"لە زەعیم صدیقەوە تا دارو دەستەی ئەمڕۆ"

ئامانج نوری

بەر لە ٦۱ ساڵ، سوپای عیراق بەفەرماندەیی "زەعیم صدیق"، خراپ تێکشکا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا.

بەرەبەیانی ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، بەڵام شەست ویەک ساڵ لەمەوبەر، دانیشتووانی شاری سلێمانی بەدەنگی جاڕی بڵندگۆکانی سوپا بەخەبەر هاتن، کەئەیانووت؛ لەماڵەکانتان بمێننەوە، هەرکەس بێتە دەرێ تەقەی لێ ئەکرێ.

پشکنینی ماڵ بەماڵی شار و ڕەشبگیر دەستی پێکرد، بەدەم تەقەیەکی زۆرەوە، هەموو ئەوانەی چووبونە دەرێ، شەهید کران.. هەندێک لەبەر درێژەدانی قەدەغەی هاتوچۆ، لەباخچەی ماڵەکانی خۆیان نێژران.. زۆربەی پیاوانی شار لەتەویلەی"ئەستەبڵ" وڵاخەکانی حامییەی سلێمانی "پارکی ئازادی ئەمڕۆ" توندکران، چەندین ڕۆژ بەبێ نان و بەبێ ئاو. زۆربەیان لەدەشتەکەی پشت حامیەوە گوللەبارانکران و ژێر گڵ خران، بەبێ سۆراخ، تا ئەو کاتەی سەگ بەبۆندا خۆڵەکەی هەڵدابووەو كەسوکاریان پێیان زانین.

ژمارەیەکیش لەگیراوەکان چانسی مانەوەیان هەبوو، دواتر لەژێر فشاردا ئازادکران.

هەرکەس مەبەستێتی ناوی شەهیدەکان بزانێت، با ئەمڕۆ سەردانی مۆنۆمێنتەکەیان بکات لەناو پارکی ئازادیدا، بەڵام گوڵێکی سوور وەک خوێنەکەیان، یان مۆمێک لەسەر مەزارەکەیان دابنێ.

ئەو ڕۆژانە، زەعیم صدیقەکان، بەکۆمەڵکوژیی پیاوان و گەنجانی شار، ویستیان ئیرادەی سلێمانی، سومبولی گەلێک بشکێنن، کەنەیانتوانی.
ئەمڕۆو لەهەمان ڕێکەوت، دەستەو دائیرەی شار، ئەنفالی شاخ و گردو جوانیی و مێژووەکەی و رەمزەکانی ئەکەن، شاڵاوی بەبیابانکردنی تۆبۆگرافیای خاک و دیمۆگرافیای دانیشتووانەکەی بەرپا ئەکەن، لەناوبردنی گۆیژەی سەربەرزو بەرزاییەکانی بەبەرنامەو بەیاسایەکی ناهاوسەنگ وناجۆر، بەمنەتەوە، وەک مێخ لەدڵ و دەروونی خەڵکەکەی ئەچەقێنن!

سلێمانی غەنیمەی جەنگ نییەو کەوتبێتە دەست ئەحزابی کوردی.. 

لەم شارەدا، ۸٠٠ کۆمانیا مایە پووچن، بازاڕ تەواو تەپەیوە، دەیان زەوی نایابی ناوشار دەستیان بەسەرا گیراوە، لەباروتخانەی تاسوجەوە بۆ نزیک عەربەت تا بناری گۆیژەو بەرەو دۆڵەڕووت، لەشێرکوژەوە تا کەنەکەوە، فاتیحای بۆ بخوێنن!

گەنجانی شار یان لەکافێکاندا دووکەڵ ئەیانخنکێنێ لەبێکارییدا، یان لەباشترین حاڵەت بەسەر ماتۆڕی دیلیڤەرییەوەن یان سکیوریتین..
چوار کەسی شارم پێ بڵێن کەپێگەی بەرپرسیارێتیان هەبێت لەبڕیاردان و بەڕێوەبردنی شاردا، چواریش لەپێگەی پارێزگای حزبەکانتاندا.. شارچێتی نییەو حەقیقەتە!!

گەنج و پیرو لاوی شار لەڕاپەڕیندا شاریان ئازاد نەکردو تەسلیم بەئێوەی بکەن، تا بەم دەردەی بەرن.

پرسیارێکیش قوت ئەبێتەوە؛

ئەوێ ڕۆژێ ئێوە لەکوێ بوون کەخەڵکی شار ڕاپەڕی؟

لەدەستەی هێرش بوون یان لەنایت کڵەپ و شەقامەکانی ئەوروپا؟ یان لەئۆردوگاکانی کەرەج و ڕاژان؟ کەئەمڕۆ بەجورئەتەوە ئیمزای سڕینەوەی شارێک ئەکەن!

سلێمانی هێندە ترسنۆک و بێباک نییە، بێدەنگ بێت.. 

زۆرێک پێش ئێوە، لەو بێدەنگییەی دۆخەکە نەگەیشتن و ئەنجام؛ خۆیان سڕدرانەوە!

وای ئەبینین، پێنج و دوو ڕۆژێکەو نامەی ئەعمال ئەدرێتە دەست هەمووان، دەنگێکی زوڵاڵ ئەبیستین لەهەڵبژاردنی داهاتوودا "مەعلومیشە هەموو لایەکتان چەند لێی تۆقیون".. کەنەخشەی سیاسی لەهەرێمەکە سەرەو ژێر ئەکات، بەڵام هەر لەم شارەوە زایەڵەی دێ..

"زەعیم" ئەنفالی مرۆیی کرد، دەسەڵاتدارانی ئێستە ئەنفالی سروشت وخاک.. 

باش ئەبێت ئەگەر بەزوویی بیرێک بکەنەوە!

وەک عەرەب ئەڵێ؛ 
"قبل ما ینگاح الفأس علی الرأس"

09/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر