لە پێنانە نۆهەمین ساڵیادی "سپی".. چەند قسەیەک لەسەر دۆخی میدیا

شوان محه‌مه‌د

ئەمڕۆ ٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕ و گۆڤاری سپی میدیا، وەک میدیایەکی ئەهلی و سەربەخۆ، تێدەپەڕێت و پێدەنێتە ٩ مین ساڵەی تەمەنییەوە.

لە کاتێکدا کە " سپی " پێدەنێتە ساڵی ٩ هەمینی تەمەنییەوە، دۆخی ئازادی بیر و ڕاو ئازادی راگەیاندن لە کوردستاندا بە ئەندازەیەک خراپە کە لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستانەوە هیچ کاتێکی هێندەی ئێستا خراپ نەبووە، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە خراپەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەرەسەندنە نێگەتیفەی کە لە سروشتی دەسەڵاتی هەرێمدا روویداوە، کەکۆی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بۆتە دەسەڵاتێکی هەرەمی بنەماڵیی و، شێوازی حوکمکردنەکشی ئەمنی و پۆلیسیەو، سەرچاوەی هێزی ئەم دەسەڵاتەش لە گەندەڵی کۆنترۆڵکردنی نەوت و داهاتی دەروازەکان و موڵک و ماڵی گشتیی هەرێمەوەیە.

سروشتی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە ئەمنییە، دەرفەتی بۆ دەنگی جیاواز و ئۆپۆزسیۆن بەتەواوی بەرتەسک کردۆتەوەو، پارەیەکی سیاسی زۆرو زەوەندی بۆ ئەم  بوارەوە تەرخان کردووەو، بەدەیان میدیای جۆراو جۆری سێبەری قوتکردۆتەوەو، بەسەدان تۆڕی کۆمەڵایەتی دامەزراندووەو بۆ جوانکردنی خۆی و زڕاندنی ناوبانگی دەنگە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆیان، سەرجەم ئەم دۆخەش دەرفەتی ئەوتۆی نەهێشتۆتەوە کە میدیای ئەهلی و سەربەخۆ درێژە بە تەمەنی بدات و گەشە بکات و پانتاییەکی فراوانتر لەوەی پێشووتر هەیبووە داگیری بکات.

ئەمڕۆ لە کوردستاندا کەم میدیا هەیە بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەلایەن دەزگا داراییەکانی پارتی و یەکێتی و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبەوە تەمویل نەکرێن، تێکڕای ئەم تەمویلکردنانەی میدیای حیزبی و سێبەر لە موڵکی گشتی دەردەچن، بۆیە زۆر بەڕاشکاوانە پێویستە ئەو راستیە بووترێت کە ئەو گەندەڵییەی لە بواری میدیادا هەیە لە کوردستاندا هیچی کەمتر نییە لەو گەندەڵییەی لە بواری سیستەمی حوکمڕانی ئەم دوو حیزبەدا هەیە، هەر بۆیە هەرچۆن سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیە، هاوشێوەی ئەمەش پێویستە سەرلەنوێ سیستەمی میدیای لە هەرێمدا هەڵوەشێتەوەو گۆڕانکاری بونیادی لە میدیادا وەک وتار و وەک ستراکترۆر بکرێت و، هەوڵ بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی میدیای تەندروست بدرێت.

لەم دۆخەدا سەرباری ئەو پاشەکشە بەرچاوەی لە بواری میدیای سەربەخۆ و ئازادی راگەیاندندا هەیە، بەڵام هێشتا پانتاییەکی بچووک ماوەتەوە بۆ میدیای ئەهلی و سەرسەختانە ئاڵای تەسلیمم بوونیان هەڵنەکردووە کە ماڵپەڕی " سپی میدیاش " یەکێک لەو چەند میدیا کەمەی کەماونەتەوە، هەروەها ئەمڕۆ لە رێگای سۆشیال میدیاوە پانتایەکی بەرفراوان رەخساوە بۆ گوزارشتکردنی ئازادانەی هاوڵاتی لە بیرو ڕاو نیگەرانی و رەخنە و بێ مافییەکانیان، هەرچەندە دەسەڵاتی سروشت ئەمنی هەرێم دەیەوێت ئەم بوارەش بەروویەکیدا ناشیرین بکات و بەڕوویەکی دیکەشیدا بەرتەسکی بکاتەوە.

لەم فەزا خرپەدا ئێمە لە" سپی " نەمانووتەوە شتی گەورەمان لە بواری رۆژنامەنووسیدا کردووە، بەڵام مانەوەی وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی هەواڵ و زانیاری و تەسلیم نەبوونی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی هەردوو حیزب لەم قۆناغەدا بۆ خۆی دەستکەوتێکی کەم نییە.

هەڵگیرساندنی مۆمی تەمەنی " سپی " دەکەینە دەرفەت بۆ سوسپاسگوازری هەموو ئەو هاوڕێیانە کە هەر لەسەرەتای ئەم کاروانەدا کاریان لەم دەزگایەدا کردووەو هەندێکیان باری ژیان ناچاری کردوون  ماڵئاوایی لە دەزگاکە بکەن، بەڵام ئێستاش دڵیان هەر لەلای " سپی "یە، هەروەها سوپاسی ئەو ستافە بچووکە دەکەم کە تا ئێستا درێژە بە کاروانی میدیای سەربەخۆ لە " سپی " دا دەدەن، سوپاسی ئەو رۆژنامەنووس و  نوسەرانەش دەکەم کە بە وتار زانیاری ماڵپەڕەکەیان دەوڵەمەند کردووە.    
 



13/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر