سوتاندنی قورئانجیهادێکە لەپێناو موسڵمانان و ئاینی ئیسلامدا

سیروان عەبدول

(ئایا دژایەتیی بۆ قورئانسوتاندنەکەی سوید دەرببڕین یان نا؟)

بەرچاوم دەکەوێت جگە لە سیاسەتکاران، ڕۆژانە زۆرێک لە ڕۆشنبیران و هاوڕێیانیفەیسبوکمسەرکۆنەی ئەو قورئانسووتاندنەی سوید دەکەن لەلایەن ڕاسیستێکی ڕقنەوە بەناوی (ڕاسموس پالودان). هەندێکلەو هاوڕێیانە پێیانوایە ئەو کارە ئازادیی دەربڕین نییە و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت،وە هەندێکیان ئەگەر بە ئازادیی دەربڕینیشی بزانن، سەرکۆنەی مومارەسەکردنی دەکەن.

بۆ سیاسەتکارانێک لە چەشنی ئەردۆگان و بەرهەم ساڵح و هەموو ئەوانی تر، ئەوان خۆیان و زۆرێک لە ئێمەش دەزانین بە چی مەبەستێکەوە سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەن و بەدوای چی قازانجێکی پۆپۆلیستیی شەخسییەوەن. بەڵام وەک دەردەکەوێت زۆرێک لەو ڕۆشنبیرە موسڵمان و ناموسڵمانانەی کە سەرکۆنەی ئەو ڕووداوی قورئانسووتاندنەی سوید دەکەن، خۆیان نازانن چەند بە هەڵە لە چەمکی ئازادیی دەربڕین و گرنگیی ئەو ئازادییە و سنوورەکانی و وەزیفەکانی تێگەیشتوون؛نازانن چۆن کەوتوونەتە سەنگەری دژایەتیی ئازادیی دەربڕینەوە و بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی تۆڵێڕانس بۆ ئازادیی باوەڕ و بەرتەسکردنەوەی فرەیی و دیموکراتییەت لە کوردستاندا؛چۆن بەشدار دەبن لە دروستکردنی جەمسەرگیرییەک لەنێوان موسڵمانان و وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە تەنها نوخبە توندڕەوەکانی هەردوو تەرەف قازانجی لێدەکەن و خەڵکی سادەی هەردوو کۆمەڵگاکە زەرەری گەورەی تیا دەکەن؛ چۆن بەشدار دەبن لە کۆکردنەوەی خەڵکی موسڵمان لە ئەردۆگان و سیاسەتکارە نادیموکراتە پۆپۆلیستەکان(لەوانە ڕاسمۆسپالودان) و سەرخستنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا و دانمارکدا؛چۆن یارمەتیی ئەردۆگان دەدەن فەرزی بکات سوید شۆڕشگێڕانی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردی ڕادەست بکات تالەڕێگەی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەوە بۆ دەیان ساڵ لە زیندانیان بئاخنێت؛وە چۆن بەشدار دەبن لەوەدا کە موسڵمانان و ئیسلام لە بازنەیەکی داخراودا گیر بخۆن و ئاینەکەیان هەر لە دەستی ئیسلامییە ئسوڵگەرا توندڕەوەکان و دیکتاتۆر و سیاسەتکارە پۆپۆلیستەکاندا بمێنێتەوە و دەرفەتی ئەوەیان لەدەست بچێت ئیسلامیش ببێتە ئاینێکی بەتۆڵێڕانسی شایان بە ڕێز و،تەبا لەگەڵ دونیای مۆدێرن و دیموکراتییەتی لیبراڵدا.

سەرەتا قسەیەک لەسەر ئەو ڕایە دەکەم کە دەڵێت قورئانسووتاندن ئازادیی دەربڕین نییە، دواتر لە درێژەدا قسە لەسەر ئەو ڕایە دەکەم کە بە ئازادیی دەربڕینی دەزانێت بەڵام سەرکۆنەی ئەوە دەکات کە ڕاسموس پالودان مومارەسەی ئەو مافەی خۆی دەکات. 

٭٭٭

«ئازادیی دەربڕین و سنوورەکانی»

بیرۆکەی ئازادیی دەربڕین بیرۆکەیەکی ئاسان و سادەیە. بەو مانایە دێت کە هەموو کەسێکئازاد بێت لەوەی چی لە دڵدایە دەریببرێت. ئەسڵ ئەوەیە کە لە پرەنسیپدا هەموو دەربڕینێک ئازادە، بەڵام مادام هەمیشە هەر وابووە و هەر واش دەمێنێتەوە کە ئازادییەکانی تاکەکان یەکتر دەبڕن، کەواتە ئەو ئازادییەش دەبێت لە شوێنێکدا سنووری هەبێت بۆ ئەوەی مومارەسەی ئازادیی کەسێک دزە نەکاتە ناو ڕووبەری مافی کەسێک یان کەسانێکی ترەوە.ئازادیی دەربڕین ئەگەر هیچ سنوورێکی بۆ هیچ دەربڕینێک نەبێت، ئەوا لە ماوەیەکی کورتدا شتێک لەسەر ڕووی ئەرزدا نامێنێت بە ناوی دیموکراتییەتی لیبراڵ.

بەڵام پرسیارێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا چی ڕێگەپێدراو بێت و چی ڕێگەپێنەدراو.

فەیلەسوفی بریتانیی جۆن ستیوارت میڵ لە کتێبی «دەربارەی ئازادیی»داپێوانەیەک بۆ ئەم سنووربۆدانانە بۆ ئازادیی دەربڕین دەستنیشان دەکات کە بە پرەنسیپی «زەربەنەدان»لە مافی بەرامبەر ناو دەبرێت.پرەنسیپی زەربەنەدان بەو جۆرە گوزارشتی لێ دەکرێت کە دەوترێت:«مافی من لەوێدا کۆتایی دێت کە مافی تۆ دەست پێ دەکات». یان لە فۆرمە شەعبییەکەیدا دەوترێت:«ئازادیی دەستڕاوەشاندنی من لەوێدا کۆتایی دێت کە نووکی لووتی تۆ دەست پێ دەکات». 

ستیوارت میڵ لەو کتێبەیدا ڕۆشنی ناکاتەوە ئایا کە دەڵێت زەربەنەدان، مەبەستی زەربەنەدانە لە چی جۆرە مافێک. بەڵام لە سەردەمی تازەدا هەمیشە بەو جۆرە لێک دەدرێتەوە کە مەبەست لێی ئەوەیە نابێت سنووری«مافی مرۆڤ»ی کەسانی تر ببڕیت. لێرەدا باس لە مافی مرۆڤە نەک هەر مافێکی تر. بۆ نموونە، کەسێک یان کەسانێک ئەو مافەیان هەیە و تەواو جێگەی تێگەیشتنەهەستیان بریندار بێت ئەگەر کتێبێک کە لای ئەوان پیرۆزە بسووتێنرێت، وە بەپێی یاسا مافی تەواویان هەیە ناتوندوتیژانە ئەو هەستبرینداربوونە دەرببڕنو پیشانی بدەن کە ڕەخنەیان لەو کارە هەیە.بەڵام هەستبریندارنەبوون مافی مرۆڤ نییە. بۆیە هەستبریندارکردن پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە تا بڵێین ئازادیی دەربڕین نییە و داوا بکەین ڕێگەی لێ بگیردرێت یان بە یاسا قەدەغە بکرێت. بەڵکو ئەسڵەن لە هەندێک سیاقدا ئیستیفزازکردن و بریندارکردنی هەستی بەرامبەر تاکە ڕێگا یان کاراترین کەرەستەی گەشەکردنی دیموکراتییە. مرۆڤایەتیی بە درێژایی مێژوویخۆی هەمیشە لەڕێگەی هەستبریندارکردنەوە جومگە جیاوازەکانی مێژووی بڕیوە و بەرەو پێش هاتووە. بیهێنە پێش چاو ئەگەرمارتین لوسەر و چارڵز داروین هیچ شتێکیان نەوتایە کە دڵی باوەڕداران بیەشێنێت، ئێستا کۆمەڵگای ئینسانیی چەند دواکەوتوو و داخراو و خنکێنەر بوو.

کۆمەڵگا ناتوانێت هەستبریندارنەکردنی بەرامبەر بکاتە پێوانە و مەرجێک بۆ ڕێگەدان یان ڕێگەنەدان بە ئازادیی دەربڕین چونکە هەر یەک لە ئێمە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەربڕین هەیە کە هەستمان بریندار دەکات.ڕۆماننوسی بریتانیی جۆرج ئۆروێڵ لە پێشەکیی ڕۆمانی ''مەزرای ئاژەڵەکان''دا دەڵێت «ئەگەر ئازادیی مانایەکی هەبێت، دەبێت مانای ئەوە بێت کە مافت هەبێت شتهایەک بە خەڵکیی بڵێیت کە پێیان خۆش نییە گوێیان لێ بێت».

پێشتر ووتم ئەگەر ئازادیی دەربڕین هیچ سنوورێکی بۆ هیچ دەربڕینێک نەبێت، ئەوا لە ماوەیەکی کورتدا شتێک لەسەر ڕووی ئەرزدا نامێنێت بە ناوی دیموکراتییەتی لیبراڵ. هەر بە هەمان شێوە، لەبەرامبەردا، ئەگەر سنووری ئازادیی لەوێوە بکێشین کە نابێت هەستی هیچ ئینسان و گروپێک بریندار بکرێت، ئەوا لە ماوەیەکی کورتدا شتێک لەسەر ڕووی ئەرزدا نامێنێت بە ناوی دیموکراتییەتی لیبراڵ.

هەر زەربەخواردنێکی دیموکراتییەت لە وڵاتی سویددا، پێش هەر گروپێکی تر، کەمینەکان باجەکەی دەدەن و چەندین مافی مرۆڤیان پێشێل دەکرێت. کەمینەیەک کە،تەنانەت پێش کەمینەیەکی موعەڕەزی وەک هۆمۆفیل و تڕانسەکان،ماف و ئازادییەکانیان لەناو دەچێت، کەمینەی موسڵمانانە لەو وڵاتەدا. ئەو ئازادییە بەرفراوانەی مومارەسەکردنی ئیسلام و ئەو مافە ئاینییە زۆرەی موسڵمانان لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیانە و ئەو پارە زۆرەی دەوڵەت لە ئیدارەدانی مزگەوتەکانی ئەواندا خەرجی دەکات،دەوڵەت بەو پرەنسیپی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینە پاکانەی دەکات کە زۆرینەی موسڵمانەکان داوای بەرتەسکردنەوەی دەکەن.

بەو هۆیانەی سەرەوەیە سوید ئامادە نییە مافی سوتاندنی قورئان لە هاوڵاتییان زەوت بکات، وە دروست نییە داوا بکرێت دەوڵەت ئەو مافە زەوت بکات.

٭٭٭

«کێ تۆڵێڕانسی بۆ کێ هەبێت؟»

لێرەوە بێمە سەر قسەکردن لەسەر ئەو ڕایەی کە تێگەیشتن بۆ تووڕەبوونی موسڵمانان پیشان دەدات و دەڵێت ئەگەر ئەوە ئازادیی دەربڕینیش بێت، دەبێت جێگەی ئیدانەمان بێت کە ڕاسموس پالودان ئەو وەسیلەیە بەکار دەهێنێت بۆ دەربڕینی ڕای خۆی. 

لێرەوە ئیتر قسە لەسەر ''تۆڵێڕانسی حقوقیی'' نییە، بەڵکو قسە لەسەر ''تۆڵێڕانسی مۆڕاڵیی''ە. بەو مانایەیکاتێکمۆڕاڵی سەلیم وا دەخوازێت کەسێک تەحەمول بکات دەربڕینێک مومارەسە نەکات ئەگەرچی بە یاسا مافی هەیە بیکات.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئازادیی دەربڕین ئەوەیە کە ئینسان مافی هەیە دەربڕینی ناتوندوتیژی زۆر نامۆڕاڵانە یان بێڕەوشتانە و ناکۆک بە ویستی گشتیی پیشان بدات.واتە دەربڕێنێک کە ئەگەرچی یاساییە بەڵام نامۆڕاڵانە و ناپەسەندە. لە حاڵەتی وادا چەکێک کە بەدەست کۆمەڵگاوە دەمێنێت ئەوەیە کە لە فەزای گشتییدا ئەو کەسە یان ئەو کەسانە بدرێنە بەر ڕەخنە و ببوغزێنرێن و،بەو جۆرە گوشارە هەوڵ بدرێت ناچار بن کۆڵ بدەن و دەست لە مومارەسەی ئەو کارە ''ناپەسەند''ە هەڵگرن. ئەمە پێێ دەوترێت گەمارۆی کۆمەلایەتیی (Social sanction). ئەم چەکە بۆی هەیە لە هەندێک سیاقدا لەلایەن کەسانێکەوە بۆ کارکرددانانی دیموکراتیی بەکار بهێنرێت (بۆ نموونە، ڕەخنەکردن و بوغزاندنی ئەوانەی ئازادیی دەربڕینی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ دژایەتییکردنی یەکسانیی جێندەریی)، وە بۆی هەیە لەلایەن کەسانێکەوە بۆ کارکرددانانی نادیموکراتیی بەکار بهێنرێت (بۆ نموونە، بوغزاندن و هەوڵی تەریککردنەوە و نانبڕاوکردنی ڕۆشنبیرانێکی ڕەخنەگر، لەلایەن لایەنگران و میدیاکانی حیزبێکی گەندەڵەوە).

ڕەنگە کەسێک وای ببینێت کە سەرکۆنەکردنی ڕاسمۆس پالودان و قورئانسووتاندنەکەی،بەکارهێنانی ئەو چەکە ڕێگەپێدراوەیە لەپێناو کارکرددانانێکی دیموکراتییدا. لێرەوەیە ناکۆکیی من لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیر و هاوڕێیانەی ئەم هەڵوێستگیرییەیان هەڵبژاردووە. شتێک کە من تێیناگەم ئەوەیە کە بۆچی ئەم چەکە لەبری ئەوەی بەرامبەر بە ڕاسمۆس پالودان بەکاری بهێنن، بەرامبەر بەو موسڵمانانە و بەرامبەر بە ئەردۆگان بەکاری ناهێنن کە داوا دەکەن ئازادیی دەربڕین بەرتەسک بکرێتەوە و ئەو مافی مرۆڤە لە خەڵک زەوت بکرێت کە بتوانن کتێبی پیرۆزی ئەوان بسووتێنن.ئەوە موسڵمانانن کە دەبێت تۆڵێڕانسیان بۆ مومارەسەی ئازادیی دەربڕینی ئەو کابرا ڕاسیستە هەبێت، نەک ئەو کابرایە تۆڵێڕانسی بۆ بێتۆێڕانسیی و بۆ مومارەسەی دژە ئازادیی دەربڕینیئەوان هەبێت.

شتێک کە جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە زۆربەی چەپەکانی ئەوروپا و ئەوانەی سەرکۆنەی سوتاندنی قورئان دەکەن، حیسابکردن بۆ ئەو مەرجەی موسڵمانان کە دەڵێن ئێمە تۆڵێڕانسمان بۆ مومارەسەی ئەو مافی مرۆڤە نییە، وەک فەرز وەردەرگرن و، ئامادەن تەنانەت موناقەشەی تەنازول لە مافی مرۆڤ بکەن، بەڵام تەنازول لە ڕێز بۆ ئەو بێتۆڵێڕنسییە ناکەن کە موسڵمانان پیشانی دەدەن لەئاست ڕەخنەکردنی ئایدۆلۆجیاکەیاندا.کارێکی تەواو ناکۆنسیستێنتە لەئاست مافی مرۆڤ و ئازادیی دەربڕیندا کە ئەو کەسانە ئاواموسڵمانانێک (کە بەشی هەرە گەورەیانلە ئەوروپا و لە وڵاتانی ئیسلامیی و لە کوردستانئەو نیفاقەیان هەیە کە لەلایەکەوە هۆمۆفۆب و ئەنتی-سەمیتن و قەت ئامادە نین ڕەخنەیەکی ڕقڕێژیی و زیادەڕۆیی بەرامبەربە هۆمۆکان یان جووەکان بکەن، بەڵام بۆ داوای پارێزراویی خۆیان لە هەستبریندارکردن هەزارانیان دێنە سەرجادە)لەم دۆزی قورئانسوتاندنەدا پارێزراو دەکەن لە ڕەخنە، وە لەبەرامبەردا سەرکۆنەی ئەوە دەکەن کە کەسێکی ڕاستڕەوی ڕاسیست مافێکی خۆی مومارەسە کردووە.

من دەزانم ئەو ئارگیومێنتە پۆینتێکی هەیە کە دەڵێت ئەو قورئانسوتاندنە تاکتیکێکی پۆپۆلیستیی ئەو کابرا ڕاسیستەیە بۆبردنەوەی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتووی دانمارکدا، وە ئەمە لەلایەن ڕاسیستێکی وەک ئەردۆگانەوە دەقۆزرێتەوە بۆ تاکتیکێکی پۆپۆلیستیی وا کە موسڵمانان بێنێتە سەرجادە و بەو جۆرە دەنگی دەنگدەران بباتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا. بەڵام سەیری ئەم عەبەسییەتە کە لەو ئارگیومێنتەدا هەیە: دوو سیاسەتمەداری ناپاک و ڕاسیست، هەردوکیان لە هەوڵی بردنەوەی دڵی دەنگدەراندان. یەکەمیان (پالودان) لەڕێگەی مومارەسەی مافێکی مرۆڤەوە و لەڕێگەی خۆنواندن وەک داکۆکییکاری مافی کوردەکان لە ڕەخنەکردنی ئەردۆگاندا ئەمە دەکات. لەبەرامبەردا دووەمیان (ئەردۆگان) لەڕێگەی خۆنواندن وەک ڕابەری ''موسڵمانانی سەرکوتکراو'' و لەڕێگەی جوڵاندنی شەقامەوە لەپێناو قەدەغەکردنی مافێکی مرۆڤ و لەپێناو بە دیلگرتنی ئەو کوردانەدا کە ڕەخنەیان کردووە ئەمە دەکات. لەم نێوەندەدا تۆ ڕووی دەمی ڕەخنەت لە کەسی یەکەمیانەکە لەو کردارەیدا هیچ مافێکی مرۆڤی پێشێل نەکردووە و لە موسڵمانان وا تێدەگەیەنیت کە ئەو کەسە غەدرێکی لێکردوون، وە کرداری کەسی دووەم وەک پەرچەکرداری کرداری کەسی یەکەمتەفسیر یان پاکانە بۆ دەکەیت و،لەڕێگەی دروستکردنی هەستی مەغدوریی لای موسڵمانانەوە، موسڵمانان لە کەسی دووەم کۆ دەکەیتەوە و یارمەتیی دەدەیت هەم داوای قەدەغەکردنی مافێکی مرۆڤ لە یاسای سویدییدا بکات و هەمیش چنگی لە کوردانێکی بەشداربوو لە خەباتێکی زۆر ڕەوادا گیر بێت و زیندانیان بکات.

٭٭٭

«ئاینی ئیسلام و موسڵمانان پێویستیان بەوەیە ئیتر ئیهانەیان پێنەکرێت»

بێگومان پۆینتی من ئەو مامەڵە کەرەستەییە نییە لەگەڵ دۆزەکەدا کە بڵێم قورئانسوتاندن لەپێناو ئەوەدا ڕەخنە نەکەین کە کوردانی شۆڕشگێڕ لە دیلبوون بە دەستی ئەردۆگانەوە ڕزگار بکەین، بەڵکو پۆینتی من ئەوەیە کە قورئانسوتاندن لەپێناو ئەوەدا ڕەخنە نەکەین کە ئیسلام و موسڵمانان لە دیلبوون بە دەستی ئەردۆگان و ئیسلامی سیاسییەوە ڕزگار بکەین. کارێکی وا هەم قازانجی کۆمەڵگای تیایە چونکە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دیموکراتییەت و زۆرێک لە مافەکانی مرۆڤی لە کۆڵ دەبێتەوە. هەمیش قازانجی ئاینی ئیسلام و موسڵمانانی تیایە چونکە لەو وێنای مەغدوورە بۆ خۆیان ڕزگاریان دەبێت کە ئیسلامی سیاسیی لەپێناو قازانجی نوخبەی سیاسیی خۆیدا و لەپێناو کۆکردنەوەی موسڵمانان بە دەوری خۆیان و ڕژێمە سیاسییەکانی پشتیاندا، لە زیهنی موسڵماناندا جێیان خستووە.

ئەو خۆبەقوربانیی-بینینەی موسڵمانان و پەرچەکرداریان بەرامبەری، بە داخەوە ئۆمەتی موسڵمانان و ئاینەکەیانی کردۆتە مەسخەرەی ناو دونیای سەردەم و، ژیانی ناو کۆمەڵگاکانی خۆشیانی کردۆتە دۆزەخ. قەت لە قازانجی موسڵمانان نییە بەم جۆرەی ئێستا لە دونیادا وەک خەڵکێکی کەمتەحەمول و فتیلەکورت و جیقەڵدانەتەنگ ببینرێن و، ئاینەکەیان وەک ئایدۆلۆجیایەکینادیموکراتیی وفاشیزمی دینیی دەرکەوێت.

ئەو هەستی مەغدوورییە ئیغتیرابێکی وا داڕوخێنەری لەناو زۆرینەی موسڵماناندا دروست کردووە کە لە وڵاتانی خۆیان زۆر ئاسان دەکەونە دژایەتیی هەر هەوڵێک کە بیەوێت گۆڕانکارییەک لەو کۆمەڵگا مەنگەدا بکات کە گیریان تیا خواردووە، وە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر سەخت دەتوانن بێنە ناو کۆمەڵگاکەوە و خۆیان بە بەشێک ببینن لێی. 

هەر ئەم ژێرکەوتنەی ئیسلام و موسڵمانانە لە دونیای سەردەمدا هۆکاری ئەوەی کە تەنانەت دۆستەکانیشیان لە چەپی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو ڕوانگە دونییەیان بۆیان هەیە و پێیانوایە موسڵمانان خەڵکێک نین ئەوەندە بە باڵانس و پێگەێشتوو بن کە بتوانن، بۆ نموونە وەک مەسیحییەکان، تۆڵێڕانس مومارەسە بکەن لەئاست سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکەیاندا. ئەو ئەولەوییەتدانە بە کەمتەحەمولیی موسڵمانان لەبەرامبەر مافی مرۆڤدا بەکەمگرتن و سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بە توانای تاکی موسڵمان کە بتوانێت وەک کەسێکی پێگەیشتوو و گەورەساڵی ناو دونیای مۆدێرن تەحەمولی ڕەخنە بکات.

ئاینی ئیسلام و موسڵمانان ئەگەر لە ئێستادا پێویستیان بە شتێک بێت، ئەوا پێش هەر شتێک پێویستیان بەوەیە ئیتر ئەم ئیهانەیەیان پێنەکرێت و یارمەتیی بدرێن لەو وێنای قوربانییە ڕزگاریان بێت کە ئیسلامی سیاسیی بۆ قازانجی خۆی هەمیشە لە هەوڵی تۆخکردنەوەیدایە. موسڵمانان و کۆمەلگا ئیسلامییەکان بەم جۆرە لە بازنەیەکی داخراودا گیر کراون و بەردەوام بەرەو داڕوخانی زیاتر و زیاتر دەچن.

یەکێک لە پارادۆکسە گەورەکان ئەوەیە کە ئەم داڕوخانەی کۆمەلگا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو خەڵکە موسڵمانە دڵپاک و زەرەرمەندە ئەوەندەی تر لەو ئایدۆلۆجیای ئیسلامۆفاشیزمە و لەو حیزبانە کۆببنەوە کە فاکتەرێکی سەرەکیی ئەو داڕوخانەن. هەر بۆیە سەرتاپای ڕێتۆریکی حیزب و گروپە ئیسلامییەکان، لە ئیخوانەکان و ئەردۆگانەوە تا داعش و ئەلقاعیدە، هەموو هەوڵی کێشانی وێنەیەکی وایە بۆ کۆمەڵگای ئیسلامیی لە زیهنی موسڵماناندا کە گوایە خەڵکێکن ناحەقییان پێ دەکرێت و گوایە ناموسڵمانان هەمیشە خەریکی پلانڕێژیین و لە بۆسەدان بۆ دژایەتییکردنی موسڵمانان و هێرشکردنە سەریان.ئەم پۆپۆلیزمە جار هەیە لە وڵاتانی موسڵماناندا تەنانەت لەلایەن ڕۆشنبیرانی عەلمانییشەوە مومارەسە دەکرێت بەوەی کە بۆ خۆشیرینکردن لە دڵی زۆرینەی موسڵماندا، ڕەخنەی ڕەخنەگرانی ئاین دەکەن کە گوایە ناحەقیی بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام دەکەن.

هەرچی ئیسلامییەکانە تەنانەت میانڕەوترینیان پەنا بۆ پرۆپاگەندەی لەو جۆرە دەبەن کە، بۆ نموونە، دەڵێن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە سووتاندنی قورئان سزای نییە، ئاڵای پەلکەزێڕینە سزای قورسی هەیە. ئەمە دەکەن چونکە دەزانن زۆرێک لە موسڵمانان ئەو زانیارییەیان نییە کە سوتاندنی ئاڵای پەلکەزێڕێنەش سزای نییە بەڵام لە سیاقی تردا بەپێی یاسایەک سزای دەدرێت کە ڕقڕێژیی بەرامبەر بە هۆمۆفیلەکان و موسڵمانان و هەر گروپێکی تر بە یەکسانیی و بە هەمان ئەندازە سزادار کردووە، وە موسڵمانان ناتوانن ئەو جیاوازییەی ئاڵای پەلکەزێڕینە و قورئان ببینن کە ئاڵاکە سیمبولی کەمینەیەکە کە سەبارەت بە جەوهەری ئینسانییانە نەک بیروڕا، بۆیە سوتاندنی ئاسانتر وەک ڕق لە ئینسان دەبینرێت تا سوتاندنی قورئان کە سیمبولێک نییە سەبارەت بە جەوهەری ئینسانیی کەسەکان، بەڵکو عەقیدەیەکی نۆرماتیڤیی باوەڕدارانە، کە ناکۆکبوون لەگەڵی ڕاستەوخۆ مانای ڕق نییە لە باوەڕداران پێی.

٭٭٭

«جیهادێک لەپێناو ڕاهێنانی ئیسلام لەسەر بەها دیموکراتییەکان»

لێرەوەیە قسەکردن لەسەر سوتاندنی قورئان لە سوید وەک زیادەڕۆییەکی ناڕەوا بۆ سەر موسڵمانان،جگە لە پشتچۆڵکردنی ئازادیی دەربڕین، پشتچۆڵکردنی موسڵمانانە، وە بەشدارییەکە لە پشتڕاستکردنەوەی ئەو حیکایەتەی ئیسلامییەکان لایان.کارێكی وا خزمەتکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە ئیسلامی سیاسیی و بەشدارییەکی کارایە لە کۆکردنەوەی خەڵکی موسڵمان بە دەوری ئەو حیزبە ڕاسیستانەدا.

موسڵمانان ئەگەر یارمەتیی بدرێن، ئەوانیش وەک هەر خەڵکێکی تر مومکینە و دەتوانن ببنە خەڵکێکی داکۆکییکار لە بەهای دیموکراتیی و مافی مرۆڤ و، ئاینی ئیسلام مومکینە ببێتە ئاینێک کە،وەک مەسیحییەتی ئەم سەردەمە، لەگەڵ بەهاکانی دیموکراتییەتی لیبراڵدا بێتەوە.

زۆرێك لە خەڵک و ڕۆشنبیرانی کورد بەو شێوە سادە ڕۆژانەیە بیر لە زەمینەسازیی بۆ پلورالیزم و پێکەوەهەڵکردن دەکەنەوە کە پێیانوایە بەو ئەندازەیەی بتوانین گروپ و ئاین و خاوەن بیروڕا جیاوازەکانوادار بکەین هەستی یەکتر بریندار نەکەن و کە کردیان سەرکۆنەیان بکەین، بەو ئەندازەیە دەتوانین پێکەوە هەڵبکەین و پلورالیزم و دیموکراتییەت گەشە بکات. ئەمە بەهەڵەداچونێکە کە کولتوری سوڵحی ڕۆژهەڵاتیی و ''قووتدانی'' ناکۆکیی بەبێ یەکلاکردنەوە، ڕۆڵی لە دروستبوونییدا هەیە. 

فرەیی و پێکەوەژیان تەنها بەوە گەشە دەکات کە هەستبرینداربوونی ئەم و ئەو بە مومارەسەکردنی ماف لەلایەن بەرامبەرەوە، پشتگوێ بخرێت.نەک هەر ئەمە، بەڵکو زۆربەی جار لەو وڵاتانەدا کە ئازادییەکان تیایاندا بەرتەسکن، فرەییو دیموکراتییەت بەوە گەشە دەکات کە هەستی ئەوانە بریندار بکرێت کە هەستبرینداربوونی خۆیان دەبەستن بە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیایەکەوە و دەیکەنە مەرجی قبوڵکردنی بەرامبەر.لە کۆمەڵگای فرە-بیروباوەڕدا تاکە ڕێگەیەک هەبێت بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگای هەمەچەشن و ژیانی هاوبەشی ئاسوودە، ئەوەیە کە ئەوانەمان کە ئاسان هەستمان بە ڕەخنەکردنی باوەڕەکانمان بریندار دەبێت، ئەوەندە ئەو هەستەمان بریندار بکرێت تا ڕادێین لەگەل مەرجەکانی ژیانی دیموکراتیی مۆدێرندا. 

توێژینەوەیەکی ئەکادیمیی کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە زانکۆیەکی دانمارکییدا ئەنجام درا ئەو ئەنجامەی پیشاندا کە لە مێژووی ئەوروپادا مەسخەرەکردن بە ئاینی مەسیحیی و ڕەخنەی ئیستیفزازیی لێی ڕۆڵی گەورەتری لە گەشەکردنی دیموکراتییەت و بەهاکانی کۆمەڵگای مۆدیڕنی ئەوروپییدا بینیوە تا ڕەخنەی ئەکادیمیی و بەشدارییەکانی ئاین لەو شارستانییەتەدا.

لە تیۆلۆجیای ئیسلامییدا چەمکی جیهاد بە مانای کردنی جوهدێک دێت کە لە قازانجی ئەو ئاینەدا بێت. بەو مانایەی سەرەوە، دەکرێت قورئانسوتاندن و ڕەخنەکردنی توندی ئاینی ئیسلام لەو فۆرمە پراکتیکراوەی ئێستایدا، جوهدکردنێکی لەو جۆرە بێت کە بەبێ ئەوەی کەسەکان بە مەبەستی قازانجی ئیسلام و موسڵمانان بیکەن، لە قازانجی ئیسلام و موسڵماناندا بکەوێتەوە و بەشدار بێت لە دەرکردنی ئەو ئاینە لە دەستی توندڕەوان و دەرکردنی کۆمەڵگای موسڵمانان لەو بازنە دخراوەی تیایدا حەسر بوون.

لەو جیهادەدا ئەرکی کەسانی تر ئەوەیە کە لەئاست هەر ڕەخنە و کردارێکدا کە سنووربڕینی مافی مرۆڤی تیا نییە، دەست لە مۆڕاڵیزم و هەڵسەنگاندنی تاکتیکیی هەڵگرن و, لێگەڕێن موسڵمانان ئەو بەختەیان لەدەست نەچێت دۆگما ڕەقبووەکانیان بەر ڕەخنەی تیژ بکەوێت. وە لەئاست ناڵە ناڵیموسڵمانانێکدا کەدێنە سەرجادە و دەڵێن هەستمان بریندار بوو بەو مومارەسەیەی مافی مرۆڤ، بڵێن:«تەحەمول بکەن لەپێناو جوانیی ئاینەکەتان و جوانیی کۆمەڵگادا».

03.02.2023
٭٭٭



03/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر