ئۆکرانیا: خەتای کێیە؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

پرسی ئەوەی ئایا شەڕی ئۆکرانیا خەتای کێیە، پێش ئەوەی پرسێکی ئەخلاقی و دادوەرییانە بێت، پرسێکی فیکرییە. ئایا لە چ ڕوانگەیەکی فیکرییەوە دونیا دەبینیت، بڕیار دەدات ئایا کێ بە خەتابار لە قەڵەم دەدەیت. لێرەدا بۆ ئاسانکاری خوێنەر، قوتابخانە فیکرییەکان دەکەین بە دوو بەشەوە، بەشێکی ڕیالیزم یان واقیعی ئەوەی تر لیبرال یان وەک رەخنەگرانی لە قەڵەمی دەدەن، یوتوپیایی. دیارە ناونانەکان بێ گوناه نین. 

ئەگەر بە ووردی تەماشای لێدوان و بڵاوکراوەکانی ڕۆژئاوا بکەیت بەرامبەر شەڕی ئۆکرانیا، وشەیەک لە زۆربەی لێداوانەکاندا هەیە کە unprovoked ە. ئەم وشەیە لەم دەربڕینانەدا بە مانای ئەوە دێت کە ئۆکرانیا هیچ هەوڵ کار و کردوەیەکی نەنواندوە هەتا ڕوسیا ناچار بە وەڵام بکات. ئەمە دیدی لیبرالەکانە. کە بە مانای ئەوە دێت ئۆکرانیا هیچ کارێکی هەڵەی ئەنجام نەداوە. ڕوسیا دەستدرێژکەرە. لە بەرامبەردا ئەوانەی سەر بە قوتابخانەی لیبرالیزمن، هەڵسوکەوتەکانی ئۆکرانیا وەها لە قەڵەم دەدەن کە provoked ە، بەو مانایە ئۆکرانیا هەندێک هەنگاو و هەوڵی داوە، کە بوەتە هۆکاری ئەوەی کە ڕوسیا ناچار بکات هێرش بکاتە سەری.

قوتابخانەی ڕیالیزم لە سەردەمی نوێدا دەگەرێتەوە بۆ مێژونوسی ئینگلیزی کار Edward Hallett 
 Carr . کار لە ساڵی ١٩٣٩ کتێبێکی کاریگەر چاپ دەکات بە ناوی بیست ساڵی قەیران ١٩١٩-١٩٣٩ کە تیایدا باس لە وەهمی دامەزراندنی سیستەمی جیهانی و بەهای جیهانی و یاساغکردنی جەنگ و ئەو بەها و دەزگا و بنەمایانە دەکات کە لیبرالیزم و سۆشیال دیموکراتەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد. کار وەک ڕیالیستێک دژ بە خیتابی ئەخلاقە، بەلای ئەوەوە ئەوەی وڵاتانی سەرکەوتوی جەنگی جیهانی یەکەم وەک بەهای جیهانی و گەردونی باسی دەکەن، تەنها بەهای خۆیانە، نەک جیهانی. ڕەگی ئەم تێزە دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندی نازی کارل شمت، ئەویش بەهەمان شێوە بڕوای وەهابوو ئەخلاق و بەهاکان تەنها ئامرازن نەک ئامانج. 

بیری کار ئەمڕۆش کاریگەرە. لێکۆڵەری ئینگلیزی فلیپ کونلیف کتێبێکی هاوشێوەی کتێبەکەی کار نوسیوە لە ژێر ناونیشانی بیست ساڵ قەیران ١٩٩٩-٢٠١٩، کە بە هەمان دید ئەو دووو دەیەیە دەبینێت. کرۆکی بیری بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە ئەوەیە کە کاتێک هێزێک زاڵ دەبێت و دەیەوێت بەهاکانی خۆی لە هەناو بەها جیهانی و مرۆڤایەتییەکاندا بڵاوە پێبکات ئەوا لە ئەنجامدا لە لایەن ئەوانیترەوە بەرهەڵستی دروست دەکات. بەم پێیە بەها و ئەخلاقی مرۆیی بونی نیە، ئەوەی هەیە تایبەتمەندی گەلان و کەلتور و بەها و بەرژەوەندییەکانیانە. بە زمانێکی تر ئەوەی باڵادەستە ناسیونالیزمە، نەک یونیڤێرسالیزم، گەردونگەرایی. دیسانەوە بە زمانێکی تر، ناسیونالیزم واقیعییە و یونیڤێرسالیزم یوتوپییە. 
ئێستا گەر ئەم دیدە بە سەر جەنگی ئۆکرانیادا پیادە بکەین چیمان بۆ دەردەچێت؟ یەکێک لە بیرمەندە دیارەکانی داکۆکیکردن لە بیری ڕیالیزم لە جەنگی ئۆکرانیادا جۆن میرشایمەرە. جۆن پێشتریش بە ئەوە ناسراوە کە کەسایەتییەکی دەنگهەڵبڕە، دەست بۆ ئەو بوارانە دەباتە کە لای زۆرێک بڤەن، بۆ نمونە، کاریگەری لۆبیی ئیسرائیلی لە ئەمریکا. بەڵام بوارێک جۆن تیایدا ئەسپی خۆی تاوداوە، وەک کورد دەڵێین، ڕەفتاری زلهێزەکانە. بە ئاستێک جۆن وەها دەبینینێت کە زلهێزەکان هەتا ئاستێکی زۆر وەک یەک ڕەفتار دەکەن. بۆ نمونە، زلهێزەکان، زلهێزی تر لە نزیکیان قبوڵ ناکەن. گەر فشاریان بخرێتە سەر پەرچەکرداریان دەبێت. لە پێناو سەرکەوتندا سڵ لە هیچ دڕندەییەک ناکەنەوە. لە کاتێکدا بانگەشە بۆ بەهای جیهانی دەکەن هەموو لە ناخدا  و لە حەقیقەتدا ناسیونالیستن. ناسیونالیزم لێرەدا یانی بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی خود لە بەرامبەری بەرژەوەندی ئەوانیتردا. 

ڕەنگە ئەمە یەکەم دەریچەی ڕەخنەمان بێت لە ئەم دیدە. سەرباری ئەوەی کە زۆر لە زلهێزەکان کاری هاوبەشیان ئەنجامداوە لە مێژودا، بەڵام تایبەتمەندی و جیاوازییان هەیە، چ لە ڕوی پێگە، مێژو، دونیابینی و جیوپۆلەتیک. ڕوسەکان وەک زلهێز جیاوازن لە ئەڵمان و فەرەنسی و ئەمریکی و ژاپۆنی و چینی. کۆمەڵێک ئالۆزی زۆر لە هەناو کەسایەتی و دۆخی دەرونی گشتی ڕوسیدا هەیە، لە بەرامبەر ئەوروپا، لە بەرامبەر شارستانی ئەمریکی، لە بەرامبەر هێزەکانی دەوروبەری، کە ئەوانیتر نیانە. بۆ نمونە هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان روسەکان و ئیسلامدا لە پەیوەست بە ئەوروپاوە، کە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی پڕ لە رق و خۆشەویستی و ئیرەیی و نەفرەتە. لێرەدا وەک دوو نمونەی زەق تەنها ئاماژە بۆ دۆستەیەڤسکی و جۆرج تەرابیشی دەدەین. دیارە ئەم دوانە خاوەن دیدی تەواو تەواو جیاوازن بەڵام دەرخەری ئاڵۆزی و دەرونێتی پەیوەندی هەردوو ناوچەکەن بە ئەوروپاوە. تەرابیشی لە کتێبی المرچ بالغرب و دۆستەیەڤسکی لە  Winter Notes on Summer Impressions .

ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر بیری ڕوس و چۆنێتی مامەڵەیان لە گەڵ دەوروبەریاندا. ئەگەر چەمکی زلهێز، چەمکێک نەبێت کە بۆ هەموو زلهێزەکان بشێت ئەوا هەموو زلهێزێک پێویست بە لێکدانەوەی تایبەت دەکات. بەڵام مێرشایمەر دەیەوێت بڵێت هەموو زلهێزەکان هاوشێوەن. 

دووەم کێشەی دیدی ڕیالیستەکان یان مێرشایمەر، وەک نمونە، ئەوەیە کە وەها دەبینێت کە دەبێت سازش بکرێت بۆ خاوەن هێزەکان هەتا ئاشتی بەرقەرار بێت. چونکە بە دیدی ئەوان هێز خاوەن ڕەواییە. بەڵام دوو کێشە لێرەدا هەیە، یەکەم، ڕوسەکان تەنها داکۆکی لە خۆیان ناکەن، بەڵکو مێژویەکی چەند سەد ساڵەیان هەیە لە فراوانخوازی. بۆیە ئارگومێنتی ئەوەی کە ڕوسەکان بۆیە دەیانەوێت بێنە ئۆکرانیا چونکە دەترسن یان هەست بە فشار دەکەن لە هێزێکی نەیاری وەک ناتۆ، بڕێک لە ڕاستی تیادایە، بەڵام نەک هەموو ڕاستی. دەکرێت بۆ نمونە ئارگومێنتەکە بەم شێوەیە بێت، ڕوسەکان دژ بە ئەندام بونی وڵاتانی دراوسێیانن بۆ ناتۆ چونکە دەخوازن هەر کاتێک توانایان هەبوو دەستیان بە سەردا بگرنەوە. ئەم ئارگومێنتە لە ڕوی مێژوییەوە تەواو تۆکمەیە چونکە لە سەرەتای ئیمپراتۆریەتی مۆسکۆوە ڕوسەکان بەردەوام لە کشاندان و هەست بە سەقامگیری و ئارامی ناکەن هەتا نەگەنەوە پانتاییەکانی سۆڤیەت.

لە هەمانکاتدا ئەگەر تەماشای مۆدێلی ئەڵمانی بکەین، لە سەرەتادا سازشکرا بۆ هیتلەر، بەڵام ئەم سازشە نەبوە هۆکاری ئەوەی لە فراوانخوازی دووری بخاتەوە. کەواتە هەموو دیدی دەبێت سازش بۆ ڕوسیا بکرێت، بەوەی ئۆکرانیا و جۆرجیا و قرم و ئۆتیسیا و جێگاکانی تری پێبدرێت، هیچ مانای ئەوەنیە لەوێدا دەوەستن.

ڕەهەندێکی تری دیدی ڕیالیستەکان ئەوەیە کە دونیا یانی هێز. بۆیە دونیا جێگای خاوەن هێزەکانە و ئەوانەی هێزیان کەمترە یان لاوازترن دەبێت ملکەچی بەهێزەکان بن. ڕەنگە ئەم دیدە بگەڕێتەوە بۆ تیوسەدایدس، بیرمەندی شەڕی پۆلۆپینەسیان. بەڵام قەیرانی ئەم دیدە ئەوەیە کە ئەیجنسی خەڵکەکانی تر لە بەرچاو ناگرێت. لێرەدا لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی ئۆکرانییەکان دەخوازن هیچ بایەخێکی نیە، چونکە ئەوەندە هێزیان نیە بیچەسپێنن بۆیە دەبێت ملکەچی ئەوانە بن کە هێزیان هەیە. بونیادنانی ڕەوایی پشت بە هێز، وەها دەکات کە ئەخلاق و بەها مرۆییەکان کۆتاییان پێبێت. بۆیە داکۆکیکردن لە ڕیالیزم وەک ڕەوایی یانی بێ مافکردنی زۆرینەی زۆری خەڵکانی دونیا لە مافی بونی سەروەریی.

لە کۆتاییدا چەند ڕەخنەیەکی تایبەت. جۆن مێرشایمەر لە ٢٠١٥ وەهای بیردەکردەوە کە هەرگیز پوتین نایەوێت ئۆکرانیا بگرێت و ئەو کەسێکی ڕاشناڵە، یان عەقڵانییە و هەرگیز کاری وەها ناکات. مەبەستی لە ئەمە ئەوەبوو کە پوتین کەسێکی ڕیالیستیی یان واقیعییە و وەک لیبرالەکان و ئەوانیتر ئامانجی خەیاڵی نیە. بەڵام، ئەوەی لە بەرچاو نەگرت، ڕەنگە پوتین لیبرال نەبێت بەڵام دەکرێت گیرۆدەی کۆمەڵێک ئایدەلۆژیا یان پاترنی (کرداری دوبارە) تر بێت. لە ئاستی شەخسیدا مێرشایمەر جۆرێک لە پەرچەکرداری پێوەدیارە بەرامبەر ڕەخنەگرەکانی بۆیە ڕەنگە هەتا ئاستێک ناواقیعی کردبێت. دیارە بێگومان ڕیالیستیەکان هەڵەنین، بەڵام ناکرێت هەمیشە ڕاست و ڕەوان بن. شەڕی ئۆکرانیا تەنها یەک ڕەهەندی نیە، بەڵکو روداوێکی جیهانی ئالۆزە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە سەر هەموو مرۆڤایەتی هەیە بە شێوازی جیاواز.


29/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر