فاشیزمی کەشخەیی

د. سه‌ردار عه‌زیز

هەردوو چەمکەکە ئاڵۆزن. کەشخەیی وەها دەبینرێت کە دەربڕینی جوانی و ئیستاتیکا بێت، نەک جۆرێک لە فاشیزم. بەڵام کەشخە تەنها پۆشین و دەرکەوتن و نمایش نیە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزە. لە دوا بەرنامەیدا دەربارەی گەندەڵی لە بواری وەرزشدا لە عێراق، کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد البشیر یەکێک لە سەرکردەکانی میلیشیاکانی عێراق دەردەخات کە جل و پۆشاکەکانی بەری بایی نزیکەی نیو ملیون دۆلارە. 

لە کتێبی دەوڵەتی ئیزگەدا، سەدام لە کاتی گەنجیدا ئاوات بە دەسەڵات و زەبر وزەنگ و توندوتیژییەوە دەبینێت، کاتێک هاوڕێییەکی لێی دەپرسێت بۆ، دەڵێت بۆ کەشخەیی. کەشخەیی خواستە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەویتر، بۆ حەپەسانی ئەویتر، بۆ ئارەزووکردن لە لایەن ئەوانیترەوە. 

قەیرانی ئەم دۆخە دەرونییە، ئەوەیە کە کۆتایی و تێربونی بۆ نیە. ئەم پرۆسەیە بریتیە لە تەرجەمەبونی دۆخێکی دەرونی بۆ دۆخێکی مەتریاڵی و شوناسی. ئەوەی تەنها دەتوانێت ڕێگەی لێبگرێت بونی کەلتورێکی قوڵە.

ئەم دۆخە دەرونییە کۆمەڵایەتییە زۆر بە ئاسانی تەرجەمە دەبێت بۆ فاشیزم، لە هەردوو دۆخی بێبەربون و بوندا. کاتێک کەسێک خواستی کەشخەیی هەیە و بۆی دەست نادات دەبێتە فاشی. فاشی بەوەی رق و توڕە و بێزار و دژە بە هەموو، هەروەها پەنابردن بۆ هێز بۆ ئەنجامدانی ئەمە. 

کاتێک ئەم کەسایەتیە دەگاتە دەسەڵات، نازانێت چۆن تێربێت، بۆیە هەمیشە تا ناکۆتا لە هەوڵی ئەوەدایە کە بیبات کەڵەکەی کات، نمایشی کات. ئێمە ئەم دوو دۆخە لە نێو هەردوو چینەکەدا دەبینین لە کوردستان. ئەوانەی دەسەڵاتیان نیە، بە دیدێکی فاشیانە دژە بە دەسەڵاتن. ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە، تێرنەبونی فاشیزمی کەشخەیی و باڵایی وەهایان لێدەکات کە ڕەوایی بە هەموو شتێک بدەن. لێرەدایە کە شتێک نیە ناوی ئۆپۆزسیون بێت. ئۆپۆزسیون بریتیە لە هەڵگرتنی جودا یان باشتر بەرامبەر دەسەڵاتی پیادەکراو. بەڵام ئێمە نە جودا و نە باشترمان هەیە.

ئەمەیە کە هەمیشە نائومێدی هەیە لە گەڵ هەموو کەسێکدا کە دەگاتە دەسەڵات. بۆ شکاندنی ئەم بازنە داخراوە، دەبێت بیر لە کەلتورێکی قوڵتر بکەینەوە.

21/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر