د. سەعید عەلی محمد
ئەوەی تەکنۆلۆژیا لە جیهانی مرۆڤایەتی ئێستادا هێناویەتیە کایەوە لە خەون دەچێ ، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە تەکنۆلۆژیا سەرجەم ئافەت و پەتاو نەخۆشیەکانی سەرگۆی زەوی بنەبڕ بکات ، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە تەکنۆلۆژیاو ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان تەمەنی مرۆڤەکان زۆر زیاتر لەوەی ئێستا هەیە درێژتر بکاتەوە ، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بەیەک کلیک خۆی لە جێگایەکدا ببینێتەوە زۆر جیاوازتر بێ لەو جێگایەی چەند ساتێک پئش ئێستا خۆی تێدا دەبینیەوە ، هەروەها مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە بیر لەوە دەکەنەوە بێ دەستێوەردانی کەسانی تر توانای دیاری کردنی ( بۆهێڵەکان و کرۆمۆسۆمەکان ) ی خۆیانیان هەبێ !
لەم جیهانە خەون و خەیاڵەی تەکنۆلۆژیادا و ، لەسەرووبەندی دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی پرۆسەی خوێندن لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەلێکی گرنگە گەنج و لاوەکان جگە لەبواری مەعریفە ، تواناو بەهرەکانیشیان لەبواری تەکنۆلۆژیاو بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکاندا زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن ، بەتایبەت کەڕێژەیەکی زۆریان لەقۆناغی ئامادەییەوە بەرەو قۆناغی زانکۆ هەنگاو دەنێن کەئەمەش زەرورەتی شارەزابوونیان لەزانستی تەکنۆلۆژیادا - کەیەکێکە لە پێویستیەکانی سەردەم - چەند بارە دەکاتەوە !
گومانی تێدا نیە شارەزا بوون و قاڵبوونی زیاتر لەبواری تەکنۆلۆژیا ڕەگەزێکی سەرەکیی وبنەڕەتیە لەدیاری کردن و زامن کردن و ڕەنگ کردنی بەشێکی گەورە لە داهاتوو و چارەنووسی قوتابیە لاو و تازە پێگەیشتووەکان لەم سەردەمەی ئێستادا ! ئەڵبەتە ئێمە بەحوکمی ئەوەی کارو پیشەمان فێرکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکی مەعریفیی و ئەکادیمییە لە نێو ناوەندێکی باڵاو دامەزراوەیەکی گەورەی زانستیی ئەکادیمیی وەک زانکۆدا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی هەرە زۆری قوتابیانی زانکۆو ناوەندەکانی خوێندن لەبواری تەکنۆلۆژیادا لاوازو کۆڵەوارن و شارەزای بەکارهێنانی دروستی ئامێرو ئامرازو سەکۆ زانستیە فێرکارییە ئەلیکترۆنیە زیندووەکان نین و ، بگرە هەندێ جار بێ تواناو ناشارەزاشن لە چۆنیەتی وەدەستخستن و ڕاکێشان و سوود وەرگرتن لە کتێب و سەرچاوە زانستیە ئەلیکترۆنیەکان !
بئ گومان دەکرێ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە ئاسان بێ ، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە مرۆڤی خوێندەوارو ڕۆشنبیر هەر کەسێک بێت و لەهەر ئاست و چین و توێژێک بێت ئەگەر ئاشنای جیهانی تەکنۆلۆژیای سەردەم نەبێت و ، شارەزای بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیە زیرەکەکانی بواری خوێندن و فێرکردن و وانە وتنەوە نەبێت سوود و دەستکەوت و هەلێکی زێڕینی گەورە لەدەست دەدات ، ئەمە جگە لەوەی ئەم کەسە لەلای شارەزایان و پسپۆڕانی ( گەشەی مرۆیی ) و بەپێی پێوەرە ئەکادیمییە جیهانیەکان بە کەسێکی ناشایستەو ڕۆشنبیرێکی نەخوێندەوارو تەمبەڵ لەقەڵەم دەدرێ !
لەتازەترین ئاماردا کە ( بانکی نێودەوڵەتیی ) ئامادەی کردووە ئاشکرا بووە کە ڕێژەی 85%ی ئەرک و وەزیفەو بوارەکانی کارکردن لە داهاتوودا پێویستیان بە ( تواناو لێهاتوویی و شارەزایی ئاست بەرز ) هەیە لەبواری تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوودا ، کەدیارە ئەمەش گرنگی و زەرورەتی خۆئامادەکردنمان بۆ ئەو قۆناغە بۆ دەردەخات ، بۆیە پێویستە قوتابیان لەهەموو ئاست و قۆناغەکاندا لەئێستاوە لەهەوڵی خۆ بەهێزکردن و بەرەو پێش بردن و گەشەپێکردنی زیاتری تواناکانیان بن لەبواری تەکنۆلۆژیادا ، ئیتر ئایا لەڕێی بەشداریکردن لە خولە تایبەتەکانەوە بێ ، یان لەڕێی ئەو کتێب و سەرچاوە پەیڕەوییانەوە بێت کە زانکۆکان و دەزگاو دامەزراوە تایبەتەکان ئامادەیان کردوون .
مەعلومە شارەزایی قووڵ لەبواری بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیادا بەتایبەت لە پرۆسەی خوێندنی باڵادا ئامرازێکی نزیک و ڕێگایەکی هەرە زیندوو و کاریگەرە کە یارمەتی قوتابیان و کەسە ئەکادیمیەکان دەدات لە داواکاریەکان و پێشهاتەکان و گۆڕانکاریەکانی ( بازاری کار ) دانەبڕێن و دوانەکەون.
بەپێی توێژینەوەیەک کە ( کۆربەندی ئابووریی جیهانیی ) بڵاوی کردوەتەوە پێشبینی دەکرێ تاساڵی ٢٠٣٠ زەرورەتی شارەزابوون لەتەکنۆلۆژیای سەردەمدا ڕێژەی %55 تێپەڕێنێ ، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی داواکاریی لەسەر تواناکانی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد و شیکردنەوەی ژمارەو داتاکان.
لەڕاستیدا زۆربەی توێژینەوە ئەکادیمییە جیهانیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنان لەبواری فێربوونی تەکنۆلۆژیادا دەکەن و تواناو بەهرەی لاوەکانیان لەبەکارهێنانی تەکنۆلۆژیادا زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن ، ئەو وڵاتانە توانای داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردن و هەڵکردنیان لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانیەکاندا زیاترو فراوانترە ! لەبیریشمان نەچێ گەشەدان بە مەعریفەی تەکنۆلۆژیی لە قۆناغی ئێستادا هەنگاوێکی هەرە گرنگ و سەرەکیە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێزو پێشخستنی وڵات و کۆمەڵگە ، لە ئێستاوە دەبێ گرنگی دان بەو بوارە خەمێکی هەرە گەورەی دەسەڵات و کۆمەڵگەو نوخبەی ئەکادیمیی بێت
لەپێناو زامن کردن و دەستەبەرکردنی چارەنووس و داهاتوویەکی ڕووناکترو پرشنگدارتر بۆ نیشتیمان و نەوەکانی داهاتوو .