هەرێم لە سی ساڵیدا

د. سه‌ردار عه‌زیز

ئەگەر هەڵبژاردنی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ وەک ڕۆژی لە دایکبون لە بەر چاو بگرین ئەوا تەمەنی هەرێمی کوردستان دەبێت بە سی ساڵ. ساڵانێکی زۆر هەرێم ساوابوو. ساوابوون، تەنها ئاماژە نەبوو بۆ تەمەن، بەڵکو چەمک و خیتابێک بوو بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی، بۆ پاسا و بەهانە هێنانەوە. پاش ساوایی ئیتر هیچ قۆناغێکی تری تەمەنمان لە هەرێم نەبیست. ئایا هەرێم هەر بە ساوایی ماوەتەوە، یان ئێستا باڵق بوەوە و بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی خۆی؟
سی ساڵی رابوردوو بۆ هەرێم و دونیا تایبەت بوو. سی ساڵی داهاتوو وەها نابێت. هەرێم لە سی ساڵی رابوردودا چی هەبوو، هەروەها چی نەبوو؟
لە کتێبی دیداری تەمەندا، جەلال تاڵەبانی ئاماژە بە ئەوە دەدات کە پێیان گوتراوە ئەگەر بێتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدەن ئەوا پشتیوانییان لێدەکرێت و لە فشاری تورکیا دەپارێزرێن. تاڵەبانی ناوی ئەو لایەنە ناهێنێت کە ئەم پێشنیارەی کردوە، بەڵام کاتێک لای مەسعود بەرزانی ئاماژەی پێدەدات ئەویش دەڵێت هەمان شتی پێگوتراوە. بە هەموو ئاماژەکاندا دەردەکەوێت کە ئەو وڵاتەی ئەم پێشنیارەی کردوە ئەمریکایە. هەرچەندە تورکیا ئەو سەردەمە هێندە بەهێزنەبوو، هەروەها هێندە خواستی فراوانخوازی نەبوو وەک ئێستا، بەڵام وەک ئێستا دژ بە کورد بوو، ئەوەی دەیتوانی ڕێگری لە تورکیا بکات ئەمریکا بوو، نەک ئەوروپا یان هیچ هێزێکی تر. هەروەها ئەوە ئەمریکا بوو لە پاش کۆتایی جەنگی سارد دەست بە پرۆسەی بە دیموکراسیکردنی دونیا دەکات. ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دروستکردنی پەرلەمان بۆ ئەوەی بێتە بنەمایەکی یاسایی و شەرعی بۆ دەزگاکانی تر، هەموو دەچنەوە سەر ئەمریکا. لەم هەنگاوەوە دەبینین پرۆسەیەک لە ئارادایە. پرۆسەکەش بەم شێوەویەیە. بۆ ئەوەی هەرێم بتوانرێت پشتیوانی بکرێت دەبێت لە ناوەوە بە ئاراستەیەکی تایبەتدا بڕوات و دەزگا و ڕەفتارو خیتابی تایبەت لە خۆیدا پەرەپێبدات. 
ئەم پرۆسەیە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە و بنەمای پەیوەندی نێوان کوردستان و دەرەوەی دادەڕێژێت. لە ئێستادا دوو ئاست گرنگە: ئاستی حوکمڕانی، کە بە زۆری ئابوری دەگرێتەوە، لە گەڵ ئاستی هێز یان ڕێکخستنی توندتیژی، کە هێزی پێشمەرگە لە خۆی دەگرێت. ڕۆژئاوا دەیانەوێت هەرێم بتوانێت خۆ بژێنێت و ببێتە خاوەن توانای هێزێکی کاریگەری وەها کە لە کاتی قەیرانەکاندا بتوانن سودی لێببینن. هەردوو ئەم پرۆسانە بە ئاسانی بەڕێوە ناچن، بەڵکو بگرە لە زۆر ڕوەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت. دەبوو سی ساڵی رابوردوو بنەمای ئابوری و ڕێکخستنی هێزی دابڕێژایە، هەتا هەموو قەیرانێک نەبوایەتە قەیرانی مان و نەمان بۆ کوردستان. لە ئێستادا لە بەر ئەوەی پارە و چەک بە دەزگایی نەکراوە، هەر قەیرانێکی دارایی یان پارە، دەبێت مایەی دەستبردن یان ئاماژەدان بە هێزی چەک، لە ئەنجامدا دروست بونی ئەگەری ناسەقامگیریی. 
ئەگەر کورد لە سی ساڵی ڕابوردوو بە باشی تێبگەیشتنایە، ئەوا دەبوو دەزگا و سیستەم و دیموکراسی و بازاڕی ئازاد و دەرفەتی کار و زۆر بواری تریان پەرە پێبدایە. هەروەها لە قۆناغەکانی تردا بونیادنانی هێز و بوون بە پارتنەر. وەک دیپلۆماتێکی ئەمریکی دەریبڕی، ئەمریکا بە دوای پارتنەرێکدا دەگەڕێت کە کاریگەری هەبێت لە سەر ئەرز لەو ناوچەیە. کورد زۆرجار نەک وەک بژاردە بەڵکو وەک ناچاری بون بە بژاردە. کورد هەتا ئەمڕۆ نازانێت چۆن ئەم پارتنەرشیپە بونیادبنێت.
لە مێژوی کورددا هەرگیز ڕوینەداوە هێندە زلهێزێک لە کورد و پرسی کورد نزیک بێتەوە، لە ڕێگایەوە کورد بێتە ناو دونیا و لە دونیادا ئامادەبێت. سی ساڵی ڕابوردوو کورد لە ئەمریکا و پرۆسەی بە ئەمریکایی بونی دونیا تێنەگەیشت. پشتیوانی زلهێز، کۆڵەکەی سەرکەوتنی پرسی کوردە. بە گشتی کە دێتە سەر پرسی کورد: دوو پارادایم زاڵە، یەکێکیان باس لە یەکگرتنی کورد دەکات و بە مەرجی سەرکەوتنی کوردی دادەنێت. بەڵام ئەم یەکگرتنە نە دەبێت و ئەگەر بشبێت ئەوا نابێتە هۆکاری چارەسەری پرسی کورد. پرسی یەکگرتنی کورد زیاتر ڕۆمانسییانەیە، لەوەی واقیعی بێت. لە هەمانکاتدا تەنها لە سایەی سیستەمێکدا کورد یەکدەگرێت، نەک لە ڕێگای داواکاریی و شیعر و پەخشانەوە. 
تێنەگەیشتن لە ئەمریکا هۆکاری زۆری هەیە، زاڵی بیری چەپ و ئیسلامی، لاوازی ئاستی تێگەیشتنی نوخبەی کوردی، نەبونی خواست بۆ بە ئەمریکایی بوون. چونکە وەک دەرکەوت نوخبەی کوردی نایەوێت دیموکراسی هەبێت و کورسی دەسەڵات بەجێبهێڵێت.  
سی ساڵی ڕابوردوو کورد هەتا توانییان دژایەتی یەکیتریان کرد. لە ڕاستیدا ئەم دژایەتییە، تەنها لە ئاستی نوخبەدا نەبوو. سەرەکی ترین خەسڵەتی مرۆڤی کورد ئەوەیە کە گورگە بۆ کوردێکی تر. من هەمیشە سەرم سوڕ دەمێنێت لەو هەموو ڕقەی کوردێک هەیەتی بۆ کوردێکی تر و لەو هەموو کۆیلەیەتییەی کوردێک هەیەتی بۆ غەیرە کوردێک. 
دونیا، لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە، وەها داڕێژراوە کە کورد تیایدا بونی نەبێت، ئەگەر بونی هەبێت ئەوا بونێکی دووەمی و لاوەکی بێت، سی ساڵی رابوردوو بە هۆی قەیرانی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە سایەی سیستەمی دیموکراتیزەکردندا، دەرفەتیان بۆ کورد ڕەخساند دەرکەوێت. ئێستا زۆرێک لە لایەنە کوردییەکان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە کورد شایستەی ئەوەنیە ڕێبەرایەتی خۆی بکات، بۆیە باشترە ببێتەوە بە بن دەست. دیارە جەدەلی بن دەستی یان سەربەخۆیی دەمێکە بەشێکە لە پرسی کورد. 
سی ساڵی ڕابوردوو دەرفەتی ئەوە ڕەخسا کە کورد زیاتر خاوەن چارەنوسی خۆی بێت. بەڵام هێزە کوردییەکان، وەک زۆر هێزەکانی تری پۆستکۆلۆنیال، بوون بە ڕێگر لە بەردەم سەربەخۆیی کوریدا. 
سی ساڵی ڕابوردوو ناوازەبوو بەوەی ڕێگریی نەبوو لە ئەوەی کە کورد بەهێزبێت، خاوەن دەزگا و پێگە و ڕۆڵ و سەرمایە و توانا بێت. بەڵام سی ساڵی داهاتوو وەها نابێت. بۆ ئەوەی لە سی ساڵی داهاتوو تێبگەین تەنها ئەوەندەمان پێویستە کە ئاوڕێک لە ساڵانی پێش سی ساڵی ڕابوردوو بدەینەوە. لە سەردەمی جەنگی سارددا کورد نە دەبوو هێندە بەهێزبێت کە کاریگەری لە سەر هاوسەنگی هێزی ناوچەکە دروست بکات، نەک هێندە لاوازبێت نەتوانرێت سودی لێببینرێت. 
تێگەیشین لە سی ساڵی ڕابوردوو زۆر پێویستە بۆ ئەوەی لە سی ساڵی داهاتودا بزانین چۆن مامەڵە بکەین. سی ساڵی ڕابوردوو پاشخانێکی باشە، بەڵام هەرگیز مۆدێلێک نیە کە دووبارە بێتەوە.  دونیا کوردی ئامرازی مەعریفی نیە بۆ ئەوەی وێنا گەورەکە ببینێت یان ئاماژەکانی گۆڕانکاریی گەورە ببینێت پێش ئەوەی بە تەواوی ڕوبدەن. کورد بە گشتی ئەو کاتە بە ئاگا دەبێتەوە کە ڕوداوەکە رویداوە، کە قەیرانەکە یەخەی گرتوە. لە دۆخێکی وەهادا بواری مامەڵەکردن کەمە. 
گەرچی سی ساڵی ڕابوردوو سەردەمی دیموکراسی بوو، بەڵام دیموکراسی لە ناوچەکە چەکەرەی نەکرد. ئێمە ئێستا بە زەقی بەرەوە بنەما نادیموکراتیەکانی دەسەڵات دەڕۆینەوە. مۆدێرنە وەک پرۆژەیەک بۆ هێنای نوێیەکی گشتگیر شکستی هێناوە. بنەمای تەقلیدەکان پتەوتر و زاڵتربوون چ لە بواری عەلمانی و چ لە بواری دینیدا. 
گەر سی ساڵی رابوردوو سەردەمی خێرایی بوو. ئەوا سی ساڵی داهاتوو سەردەمی خێراتر دەبێت. بە خێراتربونی هەموو کایەکانی کۆمەڵگا و زانست و پەیوەندی، مرۆڤەکان زیاتر توشی ناسەقامگیریی و پشێویی و گرژی دەبن. تێگەیشتن سەختتر دەبێت. سنورەکانی ئازادی و ملکەچی، ڕاستی و ناڕاستی، باش و خراپ، کاڵتر دەبنەوە. هەندێک بوار کە بونیان هەبوو بەڵام فەرامۆشکران، وەک ژینگە، هەژاری، جیاوازی کۆمەڵایەتی، تەکنەلۆجیا و زۆر بواری تر، چیدی ناتوانرێت فەرامۆشبکرێن. کوردستان پێویستی بە چیرۆکی نوێیە. ئەوانەی لە سەی ساڵی ڕابوردودا چیرۆکیان دەهۆنییەوە، چیدی خاوەنی چیرۆک نین.

26/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر