کێ بەرپرسە لە پەلاماردانی کچانی سلێمانی ؟؟

شوان محه‌مه‌د

ئەوەی بەرامبەر کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەتی بەرامبەر شاری سلێمانی دەکرێت و ناوبانگی دەزڕێنرێت، ئەو ژینەگەیە کە لەم کۆمەڵگایەدا خولقێنراوە، هەر ئەو ژینگەیەشە کە لەم رۆژانەدا پاڵ بەسەدان گەنجەوە دەنێت، دەستدرێژی بکەن سەر کیژۆڵەیەکی گەنج کە تاوانەکەی تەنها ئەوە بووە، بچێت تەماشای نمایشی ماتۆرسکیل بکات.

ناوەندی ئاینی و سیاسی و میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا پشکی شێریان بەردەکەوێت، لە پێشاندانی وێنەیەک لەسەر سلێمانی کە بۆتە شوێنی " بەرەڵایی ".

مێژووی دوور و نزیکی ئێمە لە سلێمانی و، لە باشوری کوردستانیش بە گشتی کەسانی وەک نالی و شێخ رەزای تاڵەبانی و وەفایی و حاجی قادری کۆیی و پیرەمێرد و مەلا کەریمی مودەریس و عەلادین سوجادی و مستەفا زەڵمی و، مەسعود محەمەد و کەمال مەزهەر، دەمڕاستی بوون، بەڵام لە ئێستادا د. عەبدولواحید و د. عەبدولەتیف سەلەفی و، مەلا هەڵۆ و مەلا مەزهەر و چەندانی تر دەمڕاستینی، کێ بەرپرسە لە گەورەکردنی ئەم "ناوانە"، جگە لەو ژینگەیەی لە کوردستاندا بۆ ئەمانە دروستکراوە، کێ رێگا دەدات بەمانە بە زمانێکی زبر و توندڕەو چەند ساڵێکە هێرشبکەنە سەر واقعی کۆمەڵگای ئێمە و ئازادییەکانی و، سەر ژن و لە پێگەی کەم بکەنەوەو هەموو هەوڵێک بدەن تا بیانگڕێنەوە بۆ نێو چواردیواری ماڵ، هاوشێوەی حوکمی تاڵیبان.

کێ بەرپرسە لە گەورەکردنی ئەم کەسایەتییە ئاینیە توندڕەوانە، لەسەر حسابی کۆمەڵێک پیاوی ئاینی میناڕەوی رۆشنفیکر، گەر فەزای سیاسی و میدیایی ئێمە نەبێت!.

کێ دەرگای میدیاکانی بۆ کردنەوە کە بە ئارەزووی خۆیان دەست بۆ کۆمەڵگاو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی نێوان تاکەکانی خێزانیش بەرن، کێ کەناڵی بۆ کردنەوە؟ کام کەناڵ هەیە کە ئەمانەی بانگهێشتی بەرنامەکانی خۆی نەکردبێت؟

کام حیزب و سەرکردەی سیاسی و دەزگای ئەمنی هەیە، یارمەتی دارایی بۆ ئەم پیاوە توندڕەوانە خەرج نەکردبێت و، دژی یەکتری هانتان نەدابن و گرەوی هەڵبژاردنتان لەسەر نەکردبن و، لە پێدانی ئیمتیازاتیشدا نەک تەنها بەخۆیانەوە وەستابن، بەڵکو بەشی مناڵەکانیشتان داون.

چەند ساڵێکە لەلایەن ژمارەیەک سیاسی و پەرلەمانتارەوە هێرش دەکرێتە سەر رەوشتی ئەم شارەو، هەر رۆژە و تۆمەتێکی بۆ هەڵدەبەستن، رۆژێک لەسەر پۆشاکی بەری کچەکانی قسە دەکەن و، رۆژێکی تر بە شوێنی لەشفرۆشی و، ساتێکی تریش هاوڕەگەزبازی دەخنە پاڵ.

زانکۆکانی ئێمە لەبری ئەوەی عەقڵی زانستی تیایدا گەشە بکات، وەک لەسەرەتای دروستبوونی زانکۆی سلێمانیەوە کە پێشڕەوایەتی فیکری و رۆشبیری کۆمەڵگای دەکرد، لەسایەی حوکمڕانی حیزبیی ئێوەدا، زانکۆکان بۆتە مەیدانێک بۆ گەشەکردنی ژینگەیەکی داخراو و فیکری توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی فیکری سەلەفی و، بگرە کەشێک بەسەر زانکۆکاندا زاڵە کە بۆتە خەوش گەر کچێکی زانکۆ ئازادانە خۆی بپۆشێت.

کاتێک کە لاپەڕەکان تێکەڵدەکرێن، مەلای توندڕەو هەق بەخۆی دەدات لەسەر هەموو شتێک قسە بکات، پەرلەمانتار کە بۆ چوار ساڵ دەنگت پێداوە، ماف بەخۆی دەدات لەسەر گەردوون و هونەر و وەرزش و ئەخلاقی کۆمەڵگا قسە بکات، سیاسی لەبری دادگا و داواکاری گشتی، بچێت یانە شەوانەکان دابخات، ئەم هەنگاوانە هەموویان بە سیاسی و پەرلەمانتار و میدیاوە بەشدارن لە ناشیرینکردنی ناوبانگی سلێمانی و کوردستان و دروستکردنی وێنەیەکی نا ئەخلاقی لەسەر ئەم شارە. 

فەزایەکیش کە ئێوە بەم شێوەیە دروستان کردبێت، ئەبێ سەدان بەچکە داعشیشی تێدا دروستبێت و، وەک حوکمی تاڵیبان و دەوڵەتی خلافە کە کچێک ببینێت پەلاماری بدات.

 ژینگەی ئەم شارە و هەرێمی کوردستان بۆیە رۆژی گەیشتووە بەم رۆژە، چونکە ئێوە حوکمی دەسەڵات و کۆمەڵگاکەی دەکەن، چ کارەساتێکە شارێک دەمڕاستەکانی لە پیرەمێردی شاعیر و حەبسەخانی نەقیب و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و گۆرانەوە، ئێوە ببنە دەمڕاستی.  


31/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر