كۆنفرانسی كۆلیجەكانی یاساو چەند سەرنجێك..

د. شۆڕش حەسەن
     بەپێی بریاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ژمارە(23458/9) لە 5/11/2015، ماوەی خوێندن لەكۆلیجەكانی یاسای كوردوستان لە چوار ساڵەوە كرا بە پێنج ساڵ، هەروەها ئاست و رێژە بۆ دەرچونی قوتابی یاسا لە نمرەی (50%) بەرزكرایەوە بۆ نمرەی (60%). وە ئەو بریارە هەرچەندە بە دوو مانگ دوای دەستپێكردنی سالێ‌ خوێندنی 2015- 2016  دەركرا،بەڵام بەسەر ئەو قوتابیانە جێبەجێ‌ كرا كە لەو ساڵەدا لەكۆلیجەكانی یاسا وەرگیران!!
     ئەو بریارە بە پێی مەزاجی شەخسی چەند كەسێك وفشاری سەندیكای پارێزەران وبەرژەوەندی كۆلیجە ئەهلیەكان بەسەر كۆلیجەكانی یاسا سەپێنرا، دوور لەهەر بنەماو پێوەرێكی زانستی و بێئەوەی خوێندنەوەیەكی ووردو زانستیانەی بۆ كرابێ‌ .
    ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەمەبەستی پێداچونەوە بەو بریارە، ئامادەكاری دەكا بۆ  ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی زانستی لەرۆژانی سێ‌ وچواری مانگی تەموزی 2022، بەڵام شێوازی ئامادەكردن وبەرێوەبردنی كۆنفرانسەكە جێگای تێرامانە، بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانین چەند سەرنجێك دەربارەی بخەینە روو:
1-ئەو كۆنفرانسە وەك هەر كۆنفرانسێكی زانستی تر، پێویست بو لەپێگەی ئەلكترۆنی وەزارەت ناونیشانی كۆنفرانس وپرۆشەرەكەی بڵاو بكرێتەوە، كە تیایدا تەوەرەكانی كۆنفرانس و وادەی وەرگرتنی توێژینەوە یا پەیپەری زانستی و وادەی بەستنی كۆنفرانسەكە دیاریبكرێ‌، لەگەڵ ناوی سەرۆك وئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری ولیژنەی زانستی كۆنفرانس. بەداخەوە جاردانی ئەو كۆنفرانسە لەو سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیایەدا بەو شێوەیە نەبو، وەتا ئێستاش هەواڵی ئەو كۆنفرانسە لەپێگەی ئەلكترۆنی وەزارەت سۆراغێكی نیە، من وەك خۆم رۆژی 11/6/2022 بەهۆی كۆمێنتێكی بەرێز سەرۆكی بەشی زانستی كۆلیجی یاسای زانكۆی سلێمانی، كە لەگروپی فەرمی بەشی یاسا داینابو، هەواڵی ئەو كۆنفرانسەم خوێندەوە، تیایدا بەرێزیان داوای كردبو لەو مامۆستایانەی هەڵگری نازناوی زانستی(پرۆفیسۆر یا پرۆفیسۆری یاریدەدەر)ن، پەیپەر ئامادە بكەن دەربارەی هەر تەوەرێكی كۆنفرانسەكە  بەمەبەستی  بەشداریكردن تیایدا.  
2-هەردوو لیژنەی باڵاو و لیژنەی زانستی ئەو كۆنفرانسە سەرۆك وئەندامەكانی لەسەر بنەمای پۆستە كارگێری وزانستیەكانیان دانراون، لیژنەی باڵای ئەو كۆنفرانسە زانستیە كەتایبەتە بە كێشەیەكی گرنگی كۆلیجەكانی یاسا لەچوار كەس پێك هاتوە، دوانیان پەیوەندیان بەبواری یاساوە نیەو بەحوكمی پۆستە كارگێریەكانییان لەوەزارەت دانراون. بەهەمان شێوەش لیژنەی زانستی كۆنفرانس لەسەرۆك بەشی زانستی كۆلیجەكانی یاسای زانكۆ حكومی وئەهلیەكان پێك دێ‌، لەگەڵ دوو ئەندامی تر كە لەوەزارەت پۆستیان هەیە. لەكاتێكدا دەبوایە هەردوو لیژنەی باڵاو زانستی بەتەنیا لەسەر بنەمای پۆستی كارگێری وزانستی دانەنرابان بەڵكو شان بەشانی ئەوانە هەندێ‌ مامۆستای بەئەزمون وشارەزا لە كۆلیجەكانی یاسای زانكۆ جیاوازەكان لەو دوو لیژنەیە دانرابان.
3- هەندێ‌ لەئەندامانی لیژنە زانستیەكە لەگەڵ رێزم بۆیان، خاوەنی ئەزمونێكی زۆر نین لەبواری خوێندنی باڵادا، تەنها بەهۆی ئەوەوە دانراون، كە ئەمرۆ لەكۆلیجێكی یاسادا سەرۆكی بەشی زانستین. 
4-لیزنەكانی ئەو كۆنفرانسە نوێنەری قوتابیانی لەخۆنەگرتوە، لەكاتێكدا بابەتی ئەو كۆنفرانسە زیاتر پەیوەندارە بەچارەنوسی قوتابیانەوە، لەوەی ماوەی خوێندن چوار ساڵ بێ‌ یا پێنج ساڵ، بابەتێكە قوتابیان و خانەوادەیان لەكۆتاییدا دەرەنجامەكەی هەڵدەگرن. وە ماوەی ساڵێك زیاترە ئەو بابەتە لەلایەن قوتابیانەوە وروژێنراوە.
5- لەهەموی گرنگتر ئێستا بابەتی كۆنفرانسەكە لەوە چركراوەتەوە ئایا خوێندنی یاسا بگەرێتەوە بۆ چوار ساڵ یا هەر پێنج ساڵ بێ‌؟ ئاراستەی زانكۆ ئەهلیەكان بەرەو مانەوەیەتی وەك خۆی بەپێنج ساڵ، بێگومان لەو پێناوەشدا توانیویانە كارلەسەر هەڵوێستی نوێنەری زانكۆ حكومیەكان بكەن بەو ئاراستەیە، چونكە وەك زانیومانە هەڵوێستی زۆرینەی ئەندامانی ئەو لیژنە زانستیە لەگەڵ مانەوەی سستەمی پێنج ساڵەن، واتە بریاری پێش وەختەی خۆیان داوە ؟!!
6-لەكۆتاییدا بەپێویست دەزانرێ‌ كۆنفرانس ئەو بابەتانە یەكلابكاتەوە:
یەكەم: ماوەی ساڵانی خوێندن و سستەمی خوێندن لەكۆلیجەكانی یاسا لەسەر بنەمایەكی زانستیانە یەكلا بكاتەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دوور لەهەر بەرژەوەندیەكی تایبەت.
دووەم: چارەسەری دۆخی ئەو قوتابیانەی لە ساڵانی خوێندنی 2015-2016 بەدواوە ماوەی خوێندنیان پێنج ساڵ بوە، بەبریارێكی ناوەندی بروانامەی دبلۆمی باڵایان پێ‌ ببەخشرێ لەبەرانبەر ئەو ساڵە زیادەیەی كە خوێندویانە، یا هەر چارەسەرێكی زانستی تر.
سێیەم: رێژەی كۆنمرەی پێویست بۆ وەرگرتن لە كۆلیجیەكانی یاسا حكومی وئەهلیەكان وەكو یەك دیاریبكرێ‌ بەیەك رێژەو ئاست، نەك وەك ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ‌  كە جیاوازیەكی زۆر هەیە لە رێژەی كۆنمرەی پێویست بۆ وەرگرتنی قوتابی لەنێوان كۆلیجەكانی یاسا حكومی وئەهلیەكاندا، بەو هەنگاوەش چارەسەری زۆری رێژەی دەرچوانی ساڵانە دەكەین لە كۆلیجیەكانی یاسای كوردوستان.

27/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر