تەوەرکی ئاڵا

د. سه‌ردار عه‌زیز
ماوەی چەند ساڵێکە پرسی ئاڵای کوردستان بوەتە مژار. سەرەتا هەندێک لەو دەربڕینانەی ڕاڤە دەکەین، پاشان قسە لە سەر پرسی ئاڵا دەکەین لە ڕوانگەی پرۆسەی بونیاندنای سیمبول و پیرۆزی لە هەناو پرۆسەیەکی گەورەتر کە پێکەوەیی یان بونیادی نەتەوەییە.
سەرەتا پرسی وروژانی ئاڵا پرسێکی جیدی نیە لای هیچ لایەنێک، بەڵکو زیاتر یەکێکە لەو یارییە میدیایی و سیاسیانە کە بەردەوام لایەنە سیاسی و حکومییەکان دەیکەن لە پێناو پۆشین یان بەلاڕێدابردنی پرسی تردا. ئەردۆگان لەم یاریەدا زۆر ماستەرە. وەها دیارە لەو دەڤەرەی خۆشمان لاساییکەرەوەی هەیە.

بۆ چارەسەری ئەم پرسە دەبێت ئاڵا بکرێت بە موڵکی گشتی، نەک موڵکی حیزبی. ئەگەر ئاڵا ڕێککەوتنی لە سەر نیە، ئەوا دەبێت ئەو ڕێککەوتنە دروست بکرێت و لە خاوەندارێتی لایەنێک جودا بکرێتەوە. چونکە ئەگەر لایەنێک بیەوێ ئاڵای نیشتمانی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارببات، ئەوا خۆی یەکەم لایەنە کە ئاڵاکە سوک دەکات، چونکە لە ئاڵای گشتەوە دەیکات بە ئاڵای هەندێک.
ئێستا با هەندێک قسە لە سەر کڵێشەکان بکەین کە دەربارەی ئاڵا دەوترێت. یەکێک لە کڵێشە هەمیشە دوبارەکان ئەوەیە کە ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە. من سەرم سوڕ دەمێنێت لە بەتاڵی ئەم دەربڕینە. یەکەم، هەموو ئاڵایەک پارچە پەڕۆیەکە. زۆر شتی تریش هەن کە هەر پارچە پەڕۆیەکن، وەک تابلۆی هونەری گەورە. بەڵام ئەم پارچە پەڕۆیە وەک هەر پارچە پەڕۆیەکی تر نیە، چونکە بە پرۆسەیەکی مانا پێدراو و بە سیمبولکردندا ڕۆشتوە.

کێشەی گەورەی ئەم دەستەواژە کڵێشەییە ئەوەیە کە ئەگەر ئاڵا تەنها پارچە پەڕۆیەکە، کە یانی هیچ نرخ و بەهایەکی نیە، ئیتر بۆ سوکایەتی پێدەکرێت. شتێک سوکایەتی پێدەکرێت کە نرخ و بەها و مانای هەبێت. کەواتە کاتێک دەربڕینەکە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی گرنگی، دەرخەری ئەوەیە کە ئاڵا گرنگە. چونکە ئەگەر شتێک گرنگ نەبێت هەوڵی کەمکردنەوەی گرنگی نادرێت. بەڵام لە بەر نەبونی بیرکردنەوە و ئاڵانی ئەم پرسە لە دۆخێکی جیاواز تر ئەوا ئەم ڕستەیە سەرباری ئەوەی کە ماناکەی تەواو پێچەوانەی دەربڕینەکە و مەبەستەکەیە، بەڵام بەردەوام دەوترێتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، ووتنەوەی مانا دەبەخشێت چونکە لە بنەمادا ڕاستییە. وەک ئەوەی بڵێی مرۆڤ چیە، بڕێک گۆشت و خوێنە، یان بڕێکی زۆری ئاوە. 

دووەم کڵێشە کە جێگای سەرنجە ئەو دەربڕینەیە کە ئاڵا بەرپرس دەکرێت بەوەی کە هەموو خراپی حوکمڕانی و گەندەڵی لە ژێر ئەو ئاڵایەدا ڕویداوە. لێرەدا کێشەکە ئاڵانیە وەک دەزگا، بەڵکو ئاڵایەکە. بەو مانایە ئاڵایەک هەیە کە لە ژێریدا کاری خراپ ڕویداوە بۆیە پیرۆزی یان گرنگی لە دەستداوە. ئەم کڵێشەیە تەواو پێچەوانەی کڵێشەی یەکەمە، کە دەڵێت تەنها پارچە پەڕۆیەکە. ئەگەر تەنها پارچە پەڕۆیەکە کەواتە چۆن بەرپرسە لە گەندەڵییەکان، یان خراپەکان. 

دیارە بەرپرسکردنی ئاڵا لە ئەو پاشخانە دینیەوە دێت کە ئاڵا کاریگەری هەیە. وەک ئەوە وەهایە، چونکە نەهاتوەتە دەنگ، ڕێگەی داوە کە کاری خراپ لە ژێریدا بکرێت ئەوا دەبێت سزا بدرێت و بەهاکەی لێ وەربگیرێتەوە. دیارە من لە گرنگی یادەوەری و پێکەوەبەستن تێدەگەم لەم پرسەدا. خەڵکی دەتوانن بڵێن ئەم ئاڵایە سیستەمێکی حوکمڕانی گەندەڵمان بیر دەخاتەوە. ئەو کاتە دەبێت بیر لە بونی ئاڵایەکی تر بکەینەوە. بەڵام ئەم پرسەش دیسانەوە گرنگی بونی سیمبول لە پرۆسەی حوکمڕانیدا نیشان دەدات.

لێرەدا جێگایەتی کە باس لە گرنگی سیمبول و پیرۆزی بکەین. سیمبول نوێنەری چەمکایەتی یەکەیەکی گەورەترە. هەموو گەلان لە ڕێگای سیمبولەکانیانەوە نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن لە دونیادا. بەڵام سیمبول پێش ناسینەوە و نوێنەرایەتی و ئامادەبون ڕۆڵی پێکەوە گڕیدان و ئاسانکاریی وێناکردن و دروستکردنی وێنای هاوبەشی هەیە. ئەمە تەنها پەیوەست نیە بە نەتەوە یان دەوڵەت، بەڵکو کۆمپانیا، براند، تیمی وەرزشی و هەموو گروپێک سیمبول و ئاڵای هەیە. سیمبوڵەکان لە هەموو جۆرە پێکەوەبونێکدا بونیان هەیە و بنەمای حەکایەت و وێناو خەیاڵکردنی پێکەوەبون دادەڕێژن، هەر لە ئەڵقەی هاوسەرگیرییەوە هەتا براندی کۆمپانیا گەورەکان و سیمبولی تیپە وەرزشییەکان و گەلان. 
بەم پێیە ئێمە ئەگەر دەمانەوێت پێکەوەبین ئەوا دەبێت سیمبولی هاوبەش لە نێوانماندا بونی هەبێت. ئەم سیمبولانە بەرهەم دێن، خۆیان بە سروشتی بونیان نیە. ئێمە کەلتورێکی دەوڵەمەندی ئاینیمان هەیە کە دەتوانێت بنەمای دروستبونی سیمبولی عەلمانی بێت. ئاین سیخناخە بە سیمبول، هەر لە بەردە ڕەشەکەوە هەتا زۆرێکی تر.

 هەموو کورد چ وەک کەلتوری گشتی کوردی یان ئاینی بەم پرۆسەیە ئاشنان. لە هەناو کەلتوری میللی ئێمەدا ئەم پرۆسەیە بە تەبەڕک ناسراوە. خەڵکی لە کۆندا، لە نێو زۆرێک لە توێژەکانی کۆمەڵگادا لە ئێستاشدا بڕوایان بە خۆڵ، بەرد یان ئاوی پیرۆز هەیە. ئەمە کرۆکی دینە. پیرۆزکردن و پێداویستی مرۆڤ بەبونی شت، شوێن، کاتی پیرۆز پێداویستییەکی دەرونی و پەیوەندییانەیە، کە نەک هەر ئاین بەڵکو لە بواری سێکیولاریشدا بەرهەم دێت. لە کتێبی political theology  دا کارل شمت دەڵێت هەموو چەمکە سێکیولەرەکان سەرچاوەیەکی ئاینییان هەیە. ئەم پرۆسەی بە سێکیولارکردنی دونیای ئاینی لە دونیای ئێمەدا ڕونادات، گەر ڕوبدات ئەوا زیاتر لە ئاستی نەست یان نائاگاییدایە. 
ئایا کاتێک ئاڵا پیرۆز بوو یان سیمبول بوو دەکرێت بسوتێنرێت؟ ئەم پرسە لە مێژودا نمونەی زۆرە. یەکێک لە نمونە زەقەکان بڕیاری دادگای باڵای ولایەتی تەکساسە، کە بە تەکساس بەرامبەر جۆنسۆن ناسراوە. جۆنسۆن کەسێکە هەڵدەستێت بە سوتانی ئاڵای ئەمریکا. کارەکەی دەبرێتە دادگا و دادگا وەها بڕیاری لە سەر دەدا کە سوتانی ئاڵا  speech act ە، بەو مانایە جۆرێکە لە دەربرینی ڕا، بۆیە ناتوانرێت ڕێگەی لێبگیرێت. بەڵام پاشان پەرچەکرداری زۆری لێدەکەوێتەوە لە هەموو ئاستێکدا.

من بەش بەحاڵی خۆم کێشەم نیە لە گەڵ سوتانی ئاڵا وەک دەربڕینی ناڕەزایی یان گەیاندنی پەیام، یان نواندنی کردەیەکی سیاسی. بەڵام ئەمە دەبێت بە یاسا ڕێکبخرێت. کەسێک دەتوانێت ئاڵا بسوتێنێت ئەگەر بیەوێت پەیامێک بگەیەنێت و سوتانی ئاڵا تاکە ڕێگا یان باشترین ڕێگابێت بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە. لە هەمانکاتدا دەوڵەت ناتوانێت پیرۆزی بسەپێنێت بەڵکو پیرۆزی دەبێت بونیادبنرێت. 
کێشە لە گەڵ ئالای کوردیدا یان ئاڵای کوردستاندا زیاتر کێشەی سیاسییە نەک فیکریی یان ئەخلاقی. کێشەی یەکەم بە حیزبی بونی ئاڵاکەیە، کە لە ڕوی مێژوییەوە هەڵەیە. کێشەی دووەم، بێ سنوری ململانێی شەخسی و ئیگۆییە. لە دونیادا سیاسییەکان جوداییان زۆرە، بەڵام زۆرینەیان لە سەر سیمبولەکان ڕێکن. دژایەتی سیمبول یان داننەنان بەبونی سیمبولی هەمواندا کێشەی هەرە گەورەی تەنها پرۆسەی بونیادی نەتەوەیی نیە، بەڵکو سیاسەتکردن و بونیادی خەیاڵ و حوکمڕانی و حوکمی باشە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە بەناو سیاسییە کوردەکان، نایانەوێت لە هەناو سیستەمێکی دەزگایی و یاسایی و گشتیدا بژی. 

وەک لە نارەزایی و دروشم و خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا دەردەکەوێت، خواستی سەرەکی خەڵک ئەوەیە کە  باش حوکم بکرێت، بەشیان هەبێت لە سامانی وڵاتدا، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت و ئاسایشیان هەبێت. ئەمانە مافی ڕەوان و خواستی بنەڕەتی هەموو کۆمەڵگایەکە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمانە بێتە دی دەبێت ئێمە سەردەمیان حوکم بکەین. دەبێت یاسا و دەزگا و سیمبول و سیستەممان هەبێت. لە کوردستان ڕەوتێکی پارادۆکس لە ئارادایە. کاتێک لە خواستی خەڵ دەروانیت داوای حوکمی زیاتر و باشتر دەکات، بەڵام خیتاب و وتار و ئاگایی بۆ بێ حوکمییە. 

ئەگەر حکومەت بۆ هەموان بێت نەک تەنها بۆ شەخس و بنەماڵە و حیزبییەکان، ئەوا دەبێت هەمووان بونی هەبێت. دروستکردنی هەموو یان گشت لە ڕێگای خەیاڵ و سیمبول و خۆشەویستی و بەرژەوەندییەوە دەبێت. هەر ئەمەشە ناوچەکە مێژویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە ڕوخان و خراپدا، بەڵام دەگمەنە ئەو جوڵانەی کە باشیان بەرهەم هێنابێت. تۆ ناتوانیت دژی هەموو شتێک بیت و چاوەڕوانی ئەوەبیت هەموو شکتێکت هەبێت. 

جۆرێک لە ئەدەبیات و کەلتور بەرهەمهێنراوە لە دونیای ئێمەدا، کە چێژ لە نەمان یان نەبون وەردەگرێت. ئەم چێژە چێژێکی ئۆرگازمییە، ئۆرگازمی بەمانای ئەوەی ڕەنگە خۆش بێت بەڵام کورتە و لە ئەنجامدا بەرهەمهێن نیە و لە زۆر جاردا بە سودی پارتی و یەکێتی دەشکێتەوە .

02/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر