەچانەکەی ترامپ لە ڕۆژئاوای کوردستان وەستایەوە و لەگەڵ کۆمەڵە ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسدا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە مانەوەی سوپای ئەمریکا لەو پارچەیەی کوردستان. هەروەها لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە وڵاتی چیندا. ساڵی ١٩٩١ کە وەکو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی چینی کرد چووە گۆڕەپانی تیان ئانمێن کە دوو ساڵ پێشتر دەسەڵاتی کۆمۆنیستی چین هەزاران خۆپیشاندەری لەو گۆڕەپانەدا قەتڵوعام کرد. لە دواییدا هێندەی بەسە کە چوار ساڵی ڕەبەق بەرگەی هەڵەشەییەکانی ترامپی گرت کە ئەو کاتەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بوو.

سەردانی ئەمجارەی پیلۆسی جیاوازە لە سەردانەکەی ١٩٩٧ی نیوت گینگریچ، چونکە ئەو کاتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە حیزبی کۆماری بوو، واتا لە حیزبی سەرۆکی وڵات نەبوو. ئەم سەردانەی بە تایبەتیش دوای کوشتنی ئەیمەن زەواهیری ڕابەری (ئەلقاعیدە)، ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکان بەهێز پیشان دەدات و کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لە هەڵبژاردنی نیوەی کۆنگرێس دەبێت کە دەکەوێتە پایزی ئەمساڵەوە. لەو بەریشەوە ئەم پایزە پارتی کۆمۆنیستی چین بیستەمین کۆنگرەی خۆی ساز دەکات، ئەمەش بۆ خۆی کرۆکی باسەکەیە و هەر خۆشی هۆی سەرەکی تەوقیتی سەردانەکەی پیلۆسییە.

پارتی کۆمۆنیستی چین پێشتر بۆ ڕێگرتن لە دوبارەبوونەوەی حوکمی تاکەکەسیی لە چوارچێوەی چاکسازییەکانیدا، حوکمڕانیی سەرۆکی وڵاتی بە دوو ویلایەتی پێنج ساڵیی دیاری کردبوو، هەربۆیە پێشتر دوو ڕابەری ئەو حیزبە کە بریتی بوون لە (جیانگ زیمین) و (هۆجیتانو)، دوای تەواوکردنی (١٠) ساڵ واتا ویلایەتی سەرۆکایەتی دەستیان لە پۆستی سکرتێری گشتی حیزب کێشایەوە و بەمەش پابەندی دەستوور بوون و تەنها دوو ویلایەت حوکمی وڵاتیان کرد. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ (شی چینپینگی) سەرۆکی ئێستای وڵات دوو مەسەلەی چەسپاند کە سەرلەبەری ئەو چاکسازییانەیان سفر کردەوە:

١- ئەو کۆتەی دوو ویلایەتی هەڵوەشاندەوە و ئێستا دەتوانێ تا لە ژیاندایە حوکمی وڵات بکات، هەڵبەتە ئەمەش لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەبێت لەناو ئەنجومەنێک کە نزیکە (٣٠٠٠) کەسیدا.

٢- تێزی سۆشیالیزم بە تایبەتمەندیی چینیی لەسەردەمی نوێدا، کە تێزی سەرۆک ئێستای وڵات و سکەرتێری پارتی کۆمۆنیستی چینە، لەگەڵ نەهێشتنی کۆتی دوو ویلایەت لە دەستووری وڵاتدا چەسپێنران.

میدیای چین و جیهان باس لەوە دەکەن کە لە ئێستاوە سەرۆک شی ببێتە هەڵگری لەقەبی (ڕابەری گەل). پێشتر تەنها دوو لە سەرکردەکانی ئەم حیزبە هەڵگری لەقەب بوون، یەکەمیان (ماو تسی تۆنگ)ە کە هەڵگری لەقەبی (ڕابەری مەزن) و ئەوی تریشیان (هیو جیۆفینگ)ە کە بوو هەگری لەقەبی (ڕابەری حەکیم). ئەگەر سەرۆک شی جیپینگ لە پایزی ئەمساڵدا لە کۆنگرەی بیستەمی حیزبدا بە سکرتێری گشتی هەڵببژێردرێتەوە ئەوا ویلاتی سێیەمی دەبێت، هاوکاتیش پێشبینی دەکرێت کۆنگرە بە فەرمی لەقەبی (ڕابەری گەلی) پێ ببەخشێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە دەنگی ناڕازی لەناو حیزب و پەرلەماندا پەیدا بوون.

پێشتر سەرۆک شی لەگەڵ هاتنە سەرکەریدا زیاتر لە ملیۆنێک کەسی لە نەیارەکانی بە بیانووی دژایەتی گەندەڵییەوە دوور خستۆتەوە، توانیشی ڕۆڵێکی گەورە لە گەورەتربوونی چین وەک زلهێزێکی ئابووری جیهان بگێڕێت، بەڵام وەک گوتمان لەم دواییەدا دەنگی ناڕەزایەتی لەبەرامبەریدا تەنانەت لە ناو حیزب و پەرلەمانیشدا پەیدا بوون، ئەمەش کرۆکی مەسەلەکەیە. شی بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆک و دواتریش ڕابەری گەل پێویستی بەوەیە لە پایزی ئەمساڵدا ببێتەوە بە سکرتێری گشتی حیزب، کێشەکە لەوەدایە کە بۆ وەدەستهێنانی لەقەبی ڕابەری گەل، دەبێ پێشتر سەلماندبێتی کە شایستەی ئەو لەقەبەیە، ئەمەش بێ چەندوچوون بەستراوەتەوە بە هێنانەوەی یەکجارەکی تایوان بۆ سەر چین.

ئەم سەردانەی پیلۆسی کێشەیەکی یەکجار گەورە بۆ ئەم تەحەدایەی بەردەم سەرۆک شی دروست دەکات. چونکە ئەو سەردانە تەحەدایەکی زۆر گەورەی هەر بتەنها هەیبەتی وڵات نیە، بەڵکوو تەحەدایەکی گەورەشە بۆ هەیبەت و ئازایەتی و حیکمەتی سەرۆک شی. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەردانەکەی پیلۆسی لەو کاتەدا جگە لەوەی تەوقیتێکی زۆر بە دیقەتە بۆ پێکانی ئامانجەکانی، سەرلەبەری پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پایزی هەردوو وڵاتەوە هەیە. بەمە پیلۆسی ئازایەتی و متمانەی ئەمریکا و دیموکراتەکان لای هاوپەیمانەکانیان لە ئاسیا و دواتریش لای دەنگدەری ئەمریکی دەسەلمێنێت، هاوکاتیش سەرۆک شی خستۆتە بەردەم دۆخێکی ئاڵۆزەوە کە ڕەنگە جگە لە جەنگ هیچ پەرچەکردارێکی تری نەتوانێت ببێتە بارتەقای ئەو تەحەدایە و سەلمێنەری ئەوەی کە ئەم سەرکردەیە شایستەی هەڵگرتنی لەقەبی ڕابەری گەلە.

ئەوەی ماوە لێرەدا بیڵێین ئەوەیە کە ڕووسەکان بە گشتی بە ئاراستەی جەنگ لە تایواندا کار دەکەن. ماوەتەوە بپرسین: ئایا سەرۆک شی لەم دۆخە ئالۆز و تێکچڕژاوەی جیهاندا شەڕ هەڵدەگیرسێنێت و پەلاماری تایوان دەدات یان نا؟ ئەزموونی ئەمجۆرە ڕژێم و سەرکردانە پێمان دەڵێت کە دوا بڕیاریان ملکەچی حیساباتی هەڵبژاردن دەبێت نەک پێورەکانی دیکە، هەربۆیە ئەگەر هەڵگیرساندنی جەنگ ببێتە مایەی لەدەستدانی دەرفەتی بوون بە ڕابەری گەل ئەوا سەرۆک شی، تەنها بە گەمارۆی ئابووری و سزای دیکەوە دەوەستێت، بەڵام ئەگەر هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نەمێنێت و تەنها بە بە جەنگ و پەلاماردانی تایوان ببێتە هەڵگری لەقەبی ڕابەری گەل ئەوا سەرۆک شی بژاردەی جەنگ و پەلاماردان هەڵدەبژێرێت. هەڵبەتە ئەمەشیان باسێکی دیکەیە.

 

05/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر