سی ساڵی ڕابوردوو

د. سه‌ردار عه‌زیز

سی ساڵ لەمەوبەر جەنگی سارد کۆتایی هات. ئەم روداوە، لە هەموو ڕوداوێکی تر لە مێژودا  زیاتر بە سودی کورد بوە. تەمەنی دەسەڵاتی کوردی و کۆتایی جەنگی سارد هەمان ژمارەیە، ئەمە ڕێکەوت نیە. لەم وەرچەرخانە زەمەنییەدا ئێمە ڕوبەڕوی زۆر گرێی ئالۆز دەبینەوە: ئایا جیوپۆلەتیکە بڕیار لە چارەنوسی ئێمە دەدات؟ یان ئایدەلۆژیا؟ لە ساڵانی ڕابوردودا ئایدەلۆژیا لە ناو کۆمەڵگای باشوردا جێگای مشتومڕێکی زۆر بوە، بەبێ بەرهەم هێنانی هیچ دەقێکی قوڵ لەمبارەوە. دەقی ئایدەلۆژیستی بەختیار عەلی زیاتر تومەتبارکردنە، بەبێ خوێندنەوەی بنەما کۆمەڵایەتی و مێژویی و ئاگایی کەسەکان یان گروپەکان. ڕەوتێک هەیە ئایدەلۆژیا بە بەرپرسی یەکەمی قەیرانەکانی کوردستان دەزانێت، ئەمەش خۆڵکردنە چاو و فریودان نەبێت هیچی تر نیە. دەکرێت بوترێت کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی کۆتایی شەڕی سارد کۆتایی ئایدەلۆژیایە بە مانا تەقلیدییەکەی.

دیارە ئایدەلۆژیا وون نابێت، بەڵام ڕۆڵی تەواو دەگۆڕێت. ئایدەلۆژیای لیبرالیزم یان نیولیبرالیزم داوات لێناکات کە بڕوای پێ بهێنی، بەڵکو زۆرجار بەبێ ئاگایی پیادەی دەکەیت. لە پێناسەی ئایدەلۆژیادا لە ئەم سەردەمەدا تۆماس پێکتی وەک ڕەوایی بەخشێک دەیبینێت. ئەو دەڵێت دابەشبونی سامان لە دونیادا زۆر نادادپەروەرانەیە، بۆیە ئایدەلۆژیا پێویستە. بە هەرحاڵ کورد ئایدەلۆژیای هەبێت یان نا، مەحکومە بە جیوپۆلەتیک زیاتر لە ئایدەلۆژیا. هێزێکی کوردی کە زۆر جەخت لە ئایدەلۆژیا دەکاتەوە، پەکەکەیە، دەبینین بە گۆڕانی قۆناغەکان، ئایدەلۆژیاکەی دەگۆڕێت، هەندێک جار ١٨٠ پلە. بۆیە زیاتر گرنگە جەخت لە سەر واقیعییەتی جیوپۆلەتیک بکەینەوە، چونکە کە جیوپۆلەتیک دەگۆڕێت، کورد ناچارە بگۆڕێت. دوو روداو ئێجگار گرنگە لەم ڕوەوە: جەنگی سارد، کۆتایی جەنگی سارد  و دەستپێکردنی سەردەمی تاک جەمسەری. ئەم دوو روداو سیاسیە جیوپۆلەتیکییە، ئێستا خەریکە دەبنە مێژوو، ئێمە لە سەرەتاکانی قۆناغێکی تری مێژوییداین. لە سی ساڵی ڕابوردودا دونیا ئاسان بوو، تەنها پێویستی بە ئەوە دەکرد بزانیت واشنتۆن چیدەکات. هەرچەندە ئێمە نەمانتوانی ئەوەش بەباشی بکەین. 

جەنگی سارد، کە لە ئەنجامی قەیرانی ئێرانەوە دەست پێدەکات، کورد ڕۆڵێکی سەرەکی تیادا دەبینێت، هەرچەندە پەسیڤ. دوکتۆر بورهان یاسین لە تێزی دوکتۆراکەیدا کاری لە سەر پەیوەستی پرسی کورد و جەنگی ساردی کردوە. ستالین بۆ ماوەیەکی کورت سەرکێشی ڕکەبەری بەریتانیا و ئەمریکای کرد، کاتێک پەیمانی بەشە نەوتی پێدرا لە ئێران، کشایەوە. هەرچەندە پاشان لە نەوتەکەش سودمەند نەبوو، بەڵام سۆڤیەت بەباشی زانی هیچ نەکات. ئەمە سەرەتای جەنگی سارد بوو، بە تایبەتی لە دیدی قوتابخانەی پەراوێزەوە peripheral . 
سەرتاپا ساڵانی جەنگی سارد کورد تەنها وەک یەکێک لە ئامرازەکانی ململانێی نێوان دوو زلهێزەکە بەکارهاتوە. لە حەفتاکان ئەم بەکاربردنە دەبێتە بەشێک لە سیستەمێک یان نیزامێک کە هێنری کیسنجەر دایدەڕێژێت. کیسنجەر لە میانەی ئەم نیزامەدا یارییەک دادەڕێژێت کە لە کات و شوێنی تایبەتدا وڵاتێک فشار دەکاتە سەر وڵاتێکی تر لە پێناو گۆڕینی ڕەفتاری ئەو وڵاتە یان ناچارکردنی بە ئەنجامدانی کارێک. بۆ نمونە: کاتێک کیسنجەر سەرکەوتوو دەبێت لە ڕێکخستنی میسر و ئیسرائیل، هەوڵ دەدات کە عێراق ناچار بکات لە کشانەوە لە سوریا، کە بە ئامانجی شەڕ لە گەڵ ئیسرائیلدا لە ئەو وڵاتە بوو. بۆ ناچارکردنی عێراق، کیسنجەر داوا لە شا دەکات، کە دەست بە جموجوڵی سەربازی بکات لە سەر سنورەکانی عێراق، بۆ ئەوەی عێراق ناچاربێت سوپاکەی لە سوریا بکشێنێتەوە. شا بەم کارە هەڵدەستێت. ڕازی بونی شا بەم داوایەی کیسنجەر، دەبێتە مایەی شەڕ لە نێوان کورد و عێراقدا. 

مارتن ئەندیک  ئەمساڵ کتێبێکی چاپکرد جەخت لە سەر پەیوەندی نیزام و ئاشتی دەکاتەوە. بە ڕای ئەو میتۆدی کیسنجەر وەها بوو: نیزامی دادەمەزراند، وەک بنەمایەک بۆ ئاشتی.

 Master of the Game: Henry Kissinger and the Art of Middle East Diplomacy 
ئایا ئەم دیدە چەند وەهایە یان نا، چەندێک کیسنجەر نیزامی بۆ ئاشتی بوو، پرسێکی ترە، ڕەخنەگرانی کیسنجەر زوو لێی هاتنە وەڵام. (وتارێکی ڕەخنەیی باش لەمبارەوە لە ماڵپەڕی war on the Rock دایە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کە کیسنجەر نیزامێکی دامەزراند کە کورد ڕۆڵی فشارکەر و ئامرازی ڕەفتار گۆڕینی ئەویتر بوو. لە پەیوەست بە کورد خۆیدا، لە نوسینێکی تایبەت بەم ئەم بوارە وەک گیسکەکەی هەیاسی خاسم چواندوە. بەپێی ئەم دیدە دەبێت ئەوەندە پشتیوانی کورد بکرێت کە ببێتە هۆکاری ڕەفتار گۆڕینی ئەوانیتر، لە نێویاندا سۆڤیەت و وەهایان لێبکات کە گەر بیانەوێت هەر دەستوەردانێک بکەن لە ناوچەکە ناچاربن دووجار بیربکەنەوە. لە هەمانکاتدا نابێت ئەوەند پشتیوانی بکرێن کە ببنە مایەی گۆڕینی نیزامەکە. دەکرێت ڕەفتاری ئەمریکا لە کاتی ڕیفراندۆمدا لەم ڕونگەیەوە لێکبدرێتەوە. کیسنجەر ئەم دیدە لە بەرواری ٢٣ی تەموزی ساڵی ١٩٧٣ دەردەبڕێت لە گفتوگۆیەکیدا لە گەڵ ریتچارد هۆلمس باڵوێزی ئەمریکی لە ئێران.

بە کۆتایی شەڕی سارد، ئەم نیزامە کۆتایی دێت و ئەمریکا لە ناوچەکە، لە بڕی هاوسەنگکەر و ململانێی زلهێزی تری جیهانی دەبێتە هێزێکی خاوەن هەژەمون. کورد زۆر سود لەم سەردەمی هەژەمونی ئەمریکایە دەبینێت. هەرچەندە ئەگەر کوردی باشور گەلێکی مۆدێرن بونایە و بیانتوانییایە سیستەم و حوکمدارییەکی سەردەمیانە بونیادبنێن، ئەوا دە هێندە زیاتر سودمەند دەبون.

ئەمریکا ئەمرۆ لە کۆتایی قۆناغی تاک جەمسەریدایە. ئەمە تەنها مانای کشانەوە یان گۆڕینی ڕۆڵ نیە بەڵکو یانی کۆتایی قۆناغی هەژەمونیەت و بونی ئەمریکا بە یەکێک لە هێزەکانی تری ناوچەکە و دەرفەت ڕەخسان بۆ ئەوانی تر، بە تایبەت چین و ڕوس.
دیارە زۆر باس لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی جەنگی ساردێکی تر دەکرێت. بەڵام ئەمە تەنها میتافۆرێکی سیاسییە لە پێناو ئاسانی وێناکردنی دۆخەکەدا، ئەگینا دوبارەکردنەوە مێژوو مەحاڵە.

ئێمە ئێستا ئەزمونی دوو قۆناغمان هەیە. قۆناغی شەڕی سارد و قۆناغی پاش شەڕی سارد. ئەم دوو ئەزمونە ئەگەر بتوانین بە میتۆدی زانستی کاری لە سەر بکەین ئەوا دەتوانرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە قۆناغی داهاتوو. 

قۆناغی داهاتوو، کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، بە کورتی لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:

یەکەم، قۆناغی ناڕونی و نادڵناییە. سی ساڵی ڕابودوو ئەگەر بەباشی چاودێری سیاسەتی ناوەوەی ئەمریکات بکردبا، هەتا ڕادەیەکی زۆر دەتتوانی پێشبینی هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا بکەیت، چیدی دۆخەکە بەمجۆرە نیە. لەمەودوا جگە لە ناوەوەی ئەمریکا، دەبێت چاودێری ڕەفتاری هێزەکانی تریش بکەیت.

دووەم، هیچ هێزێک نیە لە دونیادا گەر بیەوێت زلهێزبێت، بتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ بخات. ڕوسەکان کە دەیانەوێت ببنەوە بە زلهێز، دەیانەوێت بێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیبەتێکی گەورە هەیە، لە مەر پەیوەندی ڕوس و زلهێزبون. ڕوسیا قەدەری وەهایە یان دەبێت زلهێزبێت یان دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەم دۆخە وەهایکردوە کە ڕوس مێژوو بە دۆخێکی جیوپۆلەتیکی ناکۆتا دەبینن.

جیوپۆلەتیک لێرەدا یانی جەنگەڵبونی دونیا و نەبونی جێگا بۆ لاواز. ڕوسەکان دەرفەتیان قۆزییەوە و بوون بە بەشێک لە سیستەمی ئابوری و سیاسی ئێمە. چۆن لە داهاتودا مامەڵە بە ئەو پێگەیەوە دەکەن؟ لە سەر سروشتی ڕوداوەکان وەستاوە.

سێیەم، سەردەمی داهاتوو سەردەمی بێ ئایدەلۆژیایە. هەرچەندە چین و ڕوس و ئەوانیتر هەوڵدەدەن دژ بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و لیبرالیزم بدوێن، بەڵام خۆیان هەتا سەر ئێسقان بەشێکن لە سیستەمی لیبرالی جیهانی، گەرچی بە جیاواز. نوخبەی سیاسی و فیکری چین و ڕوس لە ئەو ڕاستیە گەشتوون، ئەگەر بتەوێت لە دونیادابیت دەبێت مۆدێرن بیت، گەر بتەوێت مۆدێرن بیت، دەبێت کەپیتالیست بیت، باری بۆزان بە پوختی باسی ئەم پرسە دەکات، لە مەڕ روسیا و چین.

ئەم نەبونی ئایدەلۆژیایە وەها دەکات کە پێشبینی کردنی ڕەفتاری یاریکەرەکان ئاسان نەبێت، بە تایبەتی بۆ یاریکەرێکی لۆکاڵی وەک کورد کە هەتا ئێستا بیرمەندێکی نیە لە ئاساتی باڵادا بیربکاتەوە، هەمووی سەری کردوەتە خۆی.

ئەوەی جێگای ترس و نائومێدییە، ئەوانەی حوکمی کورد دەکەن، لە ئاستی دۆخەکەدا نین، ئەوانەی نەیاریانن زۆر لە ئاستێکی نزمتردان. خەڵکیش لە نێوان ملکەچیی و بۆڵەدا جۆلانێیانە.

05/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر