دیدارە رۆژنامەگەریەکە و هێمایەک بۆ کۆتایی نەوەیەک

سالار فەتاح


لە تەواوی دنیادا ئەمڕۆ دوو جۆر لە تاكگەرایی جێگای بایەخن (تاكگەرایی سودگەرا)،(تاكگەرایی رۆشنگەر).

تاكگەرایی سودگەرا، لەژێر كاریگەری ئابوری‌و بازاروو سەرمایەداریدایەو كاریگەریشی لەسەر سەرمایە هەیە، لەم جۆرەیاندا تاكەكان تەنها ئامانجیان زیادكردنی بەرژەوەندیە تایبەتەكانی خۆیانەو بەلایانەوە  گرنگ نیە لەژێر چ ناونیشانێكا پێی بگەن بۆیە  ناونیشانی بۆ دەتاشن . تەنانەت ناونیشانەکان بە هەل دەزانن بۆ قازانجکردن

ناونیشانی  کوردایەتی،  ئەنفال  ، کیمیاباران، ئەنفلۆزاکان، وشکەساڵی، گرانی . کولێرا

، یەكێكیتر لە تایبەتمەندی و  نیشانەکانی ئەم نەوەیە ئەوەیە لە هەر توێژێكدابێت تەنها لەو كاتانەدا هەست بە ستەم دەكات‌و دەنگی نارەزایی بەرز دەكاتەوە کە ستەمەکە  راستەوخۆ دەرهەق بە خۆی بكرێت. یا زیان لەئابوریەکەی دەدات
ئەگینا لەبەرانبەر كێشەکانی تری كۆمەڵگەدا كەم هەڵوێستە ، هەڵوێستەکانیشی  دەیەوێت بەقازانجی تایبەت بشکێنەوە.

 ئەمە خەسڵەتی تاككەراییەكی بەرژەوەند گەرایە، ئەم جۆرە خەسڵەتە دورە لە خەسڵەتی مرۆڤی رۆشنگەر، بۆیە دواجار ئەم خەسڵەتە نابێتە زەمینەیەك بۆ بیناكردنی  کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتو بونیادنەر.

 پێویستە  لەبەرانبەر تاكگەرایی سودگەرادا  تاكگەرایی رۆشنگەر سەرهەڵبدا، وەك بونەوەرێكی بێهاوتا لەمرۆڤ بروانێت بەبێ‌ گوێدانە ناسنامەو رەگەزو چین‌ و تەمەن ڕێز لە مرۆڤ  بگرێ.

  تاکگەرای رۆشنگەر 

 لەگەڵ گەشەدان بە توانا كەسیەكانی خۆی، بۆ بەخشینەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ درێغی ناكات.
کۆمەڵگەی ئێمە لەبارودۆخێکی زۆر ناهاوسەنگدایەو  هۆکارەکەشی ئەوەیە کەمتر  هەست  بەڕۆڵو   بونی  نەوەیەکی  ڕۆشنگەر  کراوە،
ئەم بارو دۆخە ناهاوسەنگەی كۆمەڵگە دەرەنجامی هەڵەی ساڵێك كاركردن نین هەڵەو دەرەنجامی قۆناغەكانن، دەرهاویشتەی ئەو ئاڵوگۆرانەیە كە زۆرجار پێشتر هەمەلایەنە خوێندنەوەیان بۆ نەكراوە،  گەر كرابێتیش و درکێنرابێت لەو دەنگانەوە درکێنراوە  کە گوێی لێنەگیراوە.

    لەدوای راپەرینەوە بەتایبەت لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پێ‌ بە پێ‌ی قسەوباسی ئازادی  قسەوباسی ئازادكردنی بازاڕو كەرتی تایبەت. نەبونی دەزگای وردی رێكخەری كۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و پەروەردەیی‌و سیاسیش پێ بەپێی ئەو بەرەڵاییەی لەبازاڕدا، هەبوە ،  تاكی ئێمەی بەرەو تاكگەرایی خۆخوازی رووت بردوە، نەك تاکێک کە لەناو بەرژەوەندی گشتیا بەشی خۆی وەرگرێت

 تاکگەرای  ڕۆشنگەر تاکوتەرا لەپەناو پەسێرا  وەک دەنگێکی  کزۆڵ ناوەناوە لەناو ڕەوتی ڕوداوەکاندا  بەر  دیواری لیخنی هێزە  سیاسیە قازانجگەراکەی کۆمەڵگە  دەکەوت و  بەدەنگ نوساوی یادەگەڕایەوە  یا سەودای  سیاسی  پێوە دەکرا،، ئێستەش وا هەر خەریكە   هەر دەنگی دێ و بەپەرتەوازەیی دەنگی بەگوێی نەوەی  قازانجگەرادا  دەکێشێ 

 
نەوەی قازانجگەرا ئەوانەن پارێزگاری لە ئەو خاوەن هێزو نفوزانە دەكەن  کە ئەرستۆکراتیانە  بیر دەکەنەوەو ڕەفتار دەنوێنن تەنانەت سیفاتی ئەرستۆکرایەتیانەشیان وەك ئەرستۆكراتەكانی سەدە تاریکەکانی یۆنانی كۆنیش بوایە و تۆزێ وەک ئەوانیش بیریان بکردایەتەوە  ئێستە گەشەسەندنمان لە ڕوە فەرهەنگیەوە زیاتر دەبینیو لەپەنای باڵاکردنی تەلارەکاندا هەست بەباڵاکردنی کۆمەڵایەتی  کۆمەڵگەش  دەکرا،
 لەملاشەوە نەوەكەی تریش كە بە نەوەیەكی رۆشنگەر دەكرێ بناسرێ 

نەوەیەكە میراتی کلتوری  سەرجەم شۆرشە كۆمەڵایەتیەكانی  مێژوی مرۆڤایەتی لەخۆی ئاڵأندوە ، لەم سێ دەهەیەدا پێبەپێ ی توانا کەسیەکانی بەکزۆڵی  هاتوەو وا ئێستە  خەریکە  پیرەبێ،  نمونەیەکی  ئەو نەوەیە  لە دیدارەکەی ڕۆژنامەنوسانو  سەرۆکی  حکومەتدا بینیمان  لەگەل دەنگی هەق بێژیاندا هەست دەکەی  پێویستە ئەو نەوەیە  پەیامەکەی  بگوازێتەوەبۆ نەوەیەکی  گەنجتر  کە ماهیەتی  ڕۆشنگەرانەی  پشت  پەیامەکان  لەبیر نەکرێ  و  ببێتە خۆراکی  نەوەیەکی تازە  کە  بە ڕۆشنگەر  پێناسە  دەکرێ.

 بەڵام بەداخەوە  نەوەیەکی لاو دروستبوە  کە  مەعریفەی  نوێبینیەکەی  ڕوکەشیو کورت مەودایە ، پێویستە  مەودای  ڕوانینی  بە رۆشنگەرانە  بۆفراوانکرێ. تەنها  قسەی  لەسەر  ئەو شتانە  نەبێ  کە  لە  کەمو کورتیە دارایی و مادیەکانیا  لەشەقامدا و لە رۆژنامەدا  ئاراستە  دەکرێ،  لەدەنگی نارەزایەتیەکەیدا  ئەم رستانە دەبیسترێ

ڕوبعێک لە گیرفانما  نیە 
ئاومان نیە
کارەبامان نیە
مانگێکە  گۆشتمان نەخواردوە....

ئەگەرچی ئەمانە ئاماژەی  دیارن بۆ ستەمی مالی و ئیداری لەگەڵ ئەوەدا  ئاماژەن بۆ کورت مەودایی و  نزمی لێرابینی و  ڕواڵەتگەرایی نەوەیەک ، ئەو نەوە نارازیەی  لەبەرانبەر  قازانجگەراکەدا  کە دێتە گۆ لەشەقامدا  ، هاوکات  ئاماژەیەکە  کە  کە گیانی قازانجخوازی خۆخوازی باڵادەست لەسەر  ئەو نەوەیەش کاریگەری دانابێ  بۆیە  زۆر بەئاسانی سەودای  پێوەدەکرێت دەکرێ  بکڕدرێ و   بفرۆشرێو لەجوڵە بخرێ،  بۆیەکە دەیبینن، تەنها ئەوکاتانە  هەستی  پێ  بکەی  کە  باس  لە  خەمی  توێژەکەی خۆی بکا   ئەمەش  مەترسیێکە  کە  نەوەی تاکگەرای  قازانجگەرای  حوکمڕان  لەڕێی  ئەو جۆرە  لە  نارەزایەتیەوە و لەناو  ئەو جۆرە  لە نەوەیەوە  درێژە  بە  سیاسەتی  قازانجگەرای  تاکگەرایانەی  خۆی بداتەوە، بۆیە   نەوەی  ڕۆشنگەر  کە ئەزمونێکی  سەخت و لاوازی لەم سێدەهەیەدا  بینیوە و بەرەو پیربوون  ڕۆشتوە گرنگە  پەیامی ڕۆشنگەرانەی خۆی  بە  نەوەیەکی  تازە  نوێکاتەوەو  پەیامەکەی  کاراتر لەجاران  بە  هاوسەنگیو  ڕێکخراوبونی بداتە دەست ئەونەوەیەوە  کە لەگەڵ  هەمو کێشەکانی  کۆمەڵگەدا  حزوری  هەبێ، گرنگە  جهانبینیەکی  ڕۆشنگەرانەی پێ بناسێنێ تاجهانێکی  رۆشن  بینا بکا  هیچ  تەلارێک هیچ مەکینەیەکی  مادی بەری  چاوو بەرپێی نەگرێ.
ژیانێکی هاوسەنگ بینا  بکا  تەنها  مۆراڵی  ئینسان  سالاری باڵادەستبێ،ئەمەش  بەوە  دەکرێ  کە  پێوەری مرۆڤسالاری  پێوەرو  پێناسەبێ بۆ دیاریکردنی  هەر  جوڵەیەک لە  قازانجو  لە  زیاندا.

22/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر