د. سەعید عەلی محمد
ئەگەر سەرنج بدەینە ژیانی ڕۆژانەمان هەست دەكەین
وەرچەرخانێكی كۆمەڵایەتیی گەورە هاتۆتە كایەوە ، كە تەواو دژو پێچەوانەیە لەگەڵ
عورف و نەریتی پێشینەكان و ژیانی كۆمەڵایەتیی ژینگەی ڕابردوو، وەرچەرخانەكە بریتیە
لەوەی ئێستاکە زۆرێک لە خێزانەکان وتاکەکانی کۆمەڵگە سكاڵای ئەوە دەكەن پەیوەندیە
خێزانییەكان و دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی گشتی ئەو تام و چێژو نرخ و
كاریگەرییەیان نەماوە كە لە سەردەمانی ڕابردوودا هەیانبووە و، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و
بەتێپەڕبوونی زەمەن كەمترو كاڵتریش دەبنەوە!
لە ژیانی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای ئێستادا ئەندازەیەكی زۆر
پەیوەندیی و سەردانە خێزانییەكان و دانیشتنە كۆمەڵایەتییە گشتییەكان لاواز بوون
یان هەر نەماون ، ئەوەی كە ماوە تەنها كۆمەڵێ دانیشتن و مەراسیمی عورفی ڕواڵەتیی
ناچارییە كە ئەرك و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان فەرزیان دەكەن و دەیانسەپێنن وەك :
ئاهەنگەكانی شایی كردن و دانیشتنی پرسەكان و بۆنە گشتییەكانی تر! كە تەنانەت
ئەوانەی ئامادەی ئەم بۆنە و دانیشتنە تایبەتە ناچارانەش دەبن زۆر ئارەزووی مانەوە
ناكەن تێیاندا و، حەز دەكەن زوو بڕۆنە دەرەوەو باری سەرشانیان سووكتر بكەن! ئەمە
جگە لەوەی كۆبوونەوە و دانیشتنی دۆست و هاوەڵەكانیش چێژو خۆشیەكی ئەوتۆیان نەماوە
و، ئەو كەسانەی كە پێشتر بە هاوەڵ و هاودەم و دۆست و نزیك لە قەڵەم دەدران
لەڕۆژگاری ئێستادا زۆر حەز بە نزیك بوونەوە ناكەن و ئارەزووی تەنیایی و
دووركەوتنەوە و سەرقاڵ بوون بە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیانەوە دەكەن!
هۆكارەكارەكانی ئەم دیاردەیە :
بێگومان هۆكارەكانی پشت پەیدابوونی ئەم حاڵەتە و
تەشەنەكردنی ئەم دیاردە كۆمەڵایەتییە زۆرن ، لەوانەش :
-زیادبوونی
بەرپرسیاریەتیە خێزانیی و حەیاتییەكان.
-بەردەست نەبوونی كاتی پێویست.
-هەڵكشانی ماندووبوونی دەروونیی
و لاشەیی مرۆڤەكان بەهۆی كەڵەكەبوونی ئەركەكانی ڕۆژانەوە.
-زیادبوونی فشارو
ناڕەحەتییەكانی ژیان ، كە ئەمەش قەلەق و بێزاری و بێ تاقەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ
و، خۆی لەخۆیدا ڕێگرە لەبەردەم بەهێزبوون و گەشەكردنی پەیوەندییەكان و جۆشدانەوەی
سەردان و بەسەركردنەوە كۆمەڵایەتیەكان.
-كزبوونی باوەڕو لاوازبوونی
پابەندییە ئاینییەكان و كاڵبوونەوەی نەریت و ئادابە ئیسلامییەكان.
-زاڵبوونی مادییەت و گیانی
ئەنانییەت و بەرژەوەندپەرستی كە هیچ نرخ و ڕەواجێك بۆ بەها مەعنەویی و مرۆیی و
كۆمەڵایەتییەكان ناهێڵێتەوە.
ئەڵبەتە جگە لەو هۆكارانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین : تۆڕە
كۆمەڵایەتییەكان و مۆبایلە زیرەكەكان هۆكاری بنەڕەتی و سەرچاوەی سەرەكی تەشەنەكردن
و پەرەسەندنی ئەو دیاردەیەن ، چونكە ئەنتەرنێت و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان حەزو
ئارەزووە دەروونییەكانی هەمووانی تێركردووە و، تاكەكان هەست بەوە دەكەن شاشەكانیان
لەهەموو جۆرە دانیشتن و قسە و باس و ڕووداو و هەواڵ و وێنە و دیمەن و بابەتێكی تر
تێرو بێ نیازی كردوون ، شاشەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئێستا بەڕادەیەك
هەیمەنەیان بەسەر عەقڵ و هیزرو بیرو هۆش و دەروونی تاكەكاندا كردووە كە لەتوانای
هیچ كەسێكدا نەماوە بتوانێ سەرنجی ئەوانی تر بۆ لای خۆی ڕابكێشێ!
ئەگەرچی ئەو كەسە كەسێكی زیرەك و زمان پاراوو خاوەن
ڕەوانبێژیی و لە باقەتێكی نمونەیی و بێ وێنەش بێت لەدواندن و دەربڕین و
گفتوگۆكردندا... یان كەسێكی ئەدیب و شاعیرو ڕۆماننوسێكی كاریگەریش بێت ، یان
مێژوونووس و چیرۆك نووسێكی عەبقەریی بێت ، تەنانەت ئەگەر توێژەرێكی بواری پزیشكیی
یان فەلەكناسیی یان زانایەكی بە توانای شەرعزانیش بێت!! دەزانن بۆ؟
وەڵام : لەبەرئەوەی ئەوەی لە یوتیوب و سۆشیال میدیادا
هەیە زۆر زیاتر لەوانەی ڕیزمان كردن بەتواناترو كاریگەرترو سەرنجڕاكێش تر و چێژ
بەخشترە! بەتایبەت كاتێك هەمووان خۆیان بە خاوەن زانیاری و مەعریفە و هۆشیاریی
پێویست دەزانن و هیچ یەكێك ئامادە نیە بایەخ بەو ووتە و زانیارییە گرنگ و
دەگمەنانە بدات كە تۆ دەیانخەیتەڕوو لەبواری : (پزیشكیی) و (فیزیا) و (كیمیا) و
(چینەكانی زەوی) و (درێژی ڕووبارەكان) و (هۆكاری بومەلەرزەكان) و (ئەوەی دەگوزەرێ
لە كەش و هەوا) و (فەلەكناسیی) و
(ئەستێرەناسیی)...تاد ، چونكە هەمووان پەنجەیان لەسەر شاشەكانە و ئەو دیمەن و
زانیارییانە دەبینن كە تۆ دەیانبینی و دەیانزانی!
گۆڤاری (زانستی دەروونناسیی كۆمەڵایەتیی) كە گۆڤارێكی
زانستیی ئەكادیمیی باوەڕپێكراوی مانگانەیە و گرنگی بەبڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانی
بواری زانستی دەروونناسیی كۆمەڵایەتیی دەدات و بارەگاكەی لە شاری (فیلادلفیا)یە لە
ویلایەتی (بەنسلفانیا)یە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەم گۆڤارە ساڵی 2022 توێژینەوەیەكی
بڵاوكردەوە بەناونیشانی (كاریگەری تەكنۆلۆژیا لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان)،
لە توێژینەوەكەدا هاتووە :
گەشەكردنی خێرای تەكنۆلۆژیا و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی
ئامێرە زیرەكەكان و ئامڕازەكانی پەیوەندیی كاریگەری و ئاسەوارێكی ئێجگار گەورەی
لەسەر جۆری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەجێهێڵاوە!!
توێژینەوەكە دەڵێ : سەرەڕای ئەو ئاسانكاریانەی كە تەكنۆلۆژیا پێشكەشیان دەكات بۆ
خێراكردنی پەیوەندییەكان و نزیكبوونەوەی نێوان مرۆڤەكان ، لە هەمان كاتدا ئەم
تەكنۆلۆژیایە بۆتە هۆی كۆمەڵێك هەڕەشە و ئاسەواری خراپ بۆ سەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان!!
لەوانەش :
كاڵبوونەوەی پەیوەندییە كەسییەكان ، هەڵكشانی حاڵەتەكانی
دوورەپەرێزیی و دووركەوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان ، بڵاوبوونەوەی چەندین دیاردەی
مەترسیداری وەك : گێچەڵی ئەلیكترۆنی و شێواندنی زانیارییەكان! توێژینەوەكە لەكۆتاییدا
داوای ئەوە دەكات هاوسەنگی تەندروستی پێویست بكرێ لەنێوان بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا
و پاراستنی پەیوەندییە كەسیی و كۆمەڵایەتییەكان.
ماوەتەوە بڵێم : ئەركی سەرشانی هەر یەكێك لە ئیمەیە هەوڵ
و كۆشش و ماندووبوون و كاتێكی زیاتر بە ڕەنج بدەین بۆ پاراستن و بەهێزكردنەوەی
پەیوەندییە گشتییەكان و گەرمكردنەوەی دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان ، هەروەها زیاتر
برەو بدەین بە بەشداری كردن و سازدانی چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و خێزانییەكان ،
كە ئەمەش لێمان دەخوازێ جارێکی ترو سەرلەنوێ پەیوەندییە ڕۆحیی و پابەندییە
ئاینییەكانمان تازە و دەمە زەرد بكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بە تواناكانمان
بدەین لەبواری چۆنیەتی بنیاتنانەوەی یەیوەندیی و دۆستایەتی و ئیدارەدانی
پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوروبەر و نزیكەكانمان.