٨ی مارس و ئێمە گەیشتینە کوێ؟

هیبە فەیسەڵ


لە کاتێکدا کە سەرچاوەی شۆڕشی ئازادی ژن گیرئەکرێ لە پۆشینی بەرگو ئەرکی ماڵ و پەروەردەی مناڵ و ..هتد، زۆر لایەنیتر هەن فەرامۆشدەکرێن کە لە ڕاستیدا پێویستیان بە ئاگایی، خستەڕوو و دەستکاریکردن هەیە. جا ئەم فەرامۆشکردنە بۆ مەبەستی تایبەتی بێت یان ئابووریو بێگومان سیاسیش. 

بێشومارن ئەو دەنگانەی کە هاواریان پڕە لە حەسرەت، توڕەیی، ژێردەستی، چەوساندنەوە و کوشتنە. 

لە کاتێکدا دەگمەن و نەبیستراون ئەو دەنگانەی کە باس لە یەکسانی موچە، پێدانی مۆڵەتی باوکایەتی، مافی لەباربردن و بەربەستیدوگیانبوون .. هتد دەکەن. ئەمانەش هەموو سوچ و کەلەبەری ژیانن کە بە نەبونیان یان شاردنەوەیان، ناهاوسەنگیەکی چەسپاو ئەچێنێت بۆنەوەی داهاتوو. 

بەچ بەهانەیەک ئەم دەنگانە ئەخنکێنرێن؟ یان هەر زوو دەخرێنە چوارچێوەی فێنۆمینی فیمینیسم، کە ئەویش خەریکە بەدناو دەکرێت وبەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی خود، نەک وەک پشتگیریەکی ڕاستەقینە لە هەوڵەکان بۆ تێگەیشتن و بەیەکگەیشتن و بینینی دووڕەگەزی جیاواز،بە جیاوازی خۆیان. 

کێن ئەوانەی دەستیان لە کپکردنی ئەم هاوارانەدایە و بۆ چ مەبەستێک؟ 

گەڕان بەداوی ڕاستیەکی بنەڕەتی، کارێکی مەحاڵە، لەڕاستیشدا گرنگ نیە.  چونکە لێکدانەوەی ڕاستیەکان واڵان بە ڕەنگ و چەشنیتاکەکان. هەر بۆیە پێویستە بابەتی ململانێی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو وەک ناکۆکیەکی سێ جەمسەر ببینرێت. »جەمسەرێک کەهەستەکان دەگرێتە خۆی. واتە خۆشەویستی، ڕک، بێزاربوون، هەستی ستەم و مافخواردن، و لە هەموویان گرنگتر هەستی بوونت وەکقوربانی. هەموو ئەم هەستانە دەبنە چەند ئامرازێک لە چەشن و جۆری ئەو دیالۆگەی کە پەنای بۆدەبەین بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان. هاوسەنگی هەستەکان واتە دیالۆگێکی هاوسەنگ. 

»جەمسەرێکی دی تێگەیشتنە لە ناوەڕۆک و کرۆکی بابەت. واتە چ ئازادیەک؟ چۆن یەکسانیەک؟ و ئایا هەر لە بناغەوە یەکسانی هەیە؟هەبووە؟ دەبێت؟ و لە چ بارێکەوە؟ و بۆچی؟ 

»جەمسەری سێیەم کارکردن، مامەڵەکردن و ڕەفتارە لەگەڵ کێشەکە. واتە دیاریکردنی خاڵی سەرەتا و دانانی نەخشە و بەشکردنی ئەرکەکانبۆ گەیشتن بە ئەنجام. 

دەبێت ئەم سێ جەمسەرە وەک یەک ڕەچاو بکرێت تا هەردولا بتوانن دیالۆگێکی دوور لە توانج، ڕکەبەرایەتی، تۆمەتبارکردنی بەرانبەر یەکئەنجام بدەن. 

دیالۆگێک کە پەیامێکی کۆن وەک خۆی ڕوون بکاتەوە و لە دەستدرێژی، دوبەرەکایەتی، شێواندن و بەرژەوەندی تاک بیانپارێزێ. 
دیالۆگێک کە لە قوڵایی واقع و گۆڕەپانی ژیانەوە هەڵقوڵێ، نەک تەنها لەسەر هەوری خەون و خەیاڵ باسی لێ بکرێ. 

بە بونی ئەم جۆرە دیالۆگە، فینۆمینی فیمینیزم و خەونی یەکسانی ژن و پیاو، نابێتە بابەتێکی شەخسی یان دارێک کە بەناوی سیاسەت وبەرژەوەندی ئابوری کۆمەڵگە بە هەموو ئاڕاستەیەکدا ڕابوەشێنرێ. 

لێرەدا فیمینیزم دەبێتە شۆڕشی گۆڕان و سەرلەنوێ هەڵشێلاندن و تێکەڵکردن و داڕشتنەوەی کولتور. ئەمەش بە بوونی ڕەفتار و نەریت وڕوانگەی نوێ. دروست بوونی ئەم کولتورە نوێ یە، وەک هەموو تازەگەری و گۆڕانکاریەکی دی، کاتی دەوێت. بڕوا و هەوڵی دەوێت تاکوبتوێتەوە و سەرلەنوێ لە پەیکەرێکی ئیلاستیکی نوێدا خۆی بنوێنێ. پەیکەرێک کە من و تۆ و یەکێکی دی لە قناعەت و قبوڵکردنیجیاوازیەکانەوە تێی بڕوانین و بە فرەڕەنگ پێناسەی بکەین. 

چی دی داوا و گەیشتن بە مافەکان بە گاگۆڵکێ و دەنگێکی لەرزۆکەوە ڕوناکی نابینێت. هەموو دەنگێک، هەنگاوێک دەبێتە تەواوکاری. 
جا هەنگاوەکانیش لەیەکتر ناچن. تاکت، تۆن و خێراییان جیاوازە. هەر بۆیە داوای ژنێکیش لە یەکێکی دی ناچێ. 

ئیدی دەبێت بێگومانبین لەوەی کە مافی داواکردن و ڕێزگرتن لە سەرەتاوە لە خۆدی خۆمانەوە دەست پێدەکات، تا هاوشێوەی بازندەی ئاوگەورەتر و بەرینتر چواردەوری ئاوەدان بکاتەوە. 

ئیتر هەموومان ئەبێ ئەوە بزانین کە فیمینیزم چڕنوکە. چڕنوکێکی بێڕەحمانەیە لەو یاسایانەی کە لە هیچ شوێنێک نەنوسراون، ڕەنگیان نیە. بەلام لە هەمان کاتدا سەپێنراون و پەیڕەو ئەکرێن، بێ گەواهیدەر مرۆڤی لەسەر دادگایی دەکرێ و ئەکوژرێ. 

جا بەڕێزان بیرمان نەچێت کە هەموو گۆڕانکاریەکیش لە بیرۆکەیەکەوە دەست پێدەکات تا بە هاوکاری چەند دەستێک ببێتە واقعێک لە دەرگایهەموو ماڵێک بدات و ببێتە یاسای پەیوەندیەکان.
You sent


08/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر