زمانی حیزب

قوباد جەلیزادە

ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا  دەچێتە ریزی  حیزبەکانەوە، ئیدی ئازادی ڕادەربڕین بەتەواوی لەدەستدەدات و دەبێتە زوڕناژەنی حیزبەکەی و دوا جار دەبێ بە ڕوبۆتێک لە شوووشە.. 

کت و مت دەبێ بۆچوون وسیاسەتی حیزبەکەی وەک خۆی جێبەجێ بکات و بەشان و باڵێ هەڵبدات ،تەنانەت ئەگەر سیاسەتێکی چەوت و هەڵەشی پیادە کردبێت و زیانی بە گەڵ و نیشتیمانەکەشی گەیاندبێ ، کابرای حیزبی هەر دەبێ شەڕ بۆ حیزبەکەی بکات. ئیدی زمانی ئەو زمانحاڵی حیزبەکەیەتی بێ ئەوەی بتوانێ بەقەد سەری دەرزی لێی لابدات.

    زۆر جار لە دیدارەکانی تیڤی لە چەلەحانەکانی نێوان  کاردێکی پارتی و کادرێکی یەکێتی بە زەقی ئەو دیاردەی ملکەچبوونە بۆ حیزب بەتەواوەتی ڕەنگ دەداتەوە.  ئەگەر ساتی دیدارەکە ئەو دوو حیزبە گەورەیە لەحالەتی شەڕو ناکۆکی دابن ، ئەوا هەردوکیان دەکەونە سەرکۆنەو شکاندنی یەکتری. یەکدی بە گەندەڵو خیانەتکار و پاشکۆیی خۆفۆشی و عیراقچییەتی و ئیرانچییەتی و تورکچییەتی تاوانبار دەکەن.

  هەر ئەو دوو کادرە دوای چەند  رۆژێک کە نێوانی پارتی و یەکێتی ئارامەو کڵوکۆی ناکۆکییەکان دامرکاونەتەوەو سەرکردەکان باوەشیان بەیەکدا کردوەو و پێکهاتوون و و پێکەنیون،  هەر هەمان دوو کادیرە توندو تیژوو زبربێژەکان، سەدو هەشتا نمرە بادەدەنەوە  دەلێن:  ئێمە دوو حیزبی سەرەکین پێگەی تایبەتی نێوخۆیی و جەماوەری و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیمان هەیە، چەندین ساڵە پێکەوە ئەم قەوارەیە بەڕێوە دەبەین، لەشاخیش خوێنی ڕژاومان تێکەڵی یەکدی بووە  یەک دوژمنی هاوبەشمان هەبوەو ، ئیتر نە یەکێتی دەتوانێ بەتەنیا حوکمی کوردستان بکات نە پارتی، ئیـە مێژوویەکی دوورو درێژی خەباتی هاوبەشمان هەیە  میللەت چاوی لە ئێمەیە.

کەواتە ئەوەی بوو بە حیزبی زمانەکەی خۆی دەکێشن ، وەک ددان کێشان و لەبری زمانەکەی خۆی زمانێکی بۆ تەرهیم دەکەن کە زمانی حیزبە.

کەئەم تەرزە مرۆڤانە دەبینم و بۆنی ئەو کۆیلایەتییە دەکەم، لە شوێنی خۆمەوە عەرەق دەکەمەوەو تەریق دەبمەوە.

من پێم وایە هیچ حیزبێکی کوردی سیاسەتێکی حەکیمانەی بەردەوامی نییەو نەبووە و چەندین جاریش گلاون و بەلارێدا چوون و لەئەنجامی ئەو بەلاڕێدا چوونەو  هەڵە خوێنەوە بۆ واقع و ڕەهەندەکانی، میللەتیان دووچاری دەیان کارەسات و تێکشکان کردووە.

 ئۆخەی من؛ ئەو زمانەی قسەی پێدەکەم و شیعری پێدەنووسم زمانی خۆمە نەک زمانی حیزب!

02/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر