گەڕانەوە بۆ وڵات

د. سه‌ردار عه‌زیز

ماوەی شەش مانگی ڕابوردوو، لە گوندێکی بچکۆلە لە چیاکانی ئەلپ ژیاین. ئەم ناوچەیە بێوێنەیە لە جوانی و ئێجگار دەوڵەمەندە لە ڕوی مێژوییەوە. هۆکاری سەرەکی هاتنمان ئەوەبوو کە هاوسەرەکەم خەڵکی ئەوێیە. ئەم ناوچەیە لە زۆر ڕوەوە لە کوردستان دەچێت. ئێرە کە بە چەند ناوێک ناسراوە، وەک تیڕۆڵی باشور، وەک کوردستانی باشور یان باشوری کوردستان، ئەم جۆرە ناونانە بە گشتی لە لایەن خەڵکە ڕەسەنە ئەڵمانی زمانەکانەوەیە، بەڵام ئەو ئیتالیانەی کە رێژەیان دەگاتە نزیکیە چارەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە، بە ئێرە دەڵێین ئەڵتۆ ئادیجۆ. ئێرە بە گشتی ناوچەیەکی شاخاوی داخراوە. چەند شارێکی مامناوەند نەبێت، بە زۆری گوندی بچکۆلەی نیشتەجێن بە قەدپاڵەکانەوە. 

لە مێژوی نوێدا ئێرە هەمیشە جێگای سەرنج و دابران بوە، لە سەدەی نۆزدە گۆتەی ئەڵمانی بە ئێرەدا تێدەپەڕێت و لە کتێبی نامەکانی ئیتالیادا باسی دەکات. فرۆید بۆ چاکبونەوە دێتە ئێرە و دینداری ئەم ناوچەیە وەهای لێدەکات تەوتەم و تابو بنوسێت. ئیزراپاوەند لێرە بوەوە، هەروەها هێنریک ئیپسن. 

 سەرەتای سروشتی ئێرە لە تەنگەبەری برێنەرەوەیە، کە لە دەقە کۆنەکان دەڕوانیت وەها باسکراوە کە تەنگەبەرێکی ئێجگار سەختە، ئێستا جێگای یەکێک لە جەنجاڵترین رێگا خێراکانی نێوان ئەوروپای باکور و باشوردایە. جگە لە ڕێگای خێرا و ڕێگای ئاسایی، شەمەندەفەریشی پیادا تێدەپەڕێت.

من پەیوەندییەکی ئالۆزم لە گەڵ تیرۆڵدا هەیە. لە کاتێکدا بە باشی لە مێژویان تێدەگەم، بەڵام جگە لە سروشتەکەی لایەنەکانی تری ئەم ناوچەیە بۆ من جێگای هەناسە تەنگییە. 

تیرۆڵی باشور لە نێوان دوو مۆدێلی توندی فاشیزمی ئەورپیدا ساندویچ بوە. لە باشورەوە فاشیزمی ئیتالی و لە باکورەوە نازیزمی نەمساوی و ئەڵمانی. لە زۆربەی مێژویدا ئێرە بەشێک بوە لە ئیمپراتۆریەتی هاپسپۆرگ. بەڵام بە کۆتایی ئەو ئیمپراتیریەتە ئێرە دەدرێت بە ئیتالیا. ئیتالییەکان ئێرەیان دەوێت لە بەر دەوڵەمەندی سامان و ئاو و چیاکانی. بەهانەی ئیتالیەکان بۆ بردنی ئێرە ئەوەیە کە لە تەنگەبەری برێنەرەوە ئاو بەرەو باشور دەڕوات.  ئەمە هەوڵدانە بۆ سروشتیکردنی حەکایەتی ناسیونالیزمی ئیتالی، کە وەک دەڵێن ئیتالیای دروستکرد بەڵام شکستی هێنا لە دروستکردنی ئیتالی. 

ئیتالییەکان بۆ بە ئیتالی کردنی ئێرە هەموو ئەو فێڵ و تەڵەکانەیان کردوە کە ئەوانیتر، بە تایبەت ئینگلیزیەکان پێشتر کردویانە، وەک هێنانی خەڵکی تر بۆ ئەم ناوچەیە، پێدانی کاری حکومی بە خەڵکی هاوردە، هەوڵی دەرکردنی خەڵک: ئەوەی لە مێژوی ئەم ناوچەیە پێی دەڵێن بژاردە. مۆسۆلینی دوو بژاردەی خستبوە بەردەم خەڵکی ئێرە: یان ببن بە ئیتالی یان بڕۆن، هەندێک ڕۆشتن، زۆرێک مانەوە. ئەوانەی ڕۆشتن خۆیان بە پاک دەزانن، بەڵام زۆر خەڵکی بە ترسنۆکیان لە قەڵەم دەدەن.

ئەمڕۆ بە گشتی پۆلیس و دامودەزگاکانی تری حکومەت ئیتالیە و زمانی ئیتالی تیایدا زاڵە. لە لایەکی ترەوە کەلتوری ئەڵمانی  و زمانی ئەڵمانی لە دۆخی بەرگریدایە. وەک زۆر شوێینی تر کە گۆڕانی دیموگرافی بە سەردا هاتوە، گوندەکان، خەڵکی ڕەسەنن و شارەکان تێکەڵن. زمانی ئەڵمانی ئێرە وەک ئەڵمانی نەمسا و ئەڵمانیا و سویسرا نیە، چ لە روی دایەلێکت و چ لە ڕوی کەلتورەوە. بۆ نمونە لە بەر زاڵی مەتبەخی ئیتالی و هەژاری مەتبەخی ئەڵمانی، زۆربەی ناوی خواردنەکان و مەتبەخ ئیتالییە. 

خەڵکە ئەڵمانەکانی ئێرە کاتێک ڕوبەڕوی ئیتالییەک دەبنەوە ڕەنگە هەستی تیرۆڵی تیایاندا چرۆکە بکات، بەڵام کاتێک لە گەڵ نەمساوییەک یان ئەڵمانییەکدان، ئەوا بڕەو بە لایەنە ئیتالییەکەیان دەدەن، چونکە ئیتالی بوون، سێکسییە. 

بۆ منێکی دەرەکی لەم کەلتورە ژیان تامێکی تری هەبوو. لە کاتێکدا لە زۆربەی جێگاکان وەک ئیتالی دەیانبینم و دەستوبرد بە ئیتالی قسەیان لە گەڵدا دەکردم، هەرکە بۆیان دەردەکەوت من ئیتالی نازانم، ئەڵمانییە لادێییەکەم باشترە، جێگای حەپەسان بوو لایان.

بەڵام بۆ من لە ڕەهەندێکی ترەوە زۆر شت هاوشێوەی کوردستان بوو. لێرە خزمایەتی و ناسراوی و بنەماڵەیی  زۆر بەهێزە. لە ماوەی مانەوەمان لێرە تۆڕێکی بەرفراوان لە خزم و کەسوکارمان ناسی. بەڵام سەرباری ئەوە ئێرە جێگایەک نیە بۆ کەسێکی وەک منی هەمیشە بیانی. بیانی بونەوەرێکی شارییە. شار ئەو جێگایەیە کە هەموان تیایدا بیانین. 

خەڵکی ئێرە بە هۆی ساندویچ بونیان لە نێوان دوو فاشیزمدا، نەبوونی شاری گەورە، لادێیی مانەوەی جێگاکە، ترسی توانەوە و سڕینەوە، لە زۆر ڕوەوە پارێزەرن. بەڵام گوندی ئێرە وەک هەر گوندێکی تر لە دونیادا، پڕیەتی لە دوفاقیی و کێشە و ململانێ.

کاتێکی زۆرم بە ڕێکردن بە شاخەکاندا تێپەڕاندا. چیا تایبەتە لە زۆر ڕوەوە. هەرچەندە ڕەنگە ڕۆڵی بەربەست و دابڕان و گۆشەگیریی ببینێت. بەڵام پڕیەتی لە جوانی و تام و پاکی و زیندەوەری تایبەت. زۆر جێگا لێرە بۆ من ئێجار لاوەلێژەبوو هەتا ببێتە جێگای نیشتەجێبون. خەڵکی لێرە لە جێگای وەهادا نیشتەجێین من ناوێرم سەیری خواری خۆم بکەم.

چیا لە وەرزەکاندا جیاوازە. هاوین وەرزی دڵگیری منە لە چیاکان. لە هاویندا چیا پڕ دەبێت لە تام، لە تامی توتڕک و شاتوی کێویی و لە درەنگی هاویند قارچکی کێوی خۆراکی زۆر بە تام و تەندروستن. ڕێوڕێچکەکان، کانیاوەکان، دیمەنەکان، دارستانەکان، ماڵە تەنیاکانی قەدپاڵەکان، کادێنەکان، ڕێگا تەسکەکان هەموو پێکەوە سیستەمێکی ئاڵۆزی نیشتەجێبون بەرهەم دەهێنن. 

هەر کەسێک بۆ مەبەستێک دێت بۆ ئێرە، ئەڵمانەکان سەرباری خلیسکانێ، هەروەها لە هاتنیاندا بۆ ئێرە هەست بە ساتەوەختێکی باڵایی دەکەن، چونکە ئێرە بۆ ئەڵمانەکان وەک جێگایەکی دواکەتووو وەهایە. چونکە لە چل ساڵی ڕابوردودا گەشیاری و وەرزشی زستانە سەرچاوەی سەرەکی داهاتە، تیرۆڵییەکان خۆشیان نمایشی ڕۆڵی کەسێکی لادێیی دواکەوتوو دەکەن بۆ ئەوەی ئەڵمانەکان هەست بە خۆشی بکەن.

کە دەنوسم لەو دیو پەنجەرەکەمەوە  هەتا لوتکەی چیاکە بەفرە. ئەم بەفرە هەتا مانگی سێ لەوێدا دەمێنێتەوە. جارجارێک کە تەماشای ئەم بەرە و بەری دۆڵەکان دەکەم، هەست دەکەم لە فریزەرێکی گەورەدام. ئەگەر پلەی گەرما سفر بێت، ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی خۆشە. 

تیرۆڵییەکان کارکەرن، ژیان لێرە لە کاتژمێر شەشەوە دەست پێدەکات. ئەم نەریتە جیاوازە لە ئیتالییەکان. دیارە لە ڕاستیدا شتێک نیە ناوی کەلتوری ئیتالی بێت. باشور و سەقەلییە زۆر جیاوازن. ئێرەی باکور تەواو تەواو جیاوازە. 

لەماوەی ژیانم لێرە لە ئەوە تێگەشتم کە فاشیزم فەلسەفە نیە، بریتی نیە لە هەڵە تێگەیشتن، یان هەڵگرتنی جۆرێک لە باوەڕ یان ئایدەلۆژیا. بەڵکو فاشیزم جۆرێکە لە ژیانکردن. مرۆڤی فاشی لە ژیانی ڕۆژانە و ووردە ڕەفتارەکانیدا دەردەکەوێت و پیادە دەبێت. لێرەوە دیدە دۆلۆزییەکە کە لە چەمکی مایکرۆفاشیزمدا دەردەکەوێت زۆر بە سودە. فاشیزم بریتیە لە ئارەزوکردنی ئەوەی کە ئەوانیتریش دەبێت وەک تۆ بن، ئەگەر وەک تۆ نەبوون ئەوا ببێتە مایەی بێزاریت. فاشیست کەسێکە کە فزوڵیەتی نیە، هەرگیز نابپرسێت لە بارەی کەلتور و زمان و چێژ و زەوقێکی ترەوە. جیاواز خراپە و زۆرجاریش پیسە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕەفتارانە پاڵنەرەکەیان بیرێک یان دونیابینییەک نیە، بەڵکو تەنها و تەنها ڕەفتارە. 

ئەم فاشیزمە لە گەڵ روداوی نوێ و ژیانی نوێدا خۆی نوێ دەکاتەوە. بۆ نمونە لێرە کەمترین خەڵک ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن. ئەمڕۆ لە دونیادا بەرەی پرۆ-ڤاکسین و دژە ڤاکسین ئەوەندەی ئایدەلۆژییە هیچ ئەوەندە زانستی نیە. 

ئێمە لە نزیک شارۆچکەیەک دەژیاین بە ئیتالی پێی دەڵێن ڤیپیتینۆ، تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری نەمساوە دوورە. ئەوەی ئەم شارۆچکەیەی پێ ناسراوەتەوە ماستە. بەرهەم هێنانی ماست لە میانەی تۆڕێکی ئاڵۆزی سەرمایەداریدا بەرێوەدەچێت. جوتیارە تیڕۆڵییەکان ماڵەکانیان بە قەدپاڵەکانەوەیە. کە مانگاکانیان دەدۆشن، شیرەکەیان دەکەنە بەرمیلی تایبتەوە، لە هەندێک جێگا چونکە تەنکەر ناتوانێت بۆ روات بە پەتی تەلین بەردەدەنەوە بۆ سەر ڕێگاکانی ناو دارستانەکان. هەمو وبەیانییەک تەنکەڕێکی گەورە دێت شیرەکە کۆدەکاتەوە و دەیبات بۆ کارگەی ماستەکە. کە دەڵێم سەرمایەداری مەبەستم ئەوەیە کە چۆن تۆڕێکی واڵۆزی چڕ بەرهەم هاتوە لە جوتیار و کۆمپانیا و بەرهەمهێنانی کاڵای زۆر باش بە جۆڕێک لە هەرکوێی ئیتالیا ناوەی ئەم شارەی بەریت خێرا باسی ماستەکەی دەکەن. 

لە کۆتایی ساڵ هەمومان دەگەڕێیینەوە بۆ ئایرلەندا، وڵاتی هەمومان. ژیانکردن لە هەناو زمانی ئینگلیزیدا ژیانێکی کەلتوری و دەوڵەمەندترە.

28/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر