د. سهردار عهزیز
لە ساڵی ١٩٢٢ لە پاریس نوسەری گەورەی ئایرلەندی جەیمس جۆیس رۆمانی یولیوسێسی چاپکرد. لە هەمان ساڵدا تی ئێس ئیلیوت شیعری وێرانە خاکی بڵاوکردەوە. ڕۆماننوسی گەورەی ئایرلەندی کۆڵم تۆبین پێی وایە هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو دەقەکەدا. هەردوکیان کار لە سەر دەڵەمەیی ژیانی شار دەکەن. جۆیس لە یولیوسێسدا ئەو حەقایەتخوانە گێڕەرەوەی کوشت کە هەموو شتێکی دەزانی. یولیوسێس لە سەر بنەماکانی ئۆدیسەی هۆمەر بونیادنراوە، بەڵام باس لە ژیانی سەردەمی شار دەکات. دابڕانێکە لە گەڵ ئەدەبی دەشت و دەر و سروشت و ڕۆمانسیەت. جۆیس لە ڕێگای زمانەوە دونیا دەخولقێنێت.
کۆڵم تۆبین ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی فاینانشال تایمز، کە یەک لاپەڕەیان بۆ ئەو یادە تەرخانکردبوو، بابەتێکی ئێجگار دڵگیری دەربارەی ئەم یادە نوسیبوو. ڕۆمانەکەی جۆیس کە بە گرنگترین دەقی سەدەی بیست دادەنرێت، دەربارەی ژیانی ئاسایی جولەکەیەکی ئایرلەندیە لە شاری دۆبلن، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا. کاتێک جۆیس ئەم ڕۆمانە دەنوسێت لە دەرەوەی دۆبلن دەبێت. سەرەتا لە شاری تریەست دەست بە نوسینی دەکات پاشان لە پاریس کۆتایی پێ دەهێنێت.
بونی مرۆڤی ئاسایی بە پاڵەوانی چیرۆکەکان لە بڕی کەسانی بەرز و گەورە، یەکێکە لە خەسڵەتکانی ئەدەبی مۆدێرن.
لەم ڕوانگەیەوە منیش ژیانی ڕۆژی شەممەم دەگێڕمەوە. ئەو ڕۆژەی کە لە بەیانی زودا چومە نهۆمی سەرەوەی کتێبخانەی گشتی شاری کۆرک بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز. من زۆربەی شەممانی تر ڕۆژنامەکە دەکڕم، بەڵام بڕیارم دا ئەم شەممەیە نەیکڕم، ڕۆژنامەی تر بکڕم لە بەر هەندێ ڕوماڵی تر. شەممان من و هاوسەرەکەم بەیانی زوو دێین بۆ بازەڕە خۆماڵییەکە. ئەو بازاڕەی کە جوتیار و نانەوا و ماسی فرۆش و میوە فرۆشەکان بەربومی خۆیان لە گوندەکانەوە دەهێنن بۆ فرۆشتن. بەگشتی خۆراکەکان ئۆرگانین، یانی پەینی کیمیاویان تیادا نیە. ئەمڕۆ لە ئەوروپا بایەخێکی زۆر دەدرێت بە جۆری خۆراک. خواردن چیدی تەنها لە پێناو تێرکردندانیە، بەڵکو وەک دەرمان مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت، هەروەها وەک سەرچاوەیەک بۆ باشکردن و خراپکردنی ژینگە. کەواتە خواردن کردەیەکی پێوستی و تەندروستی و ئەخلاقییە.
ئەم بەیانییە خۆم بە تەنها هاتم، چونکە نامۆ تیپی دوو گۆڵییەکەی یاری هەبوو، لە هەمانکاتدا. ئەوەی دڵتەنگی کردم نەهاتنی سێوفرۆشەکە بوو، کە هەموو شەممانێک دوو سندوقی گەورەی سێوی جیاوازی پڕ لە تام دەهێنێت: سندوقێک بۆ خواردن و سندوقێک بۆ کێک دروستکردن. هەموو هەفتەیەک منیش بیست دانە سێوی لێدەکڕم. نەهاتنی سێو فرۆشەکە لەنگییەک دەخاتە بەرنامەی خۆراکی ئێمەوە، چونکە سێوەکانی تر هەمان تامیان نیە. لێرە، لەم دورگەیەیی ئایرلەندا، تام تیمایەکی گرنگە. چونکە خۆر هێندە بەدەرەوە نیە، تامیش لە میوە و خۆراکەکاندا کەمە. هەمیشە میوەی تامدار دەمباتەوە بۆ وڵاتی خۆر. ئەمە یەکێکە لە ئەو بوارانەی کە زۆر بیری گوندەکەمان و گەرمیان دەکەم، تامی میوە و تامی خۆر. هەنجیری سەرتەک بۆ نمونە.
ماسی فرۆشە ئەڵمانەکە لەوێ نەماوە، ساڵی پێشوو بە زۆری من لێرە نەبووم، کە هاتمەوە سێ لاوی تازە خەتداوی ئایرلەندی ماسی دەفرۆشن. ماسیفرۆشە ئەڵمانییەکە کەسێکی دڵگیربوو، هەمیشە، بە پێچەوانەی زۆربەی ئەڵمانەکانی تر، زۆر بە ویقاربوو. هەندێک جار هێندە بە ڕێکی و گۆشەیی پارچە ماسییەکانی دەبڕی مایەی پێکەنین بوو، کارێک تەنها ئەڵمانەکان دەتوانن بیکەن.
کاتێک سێو فرۆشەکانم نەبینی، ڕۆشتم لە جەیمسم پرسی. جەیمس ووتی پیاوی سێوفرۆشەکە، ڕەنگە نەیەت. جەیمس ساڵانێکی زۆرە دەناسم. ئەو ئێستا کتێبی دەستی دەفرۆشێت، بەڵام چالاکوانێکی سیاسی ناسراوە. ئێمە جاران زیاتر هاوڕێتیمان هەبوو، بەڵام پاش هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق من لە خەتی چەپ جودابومەوە، بەڵام هاوڕێتیمان ماوە. جەیمس چەپێکی ملیتانتە، یانی بڕوای بە بەکارهێنانی چەک هەیە. کێڤن دەیوت ئەو پەیوەندی نزیکی لە گەڵ ئای ئار ئەیدا (سوپای ئازادیخوازی ئایرلەندی) هەیە، بەڵام من هەمیشە وەک ئەنارکستێک ناسیومە.
لە گەڵ جەیمسدا، ئوجینی سەوزە فرۆشیش لەوێ بوو، ئەویش لە باڵی ئەنارکیستەکانە. تێکەڵی من لە گەڵیاندا دەگەڕێتەوە بۆ کێڤن کە ساڵانێک زۆر هاوڕێ بوین. کێڤن دۆیل ڕۆماننوسێکی دیاری ئەم شارەیە، جگە لە هاوڕێتی چەند ساڵێک دراوسێ بوین کاتێک ئێمە لە ماڵێکی کۆنی سەردەمی ئینگلیزەکاندا دەژیان لای بنکە سەربازییەکەی ناو شار.
دەبوو بۆ کارێک نزیکی دوو کاتژمێر بمێنمەوە. دەمێک بوو وەها بە تەنها لە شاردا نەبووم. تامێکی تایبەتی هەبوو. لە کتێبفرۆشی واتەرستۆن کتێبێکی دەگمەنم دەربارەی مێژی چەپی فیدائین خەلقی ئێرانیم کڕی.
Call to arms: Iran’s Marxist Revolutionaries. Ali Rahnem.
وەها دیارە کتێبێکی پڕ زانیارییە، دەربارەی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی چەکداری چەپی جودا لە تودە، لە ئێران. ویستم بڕۆم بۆ کافێ، کاپۆچینۆیەکی بێ کافایین بکڕم و دەست بکەم بە خوێندەوە، بەڵام ئەو کافێیەی کە ساڵانێک تیایدا دادەنیشم، ناوی گوستۆیە، هێشتا بەتەواوی نەکرابوەوە. ژنە بچکۆلەکەی خاوەنی ناسیمیەوە، ووتی دووشەممە بەتەواوی دەکرێینەوە. پاشان بڕیارمدا بچم بۆ کتێبخانەی گشتی. لە ڕێگا مارکۆی ئیتالی و یارینی هاوڕێیم بینی. بە ئیتالی بەیانی باشم لێکردن، هەرچەندە یارین کۆبییە بەڵام بە ئیتالی وەڵامیان دایەوە. قسەکردن بە ئیتالی لە ژێر هەورێکی ڕەشدا حەزێکی زۆری تیادا چەکەرەکردم بۆ خۆر و قاوە و گەرمیی.
ئەوان دەچون جاکۆبۆ ببینن، کە دوێنی لە ئیتالیا هاتەوە. ئێمە هەمومان پێکەوە ئێوارانی هەینی لە پارکی زانکۆ یاری دوو گۆڵی دەکەین.
کە لە نهۆمی سەرەوەی کتێبخانەی گشتی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست و لەندەن ڕڤیو وۆف بوک و فایناشاڵ تایمزم لە گەڵ خۆمدا برد بۆ خوێندنەوە چێژێکی خۆشی هەبوو، بەڵام قاوەی کەم بوو. بیرمکردەوە ئەگەر کەشەکەی خۆر و گەرما بوایە نەدەهاتم بۆ خوێندنەوە. ئەم ڕۆژانەی پێشوو، بابەتی نوسەرێکی نایجیرم خوێندەوە کە چۆن هەورو هەڵای لەندەن هاوکەری بوە بۆ خوێندنەوەی زیاتر و جیاوازتر.
جۆیس ئەمڕۆ نەک وەک نوسەر بەڵکو وەک یەکێک لە سیمبول و ئاماژە دیارەکانی ئایرلەندا دەناسرێتەوە. بەڵام لە ڕۆژانی ژیانیدا سیاسی و پیاوە ئاینییەکانی ئەم وڵاتە نەفرەتیان لێدەکرد. دەڵێن جارێک سەرۆک وەزیرانی ئایرلەندا لە پاش سەربەخۆیی، کە نیمچە ئایرلەندی و نیمچە ئیسپانییە، بە ناوی ئەیمەن دیڤیلێرا، لە زیورخی سویسرا دەبێت، دەچێتە لای هەمان دوکتۆری چاو، کە جۆیسی چاو پڕ لە کێشە، نەخۆشی هەمان دوکتۆر دەبێت. جۆیس کە ئاگادار دەبێتەوە بە هاتنی سەرۆک وەزیران، داوای لێدەکات لە جێگایەک پێکەوە نانێک بخۆن، بەڵام ئەو ڕازی نابێت.
کاتێک جۆیس دەمرێت بە هیچ شێوەیەک لە ئایرلەندا یادی ناکرێتەوە. ئەمە قەدەری هەموو بیرمەندێکە لە گەڵ خەڵک و وڵاتی خۆیدا. لە ساڵی ١٩٥٤ کۆمەڵێک نوسەر لە دۆبلن بە هەمان ئەو ڕێچکەدا دەڕۆن کە لیبۆلد بلومی پاڵەوانەکەی جۆیس پیادا ڕۆشتوە. ئیتر دوای ئەوە ئەو ڕۆژە هەموو ساڵێک یادەی دەکرێتەوە، کە بە ڕۆژی بلوم ناسراوە.
جۆیس لە زۆر ڕوەوە کەسێکی وەک بەختیار عەلیم بیردەخاتەوە، کەسێک کە ئێمە لەغوربەتتدا فەرامۆشمان کردوە. چاوەڕێمان کرد هەتا ئەوانیتر دانی پیادابنێن، ئەنجا ئێمەش. بەڵام هێشتا سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سیاسی ئێمە ناتوانێت ئەو بەبێ مەرج قبوڵ بکات.
جۆیس بە ئاسانی ناخوێندرێتەوە. هەندێ کاری نەبێت خوێندنەوەی زۆر پڕ لە ئالنگارییە. بیرم دێت لە کۆتایی هەشتاکان دەستمکرد بە خوێندنەوەی دۆبلنییەکان، پاشان وێنەی هونەرمەند لە تافی لاویدا. کاری سەختن، بەڵام ئەوانە لە دەقە ئاسانەکانی جۆیسن بە بەراورد بە یولیوسێ و فینگانس وەیک.