هەرێم.. جوگرافیایەک پڕ لە تارمایی و ترس

شوان محه‌مه‌د

هەر لەسەرەتاوە سەرکەوتنی بەرپرسە ئەمنییەکانی بۆ لوتکەی دەسەڵات لە ناو حیزب و حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا پێشبینی باشی لێ نەدەکرا، ئەوەتا ئێستا هەرێم لە ژێر کەشێکی پڕ لە ترسدا و دەژی و فۆبیا باڵی بەسەر شارەکانیدا کێشاوە.  

لە سنوری سلێمانی باس هەر باسی ژەهر خواردنکردنی سەرکردەکانی یەکێتییە، دوای ئەوەی هاوسەرۆکی ئەو حیزبە، بافڵ تاڵەبانی بە ئاشکرا بە میدیاکانی رایگەیاند کە بە دەسیسەی ئامۆزا هاوسەرۆکەکەی ژهرخواردوو کراوە، ئێستا باس لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری ئەو حیزبە دەکرێت، لەوانە مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر و حەسەن نوری ( ناسراو بە وەستا حەسەن )، زانیاری بەردەست هەیە کە ئەو کەسەی ویستوویەتی شێخ جەعفەر جێگری سەرۆکی هەرێم دەرمانخوارد بکات لە ئاسایش دەستگیرکراوە.

هەرچی ناوچەکانی بادینان و هەولێر هەیە لە سایەی ئەو کەشە ئەمنیەدا بە کۆمەڵ خەڵک دەستگیرکراوەو وەجبە بە وەجبە دادگایی دەکرێن و لە کاتی لێکۆڵێنەوەشدا هەرچی سنوری مافی کەسێتییە لە مۆبایل و هەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شکێنراوەو چووونەتە ناو وردەکاری ژیانیانەوە، بەڵکو بەڵگەیەک بدۆزنەوە تا وەک شێروان شێروانی و هاوڕێکانی ساڵانێک حکومی زیندانیکردن بدرێن.

 ئەم کەشە ئەمنییە لای هاوڵاتیانی هەرێم بۆتە مایەی نیگەرانییەکی گەورە، کەشێکی ترس و تۆقاندنی بەسەر خەڵکەوە دروستکردووە. رای گشتی خەڵکی کوردستان پێیوایە ئەوەی لە هەردوو ناوچەکە پیادە دەکرێت پاشەکشەیەکی گەورەیە لە قۆناغی پێش سەرکەوتنی ئەم کەسایەتییە ئەمنییانە بۆ لوتکەی دەسەڵات، بەڵام بەرپرسانی لوتکەی ئەم دەسەڵاتە بەلایانەوە کێشە نییە هەرێم چی بەسەر دێت و دەچێتە چ دۆخێکەوە، ئەوان تەنها بیر لە بەهێزبوونی پێگەی خۆیان دەکەنەوە لەسەر حسابی سەرکوتکردنی خەڵک و دروستکردنی کەشێکی پۆلیسی کە هاوڵاتی بیر لەوە بکاتەوە دەستگیر نەکرێت، نەک بیر لە مسۆگەرکردنی مافەکانی لە ئازادی و لە مافی هاوڵاتیبوونی خۆی بکاتەوە.

لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا پەنابردنە بەر دەرمانخواردن بۆ پاکتاوکردنی نەیاران و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات، بووە بە بەشێک لە مێژوو، بەڵام هێزە سیاسیەکانی کورد هێندە دواکەووتوون، تازە بە تازە ئەو پرسە دەبێتە بابەتی ناوەندی سیاسی و رای گشتی خەڵکی کوردستان.

هەر ماوەیەک تێناپەڕێت و دزە بە زانیاری دەکرێت کە ئەم بەرپرس، یان ئەو بەرپرسی سیاسی دەرمانخوارد کراوە، لە کاتێکدا تا ئێستا ناوەندی دادگایی و پزیشکی لە هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم کارە نەکرابێت، بەڵام هەموو ئەو زانیاریانەی لەو بارەیەوە رادەگەیەنرێت، دەبێت دادگاکان یەکلایی بکەنەوە.

لە سلێمانی دۆخی پێش ٨ تەموز دۆخێکی تەندروست نەبوو، هەروەک دوای ئەو بەروارەش تەندروست نییە، پێش ٨ ی تەموز چالاکوان و رۆشنیبران لە زۆربەی شوێنەکاندا وا هەستیان دەکرد کە چاودێری دەکرێن و سیخوڕیان بەسەرەوە دەکرێت، بوێریان نەدەکرد لە مۆبایلەکەی، یان هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوڕێیەکی بەراشکاوی گفتوگۆ بکات، هاوشێوەی سەردەمی رژێمی سەدام، هەستدەکرا دار و دیوار گوێی هەیەو، هەموو شتێک لە ژێر چاودێری سیستەمێکی پۆلیسیدا بوو، بەڵام ئەمەی ئێستاش دەگوزەرێت ئاسایی نییە، هەر رۆژەو زانیاری بڵاودەکرێتەوە کە بەرپرسێک ژەهرخواردوو کراوەو براوەتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن.

لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی ئەو کەشە پۆلیسیە درێژە نەکێشێت، بە تایبەتی کە مێنتاڵێتی بەرپرسانی ئەمنی نزیکن لەیەکەوە، پێویستە هەموو ئەو کەیسانە ببرێنە دادگا و لەوێشەوە دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و ناوەندی زانستی ئێمە قسەی خۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی تاوانبار لە بێ تاوان جیابکرێتەوە. 

ئەم رووداوانەی دوایی گەواهی ئەوەن کە بنەماڵە حوکمڕانییەکانی هەرێم گەڕاونەتەوە بۆ زەمەنی سوڵتانە عوسمانیەکان کە بۆ کوشتنی جێنشینی ناو خێزانەکەشیان، پەنایان دەبردە بەر بەکارهێنانی ژەهر، بەبێ ئەوەی گوێ بە وژیدان و نەرێتی خێزانی و مرۆڤایەتی بدەن، تینووێتیان بۆ کورسی و لەزەتی دەسەڵات، هەموو هێڵێکی سوریان بۆ دەبەزاند.  


15/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر