ئێران بۆ عێراق: خۆمان خزمین

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە میانەی کۆنفرانسێک لە هەولێر، پاش پێشکەشکردنی بابەتەکەم لە سەر لادەولەی عێراق، دیپلۆماتێک لە قونسوڵخانەی ئێرانی زۆر هەوڵی دەدا کە زیاتر قسەم لە گەڵدا بکات. کاتێک بۆ پشوی نیوەڕۆ ڕۆشتینە چێشتخانەکە، بەبێ ئەوەی داوەتی بکەم یان هیچ ئاماژەیەکی پێبدەم هات و داوای ئەوەی کرد کە حەز دەکات لە سەر مێزەکەمان دابنیشێت. یەکێک لە ئەو باسانەی کە وروژاندی بە سەرهاتێک بوو لە کاتی رێگریی و سنورداخستنەکەی پەتای کۆرۆنادا بوو. ئەو ووتی کاتێک کە سنورمان داخست خەڵکێکی زۆر فشاریان بۆ هێناین کە دەبێت بیکەینەوە، تەنانەت هەندێک خەڵک ئاماژەیان بە ئەوەدا کە ئەگەر نەیکەنەوە ناچارن بە قاچاخ بڕۆن. پاش ئەمە ڕستەیەکی گوت کە من بە باشی ئەو کاتە لە مەبەست و هەموو ڕەهەندەکانی تێنەگەشتم، ئەو ووتی ئێمە خزمین. منیش وەک گاڵتەپێکردنێک بە ئەوم ووتم، کەواتە بۆچی سنورەکان هەڵناگرین.

لە دانیشتنەکەدا من هێندە بە جیددی پرسی خزمبونم وەرنەگرت. وەهام بیرلێکردەوە کە بەشێکە لەو کەلتورە فارسییە ئێرانییە، کە بەردەوام قسەی زیاد و خۆش و بە ویقار دەڵێت، وەک بەشێک لە ئاڵوگۆڕی مەحەبەت کە بەشێکی زۆری درۆیە. دەربرینی هەستو سۆزی زۆر و درۆکردن بەشێکی دیار و دانپیانراوی کەلتوری ئێرانییە. ڕامیتا نەڤایی کتێبێکی نوسیوە دەربارەی تاران، بە ناوی تاران شاری درۆ. کتێبەکەی رامیتا بە دێرە شیعرێکی سەعدی شیرازی دەست پێدەکات: دروغی مصلحت امیز کە راستی فیتنە انگیز.  لە هەمانکاتدا جۆرێک لە کەلتوری ئێرانی هەیە کە بە تعارف ناسراوە، جۆرێک لە زیادەرۆیی و نمایش، کە لە ناوچەی سلێمانیش بە ڕونی دەیبینین کاتێک دوو کەس بە یەک دەگەن، یان کارێک دەکەن. بە زەقی لە مەرحەبایی و لای سەرتاش زۆر زەقە. هەمیشە لە سلێمانی کاتێک کەسێک لە میانەی مەرحەبایی دەست دەکات بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک دەربڕین وەک چاوت ماچ دەکەم و قوربانت بم و جەنابتان، هەست دەکەم ئەم کەلتورە ئێرانییە لە نمایشدایە.

ئێران و عێراق دوو وڵاتی دراوسێی ئاسایی نین. لە دروستوبونی عێراقەوە ئێران کێشەی لە گەڵ عێراقدا هەبوە. ئارش رەسینزادە نامەیەکی دوکتۆرای بە کارکردن لە سەر ئەرشیفی ساواک نوسیوە، کە چۆن شای ئێران هاوکاری کورد و شیعەی کردوە، بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە وڵاتێک کە پان-عەرەبیزم، کە خۆی لە بەعس و پاشان ئیخوانیزمدا دەبینێتەوە بە سەر وڵاتدا زاڵ نەبێت. ترسی ئێران لە پان-عەرەبیزم ترسێکی نهێنی نەبوە، چەندینجار لە ئەرشیفی سی ئای ئەیدا ئاماژەی پێدراوە. ئەم ترسە پەیوەند بە جۆری دەسەڵاتی ئێرانییەوە نیە، گەر شا لە ناسیونالیزمی پان-عەرەبیزم دەترسا، ئەمڕۆ ڕژێمێکی تایفی وەک ئێران لە سوننیگەرایی دەترسێت وەک قوڵاییەکی جیوپۆلەتیکی. 
خزمبونی دوو وڵات، چەمکێکی جێگای سەرنجە. پەیوەندی وڵاتان بە گشتی لە سەر بنەمای چەمکەکانی وەک بەرژەوەندی، مەترسی، هاوپەیمانی، نەیارێتی و دوژمنایەتی داڕێژراوە. فەیلەسوفانی وەک کانت، هۆبس و بە تایبەتی لۆک لە گەڵ تیوسەدایدس زاڵن بە سەر ئەم بوارەدا. لە ساڵانی رابوردودا چەمکی هاوڕێتی نێوان وڵاتان، ووردە ووردە خەریکە بڕەو پەیدا دەکات. بۆ نمونە لە نێوان ئەمریکا و بەریتانیادا هەمیشە ئاماژە بە هاوڕێتی تایبەت دەدرێت. 

هاوڕێتی و هاوپەیمانی ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیکبن لە خزمایەتییەوە، بەڵام خزمایەتی چەمکێکی جیاوازترە.  لەمدواییانەدا لە زانکۆی سواس لە لەندەن ئێرانییەک بە ناوی ئارشین ئەدەب-موغەدەم کتێبێکی نوسیوە بە ناوی ئێران چیە: سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە پێنج پارجە مۆسیقادا. لە کتێبەکەدا چاپتەرێکی هەیە بە ناوی 

 ئیورەیشای ئێران: بەرگری یان ئیمپراتۆریەتی فارسی. چەمکیEurasian Iran: ‘Resistance‌ or a Persian Empire? 
ئیورەیشیا لای چاودێرانی سیاسی ئەمڕۆ چەمکێکی ناسراوە. دەبینی کە چۆن ململانێ هەیە لە نێوان چین و ڕوسیا و هێزەکانی تر لە ئەو ناوچەیەی کە ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێت. لێرەدا مەبەستی ئیرەیشیایی ئەو لە فرانخوازێتی ئێرانە. 

ئارشین وەک زۆر ئێرانیەکانی تر، ئێرانیەکی ناسیونالیستە. دیارە لە بەر کەمی فارس و زاڵبونی فارس بە سەر ئەوانیتردا لە پەراوێزدا، لە مێژوی نوێدا، ناسیونالیزمی فارسی باڵاترین دیدی سیاسی و فیکری بوە لە ناو کەلتوری ئێرانیدا. هەرچەندە ئارشین دەیەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێت کە پێکەوەگردانی ئاینی و سیکیولاری زۆر هەیە لە نێوان خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرەدا باس لە جوگرافیا مردوان دەکات:گۆڕی ڕومی لە کۆنیا، (لە کاتێکدا ڕۆمی ئێرانی نیە)، بونی گۆڕی موحەمد رەزا پەهلەوی لە قاهیرە، ئایەتوڵا میرزا شیرازی سەرکردەی شۆرشی توتن لە ساڵی ١٨٩٠ لە نەجەف نێژراوە. ئەم سیاسەتی گۆڕبازییە دەپەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماریش، عەلی شەریعەتی لە نزیک مەقامی سەیدە زەینەبە. کە بە قسەی ئارشین لە لایەن موستەفا چەمرانەوە سەردانکراوە. (جێگای باسە چەمران گرنگترین کەسە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی پارالیلی ئێرانی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوە جێگای باسمان نیە لێرەدا).

ئاریش کە دایکی کوردە و دەچێتەوە سەر بنەچەی کەریم خانی زەند و باوکی عەرەبە، بەڵام ئێران سەنتەریزم بە سەریدا زاڵە. هەرچەندە ئەو دەیەوێت بڵێت هاوبەشی نێوان گەلانی ناوچەکە زیاترە لە هاوبەشی نێوان ئەوروپاییەکان کە توانیویانە کۆدەزگایەکی وەک یەکێتی ئەوروپا دروست بکەن.

ئەم دیدەی بەکاربردنی یەکێتی ئەورپا لە لایەن ئەحمەد داودئۆغلۆشەوە بەکاردەبرێت بەڵام بە نیازپیسی. بە جۆرێکی جیاوازیش لای ئۆجەلان بەکاردەبرێت. بنەمای یەکێتی ئەوروپا نزیکایەکی ئەوروپییەکان نیە لە یەکتر، بەڵکو ئەو بنەما عەقلانیەیە کە چۆن بنەماکانی ئاشتی لە بەرامبەر ژمارەیەک لە شەڕی ناکۆتادا دابڕێژرێت. سەرتای یەکێتی ئەوروپا بە ڕێککەوتنی خەڵوز و پۆڵا دەستپێدەکات، وەک دوو سەرچاوەی وزە و پیشەسازی. بەشکردنی سەرچاوەکانی وزە و پیشەسازی دەبێتە هۆکاری کەمبونەوەی دوژمنایەتی. یەکێتی ئەوروپا لە سەر ئەو بنەمایە دروست نەبوە کە هاوبەشی هەیە، بەڵکو چۆن هاوبەشی بونیادبنرێت، ئەمە هەر لە سیستەمی ئیراسمۆسی خوێندکارانەوە هەتا ئازادی جوڵەی کرێکاران و نەمانی سنور و زۆر بنەمای تر. 

چەمکی خزمایەتی یان بونی هاوبەشی جیاواز لە سیاسەت و ئابوری و ئاسایشی و ئیمپراتۆری، چەمکێکی فریودەرە. چ لە دیدی دیپلۆماتە ئێرانیەکەوە، هەروەها چ لە دیدی لێکۆڵەرە ئێرانییەکەوە، هەروەها چ لە دیدی ناسیونالیستی ناسراوی ئێرانی، حەمید دەباشی، کە نوسەری کتێبی ئێرانی بێسنورە، هەموو زەمینەسازییە چ لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێران یان توێژی دایاسپۆرای ئێرانی بۆ بونیادنانی خیتابێک لە دەرەوەی خیتابی پەیوەندی نێودەوڵەتی باو، لە پێناو زەمینە سازی بۆ سەنتەربونی ئێران، ئاساییکردنەوەی بونی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە، شاردنەوەی نیەتی حەشاردراوی ڕاستەقینەی ئێرانییەکان لە مەبەستەکەیان.

 
خزمبونی عێراق و ئێران یانی ڕاکێشانی کورد و شیعە و تەریککردنی سوننە، ئەمە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ئێرانی بەرامبەر عێراق. وەک موحسن میلانی ئاماژەی پێدەدات، حوکمکردنی عێرق لە لایەن شیعەوە یەکێکە لە بنەما نەگۆرەکانی سیاسەتی ئێران، وەک ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن لە پێناو سەرهەڵنەدانەوەی دیاردەی سەدام حوسەین جارێکی تر.

خزمبون دوورخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی دۆخێک کە تیایدا ئاگایی کەسەکان، یان چوارچێوەی ئاگاییان لە قاڵب بدات. وەک گیورگ لاکئۆف پێمان دەڵێت: وشەکان لە پەیوەندییان بە چوارچێوە عەقڵییەکانەوە مانا دەبەخشن. ئێرانییەکان دەزانن کە سیاسییە عێراقییەکان لە چەمکی خزمایەتی تێدەگەن، بەڵام لە چەمکەکانی تری پەیوەندی نێودەولەتی تێناگەن. خزم چوارچێوەیەکی عەقڵی داڕێژراوە، ڕەگی قوڵی هەیە لە دونیای کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا.

03/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر