چۆن لە عاشورا تێبگەین ؟!

د. سەعید عەلی محمد


هەموو ساڵێكی كۆچیی لەگەڵ هاتنەوەی مانگی موحەڕڕەم پرسیار زۆر دەكرێ : عاشورا چیە ؟ وردەكارییەكانی بۆنەی عاشورا چین و چۆنن ؟ ئیمامی حوسەین چۆن شەهید كراوە ؟ ئەوانە كێن شەهیدیان كردووە؟! ئەو ڕێوڕەسمانە لەو ڕۆژەدا بەڕێوەدەچن تا چ ڕادەیەك ڕەواو دروستن؟! ئایا بڕیاری شەریعەت لە ئاست بكوژانی ئیمامی حوسەین و ئەوانەشی ڕازی بوون بە كوشتنی یان بێدەنگ بوون لەو تاوانە مێژووییە قێزەونە چیە؟!

موسڵمانان بە هەموو تاقم ئاڕاستە و بۆچوونەكانیانەوە سەرجەم كۆكن لەسەر بەرائەت كردن لە بكوژانی حوسەین و خانەوادەكەی ، موسڵمانان كۆكن لەسەر لەعنەت كردن لە هەر كەسێك ڕێحانەكەی پێغەمبەری (د.خ) كوشت یان یارمەتی كوشتنی داوە یان بە كوشتنی ڕازی بووە!

ئیبنو تەیمیە دەڵێ : ( لەعنەتی خوا و فریشتەكانی و سەرجەم خەڵكی لەو كەسەی حوسەینی كوشت یان یارمەتی كوشتنی حوسەینی دا....) .
ئەو بۆچوونە ڕاست نیە كە دەڵێ : موسڵمانان پشتیوانی و لایەنگیریی (یەزیدی كوڕی مەعاویە)یان كردووە لە كوشتنی حوسەیندا ، یان بەرگری لە یەزید دەكەن لەو پرسەدا... تەنانەت (مەدخەلیەكان) كە نەهج و ئاڕاستەی خۆیان لەسەر بنەمای ( قسەنەكردن و بێدەنگ بوون لە هەڵە و لادان و كەموكورتیەكانی دەسەڵاتدارو فەرمانڕەواكان) داڕشتووە پشتیوانی و لایەنگیریی (یەزیدی كوڕی مەعاویە) ناكەن و خۆشیشیان ناوێ چ جای هاوتای بكەنەوە بە ئیمامی حوسەین! (مەدخەلیەكان) دەڵێن : نە لەعنەت لە یەزیدی كوڕی مەعاویە دەكەین ، نە لایەنگیریی و پشتیوانی دەكەین ، نە قسەی پێدەڵێین و نەخۆشمان دەوێ!) بەو پێودانگەی كە لای (مەدخەلیەكان)یش هێشتا بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە بیسەلمێنێ یەزید فەرمانی بە كوشتنی ئیمامی حوسەین كردبێ ، یان ڕازی بووبێ بەجیاكردنەوەی سەرەكەی لە لاشە پاك و خاوێنەكەی ، بەڵكو بە بڕوای ئەوان ئەوەی ئەو تاوانەی ئەنجام داوە تەنها (عوبەیدوالله كوڕی زیاد) و هاوەڵەكانی بوون.

بێگومان بێدەنگبوونی (مەدخەلییەكان) لە (یەزیدی كوڕی مەعاویە) هاوشێوەی بێدەنگ بوونیانە لە ڕەخنەگرتن و سەرزەنشت كردنی (عەبدول مەلیكی كوڕی مەروان) كاتێك لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا كەعبە مەنجەنیق باران كراو (عبداللەی كوڕی زوبەیر) لە پەنای كەعبەدا كوژراو سەری لێكرایەوە و لاشەكەی هەڵواسرا ، بێدەنگ بوونی (مەدخەلیەكان) لە ئاست ئەم ڕووداوەش لەو سۆنگەوەیە كە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە (عبدول مەلیكی كوڕی مەروان) فەرمانی بەوە كردبێ و لەسەریشی ڕەزامەند بووبێ ، بەڵكو ئەوەی ئەو كارەساتەی ئەنجام داوە (حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی) بووە و بەس.

بەڵام مەعلومە كۆی موسڵمانان بەرائەت دەكەن لەو كردەیەی (یەزیدی كوڕی مەعاویە) و، سەرجەمی ئەو تاوانەش كە ئەو كارەساتەی لە شاری كەربەلا لە مانگی موحەڕڕەمی ساڵی 61ی كۆچی ڕوویدا ، لە شەهیدكردنی حوسەین و ژن و پیاوو منداڵی خانەوادەكەی ، دەخەنە ئەستۆی ئەوەوە ، هەروەك چۆن موسڵمانان ئەو بە بەرپرس دەزانن لەو ڕووداوانەی كە لە شاری مەدینەی پیرۆز ڕوویانداو، لەعنەت لێ كردنیشی بەدروست و ڕەوا دەبینن ! لەهەمان کاتیشدا موسڵمانان بەرائەت دەکەن لەو كردەیەی (عبدول مەلیكی  كوڕی مەروان)، وە ئەوەی كە لە پەنای كەعبەدا لە مانگی (جمادی اڵاخرە )ی ساڵی 73ی كۆچی ڕوویدا.

خراپە و عەیبە نیە هەموو مانگێكی مووحەڕڕەم یان هەر كاتێكی تر ئەم بابەت و مشت و مڕە باس بكرێ و بوروژێنرێ و قسەی لەسەر بكرێ ، بەڵام بە ئامانجی چی؟ ئەڵبەتە بەو ئامانجەی وانە و پەندو ئامۆژگاریی لێ وەربگیرێ و ڕاستییەكان ڕوون بكرێنەوە.

لەڕاستیدا عەیبە و ڕەخنە و تێبینی لەوەدایە : ئەم پرس و بابەت و مشتومڕە هەموو جارێك و هەموو ساڵێك بچوك بكرێتەوە و تەنها تەسك و كورت بكرێتەوە لە چۆنیەتی شەهیدكردنی ئیمام حوسەین و، تەنها باسكردنی ئەو تاوانە و ئەو ڕێ و شوێنانە كە لە ئەنجامدانی ئەو تاوان و  كارەساتەدا گیرانەبەر! هەروەها ئیمام حوسەین وا وێنا بكرێ كە لە مەككەوە دەرنەچووە بەرەو كەربەلا تەنها بۆ ئەوە نەبێ كە بكوژرێ !

گومانی تێدا نیە ئەم ڕووداوە یەكەم قوربانیدانی ئیمام حوسەین نەبووە لەپێناوی ئاینی ئیسلام و كاروانەكەی ، بەڵكو شەهید بوونەكەی كۆتایی هاتن بوو بە تەمەنێكی دووردرێژی پڕ لە هەوڵ و كۆشش و خزمەت و دەستكەوتی گەورە بۆ ئەو باوەڕەی هەڵیگرتبوو! ئەو تەمەنی (57) ساڵەی كە ئەو تێیدا ژیا زۆربەی زۆری تێكۆشان و ماندوو بوون بوو لەڕێی ئایینەكەی ، ئیمامی حوسەین عابیدێكی زاهیدی خواویست و دونیا نەویست بوو! دەپرسین : كەسایەتیەكی گەورەی نمونەیی و بێ وێنەی لەو چەشنە دەكرێ تەنها لە عاشورا و ساڵی 61ی كۆچی بچوك بكرێتەوە و یاد بكرێتەوە؟! لە كاتێكدا ئەو دوای قۆناغی مێردمنداڵی (45) عاشورا ژیا و تەمەنی كرد!

باشە بۆ مێژووی حوسەین و ژیاننامە پڕ قوربانی و دەستكەوت و بەرهەمەكەی لە گۆڕ بنرێ و باسنەكرێ؟! ئایا باشترو شیاوتر نیە بە كەسایەتیەكی گەورە و عیملاق و مێژوویی وەك ئیمامی حوسەین کە موسڵمانان بەر لەهەر ڕێوڕەسم و مەراسیمێكی تر بێن ژیاننامەكەی بۆ خەڵكی باس بكەن و ڕوونی بکەنەوە و، ئەو ژیاننامەیە بكرێتە پێشەنگ و سەرمەشق بۆ ژیانی تاك تاكی ئەوانەی خۆیان بە موسڵمان و پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەزانن!

بۆ دەبێ ئیمامی حوسەین لەشێوەی (مەڕێكدا كە بۆ قەسابخانە ببرێ بۆ سەربڕین)  وێناو نمایش بكرێ ؟! لە كاتێكدا ئەو پاڵەوانێك و شێرێك بووە و دوژمنەكانی تۆقاندووە و، نمونەی ئازایەتی و حەماسەت و هێزو شكۆ و بەرخوودان بووە!

لەڕاستیدا ئیمامی حوسەین بەس تەنها لە موحەڕڕەمی ساڵی 61ی كۆچی ستەمی لێنەكرا، بەڵكو بەردەوام ئێستاش لە هەموو مانگێكی موحەڕڕەمی هەموو ساڵێكدا ستەمی لێدەكرێ ، چونكە ژیاننامەكەی دەپێچرێتەوە و باس ناكرێ و تەنها باس لە شەهیدبوونەكەی دەكرێ! ئەمەش بۆ ئەوەی موسڵمانان بێ ئاگا بكرێن و بگەوجێنرێن لە حەقیقەت و ناوەڕۆكی ئەو دینەی كە حوسەین هەڵیگرتبوو، هەروەها ئەو فەلسەفە و ئامانجانەی كە ئەو لەپێناویاندا شۆڕشی بەرپا كرد.

ئیمامی حوسەین مرۆڤێكی زۆر پاك و بێ گەردو نمونەیی بوو، هاوشێوەی بەریی بوونی پێغەمبەر عیسا لەگاورەکان دوور و بەریی بوو لە هەموو تاوان و خراپە و سیفەت و ئاكارێكی ناشیرین و پۆخڵەوات ..

ئەوانەی تەعزیە باری ڕاستەقینەی حوسەینن ئەوانەن كە خۆشیانویستووە و خۆشیان دەوێ ، شوێنكەوتەی بوون و شوێنی دەكەون ، ژیاننامەكەیان كردە سەرمەشق و، ژیاننامەكەی دەكەنە سەر مەشق ، خۆشەویستەكانی حوسەین ئەوانەن بەرائەتیان لە بكوژانی و ئەوانەیش كردووە كە بە كوشتنی ڕازی بوون و بێدەنگ بوون!

لای موسڵمانان زیاتر لەڕووداوی شەهید بوونی (عبداللەی كوڕی زوبەیر) لە پەنای كەعبەدا قسە و باس لەسەر شەهیدبوونی ئیمام حوسەین دەكرێ ، چونكە بەلای موسڵمانانەوە ئیمامی حوسەین زۆر لە عبداللەی كوڕی زوبەیر گەورەترو بەڕێزترە ، هیچ پەرتوك و كتێبێكی مێژووی ئیسلامیش نیە ئاماژەی بەم ڕووداو و تاوانە گەورەیە نەكردبێ ، بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستە ژیاننامەی حوسەین گشتگیرانە تر تەماشا بكرێ و خوێندنەوەی بۆ بكرێ ، ژیاننامەكەی بە تەنها كورت نەكرێتەوە لە كۆتا ڕۆژانی شەهیدكردنەكەی ، بۆ ئەوەی دیمەنەكە بە پاك و بێ گەردی و تەواوەتی وەك خۆی نیشان بدرێ ، بۆ ئەوەی حوسەین بناسرێ ، ئامانجەكەی بزانرێ ، ئەو دینە پاك و بێ گەرد و جوانەش تەرح بكرێ كە ئیمام حوسەین تەمەنی خۆی بۆ تەرخان كرد.  
1

16/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر