پەروەردە، گرفتی جیاکاری مناڵی مامۆستا و مناڵانی تر

رەووف محەمەد ئالانی
لەوکاتەوەی من بیرم بێت، پێش تەمەنی منیش گرفتی مناڵی مامۆستا لەقوتابخانەکاندا هەبووە، ئێمەی مناڵی هەژاران ئای چەند دڵمان بەخۆمان دەسوتا، ئەوکاتانەی مناڵێکی مامۆستا لەپۆلەکەمان ئەبوو، چونکە ئەو نازداری پۆل بوو، لای هەندێ لەمامۆستاکان، بە لێوی بەخەندەوەوقسەی خۆشەوە، ڕاوێژی لەگەڵ دەکراوکام شوێنەی پێخۆش بوایە ئەو شوێنە تاپۆی خۆی بوو، جارجارەش نازێکی بەسەر مامۆستادا دەکرد، مامۆستاش بەزەردەخەنەو سەرلەقاندنێک داواکەی قبوڵ دەکرد، وەک چۆن ئێستا مناڵانی بەرپرس خواپێداون و لەهیچیان کەم نیە، کام قوتابخانەو خوێندنگەیان بوێ بەپارە لێی دەخوێنن، پاش چەند ساڵێکیش نەوەیەکی بێ مەعریفەودوور لەزانست دێنە ناو کایەی ژیان وئەوان ووڵات بەڕێوە دەبەن، بۆ ئەو سەردەمەی ئێمەش مناڵی مامۆستا وەها بوون، زۆربەی مناڵان حەزیان دەکرد لەومناڵانە نزیک ببنەوە، ئێستا تێدەگەم لایەنی کۆمەڵایەتی ودەروونی وجیاکاری وچینایەتی ئەوەیان خولقاندبوو.

بەڵام ناکرێ دەست خۆشی لەهەندێ مامۆستا نەکرێت ولەوانی تر جیانەکرێنەوە، کەوەسەردەم وزەمانە خۆیان لەو کارەدزێووناشیرینە بواردووە، چونکە ئەو مامۆستایانە هیجکات نەیان دەهێشت مناڵی مامۆستایان لەئێمەی مناڵانی تر جیاببنەوە، تەنانەت مامەڵەی ناوپۆل وبەشداری پێکردنی وانەکەش، هەر بۆیە ئێمەی مناڵ لە وانەی ئەو مامۆستایانەدا دڵمان زۆر خۆش دەبوو.

من نامەوێ لەشکۆی بەرزی مامۆستایان کەم بکەمەوە، بەڵام وەک مامۆستایەک وچاودێرێکی بواری پەروەردە، ئەوەی لای من وخەڵکانی تر دەبێتە باس وخواس پێویستە هەڵوێستەی لەسەربکەم، بەمەبەستی وەرگرتنی ئاراستەی دروست وچارەسەرکردنیان.

پەروەردەی هاوچەرخ ومۆدێرن، کارلەسەر کەلێنەکانی ناوکایەکە دەکات وناهێڵێت ببنە دەلاقە، چونکە کەوای لێهات دیواری پرۆسەکە بەسەرمناڵان وهەمووئەوانەدا دەڕوخێت کەلەناوئەو بینایەدان، پاشان رەنگدانەوەی بۆسەر هەموو کۆمەڵگە بەخراپ دەکشێتەوەوبەرەو وێرانە ئاراستە وەردەگرێت. 

باسکردن وبینینی ئەودیاردە دزێوەی بۆتە مۆتەکەی زۆربەی مناڵان وگەورەکانیش، بۆمناڵان ئێستایان دەبێتە خەم و ئاڵۆزی وبۆ گەورەکانیش یادەوەری تاڵ، بۆدەبێ مناڵی مامۆستایان خۆشبەخت بن ومناڵەهەژارەکان بێبەخت بن؟ 

ئەومامەڵە نادروستەی لەقوتابخانە وخوێندنگەکاندا دەکرێت، وێرانکردنی پرۆسەی پەروەردەودەروونی تاکەکانە، ئەوان بۆهەردەبێ نمرەکانیان نایاب بێت ولەسەرووی نمرەی ئەوانی تر بێت؟

بۆچی بۆمناڵی مامۆستا ڕەوا بێت بچێتە ژووری مامۆستایان وپێشوازی پڕ خەندەوخۆشی لێبکرێت؟ بەڵام کاتێ مناڵێکی تربەئیشێک دەچێتە نزیک ژووری کارگێڕی یان مامۆستایان، وا دەردەکرێت و دڵی دەشکێنرێت، نازانێ چۆن بگەڕێتەوە پۆلەکەی خۆی، پێدەچی بۆچەند ڕۆژێ ئەو دڵتەنگیە یەخەی بەرنەدات.

تەنانەت نان خواردنی بۆنەکان مناڵانی مامۆستایان جیادەکەنەوە، دایکێک یان باوکێک کەبەڕاستی مامۆستا بن، هیچکات ڕێ بەخۆیان نادەن مناڵەکانیان لەهاوڕیکانیان جیابکەنەوە، بەڵکوکارێک دەکەن کەدڵی مناڵانی تریش خۆش بکەن و جیاکاری نەکەن، ئەوانە بەڕاستی مامۆستان.

(ناپلێۆن پۆنابارت 1769 - 1821)ڕۆڵی ئەوکەس ولایەنانە بەرز دەنرخێنێت کەبەباشی پەروەردە ئاراستە دەکەن، وایان باس دەکات وەک ئەوەی دەرگای زیندان دابخەن ودەڵێت(ئەوەی قوتابخانە بکاتەوە زیندانێک دادەخات).

کەواتە ئەگەربمانەوێت پەروەردە لەوزیندانە دووربخەینەوەوبیکەینە شوێنی ژیان، دەبێت وەزارەتی پەروەردە بەبڕیارئەوجیاوازیکردنەلەنێوان مناڵانی مامۆستایان ومناڵەکانی ترنەهێڵێت وڕێی لێبگرێت، هەموو ساڵێک گلەیی وگازندەی خەڵک دەبیسترێت، بەتایبەتی کاتی وەرگرتنەوەی نمرەی قوتابیان وخوێندکاران، چونکە نادادیەکی زۆربەدیدەکرێت، لەنێوان نمرەی قوتابیان ومناڵانی مامۆستایانی ئەوقوتابخانەوخوێندنگەیانەی ئەوجیاوازیە دەکەن، هەرخۆم ساڵانە ڕووبەڕووی پرسیاری چەندین کەسوکاری قوتابیان بومەتەوە، کە نادادی و غەدریان بۆباس کردوم کەلەمناڵەکانیان کراوە.

قوتابخانەوخوێندنگە پێویستە پڕبێت لەزەردەخەنەوخۆشی، نەک جیاوازیکردنی مناڵانی ناو ئەوژینگە پەروەردەییە.

(فرجیل) هونەرمەندونوسەروشاعیردەڵێت:(منداڵەکە دایکی بە زەردەخەنەکەی دەناسێتەوە)لەمەوە دەردەکەوێت مناڵان هەست بە هەموو جۆرە مامەڵەیەک دەکەن کەبەرامبەریان دەکرێت، وەک چۆن زەردەخەنەی دایکی دەناسێتەوە.

بەوهیوام ئەم وتارە هاندەربێت بۆهەموو مامۆستایان، کە چاودێریەکی ووردی ئەم حاڵەتانە بکەن ونەهێڵن ببێتە دیاردە، لەلایەکی ترلەڕێگەی ئەم بۆچوون وسەرنجانەی منەوە، وەزارەتی پەروەردەوبەڕێوەبەرایەتیە گذتیەکانی پەروەردە، بڕیاروڕاسپاردەی گونجاولەم ڕووەوە دەربکەن، لەڕێگەی لایەنە تایبەتمەندیەکانەوە، چاودیری قوتابخانەوخوێندنگەکان بکەن ورێگربن لەوجۆرە مامەڵە ناردوستەی ناو پرۆسەی پەروەردە.

23/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر