چەپی نوێ لە کوردستان.. چۆن و بۆچی؟

ئامانج نوری
تێبینییەکی پێویست؛ 

ئەم زنجیرە نووسینەم، سێ ڕۆژ پێش پێنجی ڕەشی ئەیلوول نووسیوە، کە ئۆفیسی دەزگای چاودێر بەهێزی سەربازیی دەستی بەسەرداگیراو داخرا، پێچەوانەی یاساکان و دەستوورو حوکمڕانییەکی ڕەشید. 

هەر بۆیە بڕیارمدا کەوەک وەڵامدانەوەیەکی دروست، یەکەم نووسین بێت لەسایتی چاودێر بڵاو بکرێتەوە، بەئاڕاستەی  بەردەوام بوون لەسەر دیالۆگ و فکرو ڕۆشنگەری بەو پەڕی ئازادییەوە. 

بەشی یەکەم

"پێشەکی"

چەپی نوێ ئەبێت پێناسە بکرێ، بۆئەوەی بتوانرێ تێڕوانین و کاری چەپە نوێیەکان ئاشنا بکرێ بەتاکی کۆمەڵگە، لەسەر ئەو بنەمایەش قەزاوەت بکرێ، کەئایا بەدروستی چەپی نوێ وەک پێویستی قۆناغەکەو هەل ومەرجەکە بابەتی یە، یان جوڵانەوەیەکی ڕاگوزەرو ئامانج سوڵتەویین.

بەدروستی پێویستە کە چەپی نوێ لەکوردستان، چەپی ئەو ڕاستە بێت کە هەرێمەکەی بەرەو دواوە بردۆتە قۆناغێک لە ئاڵۆزیی، لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەو تاک، کە ئەستەمە چیتر بەردەوامیی پێ بدرێت.

لەڕووی ماف و ئەرکی ئابووری و ژیان ویەکسانی کۆمەڵایەتی و دادو بەشداریی و کارایی و دەرفەت بۆ چالاکییە جۆراوجۆرەکان، وەک تاکی بەشدار، لە قەوارەی هەرێم و عیراق.

بۆ هەر یەکێک لەوانەش شیکردنەوەو لێکدانەوەی زۆر هەڵ ئەگرێت.. 
چەپی کام  ڕاست؟ 

چەپی ئەو ڕاستە بێت کە بەرژەوەندی خواز و پاوانخواز و کۆکەرەوەی هەمووشتێک ، لەبازنەی کەمینەیەکی ناجۆری داراو دەسەڵاتدارو خاوەن هەژموون، لەسەر حیسابی چینێکی قەبەو زۆرینەی کەنارخراوی هەژار، لەگەڵ چینێکی تری ناوەندو بەرتەسککراوەی بێدەسەڵات. 
چەپی ئەو ڕاستە بێت کەلەمپەڕی بەردەم گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی وفکرو ئازادییەکان و مافەکانی ژنان و پەروەردەو تەندروستی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و یاساو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و هوشیار کردنەوەو گەشەپێدانی تاکی بەرهەمهێنە. 

چەپی ئەو ڕاستە بێت کە لەبری دەسەڵاتێکی دیموکراسی و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی مۆدێرن ودەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی ، پێچەوانەی ڕەوتی سیاسی و نیشتمانی گرێدراو  بەقۆناغی ڕزگاری نیشتمانی لەکوردستان، دابڕانێک دێنێتە کایەکە، بەئاڕاستەی  دەسەڵاتی خێڵ وقەبیلەو خێزان و ئایین و مەزهەبگەرایی  خۆسەپێن، و جیاکاریی ڕەگەزیی، وەک جیگرەوەیەکی ناتەندروست و نامۆ بەم قۆناغە ڕاگوزەرەی کۆمەڵگەی کوردستانیی، پێچەوانەش لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی مێژوویی گەلان، لەجیهانی پێشکەوتوودا، کەئەوەش میکانیزم و ستراتیژی تێکشکاندنی بنیاتی تاکی کۆمەڵگەیە، لە دواجاریشدا   ئامڕازەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنان  لەوڵات و کۆمەڵگەدا تێک ئەشکێنێ وبەهەدەریان ئەدات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی بەرهەمهێنانیش لێکدابڕاو و پەرت ئەکات. 

بۆیە گرنگە ڕوونبێت چەپی کام ڕاستیەیە ..

قەتیسمان لەدەق و کتێبە فەلسەفییەکان، کەوتنە نیقاشی بێسوود، خولانەوە لەبازنە بەتاڵەکاندا، کە نەخۆشییەکە هەم ئەو ڕەوتانە بەلاڕێدا ئەبات، هەم تەمەنی ڕاستەکانیان درێژ ئەکاتەوە. 

فەلسەفەی ئیدارەدانی چەپی نۆێ لەئاییندەدا ،  لەبەر ڕۆشنایی وەڵامی هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسکران، زۆرگرنگە ڕوون و ڕاشکاوانە بێت بۆ دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن لەهەرسێ دەسەڵاتەکەدا ، ستراتیژی کارو بیر و تەکتیک ، تێکەڵ نەکرێن، لێبڕاوانە و بڕوای چەسپاو خەسڵەتی پێڕەوانی چەپی نوێ بێت.

هەوڵ ئەدەم دیدی خۆم لەسەر خوێندنەوەیەکی دروست و لەسەر بنەمای فکریی و زانستیی بەڕێوەبردن و دابڕاو لەبەرژەوەندخوازیی و گرێدراو بەبەرژەوەندی گشتی و تاکی کۆمەڵگە، بخەمە ڕوو "کە چەسپاوە لام" ، نەک کۆپیکردن و لاسایی کردنەوەی فۆڕمی چەپگەرای باو لەوڵاتانی ئەوروپا، کە بونیادی ئەو فۆرمانە بەپێی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و ڕەگەزەکانی ئابووری و چینایەتی تایبەت بەخۆیان نەخشەسازی بۆ کراوە. 

بڕوام وایە هەر فۆرمێکی نوێ، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەو ڕووانەوە بەهەند وەرنەگرێ، ئایندەو بەرهەمی نابێت.. 

ئەوەی گرنگە کە تێبگەین لەم دۆخە ناجۆرەی قەیرانی فکرو بیرکردنەوەو وتاری کۆمەڵایەتی وسیاسی وفکری دا، ڕەهەندی فکری و واقعییەتی بابەتی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی لۆژیک و ئیدارەدانی هاوچەرخی چەپی نوێ لەکوردستان،   بەئاڕاستەی کرانەوە بخەینە بازنەی دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ هێنانە کایەی دەوڵەتدارییەکی تەندروستی گەشەسەندوو، بۆ ژیان و گوزەران و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەرهەمدار بۆ هەموو تاکەکان، بەبێ جیاوازیی ڕەگەزیی وئاینیی و چینایەتی، لەسەر بنەمای یەکسانیی و دادی کۆمەڵایەتی ومرۆڤبوون..

08/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر