د. سەلاح عەزیز
لەم ساڵانەی دواییدا پەنابردن بۆ"دەوڵەمەندەکان” لە لایەن فەرمانڕەوایانی کوردستانەوە رووی لە زیادبوون کردووە بۆ دابینکردنی دارایی بەمەبەستی دروستکردنی پڕۆژە گشتییە خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێگاوبان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناولێنانی ئەم دامەزراوانە بە ناوی ئەو کەسە دەوڵەمەندانەوە بێت کە سامانەکانیان لەگەڵ ساڵاندا کەڵەکەبوو بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن وگەندەڵی دارایی لە ناوچەکەدا ، بەتایبەتی دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا.ئەم دۆخە پرسیارگەلێک دەوروژێنێت لەبارەی پاڵنەرەکانی ئەوان لە دروستکردنی ئەم بیناسازییانەی کە سوودی گشتیان هەیە.ئایا ئەنجامدانی کارە خێرخوازییەکانیان وەک روماڵێکە بۆ دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا یان ئەم کارانە گوزارشت لەمرۆڤایەتی ڕاستەقینەی دەوڵەمەندەکان دەکات؟ یاخود لەپشتییەوە پاڵنەرە ئاڵۆزەکانی تر خۆیان حەشار دەدەن؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە شیکارییەکی قووڵ و لێکۆڵینەوەی فراوان هەیە بۆ دیاردەی گەندەڵی لە کوردستان و لێکۆڵینەوەی ڕەفتارەکان و ئامانجەکانی ئەوانەی کارە خێرخوازییەکان دەکەن. هەروەها پێویستی بە تێگەیشتنی سیستەمی بەهای کۆمەڵگە هەیە لە کوردستاندا. ئایا کۆمەڵگە پڕۆژەی خێرخوازییەکان پەسەند دەکات بێ گوێدانە سەرچاوە داراییەکانی بەلەبەرچاوگرتنی پێویستییەکەی وبەهۆی کارنەکردنی دامەزراوەکانی حکومەت لە دابینکردنیدا؟ ئامانج لە نووسینی ووتارەکەم تیشکخستنە سەرئەم دیاردەیەیە بەمەبەستی زیادکردنی هۆشیاری هاوڵاتیان وهاندانیان بۆ شیکردنەوەی پاڵنەرەکانی ئەم پڕۆژە خێرخوازییانە، و پەسەندنەکردنیان بێ لێکۆڵینەوە.
گەندەڵکاران" بەئەنجامدانی "چاکە"،هەوڵی پاساوهێنانەوە دەدەن بۆ "کردەوە ناشەرعییەکانیان" وەک ئیستغلالکردنی سامانی گشتی یان دزی، یاخود ساختەکاری، ئەوەش بە بانگەشەکردن بۆخۆیان وەک خێرخوازی بەخشندە کە بەشداری لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا دەکەن. هەروەها "گەندەڵکاران" هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵک و باشترکردنی وێنەی گشتی خۆیان دەدەن لەڕێی ئەنجامدانی کاری "چاکە"، بە ئامانجی پەردەپۆشکردنی گەندەڵی ورەفتارە خراپەکانیان، ودروستکردنی ئەو خەیاڵەی کە لەخەمی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەکەیانن . یان ڕەنگە هەندێک لە "گەندەڵکاران" پەنا بۆ ئەنجامدانی "چاکە" ببەن وەک جۆرێک لە لێخۆشبوون لە گوناهەکانیان، یاخود وەک هەوڵێک بۆ پاساوهێنانەوەی کارە بێ ئەخلاقییەکانیان و ئارامکردنەوەی ویژدانە ئازاربەخشەکانیان.
دەشێت ئامانجەکانی "کاری خێرخوازی" کە گەندەڵکاران ئەنجامی دەدەن وەک خواستیان بۆ بەدیهێنانی یەکێک یان زیاتر لەم دەستکەوتانەی خوارەوە شی بکرێتەوە: شەرعییەتدان بە "کردەوە ناشەرعییەکانیان"، زیادکردنی جەماوەریان لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگە و دەرکەوتنیان وەک "خێرخوازان"، یاخود بۆ کەمکردنەوەی هەستی تاوانبارییان کە لە ئەنجامی "کارە ناشەرعییەکانیان"ەوە سەرچاوە دەگرێت. بە نموونە گریمانە بکەین کە کەسێک سەروەت و سامانەکەی بە هاوردەکردنی کاڵای تێکچوو یان قۆرخکردنی خزمەتگوزارییەک کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی یاخود دزینی پارەی گشتی یان ئیستغلالکردنی پێگەی خۆی بەدەستیهێناوە .وەئەگەر کەسێک لە "کارە نایاساییەکانی" ١٠٠ ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنێت، وهەستا بە دروستکردنی قوتابخانە، مزگەوت، یان نەخۆشخانەیەک بە بەهای ١٠ ملیۆن دۆلار، ئەو "کارە خێرخوازییە" کە ناوی ئەوی لەسەرە، شەرعیەت دەدات بە (!) بەدزیکردنی بۆ پارەی گشتی، لەبری تاوانەکەی کە ٩٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە بۆ کۆمەڵگە.
لە جیاکردنەوەی "گەندەڵکار" و "خێرخواز"دا هاووڵاتیان رووبەڕووی قورسایی دەبنەوە کە بە دروستکردنی نەخۆشخانە یان قوتابخانە، یاخود مزگەوت خزمەتێک پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات، ئەمەش بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و چاودێری کاریگەرانەی حکومەت. هاوڵاتیان بە هەست و سۆزو رادەی پێویستی خەڵک حوکم دەدەن بەسەر "کاری خێرخوازی"دا ، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی پارەکە یان پاڵنەرەکانی "خێرخواز" لەبەرچاو بگرن . زۆرینەی هاوڵاتیان بیر لە لێپرسینەوە لە کەسێک ناکەنەوە لەسەر دزینی پارەی گشتی ووەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان، چونکە گەندەڵکاران خاوەن سەرمایەیەکی گەورەن کە ڕێگری دەکات لە پڕۆسەی لێپرسینەوەیان، لاوازی سیستمی یاسایی کە کارئاسانی بۆ گەندەڵکاران دەکات لە سزای دەربازبوون، و ترسی هاووڵاتی لە تۆڵەسەندنەوە یان هەڕەشەکردن لەکاتی هەوڵدان بۆ لێپرسینەوەی گەندەڵکاران . نەبوونی شەفافیەت و چاودێری حکومەت بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم هەڵسەنگاندنی " کاری خێرخوازی" بە شێوەیەکی بابەتیانە.
دووپرسیار دەخەمەڕوو بۆ گفتوگۆکردن: (1) بۆچی دروستکردنی نەخۆشخانە یان قوتابخانە بوو بە کارێکی خێرخوازیی لە ووڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک کوردستان ؟ (2) ئایا کۆمەڵگە لە کوردستاندا پێوەرێکی ئەخلاقی هەیە بۆ حوکمدان لەسەر بەخشینی گەندەڵکارێک بە نەخۆشخانە یان قوتابخانە؟
وەڵامی من بۆ پرسیاری یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە: گەندەڵی بەربڵاو لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەکی ؛ زاڵێتی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایان بەسەر توانای ئابووری و سامانە سروشتییەکان لە هەرێم کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە تەرخانکردنی بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ پێداویستییەکانی کۆمەڵگە؛ وە نەبوونی شەفافیەت، کەوادەکات هاوڵاتیان بە ئاستەم بزانن پارەی گشتی چۆن خەرج دەکرێت.
وەڵامم بۆ پرسیاری دووەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لە هەڵسەنگاندنی "کاری خێرخوازی”دا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی گەورە دەبێتەوە. لەغیابی پێوەرە روونە ئەخلاقییەکاندا، و ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێک:
•مێژووی پڕ لە کێشە: گەلی کورد بە ئەزموونی سەخت و قورسدا تێپەڕی، وەک جەنگەکان و ئاوارەیی و گەمارۆدان، کە بووە هۆی حاڵەتێکی هەژاری و تەمبەڵی لە کۆمەڵگە و پەسەندکردنی "ڕەفتاری پێویستی” بە هاوکارییە مرۆییەکان. بە واتایەکی تر کۆمەڵگە خووی بە هاوکارییەکان گرت لەبری کارکردنی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی حکومەتەوە بەدەستیبهێنێت.
•نەبوونی هۆشیاری: دوای جەنگی جیهانی یەکەم، کاری خێرخوازی لە شارەکانی کوردستاندا تەنها بۆ چەند خێزانێکی کەم گەمارۆ درابوو، ئەوەش بە بەخشین بۆ دروستکردنی مزگەوت یان پاڵپشتیکردنی خوێندکاران، یاخود چاپکردنی کتێب. سەرەڕای کەمیی هاوکارییەکان، دیدگای کۆمەڵگە بۆ ئەوانەی کاری خێر دەکەن بریتی بوو لە پێزانین و ڕێز. لەگەڵ سەدەکانی ڕابردوو وسەرهەڵدانی دەوڵەمەندەکان، قوتابخانەکان یان نەخۆشخانەکان یاخود ڕێگاوبانەکان بە تێچووی چەند ملیۆن دۆلار دروستدەکرێن. ئەم خێرخوازانە بەهۆی پێویستی خەڵک بەو خزمەتگوزارییانە پێگەیەکی دیار لە کۆمەڵگەدا داگیر دەکەن وەگەشەنەکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر ئەو خزمەتگوزارییەی لەم سەردەمەی ئێستادا پێشکەش دەکرێت کە گەندەڵی و ئیستغلالکردنی سامانی گشتی تێیدا بڵاوبۆتەوە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکان.
•کەمیی بەها کۆمەڵایەتییەکان: وەک دەزانرێت هەموو کۆمەڵگایەک تایبەتمەندی و بەهاکانی هەیە کە تایبەتمەندی ئەندامەکانین. بۆیە کاتێک هاوڵاتییەک سەرپێچی یەکێک لەو بەهایانە دەکات ، کۆمەڵگە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە داوەری دەکات و سزای دەدات تەنانەت گەر لە ڕووی یاساییەوە بێتاوان بێت. بەزۆری سیستەمی پەروەردەیی و رۆشنبیری بونیادی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و لەلایەن میدیاوە بانگەشەی بۆ دەکرێت بە ڕێگەی جۆراوجۆر. لە کوردستان پێشتر کۆمەڵێک بەها هەبوون لەوانە ڕاستگۆیی ،دەستپاکی، ڕێز، متمانە، بوێری و هتد، بەڵام لە ئێستادا هاوڵاتی بەدەست نەبوونی پیادەکردنی ئەو بەهایانەوە دەناڵێنێت. تاک لە خێزانەکەی، قوتابخانەکەی یان کۆمەڵگاکەیەوە فێری گرنگی ئەو بەها کۆمەڵایەتییە ناوبراوانە نابێت و بۆیە ناتوانێ جیاوازی بکات لە نێوان ئەو کارەی پێشکەش کراوە لەلایەن "گەندەڵکار” یان "خێرخواز” یان ئەوەی "قبووڵکراوە” یان "قبووڵنەکراو”.
"کاری خێرخوازی" کە لەلایەن گەندەڵکارانەوە دابین دەکرێت دیاردەیەکی مەترسیدار پێکدەهێنێت کە هەڕەشە لە بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات وڕێگری لە هەوڵەکانی دژە گەندەڵی دەکات، هەر بۆیە چەندین کاریگەری نەرێنی هەیە، وەک:
1)"کاری خێرخوازی" بەشداری لەڕەوایەتیدان بە گەندەڵی دەکات لەڕێی دروستکردنی وێنەیەکی ئەرێنی ساختە لەسەر "گەندەڵکاران" لە مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگەدا، کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
2)"کاری خێرخوازی" شەرعیەت بەو پارە نایاساییانە دەدات کە لە ڕێگەی گەندەڵییەوە کۆدەکرێنەوە، هەروەها یارمەتی "گەندەڵکاران" دەدات بۆ سپیکردنەوەی پارەکانیان.
3)کۆمەڵگە گومان لە هەر کارێکی "خێرخوازیی" دەکات کە پێشکەش بکرێت، کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی دامەزراوە خێرخوازییە ڕاستەقینەکان بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.
4)"کاری خێرخوازی" دەبێتە ئامرازێک بۆگەیشتن بە سەرمایە وپۆستەکان، لەبری ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
5)"کاری خێرخوازی" کەلەلایەن گەندەڵکارانەوە پێشکەش دەکرێت هاندەری پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتی حکومەتەکانە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگە.
6) ڕەنگە ئەندامانی کۆمەڵگە کەمتر مەیلیان بۆ یارمەتیدانی یەکتر هەبێت، کاتێک دەبینن "گەندەڵکاران" پارەیەکی زۆر بۆ "چاکە" خەرج دەکەن.
ئاماژەم بەوە کرد کە لە کوردستاندا کاری خێرخوازی باو بووە لە لایەن ئەوخێرخوازانەی پارەی زەکاتیان دابەش دەکرد وخێرخوازیدا دەیانبەخشی، وهەروەها پێویستییەکی کۆمەڵایەتی هەبووە بۆ بەردەوامبوونی، وئەم ووتارە ئەمانە ناگرێتەخۆ. بەڵکو ئەو کارانە دەگرێتەوە کە گەندەڵکاران لەژێر پەردەی کاری خێرخوازیدا دابینی دەکەن، ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات و رێگری دەکات لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. لەو روانگەیەوە دروستکردنی ئیمکاناتی گشتی بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایە ودەبێت لە رێگەی ئامرازەکانی شەرعی وبەکارهێنانی ئەو پارانەی بەشێوەیەکی یاسایی بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراون ئەنجام بدرێت.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵڵا