تابلۆیەکی میلیشیاویی

شوان محه‌مه‌د

کاتێک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ دەزگا ئەمنییە حکومییەکانی سلێمانی کۆدەبێتەوە، ئەو پردە ناهێلێت کە خەڵک و لایەنەکانی تر دەزگاکانی حکومەت بەموڵکی خۆیان بزانن، لەم کاتەدا دەبێت پێشبینیش بکەیت، سبەی حزبێکی تر شەرعیەت بە خۆی بدات هێز بۆ خۆی دروستبکات، جا ئەو حزبە کۆمەڵ بێت، یان شیوعی، سۆسیالیست بێت، یان لاهور، یان قابیل و هابیل.

کاتێک کە مەلا مستەفا کوڕی مەسعود بارزانی مەراسیمی نمایشە سەربازییەکان لە دهۆک و بادینان دەکاتەوەو، بەرپرسە حکومیەکان بە دوایدا رادەکەن و  چەپڵەی بۆ لێدەدەن، هەقی خۆیەتی خەڵک بڵێت: نە ئەم هێزانە و نە حکومەتیش هێندەی تۆزێکیش موڵکی خەڵکی کوردستان نییە و  موڵکی حزبەکانە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بەناو حکومەت یەکیگرتۆتەوەو پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەش دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا بە سەرپەرشتی هەرچی وڵاتە زلهێزەکانی دنیایە ئەو هێزانەی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکخراون کە ژمارەیان ٤٥ هەزارە، نیوەی هێزەکانی ٧٠ یەکێتی و ٨٠ ی پارتین کە نزیکەی ١٢٠ هەزارە، ئەوجا تەماشای تابلۆکە بکە، بزانە قەبارەی ئەو هێزە گەورەیە کە بەدەست حیزبەوەن و رێکنەخراون چەندە زەبەلاحە. ئەمە جگە لە ئاسایش و دژە تیرۆرەکان کە هەرگیزاو هەرگیز یەکناگرنەوە.

سەردەمی ئاشتبوونەوەی یەکێتی و پارتی و یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە ( هەولێر ، سلێمانی ) کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بە دواوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، رادەی سەنگەر گواستنەوەش تا ئاساتێکی باش دابەزیبوو، بەڵام کاتێکیش سەرلەنوێ لە جاران خراپتر دەرگای سەنگەر گواستنەوە کرایەوەو، هەر بە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتییەوە نەوەستایەوەو، شۆڕبوەوە بۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان و دروستکردنی هێزی نوێ بۆیان کە کەس نازانێت، ئەم هێز دروستکردنە چ پێناسەیەکی هەیە و لە دۆسیەی چاکسازی سەرۆکی حکومەت( مەسرور بارزانی )دا کەوتۆتە چ مادەیەکەوە! لەو دەمەدا دەبێت تێبگەین پارتی و یەکێتی بە چ عەقڵیەتێکەوە سووکایەتی بە موقدەرات و هیواو داخوازیەکانی ئەم گەلە دەکەن و، هەتا ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی لە خەڵکی کوردستانیش دەکرێت، بە هەند وەرناگرن.
 
ئەو دەمەی یەکێتی و گۆڕان لە دەڤەری سلێمانی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێککەوتن، خەڵکی ناوچەکە دڵیان خۆشبوو کە دەتوانن ئەزموونێکی پێکەوەیی یاسایی بەڕێوەبەرن کە ببێتە نموونە بۆ ناوچەکانی تری هەرێمیش، بەڵام لاوازی قوباد تاڵەبانی لە سەندنی مافی سلێمانی و، رێگا نەگرتن لە شۆڕبوونەوەی حزب بۆ ناو کایەکانی حکومەت و، بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکان، هەروەها لاوازی هەڤاڵ ئەبوبەکر و خۆ دوورگرتنی لە هەموو کێشەکانی سلێمانی و، سەرقاڵبوونی بە سەفەر و قردێلە بڕینی ئاهەنگەکانەوە، زەوی بە تاڵانبراو دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ وموڵکی گشتی  تۆخبوونەوەو، دۆخەکە گەیشتە ئاستێک لە نێو هەژموونی حیزب و لاوازی ئەم بەرپرسە حکومیانەدا هیچ بوارێک بۆ جێبەجێکردنی یاساو مافی هاوڵاتی نەمایەوەو، ئەو ئومێدەش لە گۆڕنرا کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان هێزەکاندا بتوانێت ببێتە ئەزموونێک کە چاوی لێبکرێت.

پێدەچێت پێویست بکات، ئێمە سوپاسی بافڵ تاڵەبانی و مستەفا مەسعود بارزانی بکەین کە رووی راستەقینەی حکومەتییان پێشانداین و پێیان وتین: ئەوەی هەیە لە کوردستاندا حکومەت نییە، بەڵکو تەنها کۆمپارسێکە بۆ بەڕێکردنی دەسەڵات و جێبەجێکردنی پلانەکانی حزب و لەناو حزبیشدا تینووێتی هەردوو بنەماڵە بۆ دەسەڵات و سامان، رۆژ بە رۆژیش ئەو راستیە حاشا هەڵنەگرە زیاتر رووندەبێتەوە، کە ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت لە دۆڵێکە، حوکمڕانی رەشید و یاسایش کە هەمووان بە موڵکی خۆیانی بزانن لە دۆڵێکی ترە.

تابلۆی هەرێم لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر میلیشیاوی و مەترسیدارەو، هەر ئەو دۆخەش بۆتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر مانەوەو بەردەوامی قەوارەی هەرێم.

 هەرێم بە دۆخێکدا گوزەر دەکات کە ئێستا لەهەموو کات زیاتر زەمینەی پەرتبوون و دابەشبوونی تر و دروستبوونی ناوچەی لۆکاڵی میشلیاوی لە ئارادایە، کە رەنگە سەرەتاکەی لە ناوچەکانی سلێمانییەوە دەستپێبکات!!.  



15/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر