دادگای فیدراڵی و سەری مارەکە

شوان محه‌مه‌د

لە ١٥ ی شوباتەوە، ساتی دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرۆسەی نەوتی هەرێمەوە کە یاسای نەوت و گازی هەرێم بە نا دەستوری ناوزەد دەکات و، داوای رادەستکردنی نەوتی هەرێم دەکات، هیچ کاتێک هێندەی ئەم ماوەیە، هەرێم نەکەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی وا گەورەوە کە پێشبینی نەمانی تەواوی لێدەکرێت.

دەرچوونی ئەو بڕیارە خۆی لە خۆیدا هەڕەشە نییە بۆ لە ناوچوونی هەرێم، بەڵکو هەڵوێست و مامەڵەی پارتی بە پلەی یەکەم و یەکێتی و گۆڕان بە پلەی دووەم کە پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتی پارتی دەکەن لە مەڕ ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هەڕەشەن لەسەر ئایندەی سیاسی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی و ئیداری کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ ەوە دامەزراوە.

ئەو بانگەشەیەی پارتی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەیکات کە هەڕەشەیە لەسەر سیستەمی فیدراڵی و دروستکردنی فۆبیایەک کە گەر ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت، هەرێم هەڵدەوەشێتەوە، درۆیەکی گەورەیە، چونکە پێش گرتنەبەری سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ لە ٢٠١٤دا و، بە دیاریکراوی دۆخی هەرێم لەدوای رووخانی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا تا ٢٠١٤ کە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی لە ئارادا نەبوو، باری ئابوری زۆر باشبووە و، لە رووی سیاسیشەوە  قەوارەی هەرێم لە ئێستا زۆر بەهێزتربووە و، لە ناوچە جێناکۆکەکانیش کورد زۆر لە ئێستا باڵادەستربووە. 

لە دوای ساڵی ٢٠١٢ کە داوایی یاسایی لەسەر نەوتی هەرێم تۆمار کراوە تا رۆژی ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢، رۆژی دەرچوونی  بڕیاری رادەستکردنی پرۆسەی نەوتی هەرێم بە حکومەتی ناوەندی، دەرفەتێکی زۆر لە ئارادابووە کە هەرێم چارەسەری ئەم کێشەیە لەگەڵ بەغدادا بکات، بەڵام گەر هۆکارێکی بگەڕێتەوە بۆ دەرنەچوونی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەمە هەرگیز پاساو نییە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە جدی نەچووە بەدەم ئەم داوایەوە، هۆکارێکی ئەگەر رێزنەگرتن لە کات بێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، کە وەک کەلتوری لێهاتووە، هۆکاری سەرەکی نەچوون بە دەم ئەم داوایەوە و چارەسەرنەکردنی، زۆر بەراشکاوی نەبوونی شەفافەیەتە لە پرۆسەی نەوتی هەرێمدا، کە هەر ئەم هۆکارەشە لە ئایندەدا تەحەکوم بە سیاسەتی هەرێمەوە دەکات و دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەی.

لە دوای دەرچووی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە، ئەوەی لە سیاسەتی سەرۆکایەتی حکومەت و سەرکردەکانی پارتی و بە موبارەکەی یەکێتی و گۆڕان بەدیدەکرێت، ئامادەنین بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێبکەن، هۆکاری سەرەکی ئەم پرسەش نەبوونی شەفافیەتە لە پرۆسەی نەوتی هەرێمدا، گەر ئەمە هۆکارەکە نییە چەند ساڵە بە ئێستاشەوە، کێ رێگرە لەوەی حکومەتی هەرێم تێکڕای پرۆسەی نەوتی هەرێم و داهاتی بەرێتە پەرلەمانی کوردستان و شەفافبێت لەبەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، کێ رێگربووە لە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی ٢٠١٥ ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازیەکانی کوردستان؟ کێ رێگربووە کە دەزگا چاودێرییەکانی هەرێم وردبینی لە پرۆسەی نەوت و گازی هەرێمدا بکەن؟

کرۆکی رەتکردنەوەی حکومەتی هەرێم بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەپرسی نەتەوەییە و نە هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێم، بەڵکو نەبوونی شەفافیەت کە زیاتر لە دە ساڵە بۆتە مایەی ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کوردستان و، دۆزی گەلی کوردی لە پرسی نەتەوەو نیشتمانەوە وەرچەرخاندووە بۆ بەرمیلێک نەوت.

بڕیاری دادگایی فیدراڵی عێراق، دانانی خاڵە لەسەری دێڕ و چیتر زەمەن لەبەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێمدا نەماوە نە بۆ پشتگوێخستن و نە بۆ مانۆری سیاسی، هەر بۆیە چەند بژاردەیەک لەبەردەم دەسەڵاتدارانی پارتی و سەرۆکی حوکمەتەکەیدایە، کە یەکێکیان هێنانی سەرجەم دۆسیەی نەوتە بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان و رای گشتی هەرێم، بۆ ئەوەی گەر شەفافن ئەوا خەڵکی کوردستان بەرگریان لێبکات ونوێنەرانی خەڵکی کورستان بڕیار لەسەر شێوازی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا بدات، کە دیارە پارتی ئەم کارە ناکات، چونکە دەرفەتێکی زۆر لە ئارادابووە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەنگاوە بنێت!.

گەر دەسەڵاتدارانی پارتی هیوای زۆر هەڵچنن کە ئەو پەیوەندیەی لەگەڵ ئەمەریکا و رۆژئاوادا هەیانە، فریایان دەکەوێت و لەم تەڵزگە گەورەیە لەگەڵ بەغدادا رزگاریان دەکات، خۆ ئەم کێشەیە لە ٢٠١٢ ەوە هەیە چەندجاریش لەگەڵ نوێنەرانی ئەو وڵاتانەدا باس کراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

بژاردەیەکی تری بەردەم هەرێم کە بژاردەیەکی مەترسیدارە، بژاردەی " سەری مارەکەیە " کە تورکیایە و، راکێشانی ئەو وڵاتەیە بۆ ناو کێشەکە و پشتبەستنی پارتییە پێی وەک رزگارکەرێک لەم تەڵزگەیە، لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە خۆی بەشێکە لە ناشەفافەیەتی نەوتی هەرێم.

لە گرتبەری بژاردەیەکی لەو شێوەیەدا کە گریمانەیەکی بەهێزە، هەرێم رووبەڕوودەکاتەوە لەگەڵ بەغداو بەرامبەر شیعەی عێراق بەتایبەتی وەلائییەکانی شیعە، تا دەگاتە بە ئێران کە هەر شێوە دەستوەردانێکی راستەوخۆی تورکیا رەتدەکەنەوە.

 گرتنەبەری بژاردەیەکی لەو شێوەیە لەلایەن پارتیەوە، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هەڕەشەیەکی تەواو جدی دەکاتەوە، بژاردەیەک لەو شێوەیە نەک بە تەنها مەترسی هەڵوەشانەوەو دابەشبوونی هەرێمی لێدەکرێت بۆ دوو کانتۆنی تورکی و ئێرانی، بەڵکو مەترسی هەڵگیرسانی ناکۆکیەکی توندی تورکی و ئێرانیشی لێدەکرێت کە رەنگە ببێتە مایەی شەڕ و، سوتەمەنیەکەشی خەڵک و خاکی هەرێم بێت، بۆیە بژاردەی "سەری مارەکە" زۆر مەترسیدارە.
    


09/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر