فەیسبوکۆکراسی

د. سه‌ردار عه‌زیز

فەیسبوک لە ماوەی دەیەیەکدا زۆرترین خەڵکی سەرگۆی زەمینی لە خۆیدا کۆکردوەتە. کاریگەری فەیسبوک لە هەموو ئاستێکدا ئێجگار کاریگەرە. ناونیشانی ئەم نوسینە یانی حوکمی فەیسبوک. بە کورتی دەمەوێت وەڵامی پرسیارێک بدەمەوە: ئایا فەیسبوک کۆتایی بە دیموکراسی دەهێنێت؟ ئەمرۆ نەک تەنها لە ئەو جێگایانەی کە دیموکراسی بێڕەگ و لاوازە، بەڵکو لە هەناو دیموکراسییە بەهێزەکانیشدا، بۆ نمونە وەک ئەمریکا، فەیسبوک، لە گەڵ ئەو ناوەندەکانی تری هاوشێوەی، ئالانگارییەکی زۆریان بۆ دیموکراسی دروستکردوە. لە ماوەی رابوردودا دوو کاری لێکۆڵینەوە جێگای سەرنج بوون لەلام. یەکەمیان نوسینێکی لێکۆڵەری ئەمریکی  Jonathan Haidt لە گۆڤاری ئەتلانتیکی مانگانە بە ناونیشانی: بۆچی دە ساڵی ڕابوردوی ژیانی ئەمریکی گەمژانەبوە؟ هەروەها وەک ناونیشانێکی لاوەکیش ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە دۆخەکە ناوازە نیە بەڵکو درێژەی دەبێت. دوهەمیان کتێبێک بەناوی The Storm Is Upon Us, Mike Rothschild 

گەردەلولێک بە سەرمانەوە، لە نوسینی ڕۆژنامەنوسی کالیفۆرنی مایک رۆپچالید. کتێبەکەی ڕۆپچایلد باس لە سەرهەڵدانی یەکێک لە بێزارترین ڕێکخراوەکانی دونیای سیاسەتی ئەمریکی دەکات بە ناوی QAnon. لە ڕاستیدا ئامانجم نیە باس لە دۆخی ئەمریکی بکەم لە سایەی میدیای نوێ یان فەیسبوکدا، بەڵکو زیاتر مەبەستمە باس لە دۆخی کۆمەڵگایەکی لەرزۆکی بێ چیرۆکی هەلا هەلای وەک کوردستان بکەم. پێش ئەوەی بێمە سەر ئەم بوارە حەزدەکەم ئاماژە بە دوای کاری فۆکۆیاما بدەم لە میانەی هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە لیبرالیزم، کە بەهەمانشێوە پەیوەندی هەیە بە ئەو دۆخەی کە فەیسبوک بەرهەمی هێناوە. بە دیدی ئەو یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی لیبرالیزم دەگەڕێتەوە بۆ کەسانێکی وەک فۆکۆ و ئەوانیتر کە بە زەقی بانگەشەیان بۆ خیتاب دەکرد. چەمکی خیتاب یانی ڕاستی بونیادنراو. بەو مانایە ئەوەی دەوترێت ڕاستی نیە، بەڵکو هەموو دەربڕینێک لە لایەن دەربڕەوە بۆ ئامانج و مەبەستی خۆی دەردەبڕێت، کەواتە هەموو دەربڕاوێک پڕیەتی لە شاردنەوە و ڕازاندنەوە و بێدەنگلێکراو و زەقکراوە و پشتگوێخراو.

 بە دیدی فۆکۆیاما ئەمانە بنەمای ئەوەیان داڕشت کە بڕوا نەمێنێت بەوەی دەگوترێت و ئەو وەرچەرخانە دروست بێت کە پێی دەوترێت کۆتایی ڕاستی یان پاش ڕاستی. ئەم بروانەمانە کاریگەری هەیە لە سەر ڕۆڵی دەزگا، حوکمداریی و دروستبونی خەڵک وەک یەکەیەکی سیاسی.
ئایا فەیسبوک چۆن دژایەتی دیموکراسی دەکات؟

لە سەرەتای هاتنی فەیسبوک تێگەیشتنەکان پێچەوانە بوون. میدیای نوێ وەها دەبینرا کە ناوەندێک بێت کراوەبێت بۆ هەموان و چیدی بەربەست و ڕێگرەکان نەمێنێت لە بەردەم دەربڕینی ڕاو و بۆچونەکاندا. بەڵام ئەو دونیایەکی کە فەیسبوک بەرهەمی هێناوە تەنها بەو شێوەیەنیە. بەڵکو لە زۆر باردا پێچەوانەکەی ڕاستە.

یەکەم کارێک کە فەیسبوک دەیکات، ووردکردنەوەیە. ووردکردنەوە بەو مانایە هەرکەسێک کە بیەوێت دەتوانێت نەرەتیڤێک یان چیرۆکێک بۆ خۆی بونیادبنێت، دژ بە چیرۆکی باڵا، یان جیاواز لە چیرۆکی باڵا. نەمانی چیرۆکی باڵا لە هەمانکاتدا یانی نەمانی چیرۆکی هاوبەش. لێرەوە سەرەتای هەڵوەشانی چیرۆک و مێژو و باوەڕ و سیمبوڵەکان دەست پێدەکات. هەموو بنەماکانی مۆدێرنە لە سەر ئەو بنەمایە بوو، کە چاپەمەنی سەردەمی نوێ یان مۆدێرن وەک ڕۆژنامە، بڵاوکراوەکان هاوبەشیی لە نێوان خەڵکدا دروست دەکەن و چیدی پێویست نیە خەڵک یەکتر بناسن یان یەکتر ببینن یان تێکەڵی بکەن هەتا هەست بکەن سەر بە هەمان یەکەن. ئەمە کرۆکی تێزەکەی بیندیکەت ئەندەرسنە بە ناوی نەتەوە وەک چڤاتێکی خەیاڵکراوە. بە هاتنی میدیای نوێ و دەستپێگەیشتنی زۆرینە بە ئاسانی سەردەمی یەک چیرۆک و یەک خەیاڵ و یەک نەرەتیڤ بەسەرچوو. لە دروستبونی زۆرێک لە چیرۆکەکان، چیرۆکەکان و خاوەنەکانیان دەکەونە ململانێ و کێبڕکێ و دژایەتی لە پێناو سەپاندنی خود، دژایەتی ئەویتر و هێشتنەوەی لایەنگرەکانیان. ئەمە بنەمای ئەوە دادەڕێیژێت کە پرسی یەکبون و هاوبەشی و گشتی و زۆر بواری تر کۆتایی بێت. حوکمکردنی خەڵکێکی پەرتەوازە ئێجگار ئەستەمە. 

لە کاریگەری لە سەر دیموکراسی یەکەم کاریگەریی ئەوەیە کە خەڵک بۆ هەمیشە پەرت دەبن و لە هەمانکاتدا فەیسبوک نەک تەنها ئەو پەرتییە دروست دەکات بەڵکو بەردەوامیی پێدەدات چونکە لە سەری دەژی. ئەمەش ڕێگرە، لە هاتنە ئارای لەیەگەیشتن، سازان و پاشان حوکمداریی.

دووەم خەسڵەت کە ناوەندێکی وەک فەیسبوک بڕەوی پێدەدات، ئاسانبونی دروستبونی کەسایەتی و ڕێکخراو و یەکەکانە. ئەم ئاسانییە، هۆکاری زۆربونیەتی. کاتێک هەر بونێک بە ئاسانی دروست دەبێت ئەوا دەبێت مایەی ئەوەی کە زۆر کەسایەتی و خەڵک بتوانن دروست بن. بەڵام زۆربون دەرئەنجامێکی هەیە، کە کاریگەری خراپی لە سەر خەسڵەتی کەسی دروست بوو هەیە. فەیسبوک کەسە خێرا دروستبوەکان ناچار دەکات کە توندبن. توندی ئەو خەسڵەتەیە کە هەر کەسەوە لە ڕێگایەوە جەماوەرەکەی ڕادەگرێت. توندی توندی زیاتر بە دوای خۆیدا دێنێت لە گۆڕەپانەکەدا. ئەمەش بنەمای ئەوەیە کە فەیسبوک و ناوەندە هاوبەشەکانی جێگای زۆرێک لە توندڕەوانە و لە ئەنجامدا خەڵکی ئاسایش لە فەیسبوکدا زیاتر توندڕەون وەک لە ژیانی ئاساییاندا. چ وورد بونەوە و دژایەتی، چ توندی نابنە هۆکاری حوکمی دیموکراسی، ئەگەر دیموکراسی بە مانای حوکمی خەڵک وەربگرین ئەوا فەیسبوک کۆتایی بە بونی خەڵک دەهێنێت و بەڵکو گروپی پەرتەوازەی بچوک بچوک دروست دەکات.
جارێکیان چالاکوانێک لە کوردستان لە باسی ناوەندی فەیسبوکدا ڕستەیەکی زۆر سەرنجڕاکشی درکاند. کاتێک باسی چالاکوانانی تری دەکرد، لە میانەی کێبڕکێ و ڕکەبەرییان، ئاماژەی بە ئەوە دەدا کە هەریەکەو بەشی خۆی هەیە. بۆ من ئەم سەرنجە، کە زیاتر دیدیێکی بازاڕیییە. بازاڕ لێرەدا مەبەستم مارکێتە، نەک سوکایەکی، مارکێت بەو مانایە هەوادار، فان وەک کڕیاری کاڵا دەبینرێن.

ئەمە یەکێکە لەو ڕەهەندانەی کە فەیسبوک کاریگەری خراپی لە سەر چەمکی هاوڵاتی و ڕۆڵی هاوڵاتی بون دەبینێت.  بۆ چالاکوانی فەیسبوک کەسەکان ژمارەن، نەک خەڵکی خاوەن تایبەتمەندی و خواست. لە هاوڵاتییەوە دەگۆڕێن بۆ هەوادار و لایەنگر و پشتیوان، وەک ئەوەی کۆمەڵگا لە جەنگێکی ناکۆتابێت لە گەڵ خۆیدا. 

ڕەهەندێکی تری ئاسانی سەرهەڵدانی کەسایەتی و ڕێکخراو، کاریگەرییەتی لە سەر پرۆسەی نوێنەرایەتی. دیموکراسی بەبێ نوێنەرایەتی دەبێتە کارێکی مەحاڵ. تەنها چارەسەری مەحاڵێتی دیموکراسی نوێنەرایەتییە. بەڵام نوێنەرایەتی پێویستی بە کۆمەڵگا و دەزگای ترە وەک نێوەندگیر و کۆکەرەوە و گەیەنەر. بۆ نمونە پرۆسەی نوێنەرایەتی پێویستی بە بونیادنانە. بەڵام میدیای نوێ و فەیسبوک پرۆسەی بونیادنانی کۆتایی پێدەهێنێت. چ بە هۆکاری خێرایی و ئاسانی و دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە، فەیسبوک وەها دەکات کە کەسایەتیەکان لە بڕی نوێنەر دەنگدانەوەی کەسەکان بن. وەک ئەوەی زۆرجار لە کۆمێنتی فەیسبوکدا دەیبینیت، قسەی دڵی منت کرد. کەسایەتییەکان هەوڵدەدەن قسەی دڵی جەماوەرەکەیان بکەن، لە بڕی بونی پەیوەندییەکی نوێنەرایەتی. 

زۆری و بۆری کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر کواڵیتی زانیاری هەیە. لە ساڵی ٢٠١٨ ستیڤ بانون، ئەو کەسەی کە دۆناڵد ترەمپی دروست کرد، دەڵێت ڕێگای گونجاو بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ میدیادا ئەوەیە کە زۆنەکە پڕکەی لە گوو. بانون ئەم تەکتیکەی لە ڕوسەکانەوە وەرگرتبوو. ئەم پڕکردنەی زۆنەکە دەبێتە مایەی سەرلێشێوان و ناسەقامگیریی باری دەرونی لای زۆرینەی خەڵک. 

 رەهەندێکی تری فەیسبوک بونیەتی بە زۆنگاوی تیورەی پیلانگێڕی. لە فەیسبوکدا خەڵک بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە لێکدانەوەی ئاسان و هەست وروژێن و بێ دەسەڵاتکردنی خۆی ببینێت. تیورەی پیلانگێڕی هەمیشە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە هێزی تر هەن بەرپرسن لە نەهامەتییەکان، ئەوانیتر لە موئامەرەدان دژت، تۆ زوڵمت لێکراوە، هیچ گوناهێکت نیە. هاوشان بە تیورەی پیلانگێڕی فەیسبوک پەیامەکان کورت و دروشم ئاسا و سادە دەکاتەوە. بەم جۆرە هەموو ئاڵۆزییەکانی دونیا وون دەبن و خەڵک میکانیزمی راستەقینەی پشت ڕوداوەکان نابینن. ئەمڕۆ فەیسبوک وەک مەیدانی جەنگ دەبینرێت. لە ئەمریکا لە عێراق لە کوردستان سوپای ئەلکترۆنی هەن. خەڵکانێک کە کاریان ئەوەیە لە فەیسبوکدا چالاک بن و ئاراستەی جەماوەر بکەن.


26/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر