چۆن گەندەڵی دەکەیت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
وانەی یەکەم، هەرگیز بە تەنها مەبە، چونکە بە تەنها ناخورێت. گەندەڵەکان ڕکەبەریان زۆرە، هەروەها نەیاریشیان زۆرە. بۆیە گەندەڵی هەمیشە کاری پێکەوەییە.

دووەم، بە دوای ئەو کەسانەدا بگەڕێ کە لە سەرەوەی یاسان و لێیان نزیکبەرەوە. شەریکیان بکەرەوە. ئەوانە ڕێگات بۆ کورت دەکەنەوە و پشتیوانیت دەکەن.

سێیەم، هەرگیز بەشی گەورەی کێکەکە بۆ خۆت مەبە، چونکە ئەوە کێشەت بۆ دروست دەکات.

چوارهەم، دەستکراوەبەو هەمیشە بڵێ ربي ارزقني وارزق مني

پێنج، گەندەڵی پرۆفیشناڵ دەبێت یاساناس بێت، گەندەڵی نەزان زوو دەچێتە بەندیخانە. بەڵام گەندەڵی پرۆفیشناڵ لە لایەن جەماوەرەوە چەپڵەڕێزان دەکرێت.

شەش، فێربە بەڵگەکان بشارەوە. با هەرگیز ئەرشیفت نەبێت.

حەوت، شەرم مەکە لە گەندەڵی، لە هەموو شتێک زیاتر لە دونیادا بڵاوە.

هەشت، زوو زوو ئاهەنگی گەورە ساز بکە. 

نۆ، فێری زمانی تایبەتی گەندەڵی بە، مەبەستم زمانی شاردنەوەی گەندەڵی. تەنها حەدیسێک بۆت گرنگە " تهادوا تحابوا " ..

دەیەم، نکوڵی لە گەندەڵی مەکە، بەڵکو بڵێ زۆر گەورەیە و بن بڕ نابێت و دەبێت لە گەڵیدا بژین. 

یانزە، لە گەڵ چالاکوانی دژە گەندەڵاندا سێڵفی بگرە.

دوانزە، ڕۆژنامەنوسان بکڕە و ڕۆشنبیران تڕۆ بکە.

سیانزە، ئاگات لە ویژدانت بێت با هەرگیز نەجوڵێت.

23/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر