من گومان دەکەم..!

شوان محه‌مه‌د

باشە ئەوەی من لێی تێناگەم ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستان کە پێشتر رۆژنامەنووسبوون، یان سەرو سەودایان لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی هەبووە، بۆ ناچنە بەردەم ئاسایشی هەولێر، یان دهۆک داوای بینینی شێروان شیروانی رۆژنامەنووس بکەن..؟ بۆ ناچن بڵێن حکومەت ، ئاسایش ، دادگا هەموو کەسێک بەپێی دەستوری عێراق و پێودانگە نێودەولەتییەکان مافی ئەوەی هەیە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستگیرکردنیەوە پارێزەرەکەی بیبینێت، ئێوە بە چ یاسایەک رێگا نادەن..؟ بۆ ناچن بەرۆکی دادگا و داواکاری گشتی بگرن و بڵێن وڵات بەم دەسەڵاتە دژە ئازادییە بەڕێوە ناچێت..؟

دوو هەفتەیە شێروان شێروانی گیراوە.. من گومان لە جدیەتی هەر رۆژنامەنووسێک و رۆشنبیرێک و پەرلەمانتارێک و کەسانی یاسایی دەکەم کە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ دەکرێت، هەر لە ژێرەوە نووزەیان دێت..!!!!

هاورییەکی پەرلەمانتار ئەو نامەیەی ناردووە بۆ مەسینجەرەکەم کە  ١٠ پەرلەمانتار یاداشتێکیان نووسیووە دوای بینین و مامەڵەکردن بە یاسای رۆژنامەگەری دەکەن لەگەڵ شێروان شێروانی. بەپێویستی دەزانم زۆر بە راشکاوانە رای خۆم لەسەر ئەم کابینەیە لە رووی ئازادیەوە بدەم.. ئەم کابیەنەیە هەقە ناوی بنرێت " کابینەی دژە ئازادی "، گرتنی چالاکوان و رۆژنامەنووس و راپۆرتە نێو دەوڵەتییەکان بەڵگەی زیندووی دژە ئازادی ئەم کابینەیەن کە تا ئێستاش هەندێک لەو دەستگیرکراوانە هێشتوویانەتەوە تا تەنازولیان بۆ بکەن.

دەربارەی ئەو چەند دەنگەی لە پەرلەمان بەرزدەبێتەوە لەسەر ئەو پێشێلکاریانە من هەستدەکەم لە ئاستی پێویستدا نییە لە رووی ژمارەو لە رووی چلۆنایەتی کارەکانیانەوە، سەرۆکی حکومەت چووە پەرلەمان وەک بۆ پیاسەیەک لە باخچەیەکدا هاتبێت، نەتانتوانی دوو پرسیاری لەسەر ئەو دەستگیرکردنانە لێبکەن؟ ئازادی لە کوردستان لە حاڵەتی مەترسیدایە و لەبەردەم هەڕەشەی جدیدایە تا ئێستا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت نەتانتوانی ئەو پرسە بکەنە سەرەکی..بۆ وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش کە " کەس نازانێت کێییە " بانگهێشت ناکەن بۆ پەرلەمان بزانە کێ ئەو هەقەی پێداوە رۆژنامەنووس دەستگیربکات، رۆژنامەنووس کاری رۆژنامەوانی دەکات هیچ پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمەوە نییە، خۆ رۆژنامەنووس نە تیرۆری کردووە، نە تلیاک، نە تەزویر، تا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تری دەرەوەی پۆلیس دەستگربکرێت.

زۆر بە راشکاوی، پرسی دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری و مافی ئۆپۆزسیۆنبوون لە مەترسیدایە.. دەبێت بەکرێت بە پرسی سەرەکی هەر ئازدیخوازێک لە کوردستاندا..    


22/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر