ئیسرائیل یانی چی؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

پەرلەمانی عێراقی خوێندنەوەی یەکەمی یاسای یاساغکردنی پەیوەندی لە گەڵ کیانی سەهیونی ئەنجام دا. ڕەشنوسی یاساکە هەتا بڵێی توندە.  ڕەشنوسەکە ڕەهەندی دەوڵەتی و شەخسی و کۆمپانیایی هەیە. ئەگەر بپرسین ئەم یاسایە بۆ، ڕەنگە بە ئاسانی وەڵامێکی ڕونمان دەست نەکەوێت. ئایا ئیسرائیل هێندە پەیوەندی و کاریگەریی هەیە لە سەر عێراق. بێگومان نەخێر.

یاساکە دژ بە تەتبیع یان نۆرمەلایزەیشنە. ئێستا ئەم چەمکە کە یانی ئاساییکردنەوە بوەتە ڕەوتێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا. ئەمە وەرچەرخانە لە دێوزەمەبونی ئیسرائیل بۆ ئاسایی بونی. لای هەندێک وڵات ئیسرائیل نەک هەر دەبێتە ئاسایی بەڵکو دەبێتە پشتیوانێکی ئاسایشیی، بە تایبەتی لە پاش ڕۆڵ گۆڕینی ئەمریکا.

هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بەم شێوازەی ئێستا لە ئیدارەی ترەمپدا دەستی پێکرد، بەڵام ئەم ئیدارەیەش هاندەری ئەم پرۆسەیە. یەکەم پەیامی یاساکە دژایەتی ئەو ڕەوتەیە. ئەمەش وەها دەکات کە گومانی سەرەکی بۆ ئێران بچێت لە پشت ئەم یاسایەوە. هەرچەندە پێشنیارەکە لە لایەن سەدرییەکانەوەیە، بەڵام دۆخی بۆ خولقا تەنانەت پارتیش پشتیوانی لێبکات.

بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئایا ئەم یاسایە ئەگەر تێپەڕێت چۆن کاریگەری دەبێت لە ناوەوەی عێراق و گاڵتەجاریی دیموکراسی.

ئیسرائیل چەندین ئاستی ئامادەیی هەیە لە کەلتوری سیاسی و حوکمداری ناوچەکەدا. زۆربەی جار ئیسرائیل بەکاردێت وەک بەهانەیەک بۆ تاوانبارکردن و سەرکوتکردن و دژایەتی دیموکراسی. یەکەم بەرهەمی خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە، یاساغکردنی باسم خەشان بوو، کە ئەندام پەرلەمانێکی ئیزعاجکەرە بۆ حەلبوسی. هەرچەندە خەشان هەنگاوەکانی لە تەیارەوە نزیکە، بەڵام جێگای بڕواپێکردن نیە لای ئەوانیش. خەشان نمونە ئەو کۆلکە سیاسییە چالاکوانانەیە لە عێراقدا کە وەک گەمژەیەکی بە سود هەڵدەسوڕێنرێن. کارو چالاکیەکانی پێویستن بەڵام دەرئەنجامەی یارییەکە لە دەستی خۆیدا نیە.

بەڵام ڕوادوەکە ئاماژەیە بۆ سودوەرگرتن لە ڕەشنوسەکە بۆ سەرکوتکردنی ئیزعاجەکان. 

دووەم کاریگەری ڕەهەندی ئابورییە. لە داهاتودا هەر کۆمپانیایەک بە دڵی دەسەڵاتداران نەبێت یان سودمەندیان نەکات، ئەوا بە ئاسانی بوونی پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیلدا بۆ دروست دەکەن و ڕێگریی لێدەکەن. لە ڕوانگەی ئابورییەوە زیانێکی زۆر لە عێراق دەدات چونکە ئیسرائیل خاوەن پڕ داهێنەرترین ئابورییە لە ناوچەکەدا، وڵاتێکی وەک چین پێویستی پێیەتی، لێگەڕێ وڵاتێکی دواکەتوی وەک عێراق.
دیارە بێگومان ڕەهەندی پۆپیلیزمی و گەوجاندنی جەماوەر هەمیشە ئامادەیە، بە تایبەتی بۆ پەرلەمانێکی پەککەوتەی بێسود. 
ئیسرائیل وڵاتێکە کە بێزارییەکی زۆر بۆ کەلتور و سیستەمەکانی ناوچەکە دروست دەکات. هەموو موسڵمانان بە ترسنۆک و کەم و بێزراو سەیری ئیسرائیل دەکەن، ئەمە ڕەهەندی مێژویی و کەلتوری و دەرونی هەیە. جۆرێکە لەوەی نیتچە ناوی نا رێسێنتموا، یانی نەفرەتکردن لە بونێک، کە لە بنەڕەتدا نەفرەتەکە ئیرەیی و هەست بە کەمیکردنە، بەڵام وەها دەردەکەوێت جۆرێکە لە باڵایی. نیتچە لە هیچدا باڵا نەبێت لە خوێندنەوەی کەلتوری کۆیلەدا باڵایە.


14/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر